ڕۆژان سۆفیزادە
گرینگیی وەرزشکردن بۆ منداڵان و یارمەتیدانیان لە خوێندندا
منداڵانی ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا لەڕووی وەرزشکردنەوە لاوازن، ڕاهێنان و جووڵەی پێویستیان کەمە و بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو، کەمتر لەشڕێکن.
زۆر گرینگە لە قۆناغەکانی منداڵیدا بایەخ بە ڕاهێنان و وەرزشکردن بدرێت و پێویستە بە تەکنیکی جۆراوجۆر و چالاکیی دڵگیر و خۆش هانی منداڵان بدرێت ڕۆژانە لە کاتی خوێندنیاندا وەرزشی پێویست ئەنجام بدەن.
زۆرێک لە زانایان و پسپۆڕانی بواری منداڵان لەو باوەڕەدان کە پێویستە چالاکییە فیزیکییەکان لە تەمەنی منداڵییەوە ئەنجام بدرێن و باخچەی منداڵان یەکێکن لەو شوێنە گرینگانەن بۆ دەستپێکی چالاکییە فیزیکییەکانی منداڵان.
باخچەی منداڵانی وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕێگای پرۆگرام و چالاکیی جۆراوجۆرەوە هانی منداڵان دەدەن ڕاهێنانە وەرزشییەکان ئەنجام بدەن، بە واتایەکی تر وەرزش و فێربوون بەیەکەوە ئەنجام دەدرێن.
لاوازیی ڕاهێنان و مەشقی وەرزشی، هۆکارێکی گەورەی دۆخی خراپی تەندروستی و قەڵەوییە، هەروەها پەیوەندیشی لەگەڵ حاڵەتە سۆزدارییەکان، چالاکیی مێشک و ئاسودەیی دەروونییەوە هەیە.
پسپۆڕانی بواری منداڵان دەڵێن، ئەگەر منداڵ گەیشتە تەمەنی گوێگری و توانای لەشی پتەوی نەبوو، بۆ نموەنە نەتوانن بۆ خۆیان بچنە سەر کورسی و قەڵەم بەدەستەوە بگرن، ئەوا کاریگەریی گەورەی لەسەر تەمەنی چوونە قوتابخانە و دواتریشی دەبێت.
وەرزش و فێربوون
گرینگیدان بە چالاکییە فیزیکییەکان دەبێ لە ڕێگای بەرنامەی جوان و سەرنجڕاکێشەوە بێت، بۆ ئەوەی منداڵان ئارەزووی ئەنجامدانی بکەن، واتە بۆ منداڵان دەبێ گاڵتە و خۆشیی تێدابێت.
مامۆستای وەرزش لە قوتابخانە پێویستە دڵنیا بێت لەوەی کە چالاکییە فیزیکییەکان بۆ منداڵان سەرنجڕاکێش و خۆش و گاڵتەئامێزن تاوەکوو تامەزرۆی بن. هەروەها، پێویستە توانا فیزیکییەکان باشتر بکرێن و لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا بە هەمان ئاراستەش توانا پاڵنەرییەکان و متمانەبەخۆبوونیان گرینگیی پێ بدرێت.
لە ڕێگای چالاکییە وەرزشییەکانەوە منداڵان دەتوانن سەربەخۆییی زیاتر لە ئەرکەکانی ڕۆژانەیاندا وەربگرن، وەک خواردنی ژەمەکان بۆ خۆیان، ئەنجامدانی یارییەکان و هەر کارێکی تر کە بیانەوێت بیکەن.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی تەندروستیی منداڵانەوە دەڵێت، منداڵان دەبێ ڕۆژانە کاتژمێرێک ڕاهێنان بکەن بۆ ئەوەی تەندروست بن، لە نەبوونی ڕاهێنانی پێویستدا تەندروستیی منداڵان، مێشکیان و گەشە و توانا کۆمەڵایەتییەکانیان تێک دەچێت.
ئەو شتانەی بە ڕاهێنان دادەنرێن کامانەن؟
هەر شتێک لێدانی دڵ خێراتر بکات و هەناسە قورستر بکات، بە جووڵە و چالاکیی فیزیکی و ڕاهێنان دادەنرێت، بۆ نموونە ڕاکردن، پاسکیلسواری، مەلەکردن، تۆپی پێ، بازدان، جیمناستیک و... .
بەپێی داتا جیهانییەکان، منداڵان لەنێوان تەمەنی ٥ ساڵی هەتا ١٨ ساڵی، پێویستە ڕۆژانە یەک کاتژمێر ڕاهێنانکردن ئەنجام بدەن.
ڕاهێنان بۆچی؟
مەبەستی سەرەکی لە ئەنجامدانی چالاکییە وەرزشییەکان، سەرەتا بۆ تەندروستییە هەم لە ئێستادا و هەروەها بۆ دواڕۆژیش.
لە ماوەی کورتماوەدا چالاکبوون مانای ئەوەیە، دڵ و سییەکان ڕێکن، ئێسک و ماسولکەکان بەهێزترن و مێشک تەندروستییەکی باشتری دەبێت و ئەگەر بێتو منداڵێک لەتەواوی تەمەندا چالاک بمێنیتەوە، ئەوا دەتوانێت مەترسیی زۆرێک لە نەخۆشییەکان لە خۆی دوور بخاتەوە، لەوانە نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتە و شەکرە و... .
هەروەها چالاکبوون و گرینگیدان بە ڕاهێنانە وەرزشییەکان یارمەتیدەرە بۆ گەشەکردنی مێشک و توانای فێربوون زیاتر و ئاسانتر دەکات، هەروەها توانا کۆمەڵایەتییەکانیان و هەڵسوکەوتەکانیشیان لەنێو کۆمەڵگەدا باشتر دەبێت.
بەپێی ئامارەکانی "زە لانسێت چایڵد ئاند ئەدۆڵسێنت هێڵس"، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠١٦، ناچالاکی لە کوڕاندا ٧٨ لەسەد بووە و لە کچانیشدا ٨٠ لەسەد بووە.
پسپۆڕانی بواری تەندروستی و پەروەردە سەبارەت بە ئەنجامنەدانی چالاکییە وەرزشییەکان، بەتایبەتی بۆ منداڵان و دەرکەوتنی کاریگەرییان لەسەر بوارەکانی تەندروستی و فێربوون، هۆشداری دەدەن.
دکتۆر "مارک تریمبلی" لە نەخۆشخانەی منداڵان لە ئەنستیتۆی توێژینەوە لە کەنەدا دەڵێت، شۆڕشی ئەلکترۆنی بە شێوەیەکی بنەڕەتییانە گۆڕانکاریی بەسەر شێوەکانی جووڵەی خەڵکدا هێناوە و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا بە شێوەیەکی بەرفراوان وای کردووە خەڵکی زیاتر لەنێو ماڵەکانیاندا بمێننەوە و لەسەر کورسی دابنیشن.