کوردانی  خۆراسان و کوردستانێکی دوورەدەست

 

لە سەردەمی دەستەڵاتداریی سەفەوییەکان، کە نیزامی حکوومەتی ئێران بە پێی میرنشینی و ئەیالەتی بەڕێوە دەچوو، هەر کام لە ئەیالەتەکان میری خۆیان بووە، بە دەستەڵاتی دیاریکراو و چەک و جبەخانەی تایبەت بە خۆیەوە. لەو نێوەدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گرینگترین و کێشەسازترین ناوچەکان بووە بۆ دەسەڵاتی سەفەوییەکان. یەکەم ئەوەی کە ئەو جوغڕافیایەی بە کوردستان ناسرابوو لە سنوورەکانی چۆمی ئاراسەوە دەستی پێ دەکرد و تا خوارووی لوڕستانی ئێستا درێژەی بووە. ناوچەکانی خۆی و  سەڵماس و ورمێ و موکریان و سندووس و بانە و  ئەردەڵان و کرما شان و ئیلام و لوڕی خواروو، هەموو بە خاکی کوردستان ناسراون و هەرکامیش  میرنشینی خۆیان  بووە.

 دیارە ئەو جوغرافیا پان  و بەرینە مەترسیی بۆ حاکمانی سەفەوی ساز  کردبوو. لە لایەکی دیکەوە کوردانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتە ناوچەکانی ورمێ و سەڵماس و خۆی، بە هۆی هاومەزهەب بوونیان لەگەڵ ئیمپڕاتۆری عوسمانی و بەتایبەت پاش شەڕی چاڵدێڕان بەهێز بوون و دەوڵەتی سەفەوی لە یەکگرتووییی ئەوان دەترسا. لەلایەکی دیکەوە باکووری ڕۆژهەلاتی ئێران کەوتبووە بەر هێرشی هۆزە هێرشبەرەکانی ئەو ناوچەیە بۆ وێنە هێزەکانی ئوزبەک و موغوول و تورکمان. شاعەبباسی سەفەوی بە هەردوو مەبەست واتە هەم بە مەبەستی لاوازکردنی کوردانی ناوچەی ورمێ و سەڵماس و هەم بە مەبەستی بەرگریکردن لە هێرشی ئۆزبەک و مەغوول و تورکمان واتە هێزە هێرشبەرەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، ژمارەیەکی زۆری لە کوردانی ناوچەی ورمێ و دەوروبەبەری ئەوێ کۆچ پێکرد تا هەم لەو ناوچەیە دووریان خاتەوە کوردانی ڕۆژئاوای ئێران کەم هێز و لاواز بکا و هەم لە شەڕ لەگەڵ ئەو هێز و هۆزانەدا لە کارامەیی ئەوان کەڵک وەربگرێ.

پاش ئەو کۆچە، ئەو هۆزانە بۆ هەمیشە لەوی نیشتەجێ بوون و لە ماوەی چەندین ساڵی دواتردا، مەزهەبیان لە سوننەوە بۆ شیعە گۆڕدرا، بەڵام هەر لەو سەردەمەوە تا ئیستا، زمان کە کۆڵەکەی شوناسی نەتەوەییە، لەناو ئەواندا پارێزرا و داب و ڕەسم و کولتووری کوردانەی خۆیان پاراست. ئێستا ئەو ناوچەیە بە "کوردخانە" یان "خۆراسانی کوردییە" ناسراوە. حەشیمەتی کوردانی کورمانجی باکووری خۆراسان بە دوو ملیۆن کەس بەراورد دەکرێ.

 چەند بەڵگەی مێژوویی هەن کە داکۆکی لە بوونی کورد هەر لە دێر زەمانەوە لەو ناوچەیە دەکەن. واتە بەشێک لە بەڵگەکان نیشان دەدەن کورد پێش کۆچی زۆرەملیی سەردەمی سەفەویش لەوێ هەر بوون. بۆ وێنە "دەعبەلی خوزاعی" کە لە شاعیرانی بەناوباگی عەڕەبی سەدەی دووەم و سیهەمی کۆچی مانگی بووە، کە بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕێ، باسی ئەوە دەکا کە لەو ناوچەیە  تووشی کوردانی  عەلەوی بووە. هەروەها "تەیمووری لەنگ" لە کتێبی "منم تەیمووری جیهانداگر"دا دەنووسێ لە ڕێگای قووچان کە لەشارە گەورەکانی خۆراسانە، تووشی خەڵکێک بووم کە کووتوویانە ئێمە کوردین. هەروەها " ڕۆی گۆنزالێس کلاویخۆ" نووسەر و گەشتیاری  ناوداری ئیسپانیایی کە "هانری سێهەم" پادشای "کاستیل" وەک باڵوێز ناردوویەتە دەرباری پادشایانی "گوورەکانی" باسی، کوردەکانی خۆراسان دەکا.

کوردستانی خۆراسان کە لە باکووری خۆراسانی ئێران هەڵکەوتووە، لە ٢٢ عێل و تایەفەی گرینگ پێک هاتوون. شارەکانی بەستێنیی "چۆمی ئەترەک" وەک قووچان، فارووج ، شیروان،  بۆجنوورد ، ئاشخانە و ... کوردی کرمانجن. هەروەها لە ناوچەکانی دیکەی خۆراسان وەک دەرەگەز، ئیسفەراین، کەلات و چناران، عێلە کوردەکان دەژین، بەڵام  بە پێی زانیارییەکان و سەرژمێرییە فەرمییەکان، زیاترین ژماری کوردەکانی خۆراسان لە شارەکانی بجنوورد، قووچان، شیروان، فارووج، ئیسفەراین و دەرەگەز نیشتەجێن.

