ڕۆڵی ژن لە سینەمای کوردیدا – بەشی کۆتایی

ئاڤێستا خانی

بەشی سێیەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 

بەشەکانی پێشتری ئەم نووسینە بریتین لە: پوختەیەک لە مێژووی ڕەوت و سینەمای فێمینیستی، ڕۆڵی ژنانی کورد لە چالاکییە سیاسی- کۆمەڵایەتییەکاندا، هەروەها شرۆڤە و پێناسەی ڕۆڵی ئەوان لە بەرهەمەکانی سینەماکارانی کورددا. ئێمە لە کۆتاییی ئەم گوتارەدا، بەردەوامین لە ناساندنی چەند بەرهەمێکی تر کە ژنی کورد تێیدا ڕۆڵ دەبینێت.

کیسەڵەکانیش دەفڕن، بەهمەن قوبادی، ٢٠٠٤

 

"کیسەڵەکانیش دەفڕن" بەرهەمی ساڵی ٢٠٠٤ لە دەرهێنانی "بەهمەن قوبادی"یە. چیرۆکی فیلمەکە دنیای منداڵانی جەنگمان پێ پیشان دەدات، منداڵگەلێک کە منداڵێتییان لێ ئەستێندراوە. ئەوان نە قسەکردنیان منداڵانەیە، نە بیرکردنەوە و نە کارگەلێک کە دەیکەن. ئاگرین (ئاواز لەتیف) یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکەیە؛ ئەو کچێکی مێرمنداڵە کە بووەتە قوربانیی جەنگ. ئاگرین لە کاتی هێرشی سەددام بۆ هەڵەبجە لەلایەن سەربازەکانی بەعسەوە دەسدرێژیی دەکرێتە سەر. ئەو لە تەمەنی مێرمنداڵیدا دەبێت بە دایک. ئێمە دەبین بە شاهیدی گوشارە دەروونییەکانی ئاگرین. جەنگ و دەستدرێژی دوێنێی لێ کردووە بە مۆتەکە و ئەمڕۆ و داهاتوویشی لێ ئەستاندووە. ئاگرین بەردەوام بیر لە چوونەوە دەکاتەوە، چوونێک کە ڕەنگە لەم هەمووە ئازارە ڕزگاری بکات، بەڵام دواجار تەنیا ڕزگارییەک کە پێی شک دێت، خۆکوژییە!

نیوەمانگ، بەهمەن قوبادی

 

و ئێمە لە "نیوە مانگ"ی قوبادی هەمدیسان دەبینین ژن تێیدا ڕۆڵێکی پەراوێزخراوی نییە. ژن تێیدا ڕزگارکەرە، هێشوو (هەدیە تەهرانی) و نیوەمانگ (گۆلشیفتە فەراهانی) هەموو هیوای مامۆ (ئیسماعیل غەفاری) و گرووپەکەن. گرووپێک کە بڕیارە لە باشووری کوردستان کۆنسێرتێکی مۆسیقا پێشکەش بکەن. فیلمەکە کەمایەسیی کەمیی دەنگی ژن پیشان دەدات لە سیستەمێکدا کە ئیسلام و پیاوسالاری تێیدا سەردەستە. ژنانێک کە دەنگیان قەدەغە کراوە، کە سرگون کراون!

ڕەشەبا، حوسێن حەسەن، ٢٠١٦

 

"ڕەشەبا" بەرهەمی ٢٠١٦ لە دەرهێنانی "حوسێن حەسەن"ە. ئەم فیلمە هەوڵ دەدات تراژێدیای فەرمانی ٧٣ی ئێزیدییەکان بخاتە سەر پەردەی سینەما. لە ساڵی ٢٠١٤ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشی کردە سەر شنگال و نزیکەی ٥ هەزار کچ و ژنی ئێزیدیی وەک غەنیمەتی جەنگ بەدیل گرت و کردیان بە کۆیلەی جینسی. ڕەشەبا چیرۆکی تەنیا یەکێک لەو هەزاران ژنەیە کە بەدیل گیراون. پێرۆ (دیمەن زەندی) ئەو کچەیە، ئەو چەندین جار فرۆشراوە، دەستدرێژیی کراوتە سەر و ژیانی لێ بووە بە مۆتەکەیەک کە هەرگیز لێی ڕزگار نابێت. ڕێکۆ (ڕێکش شەهباز) خۆشەویست و دەزگیرانی پێرۆیە، ئەوان بڕیار بوو هاوسەرگیری بکەن، بەڵام جەنگ ڕێگە نادات. ڕێکۆ هەموو هەوڵەکانی دەدات تا خۆشەویستەکەی بدۆزێتەوە. ژنە شەڕڤانەکان کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ڕزگارکردنی ژنە ئێزیدییەکان هەیە، ژمارەیەک ژنیان ڕزگار کردووە، ڕێکۆ بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا پێرۆ یەکێکە لەو ژنانە، ڕوو دەکاتە ڕۆژاوای کوردستان و پێرۆ دەدۆزێتەوە. بەڵام پێرۆ ئیتر ئەو کچە دەم بە زەردەخەنەیە نییە. ئەوان پێکەوە دەگەڕێنەوە باشووری کوردستان و ئەمە دەستپێکی نەهامەتییەکانی نامووسێکە کە خەوشدار کراوە!

