ڕۆڵی ژن لە سینەمای کوردیدا – بەشی سێهەم

ئاڤێستا خانی

بەشی دووەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 

لە بەشەکانی تری ئەم گوتارەدا بە شێوەیەکی گشتی باسمان لە مێژوو و سەرەتای ڕۆڵی ژن لە ڕەوت و چالاکییە سیاسی- کۆمەڵایەتییەکاندا کرد. باسی ئەوەمان کرد کە چۆن ژن توانیویەتی لە کۆمەڵگە ئەورووپییەکان و بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا ڕۆڵ بگێڕێت، هەروەها گوتمان کە ڕۆڵی ژن لە سینەمای جیهانی یان سینەمای فێمینیستدا چییە. پاشان ڕۆڵی ژن لە فیلمە کوردییەکانمان ڕوون کردەوە و چەند نموونەیەک لە بەرهەمی سینەماکارە کورد و بیانییەکانمان هێنایەوە. لەم بەشەدا بە ناساندنی چەند بەرهەمێکی تر، درێژە بە مژارەکەی خۆمان دەدەین.

با بێینە سەر ئەو فیلمانە کە دەرهێنەر، ئەکتەر، چیرۆک و زمانیان بەتەواوی کوردییە. لە خوارەوە ژمارەیەک فیلمی کوردیم هەڵبژاردووە کە بژاردنیان بەپێی هیچ ڕێزبەندییەکی باش و خراپ نییە. بەڵکوو بە شێوەیەکی هەڕەمەکی هەڵبژێردراون. دوای ساڵی ١٩٢٦ و سێ فیلمەکەی "بەکنازاریان" کە سەبارەت بە کوردانی ئێزیدی دروستی کردبوون، لە دەستپێک و کۆتایی دەیەی ٨٠، "تەیفوور بەتحایی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، "مەهدی ئومێد" لە باشووری کوردستان، وەک یەکەم دەرهێنەرانی کورد ناسران. تەیفوور بەتحایی لە دەستپێکی دەیەی ٨٠دا چوار بەڵگەفیلمی بەرهەم هێنا کە بەناوبانگترینی "نان و ئازادی"یە. دواتر لە ١٩٩٠ یەکەم فیلمی درێژی بە ناوی "گەلەگورگ" بەرهەم هێنا. سێناریۆی فیلمەکە لەلایەن مەهدی ئومێد نووسراوە کە سەرچاوەی گرتووە لە چیرۆکێک هەر بەم ناوە لە نووسینی نووسەری کورد "حوسێن عارف". پێش فیلمی گەلەگورگ لە ١٩٨٧، سێناریۆی فیلمی "تونێل" لەلایەن مەهدی ئومێد نووسرا و لە ١٩٨٨ دەست بە کاری بەرهەمهێنانی کرا و ئەمە بوو بە یەکەم فیلمی کوردی.

تونێل، مەهدی ئومێد، ١٩٨٧- ١٩٨٨

فیلمی "تونێل" بە گوتەی مەهدی ئومێد باس لە جێنوسایدی کورد دەکات. ئەو لە فیلمەکەیدا تێکەڵاوییەکی مێژووییی وێنا کردووە کە تێیدا زەردەشت دادەبەزێت و دەبێتە شاهیدی کارەساتی کورد. ڕووداوەکان لە تونێلێکدا ڕوو دەدەن، هەزاران کەس تێیدا بەدوای دەروازەی ڕزگارین. ئەوان لە کۆتاییدا بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی دەدەن، سەربەخۆییی کوردستان لەلایەن ژنێکی کورد ڕادەگەیەندرێت. دەرهێنەر دەڵێت: "ویستی من لەو فیلمەدا ئەوە بووە کە سیاسەتمەدارانی کورد بزانن هونەری کوردی داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکات." بەڵام ئایا ویستی ئەو لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی کوردستان بە دەستی ژنێک، هاوکات بە مانای بەدیهاتنی ئازادیی ژنیشە؟ واتە ئەوە ئازادیی ژنە کە هاوکات سەربەخۆییی کوردستانیش بەدی دەهێنێت؟

کلامەک ژ بۆ بەکۆ، نیزامەتین ئاریچ، ١٩٩١

فیلمی "کلامەک ژ بۆ بەکۆ" بەرهەمی ١٩٩١ لە دەرهێنانی "نیزامەتین ئاریچ" باس لە چیرۆکێکی سیاسی دەکات. بەکۆ (نیزامەدین ئاریچ) بە مەبەستی دۆزینەوەی جەماڵی (جەمالێ ژۆرا) برای کە بە نیازە بچێت و پەیوەستی پێشمەرگەکان ببێت، بە قاچاخ لە باکوورەوە لە چەمی فوراتەوە دەربازی ڕۆژاوا دەبێت، لەوێشەوە دەربازی سنووری باشوور دەبێت. ئەم پەڕی سنوور ژمارەیەک بنەماڵە لە ترسی شەڕی ئێران و عێراق لە ڕەشماڵەکاندا ژیان دەبەنە سەر. بەکۆ تەسلیمی زەینۆ (لوسکا حەسەن) دەکرێت تا چاوەڕێی هەواڵی براکەی بکات. زەینۆ بە جۆرێک ڕۆڵی سەرۆک یاخود بەڕێوەبەری ڕەشماڵەکانی ئەو ناوچەیە دەگێڕێت. زەینۆ خاوەن قسە و بڕیارە، پێشمەرگەکان دەبنە میوانی ئەو و ڕەوشی ناوچەکە لە ئەو دەپرسن. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ڕۆڵی ژن لە فیلمەکەدا پەسیڤ نییە، بەڵکوو ژن لە فیلمەکەدا تا ڕادەیەک ڕۆڵێکی چالاک و ئەکتیڤی هەیە. ئەوان شان بە شانی پیاوان کار دەکەن، لە کۆبوونەوەکانیاندا شان بە شانی پیاوان دادەنیشن، بەشداری باسی سیاسی دەبن و ڕای خۆیان دەردەبڕن.

