گۆلی ورمێ و مەترسییەکانی سەر ئەم دەریاچەیە

گۆلی ورمێ کە ساڵانێک، هەم بە مەبەستی گەشتوگوزار و هەم چارەسەریی پزیشکی و ده‌رمانی پێشوازیی لە گەشتیارێکی زۆر دەکرد، ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی سیاسەتی گونجاوی ژینگەیی، بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر گیانی مرۆڤەکان و لە ئەگەری لەنێوچوونیدا، خەڵکانێکی زۆر دەمرن یان تووشی گرفت و کۆچی بەناچار دەبن.

- ڕۆژ قادری


گۆلی ورمێ

گۆلی ورمێ لە باکووری ڕۆژاوای ئێران هەڵکەوتووە و لەنێوان پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەم گۆلە بە درێژایی مێژووی گۆی زەوی پڕ ئاو بووە و تا چەند ساڵ لەمەوبەر پێشوازیی لە میوانان و گەشتیاران کردووە و وەکوو سمبولێکی دەڤەرەکە ناسراوە.

گۆلی ورمێ کە دووەمین دەریاچەی گەورەی ئاوسوێری جیهانە، گەورەترین دەریاچەی نێوخۆی ئێرانیشە و تا پێش وشکبوونی، گەورەترین دەریاچەی هەمیشەیی کوردستانی گەورە و گەورەترین دەریاچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شوێنی ژیان و کۆچی وەرزیی دەیان و سەدان جۆری باڵندە و گیانلەبەر بووە. بەداخەوە ئەم گۆلە چەند ساڵێکە ڕووی لە وشکبوون کردووە و بووە بە شۆرەکات و بیاوانێکی بێئاو و بووەتە مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی کە گیانی مرۆڤ و گیانلەبەرەکانی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە.

بەڵام چی وای کرد کە گۆلی ورمێ بەرەو وشکبوون بچێت؟

لە نێوان ساڵەکانی دەیەی هەشتای هەتاوی، ئەم گۆلە ڕوو بە وشکبوون چوو و تاکوو ئێستاش مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە، لە ساڵی ۲۰۱٥ی زایینییەوە بەپێی توێژینەویەک لە ڕێگای مانگی دەستکردەوە، ۸۸ لەسەد لە پانتایی خۆی لەدەست دابوو و ڕێژەیەکی زۆر کەم ئاو تەنیا لە باکووری ئەم گۆلەدا وەبەرچاو دەکەوت.

کارناسانی بواری ژینگە و ژینگەوانی، هۆکاری وشکبوونی گۆلی ورمێ بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێننەوە:

۱-  هۆکاری وشکەساڵی کە بەپێی توێژینەوەکان تەنیا هۆکاری ٥ لەسەدی وشکبوون بووە.

۲-  هۆکاری مرۆیی کە ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرێت:

* لێدانی لەڕادەبەدەر و زیاتر لە ۷۰ بەنداوی گەورە و بچووک لەسەر دەمارە سەرەکییەکانی ئەو ئاوانەی کە دەڕژێنه نێو گۆلی ورمێوە، بە مەبەستی پەرەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوەی شارەکان و هەروەها پاساوی تێکەڵ نەبوونی ئاوی شیرین و سوێر .

* لێدانی گەورەڕێگای نێوان ورمێ و تەورێز بە درێژایی ۱٥ کیلۆمەتر و هێشتنەوەی ڕێگایەکی تەنیا یەک کیلۆمەتری بۆ هاتوچۆی ئاو لەنێوان ئەو دوو بەشەی سەر و خوار.

* کەڵکوەرگرتنی لەڕادەبەدەر لە ئاوی ژێرزەوی و لێدانی بیری قووڵ بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر و بە درێژایی هێڵی کەنارەی گۆلی ورمێ لە باکوورەوە تاکوو باشووری ئەو گۆلە بە مەبەستی پەرەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵ و لە کۆتاییدا وشکبوونی هەموو سەرچاوە ئاوییەکانی ژێرزەوی یان کەمبوونیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو.

وەکوو ئاماژەمان پێ کرد تەنیا ٥ لەسەدی هۆکاری وشکبوونی گۆلی ورمێ بۆ سروشت و وشکەساڵی دەگەڕێتەوە، ئەوی تر تەنیا بۆ سیاسەتی هەڵە و نەبوونی بەڕێوبەریی ژینگەیی و سیاسەتی نەگونجاوی دەوڵەتەکان لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، دەگەڕێتەوە.

وشکبوونی گۆلی ورمێ مەترسی و قەیرانگەلێکی زۆر لەسەر مرۆڤ و جوغرافیای ناوچەکە دەخوڵقێنێت کە دەتوانین ئاماژە بەمانەی خوارەوە بکەین:

١- گۆڕانی کەشوهەوای ناوچەکە لە کەشوهەوایەکی مامناوەندی بۆ گەرمەسێری و سەرهەڵدانی با و باهۆز کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە دێموگرافیای ژینگەیی ناوچەکە بە پانتایی زیاتر لە ٥۰۰ کیلۆمەتر.

