ڕۆڵی ژن لە سینەمای کوردیدا – بەشی دووەم

ئاڤێستا خانی

بەشی یەکەمی ئەم گوتارە لێرە بخوێننەوە

بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به شێوه‌یه‌کی وردتر بچینه نێو باس، پرس و ڕۆڵی ژن له کۆمه‌ڵگه‌ و سینه‌مای کوردی، له به شی یه‌که‌می ئه‌م گوتارەدا به کورتی باسمان له مێژووی فێمینیزم کرد و دواتر گه‌ڕاینه‌وه سەر ئەو ڕەوت و قۆناغانەی کە تێیدا ژن لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و میدیاییدا بڕیویەتی و گەیشتینە ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگە، چالاکی و بزووتنەوەکانی کوردیدا. پاشان باسی سینەمای فێمینیستیمان کرد، چۆن سەری هەڵدا و ئەنجامەکانی چی بوون. لە درێژەی ئەم بابەتەدا باس لە ڕۆڵی ژن لە سینەمای کوردیدا دەکەین، لەگەڵ چەند نموونە و بەرهەمێک.

 

ڕۆڵی ژن لە سینەمای کوردیدا

بە بڕوای من پرسی ژن و پرسی کورد لەو دوو پرسە تایبەتانەن کە خاڵی هاوبەشیان هەیە، هەردووکیان پرسێکی مێژوویین کە سەدان ساڵە لە هەوری ڕەشی چەوسانەوە ڕزگاریان نەبووە، هەردووکیان بە مافەکانیان نەگەیشتوون، بەڵام دیسان هەردووکیان لە گەیشتن بەو مافانە کۆڵیان نەداوە. ڕەنگە هەر بۆیەشە لە خەباتی سیاسیی کورددا ژنان و پیاوان تا ڕادەیەک هاوپشکن. ئەم باسە لە سینەمای کوردیشدا ڕەنگ دەداتەوە و وای کردووە دوو بابەتی لێکدانەبڕاو بن.

ئەو شتەی فیلمگەلێک لە خانەی فیلمی فێمینیستی جێ دەکاتەوە، چۆنیەتیی باسکردن و پیشاندانی پرسی ژنە، بە واتایەکی تر، دەبێ وەک کێشەیەک پیشان بدرێت کە پێویستیی بە چارەسەرە، نەوەک ڕووداوێکی ئاسایی! ئەگەر بمانەوێت باسی ڕۆڵی ژن لە فیلمی کوردیدا بکەین، دەبینین کە ژن تێیدا نەک ڕۆڵێکی پەراوێزخراو، بەڵکوو بگرە تا ڕادەیەک ڕۆڵێکی سەرەکیی بووە.

ئێمە وەک کورد بەهۆی بارودۆخێک کە تێیدا دەژین و نەبوونی کیانێکی سەربەخۆ هێشتا خاوەن سینەمایەک نین کە هەموو چوارچێوە و پڕەنسیپەکانی سینەمایەکی نەتەوەیی پێویستییەتی. تا ئێستاش فیلمگەلێک دەچنە خانەی فیلم و سینەمای کوردی کە زمان، ئەکتەر و دەرهێنەریان کورد نین! هەر بۆیە سەرەتا لەو فیلمانە دەست پێ دەکەم کە بەهۆی چیرۆکەکەیان لە ڕیزی فیلمی کوردیدا جێیان گرتووە، دواتر باس لەو فیلمانە دەکەم کە پڕەنسیپەکانی وەک دەرهێنەر، زمان، چیرۆک و ئەکتەر، هەموویان پێکەوە لەخۆ دەگرێت بۆ جێگرتن لە سینەمایەکی نەتەوەییدا.

زارێ، حەمۆ بەکنازاریان، ١٩٢٦

 

فیلمی "زارێ" کە بە یەکەم فیلم دادەنرێت باسی کوردی کردبێت، لە دەرهێنانی "حەمۆ بەکنازاریان" بەرهەمی ساڵی ١٩٢٦ی زایینییە. فیلم چیرۆکی کوردە ڕەوەندەکانە کە لە قەدپاڵی شاخە بەفرینەکانی ئاگری و بناری شاخە بەردینەکانی ئەلاگێسی ئیرەڤان نیشتەجێن. زارێ کە ناوی فیلمەکەیە، ناوی کچی یەکێک لەو بنەماڵە کوردانەیە، ناوی باوکی مستۆ و دایکی نانۆیە، فیلم بە نزاکانی نانۆ دەست پێ دەکات، ئەو دوعا دەکات مانگاکەیان گوێرەکەیەکی مێیینەیان ببێت! فیلم سەرەڕای باسی سیاسی، ئاغا- ڕەعیەتی، ژیان و گوزەرانی ڕەوەندەکان، هاوکات پرسی ژن دەکاتە ئامانج؛ لەتیفە خان (هاوسەری تەیموور بەگ) بڕیارە ژنی بەسەردا بێت. زارێ لەلایەن "تەیموور بەگ"ەوە دەدزرێت و ناچار دەکرێت ببێت بە هاوسەری دووەمی، بەڵام چونکە زارێ ڕێگا نادات ئەم کارە سەر بگرێت، لەلایەن تەیموور بەگەوە تۆمەتی ناڕەوای لێ دەدرێت. هەروەک پێشتر ئاماژەم پێی کرد، ئەم بابەتانە تەنیا کاتێک جێگای سەرنجن کە وەک کێشەیەک باس کرابن، نەوەک ڕووداوێکی ئاسایی؛ کە ئەمە لە فیلمی زارێدا بە جوانی ئاشکرایە. واتە ئەو زۆردارییەی سیستەمی ئاغا-ڕەعیەتی بەرامبەر بە خەڵک و بە تایبەت ژن هەبووە، وەک کێشەیەک پیشان دراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سیستەمێکی ئاغا-ڕەعیەتیدا، ئاغا دەسەڵاتی هەموو شتێکی هەیە، واتە نە باوکی زارێ جەسارەتی ئەوەی هەیە بڵێت: "کچەکەم هێشتا منداڵە و بۆ ئاغا ناشێ"، نە هاوسەری تەیموور بەگ مافی ناڕەزایەتی دەربڕینی هەیە و نە زارێ. بەڵام نە لەتیفە خان کۆڵ دەدات و نە زارێ بە دووسەد مەڕەکەی ئەرباب ڕازی دەبێت.