وڵاتی تیژە شیرینەکەم، هونەر سەلیم، ٢٠١٣

"وڵاتی تیژە شیرینەکەم" بەرهەمی ٢٠١٣ لە دەرهێنانی "هونەر سەلیم"ە. بە گوتەی دەرهێنەر فیلمەکە باس لە پێشمەرگەیەکی کورد دەکات کە لەگەڵ ئەم سەردەمە نوێیەدا ناگونجێت و لە چۆنیەتیی مامەڵەکردنی لەگەڵ سەردەمی نوێ و ئازادیدا تووشی کێشە دەبێت. ئەو هەوڵی داوە لهو ڕێگەیەوە باسی دوو سەردەمی کورد بکات، سەردەمی شاخ و هەروەها سەردەمی شار و ئازادی. بەڵام پاڵەوانی فیلمەکە گۆڤەندە، ژنێک کە شەڕی کۆمەڵگە دەکات بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی، ئەو ژنێکی ڕۆشنبیر و هونەرمەندە، لە پاڵ ویستی پەروەردەکردنی منداڵان، حەز بە ژەنینی ئامێری "هەندپەن" دەکات کە چێژێکی تایبەتی بە فیلمەکە بەخشیوە. گۆڤەند بوێرانە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت و دەچێتە گوندی قەمەریان (گوندێکە دەکەوێتە شارۆچکەی خەلیفان سەر بە شاری سۆران لە پارێزگای هەولێر) تا ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.

بە گشتی ژن لە فیلمەکانی هونەر سەلیمدا ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت، ئەو لە چاوپێکەتنێکیدا دەڵێت: "من پێم وا نییە کە ژن کێشەی هەیە، من پێم وایە ئەوە پیاوە کە کێشەی هەیە." هەر بۆیەش لە فیلمەکانیدا ئەوەی سەرکەوتوو دەبێت ژنە نەک پیاو. لە فیلمی "ئەگەر بمری، دەتکوژم" لەسەر بابەتی ژن- نامووس لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا جەخت دەکاتەوە. ژن بە پاساوی نامووس بەردەوام شەرعییەت بە کوشتنی دەدرێت، چونکە تەنیا کوشتنە کە نامووسیان پاک دەکاتەوە! بەڵام سیبا (پاڵەوانی فیلمەکە) وەک گۆڤەند بۆ گەیشتن بە خواستەکەی سنوورەکان دەشکێنێت و سەرکەوتووش دەبێت.

بیرئانینێن ل سەر کەڤری، شەوکەت ئەمین کۆرکی، ٢٠١٣

"بیرئانینێن ل سەر کەڤری" بەرهەمی ٢٠١٣ لە دەرهێنانی "شەوکەت ئەمین کۆرکی"یە. چیرۆکی فیلمەکە باس لە ئاستەنگە نەبڕاوەکانی دروستکردنی فیلمێکی کوردی دەکات لە کوردستاندا. بەرچاوترین ئاستەنگ دۆزینەوەی ئەکتەرێکی ژنە، بەڵام لە کوردستاندا هێشتا کەلتووری سینەما جێی نەگرتووە، ژن نامووسێکە کە ڕێگەی پێ نادرێت لە سینەمادا ڕۆڵ بگێڕێت، چونکە بەم شێوەیە شەڕەف و نامووسیان نەپاراستووە و نامووس شتێکە کە دەبێ پاک ڕابگیردرێت! سنوور (شیما مۆلایی) پاڵەوانی فیلمەکەیە، زۆر بە هەڵکەوت لە تەلەڤیزیۆندا دەبینێت کە داوای ئەکتەرێکی ژن دەکرێت بۆ فیلمێک سەبارەت بە پرسی ئەنفال. سنوور کە باوکی ئەنفال کراوە و بە درێژایی تەمەنی ئازاری بێ باوکێتیی چەشتووە، دەیهەوێت ببێت بە بەشێک لەو فیلمە. بەڵام لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا ژن بڕیاردەری یەکەم نییە، سنوور باوکی نەماوە بەڵام مامەکەی دەبێ بڕیار بدات، بەڵام ڕازی نابێت، چونکە سنوور هێشتا هاوسەرگیریی نەکردووە! هیوا (بەنگین عەلی) ئەڤیندار و کوڕەمامی سنوورە، ئەو بۆ سنوور مەرج دادەنێت کە ئەگەر ببێت بە هاوژینی، ئەوا ڕازی دەبێت بەشداری لە فیلمەکەدا بکات. سنوور بە ناچار قەبووڵ دەکات ببێت بە هاوسەری هیوا، ئایا سەڕەرای ئەمە لە گوشارەکان ڕزگاری دەبێت؟ سنوور ئێستا نامووسی هیوایە، بەو پێیە هیوا خاوەنی سنوورە! ئەو دەبێ بە چاودێری سنوور، کەس نابێ دەستی بگرێت و نابێ لێی نزیک ببنەوە، چونکە ئەمە بۆ هیوا و دواتر بۆ سنوور سەرشۆڕییە کە ڕێگە بەم کارانە دەدات! بەڵام دواجار سەرکەوتن بۆ ئەو کەسەیە کە کۆڵ نادات.

ئەم وتارە درێژەی هەیە...

KURDŞOP
638 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!