سەیدا تیڕێژ، شاعیر و نووسەری ڕۆژئاوای کوردستان

ئەو شاعیرە کوردە لە ساڵی ١٩٥٢ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی بەعس لە سووریا دەسبەسەر و دیوانێکی بەناوبانگییشی لەناو بردرا.

 

شادی

 

کوردشۆپ - مامۆستا و شاعیری شیعری ڕەسەن، سەیدایە تیرێژ لە ساڵی 1923 لە گوندی نیجیمەی سەر بە قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە دایک بووە. ناوی ڕاستەقینەی نایفە. باوکی ناوی حەسەن یان حەسۆیە. سەیدایە تیرێژ لە تەمەنی ٦ ساڵیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕوویان لە گوندی سێمیتک کردووە و لەوێ نیشتەجێ دەبن. تیرێژ لەوێ لەگەڵ مەلا ئیبراهیم گۆلی چەند کتێبێکی ئایینی و قورئان دەخوێنێ. وەک زۆربەی شاعیرانی کورد لە قوتابخانەی ئایینی دەستی بە فێربوونی خوێندنەوە و نووسین کردووە.

 

لە ساڵی ١٩٣٧ سەیدای تیرێژ ڕووی لە شاری عامودێ دەکات و لەوێ دەست بە خوێندن دەکات. ٥ ساڵ درێژە بە خوێندن دەدات، بەڵام بەهۆی باری داراییەوە ناتوانێت درێژە بە خوێندن بدات. لەوێ لەگەڵ شاعیرانی گەورە جگەرخوێن، قەدری جان، حەسەن شیار و نورەدین زازا پەیوەندی ساز دەکات. سەیدای تیرێژ کە لەژێر کاریگەریی ئەو شاعیرانەدایە، ئارەزووی شیعر نووسین لە دڵیدا زیاد دەکات و لەگەڵ ئەوان دەست دەکات بە چالاکیی نیشتمانپەروەرانە و وەک زۆرێک لە نیشتمانپەروەر و ڕۆشنبیرانی کورد، لە "جڤاتا خۆیبون"یشدا جێگەی خۆی دەگرێتەوە. هەروەها هاوکات لەگەڵ نووسینی شیعر و چیرۆک، خەباتێکی فیکرییش بەڕێوە دەبات.

 

ئەو شاعیرە کوردە لە ساڵی ١٩٥٢ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی بەعس لە سووریا دەسبەسەر کرا و دیوانێکی بەناوبانگییشی لەناو بردرا.

 

مامۆستای گەورە و ناودار جگەرخوێن لە کۆمەڵەشیعری "کیمە ئەز"دا شیعرێکی لەسەر سەیدای تیرێژ بە ناوی ڕاستەقینەی خۆی "نایف حەسۆ" نووسیوە و هیوای گەورەی بۆ دەربڕیوە. سەیدای جگەرخوێن لە شیعرەکەیدا ئەمە دەڵێت:

 

ئەو خوێندن و زانابوونمان

نزیک دەکەن سەرخۆبوونمان

 

لاوی وەک ئێوە زانا

دەبێ بڵێ نەزانە

 

با دەستی یەکتر بگرین

با لەم ڕێیەدا بمرین

 

جگەرخوێن

 

سەیدا تیرێژ، بە ناچاری بۆ ماوەیەکی زۆر خۆی لە نێو عەرەبەکانی خێڵی جبووریدا شاردەوە. ساڵی 1973 ڕووی لە شاری حەسەکە کرد و لەوێ نیشتەجێ بوو و تا ئەو ڕۆژەی کۆچی دواییی کرد لەوێ مایەوە.

 

سەیدایە تیرێژ، لە ٢٣ی ئازاری ٢٠٠٢، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئێوارە لە نەخۆشخانەی د. حیسام بەغدە لە حەسەکە لە دەچێتە بەر ڕەحمەتی خودا.

 

بەرهەمە چاپکراوەکانی تیرێژی شاعیر:

 

- دیوانی خەڵات، پێشەکی: د.زەنگی، لوبنان-بەیروت-١٩٨٥.

- دیوانی زۆزان، پێشەکی: د.زەنگی، لوبنان-بەیروت-1990.

- دیوانی جودی، پێشەکی: د.زەنگی، لوبنان-بەیروت-1998.

 

ئەزموونەکانی کورد (١): چاپی یەکەم لە ساڵی ١٩٩٢ لە چاپخانەی زانین (گۆڤار) چاپ کراوە و لە ساڵی ٢٠١٤ بە وەرگێڕانی فارسی لە ئێران چاپ کراوەتەوە.

 

بەرهەمە چاپ نەکراوەکانی:

 

  - مەولودا کوردمانچی

- کۆمەڵە شیعرێک

 

- ئەزموونەکانی کورد (٢).

 

سەید تیرێژ سێ جار خەڵاتی پێبەخشراوە.

 

- خەڵاتی ڕۆژی شیعری کوردی لە سوریا ١٩٩٥.

- خەڵاتی 100 ساڵ ڕۆژنامەگەریی کوردی. ١٩٩٨، هەولێر.

- خەڵاتی گروپی فۆلکلۆری کوردیی هەڵەبجە لە جزیرێ-حەسەکە، ٢٠٠١.

KURDŞOP
660 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!