شێوازی گفتوگۆکردن – بەشی کۆتایی

ڤیان خیشکار

 

بەشی چوارەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 

گفتوگۆکردن لە بۆنەی کۆمەڵایەتیدا

لە ژینگەی مرۆڤایەتیدا چەندین جۆر لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان هەن کە دەبنە هۆی کۆبوونەوەی تاکەکان لە دەوری یەکتر و پێویستە لەو کۆبوونەوانەدا ئێمە بتوانین بە شێوازێکی دروست گفتوگۆ بکەین کە سەرنجەکان بۆ لای قسەکانمان ڕابکێشین.

لەو جۆرە کۆبوونەوانەدا خراپترین شت ئەوەیە کە باوەڕبەخۆبوونت نەبێت و هەست بکەیت کەسێکی جێی بایەخ نیت. ئەگەر ئێمە بۆ بۆنەیەکی دیاریکراو بانگهێشت کراین، دەبێ هەم باوەڕبەخۆبوونمان هەبێت و هەم بیر لەوە بکەینەوە کەسێکی بەبایەخین کە بۆ ئەو شوێنە بانگهێشت کراوین.

ئەگەر بۆ ڕێوڕەسم و بۆنەیەک بانگهێشت کرایت، لە پێشدا زانیارییەکانی ئەم بۆنەیە بەدەست بهێنە (بۆنەکە بۆ چییە و کێ لەوێدا بەشداری دەکات)، هەر بۆیە دەبێ بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەشداربووان ئامادە بیت، لانیکەم بە شێوەیەک دەربکەویت کە زانیاریت لەسەر ئەو مژارانە هەبێت.

"میگنۆن ماکلاوگلین"، ڕۆژنامەوان و نووسەری ئەمریکی دەڵێت: "بۆ ئەوەی بە ئاسانی لەگەڵ خەڵکدا گفتوگۆ بکەیت، دەبێ بە تەواوی باوەڕت بە ئەوە هەبێت هەم خۆت و هەم خەڵک بایەخ بە گفتگۆی یەکترن دەدەن، تەنانەت باوەڕکردن بەوە کارێکی ئاسان نەبێت."

هەروەها "مارگرێت لی ڕەنبێرک"، ئەکتەری بەریتانی دەڵێت: "گفتوگۆکردن وەکوو چرایەک وایە، بەو چرایە بەنێو ئەو ئەشکەوتەدا دەڕۆیت کە هەرگیز پێیدا نەڕۆیشتوویت. هەرگیز ناتوانی بزانیت کەی دەستت بەم گەڕانە کردووە و چ شتێک دەدۆزیتەوە."

یەکێک لە باوترین و کاریگەرترین ڕێگاکان بۆ ناسینی کەسەکان لەنێو بۆنەکاندا ئەوەیە کە بەرەوپیریی ئەو کەسانەوە بچیت کە نوێن یان ئاشنان. لەو کاتانەدا تۆپەکە دەکەوێتە مەیدانی تۆ و دەتوانیت بۆ گفتوگۆیەکی دروست دەستپێشخەر بیت.

گفتوگۆکردن لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا بە کارێکی قورس نایەتە ئەژمار، بەڵام هەوڵ بدەن خۆتان بۆ گفتوگۆکردن ئامادە بکەن و وردەوردە هەنگاوە سەرەکییەکانی گفتوگۆکردن بنێن و هەوڵ بدەن کەسی بەرامبەرت بە گفتوگۆی زیاتر و بێ سوود بێزار نەکەن.

لە وەها کاتێکدا پێویستە زەردەخەنە بکەوێتە سەر لێوەکانت و سەیری چاوی بەرامبەرەکت بکەیت و سەرنج بخەیتە سەر ئەو کەسەی کە گفتوگۆی لەگەڵ دەکەیت؛ ئەگەر سەرنجت لەسەر ئەو کەسە بێت کە قسەت بۆ دەکات، ڕاستەوخۆ وەکوو کەسێکی جوان و زیرەک و لە هەمان کاتدا ڕووخۆش و لێزان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە دەردەکەویت.