٢- زیادبوونی نەخۆشی بەتایبەت جۆرەکانی شێرپەنجە، نەخۆشیی پێست و سییەکان، بەهۆی بوونی هەوای پیس و ژهراوییەوە.

٣- چۆڵبوونی شار و گوندەکان و کۆچی بەناچاریی زیاتر لە ۱۳ ملیۆن خەڵکی دانیشتووی ئەو ناوچەیە بەهۆی بارینی خوێ و بارانی سوێرەوە.

گۆلی ورمێ کە ساڵانێک، هەم بە مەبەستی گەشتوگوزار و هەم چارەسەریی پزیشکی و ده‌رمانی، پێشوازیی لە گەشتیارێکی زۆر دەکرد، ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی سیاسەتی گونجاوی ژینگەیی، بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر گیانی مرۆڤەکان و لە ئەگەری لەنێوچوونیدا، خەڵکانێکی زۆر دەمرن یان تووشی گرفت و کۆچی بەناچار دەبن و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی کێشەگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی و... هتد.

هەرچەند لە ماوەی چوار پێنج ساڵی ڕابردوودا و لەژێر گوشاری ناوەند و ڕێکخراوە ژینگەییەکانی نێوخۆ و تەنانەت دەرەوەی ئێران و زەقبوونەوەی ئەو قەیرانە ژینگەییە بە شێوەیەکی جیهانی، کۆماری ئیسلامی بە ناچار هەندێک هەنگاوی بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان و پێشگرتن لە وشکبوونی یەکجاریی گۆلی ورمێ هەڵێناوە، بەڵام تەنیا پێش لە کەمبوونەوەی زیاتری ئاوی گۆلی ورمێ گیراوە و قەیرانی سەرەکی هەر لە جێی خۆیدا ماوەتەوە.

کاتێک باس لە نەبوونی سیاسەتی ژینگەیی و نەبوونی بەڕێوبەری و کەڵکوەرنەگرتن لە زانست دەکرێت، ئەوەیە کە بەڕێوبەرانی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەن بە دانانی بەرنامە و پلانی سەقەت و نازانستی، قەیرانی وشکبوونی گۆلی ورمێ بە خولقاندنی قەیرانێکی دیکە لە ناوچەیەکی دیکە، چارەسەر بکەن!

لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە پرسی وشکبوونی گۆلی ورمێ لە ئارادا بووە، حکوومەت چەندین پلانی بۆ گواستنەوەی ئاو لە شوێنی دیکە بۆ گۆلی ورمێ داڕشتووە کە زۆربەیان نەگەیشتوونەتە قۆناغی جێبەجێکردن و هەڵوەشاونەتەوە. تەنیا پرۆژەیەک کە کاریان لەسەر کردووە، گواستنەوی ئاوی چۆمی زێی بچووک بوو کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شارەکانی پیرانشار و سەردەشت هەڵکەوتووە.

حکوومەت لەو ناوچەیە بە لێدانی چوار پێنج بەنداوی گەورە و بچووک لەسەر ڕووباری زێ و سەرچاوەی سەرەکیی ئەو ڕووبارە و هەروەها  لێدانی تونێلی گواستنەوەی ئاو بە درێژایی زیاتر لە چل کیلۆمەتر بە ژێرزەویدا، لە هەولی گواستنەوەی ئاو بۆ گۆلی ورمێیە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ژینگەپارێزان و خەڵکی شارەکانی سەردەشت و پیرانشار هەڵوێستیان گرتووە و دژایەتیی ئەو پرۆژانەیان کردووە و دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان گەیاندووەتە ناوەندەکانی حکوومەت، بەڵام بەداخەوە هیچ وڵامێکی ئەوتۆیان وەرنەگرتووە.

گواستنەوەی ئاو بە ڕێژەی ۸۷۰ ملیۆن مەتری سێ‌جا لە ساڵدا، دەتوانێت چەندین کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژینگەی ئەو ناوچەیە هەبێت. هەروەها لێدانی ئەو ڕێژەیە لە بەنداو لە جوغرافیایەک بە پانتایی تەنیا ۲٥۰ کیلۆمەتری دووجا، دەتوانێت چەندین کێشە و خەساری دیکەی ژینگەیی بخولقێنێت کە دەتوانین ئاماژە بەو ئەگەرانە بکەین:

۱- کەمبوون و چوونە خوارەوەی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەی پشت حەوزەی بەنداوەکان.

۲- کاریگەری لەسەر گوسەلی بومەلەرزەی پیرانشار و ئەگەری چالاکبوونەوەی ئەم گوسەله و ڕوودانی کارەساتی مرۆیی.

۳- گۆڕانی کەشوهەوای ناوچەکە بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی بەرچاوی بەنداو لە جوغرافیایەک بە پانتاییەکی کەمدا و لە کەشوهەوای سارد و کوێستانی و مامناوەند بۆ کەشوهەوایەکی زۆر گەرم.

٤-  ئەگەری ڕۆچوونی زەوی بەهۆی گوشاری ئاوی ژێرزەوی و بەتایبەت لە دەشتی لاجان لە پیرانشار.

 

KURDŞOP
737 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!