شادی
کوردشۆپ- شۆفێرێکی کورد بە ناوی Isaac Tutumlu کە باوکی کوردە و دایکی ئیسپانییە و سەرۆکی تیپی پێشبڕکێی کوردستانە، لەو پێشبڕکێیەی کە لە ئاڵمان بەڕێوە چوو، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا.
Isaac Tutumlu بە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی کە ناو و ئاڵای کوردستانی لەسەر بوو، پلەی سێیەمی لە پێشبڕکێی GT World Challenge بەدەست هێنا.
دوای سەرکەوتنەکەی لە ساڵی ٢٠١٩دا، یەکەمجارە تیپی پێشبڕکێی کوردستان بەم شێوەیە سەرکەوتنێکی دیکە بەدەست بهێنێت.
Isaac Tutumlu سەبارەت بە سەرکەوتنی تیپەکەی گوتی: "ئێمە زۆر دڵخۆشین و لە ئێستاوە خۆمان بۆ پاڵەوانێتییەکی تر ئامادە دەکەین کە پاڵەوانێتیی بارسلۆنایە.
Isaac Tutumlu، باسی لە سەرکەوتنەکەی و بارودۆخی ئۆتۆمبێلەکەی کرد و گوتی: "سەرکەوتنێکی دیکەمان لە GT World Challenge بەدەست هێنا، پێشبڕکێیەکی سەرنجڕاکێش بوو. ئۆتۆمبێلەکەم زۆر باش بوو و خێرا بوو بۆ لێخوڕین، لە کۆتاییدا توانیمان سەرکەوتنێکی دیکە بۆ تیپی پێشبڕکێی کوردستان بەدەست بهێنین."
ناوی تەواوی ناوبراو ئەمەیە: Isaac Tutumlu Lopez و ٥ی تەمموزی ١٩٨٥ لە شاری بارسلۆنای ئیسپانیا لەدایک بووە. هەروەها باوکی خەڵکی پارێزگای ئامەدە لە باکووری کوردستان و دایکی ئیسپانییە.
Isaac Tutumlu، کوڕی "بایرام توتوملو"یە کە یەکەم ڕاهێنەرە لەسەر ئاستی تورکیا مۆڵەتی فیفای هەیە و لە تۆپیپێدا ناوبانگێکی زۆری هەیە.
Isaac Tutumlu کە لە تەمەنی ٢١ ساڵییەوە دەستی بە بەشداریکردن لە پێشبڕکێکان کردووە، لە پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا بە باشی نوێنەرایەتیی کورد و کوردستان دەکات.