بنێشتی زاگرۆس، سامانێکی سروشتیی خەڵکی کوردستان

کانی

 

کاتێک هاوین دێت، لە بنارەکانی زنجیرە چیای زاگرۆس، دەنگی تەور تێکەڵ بە دەنگی بەسۆزی "هۆرە" دەبێت، جەستەی دارە کۆنەکان بریندار دەکرێن و دارستانەکانی زاگرۆس لە ژێر قورسایی قاپی قوڕ (کوچەڵە)ی لکێندراو بە دارە وەن (بەن)ەکان دیمەنێکی نوێ لە خۆ دەگرێت. ئەم کارە  وەک فریودانی درەختەکەیە بۆ ئەوەی شیرەکەی(بنێشتەکەی) بڕژێتە ناو کوچەڵەکان و بەم شێوەیە بەشێک لە خەڵکی زاگرۆس دەتوانن بە فرۆشتنی ئەم شیرەیە گۆشەیەک لە بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

ساڵەهای ساڵە پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان دارستانەکانی زاگرۆس و ژیانی خەڵکی ناوچەکەدا هەیە. چیرۆکی ئەو خەڵکانەیە کە تەورەکانیان هەڵدەگرن و رێگە دژوار و سەختەکان دەپێون بۆ ئەوەی ڕزق و ڕۆزیی خۆیان لە جەستەی بەخشندەی دارە وەنەکان وەربگرن. وەن، قەزوان، وەسوان، بەن، بنە و بنێشت، هەموویان ناوی دارێکن کە چەندین تایبەتمەندیی هەیە و زۆرتر لە ناوچە جیاجیاکانی زاگرۆس دەڕوێت.

ڕووبەری دارە وەنەکانی دارستانەکانی زاگرۆس ٦ ملیۆن هێکتار دەبێت. مێژووی دارە وەنەکانی زاگرۆس دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر و ئەم دارانە ساڵانە توانایی بەرهەمهێنانی ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ تۆن بنێشتیان هەیە. بەرهەمی سەرەکیی داری وەن (شیرە) بنێشتە و لە ماوەی ساڵدا تەنها 45 ڕۆژ بەردەستە. هەڵگرتنەوەی بنێشت چەندین قۆناغ لە خۆ دەگرێت: بە تەور دارە وەنەکان بریندار دەکرێن و بە قوڕ کوچەڵە کە لە شیوەی قاپێکدایە درووست دەکرێت و لە شوێنی برینی دارەکە دائەنرێ، بە هۆی گەرمیی خۆرەتاو، بنێشت دەرژێتە ناو کوچەڵەکان و دوای پڕبوونی، کوچەڵەکان دەشکێنن و بنێشتەکەی ناوی کە مادەیەکی سەوز و شەفافە و چەسپەندەییەکی زۆری هەیە کۆدەکرێتەوە.

تایبەتمەندییە دەرمانییەکانی بنێشتی کوردی

2٢5%ی شیرەی وەن زەیتی بەنرخ و پیشەسازی تربانتینی تێدایە، کە لە چەندین جۆری خۆراک و دەرمانسازی و بەرهەمەکانی پیشەسازی بەکاردەهێنرێت. داری وەن خاوەنی میوەی فستقی کێوییە کە شەوچەرەی خەڵکی زاگرۆسە. لە پزیشکیی سوننەتیدا، گەڵای ئەم دارەیان بۆ چارەسەرکردنی ئازارە درێژخایەنەکانی هەرس بەکارهێناوە. بەپێی ئەو توێژینەوانەی لە ئیسپانیا ئەنجام دراون، ١٦٥ جۆر بەرهەم لە شیرەی بنێشت بەرهەم دەهێنرێت. ئەم شیرەیە وەک مەڵهەمێک لە بواری چاکبوونەوە و ساڕێژکردنەوەی برین و سووتاوی بەکاردێت.