لە کۆمەڵگەی پیاوسالاردا نرخی ژن بە پەردەیەکەوە بەندە کە لەدەستدانی گەر بە ویست (بێ هاوسەرگیری) یاخود زۆرەملێ بێت، یەک دەرەنجامی هەیە. ئەو دەبێتە ژنێکی عەیبدار و خەوشدار، وەک کاڵایەکی دەستەدوو کە پێشتر بەکار هێنراوە و ئیدی هیچ پیاوێک قەبووڵی ناکات. پێرۆ سەرەڕای گشت نەهامەتییەکان، دەبێ بەرگەی گوشارە دەروونییەکانی ئەم سیستەمەش بگرێت. گوشارگەلێک کە بووەتە هۆکاری خۆکۆژیی زۆربەی ژنە گەڕێندراوەکانی ئێزیدی. لە ڕاستیدا لە سیستەمێکی پیاوسالاردا تەنیا ژن نییە کە قوربانییە، پیاویش قوربانیی هزری پیاوسالارییە. ڕێکۆ وەک باوکەکەی بیر ناکاتەوە، بۆ ئەو هیچ شتێک نەگۆڕدراوە، پێرۆ هەر خۆشەویستەکەیەتی و ئەو لەسەر بڕیاری هاوسەرگیریی خۆی سوورە، بەڵام باوکی سوێندی خواردووە کە ناهێڵێت بووکێکی وا عەیبدار و دووگیان پێ بنێتە ماڵی ئەوەوە. لەلایەکی ترەوە باوکی پێرۆ دیار نییە کە ئایا خۆشحاڵە لە ڕزگاریی کچەکەی یان نا؟ هاوکات ئەویش لەژێر کاریگەریی قسەکانی کۆمەڵگە سەرلێشێواوە و نازانێت چۆن هەڵسوکەوت بکات.

ئەم گوتارە بە ئاوڕدانەوە لە دوو لە بەرهەمەکانی ژنە دەرهێنەرێکی کورد بە ناوی "قودرەت گونەش" کۆتایی پێ دەهێنم کە زۆربەی بەرهەمەکانی باس لە ژن و کۆمەڵگەی کوردستان دەکەن، باس لە ئازایەتیی ژنانێکی کورد دەکات کە سەڕەرای ئەوەی زوڵمیان لێ کراوە و سەرکوت کراون، (ئەمە چ لەلایەن سیستەمەوە بێت و چ لەلایەن کۆمەڵگە و بنەماڵەوە بێت) بەڵام کۆڵیان نەداوە و هیچ شتێک ئەوانی لە خەبات بۆ گەل و نیشتمان نەوەستاندووە.

لەیلا زانا مژدەی گەلێک، ٢٠٠٢

 

"لەیلا زانا مژدەی گەلێک" بەرهەمی ٢٠٠٢ی زایینییە. بەڵگەفیلمەکە باس لە خەباتی سیاسیی لەیلا زانا دەکات، باس لە توانا و بوێریی ئەم ژنە کۆڵنەدەرە دەکات کە خۆی دەکاتە قوربانیی گەل و نیشتمانەکەی. ئەو دەچێتە سەر سەکۆ و وانەی ئازادی بە سەدان ژن و پیاوی کورد دەڵێتەوە، وانەی کۆڵنەدان و تێکۆشین بۆ گەیشتن بە مافەکانمان.

