ئاڤێستا خانی
پێشەکی:
باسکردن لە ژن و کێشە و ئاریشەکانی، ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی مژارێکی فێمینیستییەوە کە تێیدا هەوڵ بۆ بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ژن دەدرێت. ئەگەر چاوێک بە دەستپێکی سەرهەڵدانی فێمینیزمدا بخشێنین، ئەوا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ نزیکەی دوو سەدە لەمەوبەر کە یەکەمجار وەک وشە لە ١٨٣٧ لەلایەن "شاڕل فوغیێ" (فەیلەسووف، ئابووریزان و سۆسیالیست) لە فەڕەنسا سەریهەڵدا. دواتر گەیشتە وڵاتانی وەک بەریتانیا، ئەمریکا، ئوستراڵیا، هیند و چین. هەرچەندە بەپێی قامووسی ئاکسفۆردی ئینگلیزی، بۆ یەکەمجار وشەی فێمینیست لە ١٨٥٢ و وشەی فێمینیزم لە ١٨٩٥ بەکار هاتوون. بەڵام فێمینیزم وەک ڕەوت یاخود شوڕشێک، لە کۆتاییی سەدەی نۆزدە و دەستپێکی سەدەی بیستدا سەریهەڵدا کە تا ئێستا خۆی لە چوار شەپۆلدا دەبینێتەوە کە بەناوبانگترینی شەپۆڵی دووەمە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم شۆڕشە لە جیهاندا تا دەگات بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژنانی کوردیش کەم تا زۆر لەم شۆڕشەدا جێیان گرت. ئەگەر دەستپێکی فێمێنیزمی کوردی، ئەو دامەزراوانە بن کە ژنان لە سەرەتای خەباتی حیزبایەتیدا دایانمەزراند، دەبێ بڵێین خەباتی ژنان لەو سەردەمەدا بەهۆی بارودۆخی کورد زیاتر خەباتێکی نەتەوەیی بووە تاکوو خەباتێک کە ڕاستەوخۆ کێشەکانی ژن دەکاتە ئامانج.
ئەمە لە مێژووی کۆنی کوردیشدا هەتا ڕادەیەک هەروا بووە، ژنان شان بە شانی پیاوان شەڕی هۆزایەتییان کردووە. هاوکات ژنانێک هەبوون کە ڕۆڵی گرینگیان گێڕاوە؛ لەمانە دەکرێت ئاماژە بکەین بە "حەلیمە خانمی هەکاری" کە حوکمڕانی ناوچەی باشکەڵا بووە. "فاتیمە" لە هەڕەتی گەنجێتیدا و لە ١٩٠٩دا سەرۆکی هۆزی ئەزدینان بووە و خەڵکەکەی خۆی بە شاژن بانگیان کردووە. مریەم خانم لە خێزانی ناوداری نەهری لەنێو شوێنکەوتووەکانی خۆیدا دەسەڵاتێکی زۆری هەبووە. "عادڵە خانم" لەلایەن بەریتانییەکانەوە ناوی "شازادەی شێرەژن"ی پێ دراوە، دەگوترێت لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا گیانی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی سوپای بەریتانیای ڕزگار کردووە. "ئەسینات بارزانی" کە لە سەدەی ١٧دا ژیاوە، بە یەکەم ژنی خاخام لە مێژووی جوولەکەدا لەقەڵەم دەدرێت. "مەستوورەی ئەردەڵان"، شاعیر و نووسەرێکی کورد بووە کە بەهۆی بەرهەمە ئەدەبییەکانییەوە ناوی دەرکردووە. خانمە "شازادەی خانزاد" حوکمڕانی میرنشینی سۆران بووە کە قەڵاکەی هەتا ئێستاش لە ڕێگەی نێوان هەولێر و پیرمام ماوە. گەرچی ئەمانە ژنانێک نەبوون کە ڕاستەوخۆ لە ڕەوتی بەرەوپێشبردنی ژن کاریگەر بن، واتە ئەوان مانیفێستێکیان بۆ ژنی کورد بەجێ نەهێشتووە، بەڵام ناکرێت توانا و بوێرییان ئینکار بکرێت.
با بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی مۆدێڕن، هەروەک باسم کرد دەتوانین بڵێین سەرەتای خەباتی فێمێنیزمی کوردی هاوکات بووە لەگەڵ خەباتی حیزبایەتیی نەتەوەی کورد کە هەنگاوێکی گرینگ بووە بۆ دەرخستنی ژن لە چواردیوارییەک کە تەنیا ماڵ و مناڵداریی بە ئەرکەکەی زانراوە. ئەوەی مەبەستی منە لەم باسەدا گرێدراوبوونی پرسی ژن و پرسی کوردە کە هەم لە خەباتی سیاسیی مۆدێڕندا هاوپشکن، هەم لە سینەمای کوردیدا. واتە پرسی ژن هەر لە دەستپێکی سینەمای کوردیدا خاڵێکی بەرچاوە.
لە پەنای بابەتی هەبوون یان نەبوونی سینەمایەکی کوردی، هاوکات چەمکی فێمینیزم چ وەک ڕەوت یاخود تیۆری هێشتا لەنێو کورددا بە شێوەیەکی پێویست جێی نەگرتووە و هەوڵی بۆ نەدراوە؛ هەر بۆیە ناتوانین بڵێین ئێمە خاوەن فێمینیزمێکی کوردی یان سینەمایەکی فێمینیستین، بەڵام ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە باسی ژن لە پەنای باسی سیاسیی کورد، لە زۆربەی فیلمە کوردییەکاندا بابەتێکی سەرەکی بووە.
لە درێژەی ئەم گوتارەدا دەمەوێت بە کورتی باس لە پێناسە و مێژووی فیلمی فێمینیستی بکەم کە کەی و بە چ شێوەیەک سەریهەڵداوە.بەڵام ئامانج لەم گوتارە لێکۆڵینەوەیەکی گشتییە سەبارەت بە ڕۆڵی ژن لە سینەمای کوردیدا کە ئاخۆ ژنان تێیدا لە قاڵبی چ وێنەیەکدا نمایش و وێنا کراون.
سینەمای فێمێنیستی چییە و کەی سەریهەڵداوە؟
بە زمانێکی سادە سینەمای فێمینیستی سینەمایەکە کە باسی ژن، کێشەکان و بابەتە پەراوێزخراوەکانی دەکات؛ بە واتایەکی تر سینەمایەکە کە تێیدا دژ بە پێشاندانی ژن وەک ڕەگەزی دووەم، ناڕەزایەتی دەردەبڕدرێت.
هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشچوونی جیهان و زیاتر جێ گرتنەوەی تەلەڤیزیۆن و میدیای گشتی کە سینەما سەرەکیترینیانە، نیگەرانیی پسپۆڕ و ڕەخنەگرانیش سەبارەت بە کاریگەریی میدیایی گشتی لەسەر جڤاک و تاک سەریهەڵدا. پرسیاری سەرەکی ئەوە بوو کە ئایا میدیای گشتی چ پەیامگەلێک بۆ تاکی بینەر دەگوازێتەوە؟ بەو پێیەی میدیای گشتی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ڕێڕەوی نەوەی داهاتوو دەبێت، کەواتە دەبێ ناوەڕۆکی بەرنامە، هەواڵ و فیلمگەلێک کە بڵاو دەکرێنەوە بەهای هەبێت و بە لاڕێدابردن یاخود کۆنترۆڵکردنێکی سیستەماتیک لە پشتیدا نەبێت.
لەگەڵ باسی کاریگەریی میدیای گشتی و دوابەدوای شەپۆلی دووهەمی فێمینیزم، لە دەیەکانی شەست و هەفتادا فێمینیستەکانیش لەسەر بنەمای نووسراوەی فیکریی فێمێنیزم وەکوو "ژوورێک بە دیمەنگەوە" لە نووسینی "ویرجینیا وۆلف"، "ڕەگەزی دووەم" لە نووسینی "سیمین دوو بۆڤار" و دەروونشیکاری، دەستیان کرد بە ڕەخنەگرتن لە ڕۆڵی ژنان کە لە میدیای گشتیدا نمایش دەکرا. ئەمە بوو بە دەستپێکی سەرهەڵدانی تیۆریی فیلمی فێمینیستی، هەروەها ڕێگەخۆشبوون بۆ فیلمگەلێک کە ژنان تێیاندا لە خستنەڕووی ئەو کێشانەی کە پەراوێز خرابوون یان هەر بە گرینگ نەزاندرابوون ڕۆڵی سەرەکی ببینن. ئەگەر"ژان دیلمان"ی "شانتاڵ ئاکێرمەن" یەکەمی ئەو جۆرە فیلمگەلە نەبێت، بێگومان بە یەکێک لە هەرە گرینگترینی ئەو فیلمانە دێتە ئەژمار کە دەپەرژێتە سەر بابەتێکی پەراوێزخراوی وەک کاری سیزیفانەی ژنێکی خانەدار.