کاری، یەڵماز گونەی، ١٩٨٧

 

"کاری" لە ساڵی ١٩٨٧ و "ڕێگا" لە ساڵی ١٩٨٢، دوو لە گرینگترین فیلمەکانی "یەڵماز گونەی"ن کە بەهۆی چیرۆک و دەرهێنەرەکەیانەوە دەچنە خانەی فیلمی کوردی. ئەوەی ئەم دوو فیلمە لەم باسەدا بە بەراورد لەگەڵ فیلمەکانی تر تایبەت دەکات پرسی ژنە، کە تێیدا زەقترین و سەرەکیترین بابەتن. لە فیلمی "کاری" ڕۆڵی بێریڤان (مەلیکە دەمیراغ) پرسی سیاسیی کورد و پرسی ژن بەتەواوی پێکەوە گرێ دەدات. ئەو بێدەنگە، بێدەنگییەکەی زمانێکە کە قەدەغە کراوە، هاوکات ژنێکە کە سەرکوت کراوە، نازانێت بە چ زمان ئازارەکانی هاوار بکات، کە دەترسێت داوای مافەکانی بکات. ئەو بەپێی پێناسەیەک کە سیستەمی پیاوسالاری بۆ ژن دیاریی کردووە نەیتوانیوە ئەرکەکەی جێبەجێ بکات، بێریڤان نەیتوانیوە منداڵی ببێت، نەیتوانیوە ئەو ئاشتییە بپارێزێت کە بە منداڵهێنانی ئەوەوە بەندە! بەڵام پرسەکە ئەمەیە؛ ئایا بێریڤان شایانی ئەم هەڵسوکەوتەیە؟

ڕێگا، یەڵماز گونەی، ١٩٨٢

 

سەید عەلی (تارق ئاکان) لە فیلمی ڕێگادا بەندکراوێکە، لە زیندان ئیزن وەردەگرێت و بۆ سەردانی ماڵ و بنەماڵەکەی بەڕێ دەکەوێت؛ بەڵام هەواڵی باش چاوەڕێی ناکات. زینێ (شەریفە سەزەر) خەیانەتی کردووە، زینای کردووە! کارێک کە دەبێ سەید عەلی بیکات، پاککردنی نامووسێکە کە زینێی هاوسەری سەبەبەکەیەتی. زینێ لەلایەن بنەماڵەکەیەوە زنجیر کراوە و چاوەڕێی حوکمێکە کە بنەماڵەکەی بۆی دەرکردووە. زینێ نەخۆشە، پەشیمانە و داوای لێبووردن لە سەید عەلی دەکات، داوا دەکات لەنێو بەفرەکە بەجێی نەیهێڵێت و بەم شێوەیە سزای نەدات. بەڵام بە زیندوویی لە وەها سیستەمێکدا ڕزگاری نابێت!

لەلایەکی ترەوە ئەمینە (مەرال ئۆرهونسای) هاوسەری محەممەدسالح (خالد ئەرگون) دەبێتە قوربانیی دوژمندارییەک کە هیچ تاوانێکی تێیدا نەبووە. مەولوود (حکمەت چەلیک) ئامۆژگاریی هاوسەری داهاتووی دەکات کە لە ماڵەوە دەبێ قسەی ئەو بێت و گەر گوتی ڕەشە، ڕەشە. کە نابێ جیا لە براکانی لەگەڵ هیچ پیاوێکی تر قسە بکات و پێبکەنێت. بەڵام بۆ خودی خۆی ڕەوایە بچێت بۆ سۆزانیخانە و هەرچییەک کە پێی خۆشە بیکات!

ئەم گوتارە بەردەوام دەبێت...

لە بەشی داهاتووی ئەم گوتارەدا، دەپەرژێینە سەر ئەو فیلمانە کە دەرهێنەر، ئەکتەر، چیرۆک و زمانیان بەتەواوی کوردییە و بزانین ڕۆڵی ژن تێیاندا چۆنە.

KURDŞOP
785 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!