ورمێ؛ ناوەندی سێوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

شنۆ ڕەسووڵی

ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیا لە سەرچاوە سروشتییەکان، لە بواری بەروبوومی کشتوکاڵییش زۆر بە پیت و بەرەکەتە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کوردستان پشتی بە چیاکانی زاگرۆسەوە داوە و ئەو خاک و ئاوەی لە داوێنی کێوەکان مەند بووە، بووەتە خەزێنەیەکی باش بۆ وەرزێڕی. لە بواری جواغرافیایی خاکی وەرزێری زیاتر چرنزیۆم و سیلتە کە بەشێکی زۆری کوردستانیش خاکی سوورە کە لە ڕیزی باشترین خاکەکانە بۆ کشتوکاڵ.

پارێزگای ورمێ لە خاکی چرنزیۆم و سیلت زۆر بەپیتە و تەنانەت بەشێکی مێرگ و قۆپییەکانی ئەو پارێزگایە جۆرێک خاکی هەیە کە پێی دەوترێت پیت. خاکی پیت لە باکووری ئێران و کوردستان زۆر دەست دەکەوێ و بۆ گوڵخانەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

بەپێی ئامارەکان پارێزگای ورمێ، ٨٠٠ هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی هەیە و ساڵانە سەرووی شەش ملیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی بەرهەم دێنێت. دوای سێو، زیاترین بەرهەمی باخەوانی لە پارێزگای ورمێ بریتییە لە ترێ. لەو رێگەیەشەوە دەرفەتی کار بۆ زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی پارێزگاکە دەڕەخسێت.

هەموو ساڵێک لە وەرزی پاییزدا کە کاتی سێو ڕنین دێت، دەرفەتێکی کاری باشیش بۆ کرێکاری دەخوڵقێت کە تەنانەت لە شارەکانی دیکەی ئێرانیشەوە بۆ کرێکاری ڕوو دەکەنە پارێزگای ورمێ. بەڵام لەو بارەشەوە هیچ بەرنامەڕێژی و ڕێکخستنێک بۆ کرێکاران لەئارادا نییە.

لە شارەکانی پارێزگای ورمێ بەهۆی ئەو خاکە پڕ پیت و بەرەکەتە و لە دوای پێشکەوتنی کەرتی کشتوکاڵ، خەڵکەکەی ڕوویان لە باغداری کردووە و ئەو باغدارییە هەموو بەشەکانی میوەی لەخۆ گرتووە بەڵام بەرهەمی سێوی پلەی یەکەمی هەیە.

لەو پارێزگایە ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار تۆن سێو بەرهەم دێت و ڕادەستی بازاڕەکانی ئێران و جیهان دەکرێت. بەڵام دەبێ دیسان قامک لەسەر ئەو خاڵە دڵتەزێنە دانێین کە زەحمەتی باغدارانی ئەو پارێزگایە لە کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی دەسەڵاتی تاران دەبێتە ئاردی نێو دڕک.

هەموو ساڵێک لە بەرەبەرەی ڕنین و هەڵگرتنەوەی سێوی باغاتی ورمێ، خەڵکەکەی لەگەڵ دڵەڕاوکێی نەبوونی بازاڕ و نەبوونی کڕیار بەرەوڕوون. بەشێکی هەرە زۆری سێوی باغداران بەهۆی نەبوونی بازاڕ وەک سێوی باوەرە (سێوی بن دار-زیردرختی) بە کارخانەکانی ئاومیوە و کۆنستانترە دەفرۆشرێتەوە کە بۆ باغدارەکان زەرەر لە نیوەی دەگەڕێتەوە.

لە بەرھەمھێنانی سێو، پارێزگای ورمێ پلەی یەکەمی لە ئاستی ئێراندا هەیە و ئەو سێوە یەکێک لە باشترین سێوەکانی ناوچەکەیە، بەڵام تاوه‌کوو ئێستا ڕێگەیەک بۆ فرۆشتنی نەدۆزراوەتەوە، کاربەدەستان دەڵێن پڕۆپاگەندای ناڕاست بڵاو دەکەنەوە کە سێوەکە نافرۆشرێت.

