شێوازی گفتوگۆکردن – بەشی چوارەم

ڤیان خیشکار

 

بەشی سێیەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 

چۆن بەردەوامی بە گفتوگۆیەک بدەین یان کۆتاییی پێ بهێنین؟

"لیدیا گینزبێرگ" دەڵێت: "مرۆڤ ڕقی لە بەتاڵییە، یەکێک لە گرینگییە بنەڕەتییەکانی گفتوگۆکردن پڕکردنەوەی کاتە بەتاڵەکانە و گفتوگۆ بێماناکان هێندەی گفتوگۆ مانادارەکان لە ژیانماندا گرینگ نین."

ڕەنگە ئەوەت بۆ دەرکەوتبێت کە لە زۆربەی گفتوگۆکاندا پێویستت بە کۆمەڵێک دەستەواژە و وشە هەیە کە مانایەکی وایان نییە، بەڵام ئەو دەستەواژە و وشانە بۆ ئەوەیە بە کەسەکەی تری نیشان بدەیت کە: یەکەم، بە سەرنجەوە گوێت بۆ ئەو قسانە ڕاگرتووە کە دەیکات؛ دووەم، بۆ ئەوەی هانی بدەیت بەردەوام بێت لە قسەکانی؛ سێیەم، بۆ ئەوەی ئەو وچانە کە هەندێک کەس بۆتی بەجێ دەهێڵن، چاوەڕوان دەکات بە قسەیەک بۆی پڕ بکەیتەوە.

هەندێکجار بێدەنگبوون کارێکی گونجاوە، بەڵام یارمەتیدەر دەبێت بۆ کۆکردنەوەی ئاخاوتن و دەستەواژە لەو شوێنەی کە هەیت. بە شێوەیەکی گشتی خەڵک سەرنج ناخەنە سەر ئەو دەستەواژە ئاساییانەی کە لە کاتی ئاخاوتندا بەکار دەهێنرێن، هەر بۆیە کاتێک بەو دەستەواژانە وڵامیان دەدەیتەوە، گرینگی بە وڵامەکەت نادەن.

کاتێک وڵامی کەسێک دەدەیتەوە با وڵامەکانت هەمەجۆر بن و بە تۆنێکی نزم وڵام بدەرەوە بۆ ئەوەی وڵامەکانت سەرنجی ئەوانی تر ڕانەکێشێت. ڕەنگە پێشتر هەندێک دەستەواژەت بەکار هێنابێت، بەڵام ڕەنگە خواستی کۆکردنەوەی هەندێک دەستەواژەی نوێیشت هەبێت و بتەوێت ئەو دەستەواژە و وشانە هەڵبژێریت کە لەگەڵ کەسایەتیتدا دەگونجێت و دەتوانیت ڕاستگۆیانە دەریانببڕیت. بۆ ئەوەی نیشانی بدەیت کە گوێت بۆ گفتوگۆکە ڕاگرتووە، دەتوانیت ئەم دەستەواژانە بەکار بهێنیت:

"بەدڵنیاییەوە وایە. ئەها. زۆر باشە. سەرنجڕاکێشە. ئەی دواتر. هەرگیز پێشتر بەو شێوەیە بیرم لێ نەکردبووەوە. باوەڕ بەوە ناکەم. ناکرێت ئەوە هێندە کارێکی سەخت بێت. ئەمە ڕێگایەکی نوێیە بۆ ئەنجامدانی ئەوە. دەتوانی جارێکی دیکە بیڵێیتەوە."

کاتێک کەسێک لەگەڵت قسە دەکات و بۆ ئەوەی هانی بدەیت لە قسەکانی بەردەوام بێت، دەتوانیت ئەم دەستەواژانە بەکار بهێنیت:

"ئەی دواتر چی. دەتوانی نموونەیەکم بۆ بهێنیتەوە. حەز دەکەم زیاتر لەم بارەیەوە فێر ببم. زانیاریی زۆر کەم لەسەر ئەو بابەتە دەزانم. قسەکانتم بەدڵە. لایەنە نەرێنییەکانی چین؟ چۆن پرسیار دەکەیت و چۆن وڵامی پرسیار دەدەیتەوە؟"

چۆن پرسیار دەکەیت و چۆن وڵامی پرسیار دەدەیتەوە؟

لەم بارەوە "دۆرۆسی لیدز" دەڵێت: "هەر کە زانیت چۆن پرسیاری گونجاو بکەیت، ئەو کاتە دەشتوانیت لەگەڵ هەموو کەسێکدا لەسەر هەموو بابەتێک گفتوگۆ بکەیت."

