کوردشۆپ - هیوا ئەمیر عەشایری، وەرزشڤانی کوردی خەڵکی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە تۆرنۆمێنتی نێودەوڵەتیی جۆرجیا (گورجستان) کە بە بەشداریی وەرزشڤانانی تورکیا، ئەرمینیا، تاجیکیستان، جۆرجیا، رووسیا، بیلارووس، بولگاریا، کووبا، تایلەند و فینلەندا، لە ستایلی k1دا بەڕێوە چوو. توانی لە کێشی -60 کیلۆگڕامدا، میداڵیای زێڕ بباتەوە.
ئەم وەرزشڤانە کوردە لە یاریی کۆتاییدا لە بەرانبەر وەرزشڤانێکی وڵاتی خانەخوێ سەرکەوتنی بە دەست هێنا و جیا لە بردنەوەی میداڵیای زێڕ، وەک تەکنیکیترین وەرزشڤانی ئەم تۆرنۆمێنتەش دەسنیشان کرا.
هیوا ئەمیر عەشایری لە ساڵی 2014وە لە لای مامۆستا کامڕان عیسەوی بە شێوەی پڕۆفیشناڵ دەستی کردووە بە وەرزشی کیگ بۆکسینگ و لەو ماوەیەدا لە ژێر چاوەدێری ئەو مامۆستایەی چەندین میداڵیا و خەڵاتی یەکەمی لە ئاستی پارێزگای ورمێ و سەرانسەری ئێران بە دەست هێناوە.
ئەم وەرزشڤانە کوردە، ساڵی ڕابردووش لە تۆرنۆمێنتی نێودەوڵەتیی ئەرمەنستانیش توانیبووی بەسەر ڕکابەرێکی رووسیادا سەر کەوێ و میداڵیای زێڕ بە دەست بێنێ و هەر بۆیە ئەمساڵ بۆ تۆرنۆمێنتی جۆرجیا بەشێوەی راستەوخۆ بانگهێشت کرابوو.