ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرییان لەسەر مرۆڤەکان – بەشی یەکەم

زارا عەلی

 

دەستپێک

ماددە هۆشبەرەکان کۆمەڵێک ماددەن کە دەبنە هۆی خوگریی توندی مرۆڤ بەو ماددانە و لەش ژەهراوی دەکەن. وشەی هۆشبەر بە واتای ئەوەیە کە مرۆڤەکان لە هۆش دەبات. هەروەها ئەم ماددە کیمیاییە دەبێتە هۆی خەو، خەواڵوویی، ماندوویەتی و لاوازیی جەستەی مرۆڤ.

بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە ناوی "سەندرۆمی خوگری" ناسراوە کە کۆمەڵێک دیاردەی ڕەفتاری و فیزیۆلۆژییە کە دوای دووبارە بەکارهێنانی ئەم مادەیە گەشە دەکەن. لە خۆیدا حەزێکی بەهێز و بەردەوامی تێدایە و دەبێتە شێوازێکی ئالوودەبوون کە مرۆڤ ناتوانێت بەبێ ئەو بژی.

واتای خوگری

داخوازییەکی لەڕادەبەدەرە کە وا لە مرۆڤ دەکات ئەم مادەیە بە بەردەوامی بەکار بهێنێت. بە شێوەیەک کە دەتوانێت وا لە مرۆڤ بکات کە بۆ بەکارهێنانی ئەم مادەیە هەموو شتێکی خۆی بفرۆشێت. بە تێپەڕبوونی کات وەسوەسە بۆ ئەم مادەیە هەتا ڕادەی شێتی گەشە دەکات. بەمەش پەیوەندییەکی دەروونی و جەستەیی دروست دەبێت کە وردەوردە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کۆمەڵگە و دەوروبەر دەبێت.

 

جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکان

ماددەی هۆشبەر چەندین جۆری هەیە کە زۆر مەترسیدارن. ئەم ماددانە یان لە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک "ئافیۆن، مۆرفین، حەشیش و کۆکائین و هتد" یان لە سەرچاوە دەستکردەکانی وەک "هێرۆئین و مفیتامینات و هتد" وەردەگیرێن. هەروەها حەبی هۆشبەریش بەکار دەهێنرێن.

 

هۆکارەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان

هۆکاری زۆر هەیە بۆ کەوتنە نێو ماددە هۆشبەرەکان کە لەنێو فاکتەرە جێنەتیکی و ژینگەییەکاندا جێیان گرتووە و دەبنە هۆی خوگری. قوتابخانەی دەروونناسی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر دیاردەکانی خوگری بە ماددە هۆشبەرەکان زۆرن و هەر یەک لەو قوتابخانانە لە بواری تیۆرییەوە هەوڵ دەدەن بە داتا و ئەزموونە زانستییەکانیان ئەمە بخەنە ڕوو. لەم خاڵانەی خوارەوەدا هۆکارەکانی ئەم بەکارهێنان و خوگرییانەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.

گوشاری کۆمەڵایەتی؛ گوشارە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن ببنە هۆی ئەوەیکە تاکەکان بۆ ڕزگاربوون لە بەشێک لەو گوشارانە بەرەو ماددە هۆشبەرەکان بچن.

هۆکارە دەروونییەکان؛ هۆکارە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبێنە هۆی ئەوەی مرۆڤ ڕوو لە ماددە هۆشبەرەکان بکات و وایان لێ بکات کە پێیان وا بێت ئەمە ڕێگەیەکە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و گوشاری دەروونی.

هۆکارە جێنەتیکییەکان؛ ڕەنگە هۆکارە جێنەتیکییەکان لەم بابەتەدا ڕۆڵیان هەبێت، بەو پێیەی ڕەنگە کەسێک بەهۆی کاریگەریی خێزانییەوە ئارەزووی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری هەبێت.

سترێس و زەبری دەروونی؛ یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی کەوتنە نێو داوی ماددە هۆشبەرەکانەوە، سترێس و زەبری دەروونییە. بۆ نموونە لەدەستدان و جیابوونەوە دەبێتە هۆی ڕووکردن لە ماددەی هۆشبەر چونکە تاک بە هەڵە ئەم ماددەیە وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکان دەبینێت.

هاندانی هاوڕێ و هاوکاران؛ هاندانی نەرێنیی هاوڕێ و هاوکاران دەتوانێت کاریگەریی لەسەر تاکەکان هەبێت بۆ ڕووکردن لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.

 

نیشانەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر

لەگەڵ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، چەند نیشانەیەک لە تاکەکەدا دەردەکەون، ئەم نیشانانەش گرێدراون بە جۆری ئەو ماددە هۆشبەرەی کە بەکار هێنراوە و هەروەها ماوەی بەکارهێنانی ئەم مادەیە. باوترین نیشانەکان بریتین لە:

- ئاوسانی پێڵوی چاو و لووت.

- زیادبوونی ئارەزووی خواردن، یان پێچەوانەی ئەوە تاکەکە نەتوانێت بە هیچ شێوەیەک خواردن بخوات و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئالوودەبووەکە کێشی لەشی دابەزێت.

- گۆڕانی ڕەنگی پێست بەتایبەتی لەو کەسانەی کە ماددەی هۆشبەر لە ڕێگای دەرزیلێدانەوە بەکار دەهێنن.

- دەرخستنی بەڵغەم لە ڕێگەی دەمەوە یان وشکبوونەوەی نێو دەم کە کاریگەریی لەسەر دەنگ دەبێت.

- بۆنێکی ناخۆش لە جەستەی مرۆڤەوە دێت، بەتایبەت لە دەمەوە.

- جووڵەی ناڕێکی چاوەکان لەگەڵ درەوشانەوەیەکی ڕوون لە چاوەکاندا.

- تێکچوونی کارکردنی سیستەمی لەش کە دەبێتە هۆی ڕشانەوە.

- سەرگێژخواردن و لاوازیی چاویش نیشانەگەلێکی سەرەکین.

- گۆڕانکاری لە دۆخی ئەو کەسەی کە ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنێت و گۆڕانکاریی بەرچاو لە ڕەفتارەکانیدا، وەک زیادبوونی بەرچاوی هەستەکانی چێژ و لەوانەیە هەندێکجار توندوتیژانە مامەڵە بکات.

- گۆڕانکاری لە ڕەفتاری کەسایەتیدا ڕوو دەدات کە سەرنجی دەوروبەر ڕادەکێشێت. لەم ڕەفتارانە زۆر ڕەفڵەکس نیشان دەدات و ناتوانێت بیرکردنەوە و هەستەکانی کۆنترۆڵ بکات.

- قەبووڵکردنی زۆر بیرۆکە کە بەها ئەخلاقییەکان لەنێو دەبەن و بیرۆکەی دژی ئەخلاقی کۆمەڵایەتیی لێ دەکەوێتەوە.

 

لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرهەڵدانی کاپیتالیزمدا، ئەم نەخۆشییە بە هەموو شێوەکانییەوە لە سەرانسەری جیهاندا بەردەوام لە پەرەسەندنە، کە بووەتە هۆی بازرگانیکردن بە مرۆڤەکان و چەندین بابەتی نەرێنیی دیکە. بۆیە ئەم نەخۆشییە چەندین نەخۆشیی کۆمەڵایەتیی تری لەگەڵ خۆی هێناوە کە کۆمەڵگە و خەڵکیان خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە.

ئەم بابەتە درێژەی هەیە...

KURDŞOP
1153 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!