پرسیارکردن گرینگترین بنەمای گفتوگۆکردنە، یارمەتیت دەدات زانیاری لەسەر کەسانی تر کۆ بکەیتەوە و بەردەوامی بە گفتوگۆکردن بدەیت و بایەخدانی خۆت بۆ ئەو قسانە دەرخەیت کە خەڵک دەیڵێن. کاتێک قسەیەکی نەرێنی دەکەیت، وەکوو "حەزم لەو بیرۆکەیە نییە"، پرسیارێکی وەک "چۆن بیرت لەو بیرۆکەیە کردەوە؟" بکە، چونکە ئەمە درێژە بە گفتوگۆکە دەدات و ڕێزی تۆ بۆ قسەی کەسەکەی تر دەردەخات.

پرسیارکردنیش یان پرسیارێکی کراوەیە کە وڵامەکەی ئاڵۆزە، یان  پرسیارێکی سنووردارە کە وڵامێکی دیاریکراوی هەیە و زۆربەی جار بە "بەڵێ یان نەخێر" وڵام دەدرێتەوە.

"ڕۆز ماکۆلای"، نووسەری بەریتانی دەڵێت: "ئەو حەزەی هانت دەدات بۆ پرسیار کردن، ئەو حەزە سەرەتاییانە ڕوون دەکاتەوە کە مرۆڤ هەیەتی."

پرسیاری کراوە بە وشەی پرسیاریی وەک "کێ، کەی، چی، بۆچی و لە کوێ" یان بە وشەی "چۆن" دەست پێ دەکات. پرسیاری سنووردار بە دەستەواژەی پرسیاریی "ئایا تۆ" دەست پێ دەکات.  هەندێک کەس بە درێژی وڵامی پرسیارە سنووردارەکان دەدەنەوە، بەڵام ئەو کەسانەی زۆر بیر ناکەنەوە بە "بەڵێ یان نەخێر" وڵام دەدەنەوە.

لێرەدا ئاماژە بە چەند نموونەی پرسیاری سنووردار و پرسیاری کراوە دەکەین:

پرسیاری سنووردار: ئایا نووسینگە تازەکەی خۆتت بە دڵە؟ (بەڵێ/ نەخێر)

ئایا کارەکەی خۆتت خۆش دەوێت؟ (بەڵێ/ نەخێر)

پرسیاری کراوە: چۆن کارت کرد بۆ ئەوەی نووسینگەیەکی باشت دەست بکەوێت؟

چۆن بتوانم فێری ئەوە ببم؟

ئەگەر کات، کاتی تۆ بێت بۆ پرسیارکردن، بەڵام هیچ بابەتێک نەبوو بۆ ئەوەی پرسیاری لەسەر بکەیت، بیر لە کۆتا بابەت بکەوە کە کەسەکەی تر قسەی لەسەر دەکرد و بە وشەی پرسیاری پرسیار بکە. بۆ نموونە: کێ (کێ ئەمساڵ براوەی ئەم بۆنەیە دەبێت)، کەی (کەی دیسان تیمەکەت یاری دەکەنەوە)، کوێ (لە کوێ بتوانم یەکێک لەوانەم دەست بکەوێت) یان چۆن (چۆن ئەوەت زانی؟).

پرسیاری نەگونجاو و دووبارە مایەی بێزارکردنە. پرسیاری زۆر وا لە خەڵک دەکات مێشکیان تێک بچێت و زۆربەی جار پرسیاری زۆر بژاردەی دووەمی گفتوگۆکەرێکی لاوازە. پرسیارکردن بیر و بۆچوونەکان دەورووژێنێتەوە، دەبێتە هۆی خودئاگایی و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا. بەڵام هەروەک گوتمان، نابێ پرسیارەکان نەگونجاو و دووبارە بن. لە سەرووی هەموو ئەمانەوە هەوڵ بدە لە هەر گفوگۆیەکدا هاوسەنگی لەنێوان ڕستەی پرسیاری و ڕستەی هەواڵیدا ڕابگریت.

هەموو ڕستەیەکی پرسیاری، یان هەموو ڕستەیەکی هەواڵی ئاڵوگۆڕێکی باشی گفتوگۆکردن بەرهەم ناهێنن.

پرسیارە خراپەکان

ئەم چەند نموونەیە پرسیاری ڕەخنەئامێز و شەڕانین.

"ئایا بەنیازیت هەموو خواردنەکە بخۆیت؟

نەتزانی ئەوە هەڵەیە؟

هێمای ئاگادارکردنەوەکەت نەبینی؟

هەمیشە ئاوەها بە خێرایی قسە دەکەیت؟

ئەم وتارە درێژەی هەیە...

 

سەرچاوە:

کتێبی The Art Of Taling To Anyone لە نووسینی Rosalie Maggio

 

KURDŞOP
520 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!