بەرھەمی سێوی ورمێ زیاتر لەنیوەی بۆ ھەناردەکردن دەبێت، بەڵام نەبوونی پلان و ھەبوونی گرفتی نێوخۆیی ئەو سێوە تەنانەت ناگاتە بازاڕچە سنوورییەکانیش. جگە لەوەش خاوەن باغەکانیش ھەماھەنگی و خاڵی ھاوبەشیان نییە، ئەوە لەکاتێکدایە کە نزیکەی ٨٠ ھەزار خاوەن باغی سێو لەپارێزگای ورمێی رۆژھەلاتی کوردستان دەژین.

ساڵی ٢٠١٧ زیاتر لە ٣٠%ی وەبەرهێنانی سێو، لە پارێزگای ورمێ تووشی خەسار بوو و کاری زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو پارێزگایە کە بە فرۆشتن و وەبەرهێنانی سێو بەستراوەتەوە ڕاوەستا؛ بەستەبەندیی نالەبار، نەدیتنەوەی بازاڕی نێونەتەوەیی، بایەخ نەدان بە چەشنی چاندن و ئاسانکارینەکردن لە گواستنەوەی سێو لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە و نەبوونی نەخشەڕێگا لە هەمبەر وەبەرهێنانی سێوی پارێزگای ورمێ، باخدارانی تووشی زەرەر کردووە.

باغداران بۆ بەرهەمهێنانی سێو زەحمەتێکی زۆر دەکێشن و نرخی دەرمان و کوود بۆ باغەکان لەم دۆخەی ئێستای ئابووریی ئێراندا گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر شانی باغداران و ئەوەش لە کاتێکدایە کە باغداران لەگەڵ نەبوونی بازاڕ بەرەڕوون کە ناچاران زۆر جار بەرهەمەکەیان هەرزانفرۆش بکەن.

باغدارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جیا لە کێشەگەلی دیکە وەک پێڕانەگەیشتنی بنکە و ناوەندە پێوەندیدارەکانی دەسەلاتی ئێران بە باغداران لە کاتی پێگەیشتنی میوەکانیان، لەگەڵ کێشەی فرۆشتن و نەبوونی بازاڕ بەرەوڕوو دەبنەوە. کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ئێران لەو پارێزگایە بووەتە هۆی ئەوەی باغداران سێوی دەرجە یەک، بە جیگای ئەوەی به شێوەی بەستەبەندی کراو ڕەوانەی بازاڕ بکەن، وەک هەڵڕژاو بە کارخانەکانی سرکە و کۆنستانترەی بفرۆشن.

باغدارانی ئەو پارێزگایە باس لەوە دەکەن هیچ کەس گوێ ناداتە کێشەکانیان و هەموو ساڵێکیش بەرپرسان دەڵێن کێشەی فرۆشتنی سێوتان نابێت، بەڵام ئەوە دروشمێک زیاتر نییە کە ساڵەوساڵ کاربەدەستان دووپاتی دەکەنەوە.

شارەزایانی ئابووری باس لەوە دەکەن بوونی باغاتی سێو لە پارێزگای ورمێ دەتوانێت دۆخی ئابووریی خەڵکی ئەو پارێزگایە بە ڕێژەیەکی زۆر باش بگۆڕێت؛ بەڵام نەبوونی بەرنامە و پلانی تۆکمه بۆ کڕین و فرۆشتنی سێوی باغداران تەنیا زەرەر و زیانی بۆ باغداران هەبووە.

لە ئێستادا بە ھەزاران تۆن سێوی پارێزگای ورمێ بێ کڕیار لەسەر ڕێگاکانی ئەو پارێزگایە فڕێ دراوه و هیچ لایەنێکیش لە دەسەڵات وڵامدەر نییە. وەرزێڕانی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتی  ئێرانەوە پشتیوانیی ماددی و مەعنەوی ناکرێن و بگره زۆرجار بۆ ئەوەی پارەی بەرهەمەکانیان پێ بدرێت، دەست دەدەنە مانگرتن.

 

KURDŞOP
808 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!