ڕێکخراوی جیهانیی خۆراک و دەرمان جەختی لەسەر کاریگەرییە یەکلاکەرەوەکانی بنێشتە تاڵە لەسەر چارەسەری یەکلاکەرەوەی شێرپەنجەکانی گەدە و ڕیخۆڵە کردووەتەوە. بنێشت بۆ چارەسەری قەبزی و پاککردنەوەی گەدە ، ڕێگریکردن لە خراپبوونی ددان ، نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی دەم ، بەهێزکردنی چاو و چارەسەری کەچەڵی بەکاردێت. جاوینی بنێشت گەدە و کۆئەندامی هەرس پاک دەکاتەوە، بەرەنگاری ئەو بەکتریایانە دەبێتەوە کە دەبنە هۆی دروستبوونی برینی گەدە.

بنێشت لە دەرمانسازی، پیشەسازیی پۆلیمر، چەسپ و بۆیاخ بەکار دێت. پڕۆژەیەکی توێژینەوەی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان دەریخست کە بەهۆی تایبەتمەندیی دژە هەوکردنی، بنێشت دەتوانرێت وەک دەرمانێکی جێگرەوەی بەسوود بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی هەوکردنی قۆڵۆن بەکاربهێنرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە ​​وڵاتانی ئەوروپی لەوانە ئەڵمانیا و چین لە هاوردەکارانی سەرەکیی بنێشتی زاگرۆسن.

لە ئێران تەنیا لە پارێزگاکانی سنە، ئیلام، کرماشان، لوڕستان و بەشێکی کەمی ورمێ، داری وەن دەڕوێت و ئەم دارە لە هیچ شوێنێکی دیکەی ئێراندا گەشە ناکات. هونەری کۆکردنەوەی بنێشت تایبەتی ناوچە کوردستانییەکانە. داری وەن درەختێکی بەرگریکارە و لە جۆری ڕووەکی زاگرۆسدا زۆر گرنگە و ئەگەر لە بارودۆخێکی گونجاودا بێت دەتوانێت تا ٣٠٠ ساڵ بژی.

هەڵگرتنەوەی بنێشت پێویستی بە تەکنیکی دروست هەیە، کە لە زۆر حاڵەتدا پشتگوێ دەخرێن و دەبێتە هۆی وشک بوونی درەختەکە. ئەم زێڕە سەوزە سەرچاوەی بژێوی ژیانی نزیکەی ٥ هەزار بنەماڵەیە. داری وەن بە بەرهەمهێنانی بنێشت لە وەرزی هاویندا هەلی کار بۆ گوندنشینانی ناوچەکانی زاگرۆس دەرەخسێنێت. بە لەبەرچاوگرتنی بەهای ئابووریی بەرهەمی بنێشت لە بازاڕدا، تەنها لە پارێزگای سنە، ساڵانە زیاتر لە ٧ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن ڕیاڵ داهاتی هەیە. بە گشتی هەر دارە وەنێک ٥٠٠ بۆ ١٠٠٠ گرام بنێشتی هەیە و بەپێی بارودۆخەکان، ئەم ڕێژەیە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.

 زۆرترین ڕێژەی بنێشت لە پارێزگای ئیلام لە شاری مەلەکشاهییە. زیاترین قازانجی ساڵانەی وەن لە پارێزگای سنە  لە شارەکانی مەریوان، سەوڵاوا و بانەیە، بە جۆرێک لە ماوەی ساڵێکدا قازانجی دارە وەنەکانی مەریوان و سەوڵاوا لە قازانجی ساڵانەی بەخێوکردنی ئاژەڵ زیاتر بووە. هەروەها دارستانەکانی سەردەشت و پیرانشار لە پارێزگای ورمێ بە ڕێژەیەکی کەمتر داری وەنیان تێدا دەڕوێت. بە لەبەرچاوگرتنی سوودەکانی داری وەن هاوتەریب لەگەڵ پەرەپێدانی چاندنی نەمامی نوێ، واباشترە نەمامی دەسکرد لەم ناوچەیەدا بچێنرێت، کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی ئابووری بۆ خەڵکی بێبەشی ناوچەکە و هەلی کاریش زیاد دەکات.

 

KURDŞOP
778 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!