لە وەها گفتوگۆیەکدا هەوڵ بدەن کەمتر باسی خۆتان بکەن، زیاتر باسی ئەو شتانە بکەن کە جێگای بایەخن. ئەگەر ئەو کەسەی کە لەگەڵیدا قسە دەکەیت ئاماژەی بە شتێکی خۆی دا، تۆیش دەبێ بە هەمان شێوە لەسەر هەمان بابەت لەسەر خۆت قسە بکەیت.

ئەگەر لەنێو بۆنەکەدا کۆمەڵێک کەس لە دەوری یەکتر کۆ بوونەوە کە لەسەر بابەتێک قسە دەکەن، دەبێ ئێوەش لەسەر هەمان بابەت قسە بکەن. کردارێکی جوان نییە کە دوو کەس لەنێو ئەو کۆبوونەوەیەدا جیا ببنەوە و بە ئارامی قسە بکەن، لە کاتێکدا کە هێشتا ئەوانی تر لەسەر بابەتەکە قسە دەکەن. لەو جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوانەدا هەوڵ مەدە تەنیا خۆت قسە بکەیت و دەست بەسەر گفتوگۆکەدا بگریت، ئیزن بەوانی دیکەش بدە تاکوو قسە بکەن و ڕا و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن.

"فلیپ دی. کۆمینس" لەوبارەوە دەڵێت: "خەڵک هەرگیز لە کەم قسەکردن پەشیمان نین، بەڵام زۆربەی کاتەکان لە زۆر قسەکردن پەشیمانن."

هەرگیز هەوڵ مەدە لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە کارێک کە تێیدا شارەزای، ئاموژگاریی خەڵک بکەیت، بۆ نموونە ئەندازیاری کامپیۆتەری، وێنەگری یان ڕۆژنامەوانی، هەوڵ بدە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا قسە بکەیت.

"لا برویەر" دەڵێت: سەرکەوتنی گفتگوگۆ گرێدراوی قسەزانی نییە، بەڵکوو گرێدراوی زیرەکییە و ناخی ئەو کەسانە نیشان بدەیت کە گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەیت، چونکە لەوانەیە دوای ئەوەی گفتوگۆیان لەگەڵدا کرد، شانازی بە خۆیان و بە زیرەکییانەوە بکەن و دڵخۆش بن بەوەی کاتیان لەگەڵ تۆدا بەسەر بردووە.

کۆتاییهێنان بە گفتوگۆکردن

کاتێک پێویستە بڕۆیت و تێکەڵی کەسانی تر بیت، دەتوانیت بە گوتنی چەند قسەیەک کۆتایی بە گفتوگۆکەت بێنیت، بۆ نموونە:

"من بە قسەکردن لەگەڵ ئێوە زۆر خۆشحاڵم، ئیستاش بیرمە دایکم هەمیشە دەیگوت زیاتر تێکەڵی خەڵک ببە، بۆیە پێویستە بڕۆم لەگەڵ ئەوانی دیکەشدا تێکەڵ بم. نموونەیەکی ئەو وتارەت بۆ دەنێرم کە لەسەری قسەمان کردبوو، بۆیە دەبێ بڕۆم. پێم خۆش بوو زیاتر لەگەڵت قسە بکەم، بەڵام بەداخەوە کاتم کەمە."

لە کۆتاییدا مرۆڤەکان تەنیا لە کاتی گفتوگۆکردندا دەردەکەوێت کە چەندە بەبایەخن. دەبێ لە بۆنەکاندا بە هەڵسوکەوت و شێوازی گفتوگۆمان ببینە نموونەیەک بۆ دەوروبەرییەکانمان.

سەرچاوە:

کتێبی The Art Of Taling To Anyone لە نووسینی Rosalie Maggio

KURDŞOP
344 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!