لە دوای دابەشبوونی خۆراسان و بوونی  بە سێ پاریزگا، ئێستا کوردەکان زیاتر لە دوو پارێزگای " خۆراسانی باکوور" و "خۆراسانی ڕەزەوی" دەژین. ئەگەرچی ئامارەکانی ئێران بۆ دانیشتوانی کورد بڕواپێکراو نین، بەڵام بە پێی ئەو ئامارانەش، زیاتر لە پەنجا لەسەدی خەڵکی پارێزگای خۆراسانی باکووری و دە  لە سەدی خۆراسانی ڕەزەوی کوردەکان پێکی دێنن و گەورە شارێکی وەکوو "مەشهەد" بە دەیان هەزار کوردی کورمانجی لێ دەژی.

عێلە ناسراوەکانی کورمانجی خۆراسان بریتین لە عێلەکانی مرادخانی، تووپی، عەمارلوو، زەعفەرانلوو، توپکانلوو، مەلەکشاهی، زەنگەنە، قووچان، ڕادکان، تیتکانلوو  و ئەردەڵان. وەکی دەشبینین ناوی زۆر یەک لەو عێلانە لە  ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش تا ئێستا هەر ماون .

لە داب و ڕەسمە گرینگەکانی کوردانی کرمانجی خۆراسان، کە هەر لە قەدیمەوە ماوەتەوە و ئێستاش ڕەنگ و بۆنیکی نەتەوەیی گرتووە و لەهەموو گەلانی دیکەی ناوچەکەیان جودا دەکاتەوە،  ڕێوڕەسمی شایی و زەماوەندیانە. لەو ڕێوڕەسمانەدا هەم جلوبەرگی تایبەتی کوردی لە لایەن ژن و پیاوانەوە لەبەر دەکرێ و هەم زەماوەند و ڕەشبەڵەک دەگیرێ و هەم مۆسیقای تایبەتی شایی لێدەدرێ. ئەو بۆنانە لە ساڵانی ڕابردوودا، بە هۆی ئەوەی کوردانی ئەوێ زیاتر لە شوناسی دێرینی خۆیان نزیک بوونەتەوە، ڕەنگی میهرەجانی گرتووە و تەنانەت شایی و زەماوەندەکانیان سێ شەو سێ ڕۆژ دەخایەنێ.

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییە کولتووری و هەرە  بەهێزەکانی کوردانی خۆراسان مۆسیقای دەوڵەمەند و خاوەن شێوازی خۆیانە. ئەو مۆسیقایە لەتەواوی ئێران بە مۆسیقای کورمانجی ناسراوە. تەنانەت گۆرانیبێژی ناوداری ئێرانی "موحمەد ڕەزا شەجەریان" ئاڵبۆمێکی لەسەر ڕیتم و ئاوازی ئەوان تۆمار کردووە و هەر ژەنیارانی کوردی خۆراسانیش سازەکانیان بۆ ژەنیوە. ئەو مۆسیقایە لە سەرانسەری خۆراسان بڕەوی هەیە. واتە لە لای تورکەمەنەکانی شاری "گونبەد کاووس"ەوە تا ناوچەکانی باجگیران و شیراون و دەرەگەز. مۆسیقای کوردانی خۆراسان دوو لقە. لقێکی مۆسیقایەکی عیرفانییە و لقێکی مۆسیقایەکی بەزمییە کە هاوڕێ لەگەڵ شایی و سەمای تایبەتیە. وەکی توێژەرانی بواری  مۆسیاقش دەڵێن مۆسیقای ناوچەی خۆراسان لەوە بەربڵاوترە و چوار لایەنی جودای هەیە:

 بەشێکی مۆسیقایەکی دینییە کە بۆ بۆنە دینی و ئایینییەکان لێدەدرێ. بەشێکی مۆسیقایەکی بەرگری و حەماسییە کە لە کاتی شەڕ و بەرخۆداندا لێدەدرێ. بەشێکی  مۆسیقایەکی  شادە بۆ کۆڕ و کۆبوونەوەی شایی و شادی و بەشی دواتری مۆسیقای تازیەبارییە کە  لە بۆنە ناخۆش و ماتەمبارییەکاندا کەڵکی لێ وەردەگیرێ.

ئەو سازانەی لەوێ بەناوبانگن بریتین لە دووتار، کەمانچە و تەمبوور، شمشال، کەڕەنا، زوڕنا و دووزەلە.

ئەوەی جێگای ئاماژەیە لە سێ دەیەی ڕابردوودا ڕاسانێکی مانادار و جێگای هیوا لە باری کولتووری و ئەدەبی و مێژووییەوە لە نێو کوردانی خۆراسان دەستی پێ کردووە. بە دەیان کتێب و شیعر و چیرۆک و مێژوو لەوێ  بڵاو دەبێتەوە و مۆسیقای کورمانجییش پلە و پایەیەکی بەرز و شایانی سەرنجی وەدەست هێناوە.

KURDŞOP
683 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!