ژنە سووکایەتی پێکراوەکان، ٢٠٠٩

 

بەڵگەفیلمی ژنە سووکایەتی پێکراوەکان بەرهەمی ساڵی ٢٠٠٩ی زایینییە و چیرۆکی دوو ژنی کوردە کە بە هۆکاری ئازار و ئەشکەنجەی سیستەمی تورکیا، ناچار پەنایان بۆ تاراوگە بردووە. "هۆزانجانێ" یەکێک لەو ژنانەیە. ئەو هونەرمەندە و گۆرانیبێژیی لە تەمەنی شەش ساڵیدا دەست پێ کردووە. لە تەمەنی یازدە ساڵیدا بە زۆر بەشوو دراوە، دواتر بە هەر جۆرێک بێت توانیویەتی خۆی لەو زوڵمە ڕزگار بکات. بەڵام بۆ کوێ؟ لە سیستەمی فاشیستیی تورکیادا ژنێکی کوردی گۆرانیبێژ کە بە کوردی گۆرانیی ئەشق و ئەڤین دەڵێت و بە کوردی دەژیت، ئایا دەکرێت چ مامەڵەیەکی لەگەڵدا بکرێت؟ ئەم بەڵگەفیلمە بەسەرهاتی جانێ و نازڵی تۆپ دەگێڕێتەوە. ئەوان باس لە ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیی سیستەمی تورکیا دەکەن. باس و وەسفی برینەکانیان دەکەن، برینگەلێک کە بۆ هەتاهەتایە ئاسەواریان لەسەر جەستە و ڕۆحیان دەمێنێتەوە.

 

کۆتا قسە

سینەمای کوردی سەرەڕای هەموو کەمایەسی و ئاستەنگەکان توانیویەتی هەتا ڕادەیەک خۆی پێناسە بکات، لە داخوازیگەلێک کە هەیەتی، لە پەیامگەلێک کە دەیهەوێت بیگەیەنێت. گەرچی دەرهێنەری کورد یاخود سینەمای کوردی بەگشتی هێشتا خاوەن پلەتفۆرمێکی نەتەوەیی نییە کە لە هەموو لایەکەوە پشتیوانی بکرێت، بەڵام هەوڵی داوە کارەسات و ئازارەکانی کورد، کێشە و بارودۆخی کورد لە چەندەها شێوەدا بخاتە سەر پەردە. یەکێک لەم کێشانە بابەتی ژنە. جێگای خۆشحاڵییە گەر لە وڵاتە ڕۆژاواییەکاندا سینەمای فێمینیستی دوای دەیان ساڵ لە هەبوونی سینەما سەری هەڵداوە، ئەوا سینەمای کوردی هەر لە سەرەتاوە بە جۆرێک خاوەن قاڵبێکی فێمینیستی بووە. فیلمەکانی سەرەوە تەنیا بەشێک بوون لە سینەمای کوردی کە تێیدا زۆر کەم شاهیدی بەکاڵاکردنی ژنین، ڕۆڵی ژن لە سینەمای کوردیدا بووکەڵەیەکی جوانکیلە نییە تا هەروەک "ماڵڤی" ئاماژەی پێ دەکات، لەژێر چاوتێبڕینێکی پیاوانەدا بێت، بەڵکوو ئەو خودی خۆیەتی. بەڵام ئەمانە تەنیا بەس نین بۆ هەبوونی سینەمایەک کە پەیامەکەی یەکسانیخوازی بێت. باسکردن لە ژن و کێشەکانی نابێ تەنیا لە بابەتی دایکایەتی، خۆشەویستی، نامووس و جەنگدا کورت بکرێتەوە. هاوکات ئێمە پێویستیمان بە ڕۆڵی ژنانێکە کە ببن بە "ئیدۆل" لە بوارگەلی زانستی، ئابووری، فەلسەفی، سیاسی، ئەدەبی، هونەر و سینەما و گشت ئەو بوارانەی کە تا ئێستا ژن کەمترین ڕۆڵی تێدا هەبووە. ژنانی کورد پێویستیان بە پلەتفۆرمێکە کە تێیدا خۆیان وەک تاکێکی سەربەخۆ بناسن و بناسێنن. هەروەها بە مافەکانیان ئاشنا بن و هان بدرێن بۆ بەدەستهێنانیان. بۆ ئەم مەبەستەش بە بڕوای من سینەما باشترین ئامراز و پلەتفۆرمە کە بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەم خواستانە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت.

 

سەرچاوەکان:

- فێمێنیسم و سینەما، چەکۆ ڕۆژهەڵات، گۆڤاری تیشک ٥٧

- صد زن، زنان و سینما، از افزایش تولید فیلم تا جنبش برابری جنسیتی در سینما، بی‌بی‌سی فارسی

- نقد فمینیستی فیلم  (hawzah.net)

- فیلمی "زارێ" لە بۆتەی شوناسی نەتەوەیی

- Laura Mulvey, Visual Pleasure.pdf (amherst.edu)

- #Pispor (2) - Ekrem Yildiz : Yekem Fîlma Kurdî "Nan û Azadî" ye.

- Kürd Yönetmen Kudret Güneş ile Rozerin Urucu Konuştu: – MEZOPOTAMYA HABER 24

- Kudret Güneş (kameraarkasi.org)

 

KURDŞOP
667 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!