تیۆریی فیلمی فێمینیستی، ڕاستەوخۆ سینەمای هاڵیوودی کردە ئامانج و دژی ئەو وێنەیە ڕاوەستا کە ساڵەها بوو لە ژن پیشان دەدرا. گرینگترین و ناسراوترینی ئەم ڕەوتە بریتین لە "کڵێەر جۆنستۆن، مالی هاسکل، تێرێزا دێ لاریتەس، ڕۆزالین کۆوارد، لۆرا ماڵڤی". هەر یەک لەم ڕەخنەگرانەی تیۆریی فیلمی فێمینیستی بە شێوەی جیاواز ڕۆڵی ژنیان لەو فیلمانەدا کە تا ئێستا پیشان درابوون بردیانە ژێر پرسیارەوە. "کڵێەر جۆنستۆن" دەڵێت: "لە سینەمای گشتیدا ژن تەنها وەک تەواوکەری پیاو دەناسرێت و پیاو وەک کارێکتەرێکی ئەکتیڤ و ژن وەک کارێکتەرێکی پەسیڤ پێشان دەدرێت". ئەو باوەڕی وابوو: تەنانەت ئێلێمێنتەکانی سینەمایی وەک مۆنتاژ، دێکوپاژ و فیلمگرتن پیاوانەیە. "تێرێزا دێلارێتیس" پێی وابوو کە تەکنەلۆجیای سینەما وەک دەستکردەکانی تری مرۆڤ ڕەگەز و ڕۆڵی جڤاکی قالبڕێژی دەکات، لە حاڵێکدا کە بوونی ڕاستەقینەیان نییە. "لۆرا ماڵڤی" کە گرینگترین و ناسراوترینی ڕەوتی تیۆریی فیلمی فێمینستییە، گوتارێکی لەژێر ناوی "چێژی بینگەیی و سینەمای گێڕانەوەیی" هەیە کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات سینەمای فەرمی و هاڵیوودی سینەمایەکی پیاوانەیە، کە تێیدا ژن بە بەردەوامی لەژێر چاوتێبڕینی پیاوانەدایە، بۆیەش دەبێ سینەما لەم چێژە پیاوانەیە بەتاڵ بکرێت.
سەبارەت بە سینەمای فێمینستی، "ئانیسڤاردا" کە بە دایکی شەپۆلی نوێی سینەمای فەڕەنسا دەناسرێت، لە گۆتارێکی لە فیستیڤاڵی فیلمی "کان"دا دەڵێت: سینەما بێ بەها ڕاستەقینەکانی فێمینیزم، تەنیا دەبێتە پەردەیەک بۆ نمایشی پیاوسالاری. فێمینیزم شۆڕش دژی پیاوان نییە، شیشی کەبابیش نییە کە ئەگەر لایەکی داخ بکەن، منیش تا دەتوانم لایەکەی تری داخ بکەم. ئێمە تەنیا بۆ یەکسانی هەوڵ دەدەین. لە بیرمان نەچێت کە لە سەردەمی ئێمە پیاوانێکیش هەن کە ڕێزیان لە بەها فمێنیستییەکان گرتووە و هەوڵیان بۆی داوە، کەسانێک وەک "بێرگمان"، "تارکۆفسکی" و "گۆدار". ناکرێت ئەمانە فەرامۆش بکەین، بەڵام پیاوانێکیش لە پیشەسازیی سینەمادا هەن کە مافی ژنیان خواردووە و لەبەرچاویان نەگرتووە؛ بەڵام شۆڕشی ئێمە بۆ باشترکردنی بارودۆخەکە بەردەوامە.
ئەم گوتارە بەردەوام دەبێت...