پێگەی کوردستان لە بواری سەرچاوەی وزە و سەرچاوە ئاوییەکانەوە

ڕۆژ قادری

 

شوێنگەی کوردستان

"کوردستان" بە واتای مەڵبەندێکە کە کوردەکان لەوێدا زۆرینەن و ڕێژەیان لە هەموو کەمینەکانی تر زۆرترە.

لە بواری شوێنگەی جوگرافییەوە، کوردستان لەنێوان هێڵەکانی ٣٤ دەرەجە تا ٤٠ دەرەجەی پانتایی باکووری و ٣٨ دەرەجە تا ٤٨ دەرەجەی درێژایی ڕۆژهەڵاتی هەڵکەوتووە. ئەم مەڵبەندە لە بەشی نێوەڕاستی چوارگۆشەیی هەڵکەوتووە کە باکوور و باشووری ڕۆژاوای دەریای ڕەش و دەریای ناوەڕاست، باکوور و باشووری ڕۆژاوای دەریای کاسپییەن و کەنداو، پەلەکانی ئەم چوارگۆشەیە پێک دێنن.

درێژاییی کوردستان لە ڕۆژاواوە بۆ ڕۆژهەڵات نزیکەی هەزار کیلۆمەتر و پانتاییەکەی ٣٠٠-٥٠٠ کیلۆمەترە. بە سەرنجدان بە شوێنگەی جوگرافیی کوردستان، ئەم مەڵبەندە لە مەودای نێوان ناوچەی ئاووهەوایی گەرم و بیابانی و ئاووهەوای مەدیتەرانەیی (دەریای ناوەڕاست) هەڵکەوتووە.

کوردستان لە باشووری ڕۆژاوای ئاسیا هەڵکەوتووە. ئەم مەڵبەندە، لە باکوورەوە لەگەڵ ئازەربایجان، ئەرمەنستان و تورکیە، لە باشوورەوە لەگەڵ عێراق، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئێران و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ سووریە هاوسنوورە. درێژایی کوردستان لە باکوورەوە بۆ باشوور، نزیک بە ١٣٠٠ کیلۆمەتر و پانتاییەکەی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا، نزیکەی ٥٥٠ کیلۆمەترە. دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" ڕووبەری ئەم ناوچەیەی ٤٠٩.٦٥٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە مەزەندە کردووە و "گراهام" لێکۆڵەری ڕۆژاوایی، ڕووبەرەکەی بە ٥٠٠.٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە دەزانێت.

شوێنگەی جوغرافیایی، دۆخی تایبەتی تۆپۆگرافیکی و تێپەڕینی هەوای بارانزا، دۆخی گونجاوی لە بواری ئاووهەوایی و جۆراوجۆریی هەرێمایەتی لە کوردستاندا وەدی هێناوە. لەم نێوانەدا بارینی گونجاو و بارینی بەفر لە ناوچە کوێستانییەکان، بەستێنی شکڵدانی گەورەترین "بیاڤی ئاوڕێژگە" لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابین کردووە.

پێگەی کوردستان لە بواری سەرچاوەی وزەوە

هەنووکە پیشە، جووتیاری، خزمەتگوزاری، بەرهەمهێنانی خۆراک، هاوردەکردن و هەناردەکردن، نیزامیگەری، چالاکیی پزیشکی و دەرمانی و لێکۆڵینەوەی زانستی و... بە وزەوە بەندن. لەم ڕووەوە سەرچاوەکانی دابینکردنی وزە، ڕێگاکانی ناردنی وزە، بازاڕی بەکارهێنان و بازرگانیی وزە و... گرینگییەکی زۆریان هەیە.

ڕووداوەکانی دەیەی سەرەتای سەدەی ٢١ لە پەرەسەندنی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە وزەوە باس لەوە دەکات کە لەم بوارەدا و لە ئاستی نێونەتەوەییدا، یاریی ژێئۆپۆلیتیکی وزە پرۆسەیەکی ستراتیژیی هەیە.

ژێئۆپۆلیتیکی وزە دەپەرژێتە سەر خوێندنەوەی ڕۆڵ و کاریگەریدانانی وزە و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی لەسەر سیاسەت، هێز و بۆنە جۆراوجۆرەکانی نەتەوەکان و دەوڵەتەکان.

کوردستان لە بواری ژێئۆپۆلیتیکی وزەوە لە ئاستی ناوچە و تەنانەت جیهانیشدا خاوەن پێگەیەکی باش و گونجاوە. گرینگترین سەرچاوەی وزەی کوردستان پاشەکەوتی نەوتی خاوە. کەرکووک لە باشووری کوردستان و داوێنی بەشی باشووری زنجیرەچیای زاگرۆس، یەکێک لە گەورەترین مەیدانە نەوتییەکانی جیهانە.

مەیدانی نەوتیی باکووری مووسڵ و دەوروبەری خانەقین، مەیدانەکانی کرماشان و ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مەیدانە نەوتییەکانی "گارزان"، "گورمک" و "ڕاماندا" لە کوردستانی باکوور و مەیدانی نەوتیی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە، لە سەرچاوەگەلێکن کە گرینگیی ئابووری- سیاسیی زۆریان بەم ناوچەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەخشیوە. گرینگیی سەرچاوە نەوتییەکانی کوردستان، تەنیا لە زۆریی مەیدانەکانی ئەو نییە، بەڵکوو تێچووی زۆر کەمی بیرەنەوتییەکانی کەرکووک، بایەخیان دوو هێندە کردووەتەوە.

پێگەی کوردستان لە بواری سەرچاوە ئاوییەکانەوە

بە سەرنجدان بە ڕەوتی زیادبوونی حەشیمەت و پرۆسەی گەشە، جیهانی داهاتوو لە بواری دەسپێڕاگەیشتن بە سەرچاوەی سروشتی لەگەڵ کێشەگەلێک بەرەوڕوو دەبێتەوە، یەکێک لەم سەرچاوانە کە پەیوەندیی دەوڵەتەکان و نەتەوەکان بەهۆیەوە تووشی ململانێ دەبن، ئاوە.

شوێنگەی جوغرافیایی کوردستان، کوێستانە بەرزەکان (ئارارات و زاگرۆس و...) و نزیکی لە دەریای ناوەڕاست و گەورەدەریای ئەتڵەس و کاریگەری وەرگرتن لە هەوای نمداری ڕۆژاوایی، دۆخێکی گونجاوی بۆ بارین لە کوردستان دابین کردووە.

کوردستان سەرچاوەی زۆرێک لە ڕووبارەکان و سەرچاوەی ئاوی شیرینی ڕۆژهەڵاتی ناڤینە. ڕووبارە بەناوبانگەکانی "دیجلە و فورات، ئاراس، زێی گەورە و زێی بچووک، سیروان، سفید ڕوود، تەتەهوو، جەغەتوو، گادەر، قەرەسوو و بەشێک لە کەرخە" لە کوردستانەوە سەرچاوە دەگرن. سەرچاوەی ئاوی کوردستان دەڕژێتە "دەریای کاسپییەن، کەنداو، دەریاچەی ورمێ و دەریای ڕەش" و وڵاتانی "تورکیە، ئێران، ئازەربایجان، ئەرمەنستان، سووریە و عێراق" بە ئاوی کوردستانەوە بەندن.

بۆیە کوردستان خاوەنی یەکێک لە دەوڵەمەندترین سەرچاوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینە و لە بواری ژێئۆپۆلیتیکی ئاوەوە، گرینگییەکی زۆری لە داهاتوودا دەبێت.

KURDŞOP
639 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!