نۆدشە، شارێکی دێرین لە ناودڵی سروشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا

 

ڕۆژ قادری

 

نۆدشە شارێکی بچووکی سەر بە هەورامانی لهۆنی پارێزگای کرماشانە؛ لەنێوان سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ١٥٠ کیلۆمەتریی کرماشان و ۳۲ کیلۆمەتریی پاوە هەڵکەوتووە. بەهۆی ئەو هەڵکەوتەیەوە، خاوەن کەشوهەوایەکی خۆش و سروشتێکی تایبەتە و بووە بە شوێنێکی گەشتیاری و لە سەرانسەری کوردستان و ئێران، گەشتیارگەلێکی زۆر سەردانی دەکەن.

 

جوغرافیای نۆدشە

نۆدشە لە باکوورەوە لەگەڵ مەریوان و لە ڕۆژاوەوە لەگەڵ نەوسوود و چەند شارێکی باشووری کوردستان لەوانە "هەڵەبجە و بیارە" هاوسنوورە.

ئەم شارە لەنێوان کێوگەلێکی بەرز و دۆڵگەلێکی قووڵ و تەنگەبەر هەڵکەوتووە کە بە "تەپە ماهوری بەختیاری" دەناسرێن و دەوروبەری بە دارستانی بەڕوو و قەزوان و کانیاو تەنراوە.

نۆدشە ١٤٥٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. نێونجی بارانبارین لەم دەڤەرەدا ساڵانە دەگاتە ٥٠٠ هەتا ٦٠٠ میلیمەتر و کەشوهەوایەکی کوێستانیی هەیە و ئەم بابەتە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئێکۆتوریزم (گەشتیاریی سەوز) لەم ناوچەیەدا پەرە بستێنێت.

بەپێی دوایین سەرژمێرییەکان کە لە  ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا کراوە، دانیشتووانی ئەم شارە ٣٦٨٣ کەسە. زیاتر لە هەزار بنەماڵەی نۆدشە بۆ شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوانە: پاوە، مەریوان، سنە، ڕوانسەر و جوانڕۆ کۆچیان کردووە و تێیدا نیشتەجێ بوون. هەروەها خوێندکارەکانی لە شارە گەورەکانی ئێران وەک تاران نیشتەجێن و لەوێ ماونەتەوە.

مێژووییبوونی نۆدشە

نۆدشە شارێکی شاخاوییە، مەڵبەندێکی کۆن و دێرینە کە نیوەی شوێن و کێوەکانی کۆن و مێژوویین. ئەم شارە جێگای سانەکانی لهۆنە و گرینگییەکی زۆری بۆ ناوچەی هەورامان هەیە.

ئەم شارە پتر لە دە گەڕەکی کۆنی تێدایە بە ناوەکانی: قەڵا، بن دوگا، ملەگا، ڕۆقن، لامەڕا، باغچە، دەرەومەسوورا و کاوندان. هەرکام لەم گەڕەکانە لە ڕووی زاراوە کۆنەکان، مانا و تایبەتمەنیی خۆیان هەیە و ئەمە نیشاندەری دێرینەبوونی کولتوور و نێشتەجێبوونی کۆمەڵگەی نۆدشەیە.

وشەی نۆدشە بە واتای "نەودژ" یان "دژی نوێ" یان بە واتای "نۆ دانە دژ"یش دێت. خەڵکی ئەم شارە بە زمانی کوردیی هەورامی دەئاخفن.

کێو و ئەشکەوتەکانی نۆدشە

کێوەکانی نۆدشە دڵڕفێنی و تایبەتمەندیی بیناسازیی بەم شارۆچکەیە بەخشیوە و بە جۆرێکە کە کاریگەریی لەسەر ژیان و کۆمەڵگەی ناوچەکە داناوە.

نۆدشە لەنێوان کێوەکان بەند کراوە، لەوانە کێوی دەربەند لە باکوورەوە بە بەرزایی ٢٧٥٠ مەتر، کێوی کەماجەڕ، شەخڵە و چنارە لە باشوورەوە لەنێوان ١٨٠٠ هەتا ١٩٠٠ مەتر و کێوی شمشی لە ڕۆژاواوە بە بەرزیی ٢١٠٠ مەتر.

هەروەها دۆڵی دڵڕفێنی نۆدشە لە ڕۆژهەڵاتەوە بە چۆمی سیروان دەگات و کێوی شاهۆ بە بەرزیی ٣٤١٠ مەتر لە ڕۆژهەڵاتی شارەوە دیارە و دەردەکەوێت.

ئەشکەوتی قاژەڵیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شار لە کێوی دەربەند هەڵکەوتووە کە درێژاییەکەی ٨٥ مەترە و تالارێک بە پانتایی ٢٥ مەتر و بەرزیی ١٦ مەتری هەیە کە بۆ ژیانی هەوارنشینەکان، جێگایەکی باش و گونجاو بووە.

 

سەیرانگای داڵانیی نۆدشە

سەیرانگای داڵانی لە ١٣ کیلۆمەتریی نۆدشە هەڵکەوتووە کە بەرزاییەکەی دەگاتە ١٦٠٠ مەتر؛ بەهۆی بوونی گۆمی داڵانی و کانیاوەکان، ناوبانگی تایبەتی هەیە.

جادەی تەتە کە ١٧٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، لە شاری  نۆدشەوە دەست پێ دەکات و لە داڵانی تێدەپەڕێت و دەگاتە ملەی ژاڵانەی هەورامان، لەوێوە کێشراوەتەوە بۆ ڕێگای مەریوان و تا دەگاتە ئەو شارە چەندین گوند و سەیرانگای تایبەت تێدەپەڕێنێت.

بەنداوی داریان

بەنداوێکی خاکییە و لەسەر چۆمی سیروان بستراوە، بەرزاییەکەی دەگاتە ١٥٥ مەتر کە لە گوندەکانی وڕا، داریان و هەجیج هەڵکەوتووە و چەندین هێکتار دارستان، گوندی ناوچەکە و کانیی بڵی خستووەتە ژێر ئاوەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەی شارەزایان و ژینگەناسان، بەنداوی داریان مەترسیی خستووەتە سەر کانیی بڵ و لە درێژماوەدا بەتەواوی لەنێوی دەبات.

کانیی بڵ

کانییەکی سروشتییە لە نزیکی گوندی هەجیج کە لە کێوی شاهۆ و زنجیرەکێوی زاگرۆس سەرچاوە دەگرێت؛ ئەم کانییە بۆ خەڵکی ناوچەی هەورامان تایبەتمەندی و خۆشەویستیی زۆری هەیە. کانیی بڵ گەورەترین کانیاوی کوردستانە و لە چرکەیەکدا ٤ هەزار لیتر ئاوی هەیە کە دەتوانێت ئاوی خواردنەوەی دوو ملوێن کەس دابین بکات.

کۆتایی

نۆدشە بەهۆی هەڵکەوتەیەوە، هەموو وەرزێک و مانگێکی خۆشە و دەتوانێت شوێنێکی تایبەت و پڕ لە ئەزموونی نوێ بۆ گەشتیاران بەگشتی و بۆ گەشتیارانی سەوز بەتایبەتی بێت. وێڕای سروشتە دڵڕفێنەکەی، میوانداریی خەڵکەکەی و فەرهەنگە جوانە پارێزراوەکەیان، شایانی هەزاران جار گەشت و سەردانکردنە.

KURDŞOP
778 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!