بەروبوومی سماق و لێکردنەوەی لەم وەرزەدا لە باشووری کوردستان

 

هانی موڕتەزا

 

سماق یاخود ترش جۆرە دارێکی خۆڕسکە و زیاتر لە ناوچە بەرز و سەختەکاندا شین دەبێت و لە ئێستادا بەروبوومی سماق بەهۆی سوودی زۆر و داواکاریی زۆر لەسەری لە زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان دەچێنرێت و بەرهەم دێت. زیاتر لە ٢٥٠ جۆری سماق لە جیهاندا هەیە بەڵام لە کوردستان زیاتر سێ جۆریان دەچێنرێت کە لەگەڵ کەشوهەوا و خاکی کوردستان گونجاون.

ئەوانیش بریتین لە: سماقی سوور، سماقی سپی و سماقی کیڤەزەرد

بەچاندنی شەتڵی سماق ئەگەر بێت و ھیچ نەخۆشییەک لێی نەدات، ئەوە بە سێ ساڵی بەرھەمی دەبێت. سماق لە ڕووی تەندروستیشەوە چەندین سوودی گرنگی بۆ لەشی مرۆڤ هەیە، دەوڵەمەندە بە ڤیتامینی C و پرۆتۆئین و ئاسن و پۆتاسیۆم و کالیسیۆم و مەگنیسیۆم و فۆسفۆر و یارمەتیی پڕۆسەی هەرسکردنی خۆراک و کەمکردنەوەی کێشەکانی کۆئەندامی هەرس و گەدە دەدات.

لە کوردستان، سماق جگە لەوەی وەک بەهارات بەکاردەهێنرێت، بەتایبەت لەگەڵ ترۆزی و کالیار دەخورێت و دەکرێتە ناو زەڵاتە و دۆ و دۆڵمە و کەباب و ماسی و چەندین خواردنی ترەوە.

ساڵانە لە وەرزی هاویندا جوتیارانی گوندەکانی کوردستان بەرهەمی سماق دەچننەوە کە پێی دەگوترێ سماق شکاندن یا سماق شکاندنەوە. ترشەکان بەکۆمەڵێک ڕێگا و هەنگاو ئامادەدەکرێن بۆ خواردن و فرۆشتن. سماق لە کۆتایی وەرزی هاویندا و سەرەتای وەرزی پاییز لێدەکرێتەوە و بێگومان شکاندنەوەی سماق ماندوبونێکی زۆری دەوێت.

گرنگترین ئەو ناوچانەی کوردستان کە بەروبوومی سماقی تێدا بەرهەم دەهێنرێت

١- ئاکرێ: شارۆچکەی ئاکرێ یەکێکە لەو ناوچە بەناوبانگانەی کوردستان کە ساڵانە بەرهەمی سماقی تێدا کۆ دەکرێتەوە. ئاکرێ یەکێکە لە حەوت شارەکانی پارێزگای دهۆک و نزیکەی ٢٥٠ گوندی ئاوەدانی هەیە. بەشی هەرەزۆری گوندەکانی ئاکرێ سماقیان هەیە، بە تایبەتی سنووری شارەدێی دینارتە، تەنانەت هەموو گوندەکانی دینارتە بە چاندن و بەرهەمهێنانی سماق بەناوبانگن.

لە ئاکرێ زیاتر لە ٢٠٠ باخی سماق هەیە کە هەریەک لەو باخانە لە نێوان ( ٢-٨ ) تۆن سماق بەرهەم دەهێنن.

لە سنووری شاری ئاکرێ بەگشتی زیاتر لە ١١ هەزار و ٥٠٠ دۆنم زەوی بە سماق چێنراون و ساڵ لەدوای ساڵ چاندنی سماق بەردەوامە و زیاتر پەرە دەستێنێ. ٨٠%ی سماقی پارێزگای دهۆک دەکەوێتە سنووری ئاکرێ،  گوندەکانی دینارتە و دۆڵی زێبار بە سماق ناسراون، بەتایبەتی گوندی دوستەک کە ناوبانگی هەیە و باشترین سماقی عێراق و کوردستان بەرهەم دەهێنێت.

٢- باڵەکایەتی: سماق لەم ناوچەیە بە ڕێژەیەکی باش لە ئاستی کوردستاندا بەرهەم دەهێنرێت. ساڵانە جوتیارانی ئەم ناوچەیە شان بە شانی خاتوونەکان سماق دەشکێننەوە. بەتایبەتیش لە ناحیەی گەڵاڵە، سماق شکاندن بووەتە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ دانیشتووانی ئەم ناوچەیە.

٣- بناری قەندیل: لە بەشێکی زۆری بناری قەندیل و بە تایبەت دۆڵی سوورەدێ بە هۆی سروشتی شاخاوی و کوێستانیی ناوچەکە ئێستا کاتی شکاندنەوەی ترشە سماقە و خەڵکی سنوورەکە سماقی ناوچەکە دەشکێننەوە. سنووری قەندیل خاکێکی بەپیتی هەیە بۆ ڕوواندنی داری سماق و جووتیارانیش لەگەڵ کۆکردنەوەی بەرهەمەکەی ڕەوانەی بازاڕەکانی دەکەن و دەبێتە دەسکەوتێکی ئابووری بۆ خەڵکەکە.

ئەمانە چەند ناوچەیەکی دیار و گرنگی باشوری کوردستانن کە ڕۆڵی سەرەکییان لە بەرهەمهێنانی سماقی کوردستاندا هەیە. جۆری سماق و کوالێتیەکەشی بە ڕادەیەک باشە کە هەم لە ناوخۆی کوردستان و هەم لە عێراقیش داواکاری و خواستێکی زۆری لەسەر دروست بووە. بێگومان سماقی ئاکرێ لەبەر باشی و بڕ و جۆرەکەشی، هەم بەشی پێداویستیی ناوخۆ دەکات و هەم دەتوانرێ بچێتە قۆناغی هەناردە کردنەوە. ئێستا چەندین کارگەی بچوک و خۆماڵی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان هەن کە سماق بەرهەم دەهێنن و بۆ بە بازاڕکردن بە شێوەی پیشەسازی ئامادەی دەکەن. ئەمەش وای کردووە بەرهەمی خۆماڵیی سماق ساڵ لە دوای ساڵ  لە هەرێمی کورستان زیاد بکات و ببێتە مایەی داهاتێکی باش بۆ ئەو کەسانەی سماق بەرهەم دەهێنن. لەهەمانکاتدا وای کردووە هاوردە کردنی سماق بۆ باشوری کوردستان کەم بکاتەوە و بەم هۆیەشەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان باجی زیاتری خستووەتە سەر هاوردە کردنی سماق.

 

KURDŞOP
880 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!