شێوازی گفتوگۆکردن – بەشی سێیەم

ڤیان خیشکار

 

بەشی دووەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 

ستایشکردنی کاریگەر

ستایشکردن پێویستە، بەڵام نابێ زۆر بێت و بەردەوام خەریکی ستایشکردنی بەرامبەرەکەت بیت. چونکە ئەم کارە کارێکی بێزارکەرە و ساختە دەردەکەوێت.

ستایشکردنێکی ڕاستگۆیانە؛ لە کاتی گفتوگۆکردندا گوێ بۆ قسەی بەرامبەرەکەت ڕابگرە و بزانە چی دەڵێت و بە چ شتێکی خۆیەوە شانازی دەکات. تۆیش دەتوانی بە تێگەیشتن لە شانازییەکانی بەرامبەرەکەت ستایشێکی ڕاستگۆیانەی بکەیت. هەمووکات هەوڵ بدە دڵخۆشیت بۆ دەسکەوتەکانی کەسانی تر ڕاستگۆیانە بێت، ئەو کاتە هەڵوێستە ڕاستگۆیانەکەت لەنێو قسەکانتدا ڕەنگ دەداتەوە و قسەکانت چەند هێندە کاریگەرتر دەکات.

لەمبارەوە "ویلیام جەیمز"، پڕۆفیسۆری ئەمریکایی وەها دەڵێت: "گرینگترین بنەمای بنچینەیی مرۆڤایەتی، پێویستیی مرۆڤە بە ستایشکردن و ڕێزگرتن."

لە کاتی قسەکردندا مرۆڤ ئەگەر دەستەواژەی ئەرێنی بەکار بهێنێت باشترە، بۆ نموونە کاری کەسێکت پێ هەڵەیە و بەو کارەی عاجز بووی، باشترە هەڵوێستی خۆت وەها دەرببڕی: "بەڕاستی بەوەی ئەنجامت دا، سەرسام بووم." نەوەک بڵێیت: "ناتوانم باوڕ بکەم تۆ ئەوەت کردووە."

کاتێک لەگەڵ خەڵکدا قسە دەکەیت وا بکە کە هەست بە گرینگی بکەن، ئەگەر لە ناکاو و لە کاتی قسەکردنەدا دەسکەوتێکی باشیانت وەبیر هاتەوە و باست کرد، هەست بەوە دەکەن کە لەلات کەسانێکی گرینگن. ئەگەر شتێکت دۆزییەوە کە بۆ ئەوان مایەی شانازییە، ئاماژەی پێ بکە، چونکە ئەوکات بە جوانی لەبارەی خۆیان و تۆوە بیر دەکەنەوە.

"کاسرین فولێرتۆڵ گیڕۆڵد" دەڵێت: خەڵک قەدری ستایشکردن نازانن هەتاکوو ستایش نەکرێن، هەروەها هەتاکوو ستایشیش نەکرێن، هەست بە گەورەیی خۆیان ناکەن."

قەبووڵکردنی ستایشکردن

کاتێک کەسێک هەوڵەکانت بەرز دەنرخێنێت و ڕێزیان لێ دەگرێت یان ستایشت دەکات، بە دەربڕینی دڵخۆشییەکی سادە یان دەستخۆشییەک، نرخی ئەو ستایشکردنە بزانە. ئامانجی تۆ ئەوەیە لە بەرامبەر ئەو ستایشەدا میهرەبانی و خۆشی بە کەسەکە ببەخشیت.

کاتێک کەسێک ستایشت دەکات نابێ تۆیش دەقی ستایشکردنەکەی بۆ خۆی دووبارە بکەیتەوە، بۆ نموونە: "سیمینارەکەی تۆیش نایاب بوو یان تۆیش بە باشی یاریت کرد یان منیش خەریک بوو هەمان شت بە تۆ بڵێم."

ئەگەر بەرامبەرەکەت ستایشی کارێکتی کرد، تۆیش کارە باشەکانی ئەو کەسە بێنەوە بیرت و ستایشی بکە نەک قسەکانی خۆی کە بە تۆی گوتووە دووپاتی بکەیتەوە.

چۆن بە شێوەیەکی سەرکەتوو گوێ ڕابگرین؟

"لاری بارکەر" دەڵێت: "لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە گوێڕاگرتنی بێسوود یەکێکە لە بەربەستە باوەکانی سەردەم لە بەردەم سەرکەوتن لە پەیوەندییە تایبەتی و پیشەییەکاندا."

ئەگەر دەتەوێت گفتوگۆکەرێکی سەرکەوتوو بیت، دەبێ بزانیت کە گوێڕاگرتن لە پێدانی دەرفەتی قسەکردن بە کەسانی تر گرینگییەکی زیاتری هەیە. کاتێک ئێمە قسە دەکەین داوا لە کەسی بەرامبەر دەکەین سەرنجمان بداتێ و وریا بێت کە چی دەڵێین، بۆیە بە هەمان شێوە دەبێ ئێمەیش گوێ لە قسەی بەرامبەرمان ڕابگرین و وریا بین کە چی دەڵێت. گوێڕاگرتن کردارێکی چالاکانەیە نەک ناچالاک، کردارێکە پێک دێت لە بیستن و تێگەیشتن و وەبیرهێنانەوە.

گوێگری باش ئەو کەسەیە کە بەشداری لە گفتوگۆ دەکات و بۆچوونەکانی خۆی دەخاتە ڕوو و پرسیار دەکات تاکوو بەردەوامی بە گفتوگۆکردن بدات.

"ڕایمۆند مۆرتیمەر"، نووسەری بەریتانی دەڵێت: "چاوپێکەوتن وەک تۆپی تێنیس نییە کە تەنیا تۆپەکە بگەڕێنیتەوە بۆ هاوبەشەکەت، بەڵکوو وەک تۆپێکی گۆڵف وایە کە دەبێ تۆ بەردەوام لە تۆپەکەی خۆت بدەیت."

گوێڕاگرتن وزەی زیاترمان لێ دەستێنێت ئەگەر ئێمە بێدەنگ بین و قسە نەکەین.

ئەم وتارە درێژەی هەیە...

 

سەرچاوە:

کتێبی The Art Of Taling To Anyone لە نووسینی Rosalie Maggio

 

KURDŞOP
521 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!