ئەگەر ئەمڕۆ    تیۆدۆر هێرزڵ کورد بووایەت

وەلات ڕامین ئازاد

لە مێژووی جوولەکەدا، گرینگی و جیاوازیی تیۆردۆر هێرزل لە چیدایە؟

چەند وردەکارییەک لەبارەی مێژووی جوولەکەکانی پێش ساڵی ١٨٨٠ دەزانم. بەڵام دوای ئەو ساڵە، مێژووی جوولەکەکان، دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسییان بە شێوەیەکی وردتر دەزانم. لەم دواییانەدا چەندین کتێبم لەسەر مێژووی نزیکی جوولەکە خوێندووەتەوە: "دەوڵەتی جوولەکە" لە نووسینی تیۆدۆر هێرزل، "پرسێکی گرینگ" لە نووسینی ئێلیەزەر بێن یەهوودا، "ژیانی من" لە نووسینی گۆڵدا مایر، "قودس... ئەی قودس" لە نووسینی لاری کۆلینس و دۆمینیکوس لاپیێر.

مرۆڤ دەتوانێت مێژووی جوولەکەکان بکاتە سێ قۆناغی سەرەکی. پێش دوورخستنەوەی جوولەکەکان لە فەلەستین و بڵاوبوونەوەیان لە هەموو گۆشەکانی جیهاندا؛ دوای دوورخستنەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل. قۆناغی دوای دوورخستنەوەش بۆ خۆی لە چەند قۆناغێک پێک دێت، وەک پێش ئیسلام، سەردەمی ئیسلام، سەردەمی سەدەی ناوەڕاست، سەردەمی مۆدێڕنیستی... شۆڕشی فەرەنسا لە زۆر ڕووەوە، ڕەوتی جیهان، گەلان، مرۆڤەکان، کۆمەڵگەکان و کولتوورەکان و چەندین دیاردەی دیکەی گۆڕی. یەکێک لەو دیاردانەش بارودۆخی کۆمەڵناسی و کۆنکۆنکتوراڵی جوولەکەکان بوو لە ئەورووپادا. پێش شۆڕشی فەرەنسا جوولەکەکان لە ئەورووپادا لە "گەتتۆکان"دا دەژیان، پەیوەندییان لەگەڵ شاردا و چوونە نێو کۆمەڵگەیان بە هەزاران زەحمەت جێبەجێ دەبوو. شۆڕشی فەرەنسا، جوولەکەکانی لە گرتنگەکانی "گەتتۆکان" ئازاد کرد و چوونە نێو ژیانی شارەکانی ئەورووپاوە. بەڵام ئەم دیاردەیەش چەندین کێشە و قەیرانی نوێیشی لەگەڵ خۆیدا هێنا.

لەو سەردەمانەدا کە خەڵک دەیانگوت جوولەکە، دوو شت دەهاتە بەرچاو مرۆڤ: یەکێک، بازرگانی یان سامان؛ دوو، کەسانی سەرکەوتوو و بەهرەمەند و مەزن وەک ڕۆشنبیر، ئابووریناس، ئەندازیار، تەلارساز، هونەرمەند و زانا و... هۆکارەکەی ئەوەیە کە جوولەکەکان لە ئەورووپا بۆیان نەبوو کاری تر بکەن جگە لە بازرگانی و ڕۆشنبیری. ئەگەر بتەوێت لەلایەن ئەورووپییەکانەوە قەبووڵ بکرێیت، دەبا یان کەسێکی بلیمەت بیت، یان ڕۆشنبیرێکی گەورە بیت یان دەوڵەمەندێکی گەورە بیت. هەم بەهۆی سەرکەوتن و هەم بەهۆی بەهێزیی ئابووری و هەم بەهۆی سەرکەوتنی ڕۆشنبیرانی جوولەکە، دژە جوولەکەگەرایی لە ئەورووپادا سەری هەڵدا. لە کۆتاییدا دژە جوولەکەبوون، بووە هۆی هۆلۆکۆست؛ جینۆسایدی جوولەکەکان...

لە ساڵانی ١٨٥٠وە، مشتومڕی جۆراوجۆر لەنێوان زانایانی جوولەکەدا لەسەر پرسی جوولەکەکان و بارودۆخی کۆمەڵایەتی- سیاسییان و داهاتوویان و بڵاوبوونەوەی دژە جوولەکەکان دروست بوو. لەو باسانەدا دوو لایەن هەیە؛ لایەنی جوولەکە سۆسیالیست، کۆمۆنیست، دژە زایۆنیستەکان و لایەنی جوولەکە زایۆنیستەکان. جوولەکە سۆسیالیستەکان دەڵێن سۆسیالیزم چارەسەرە و ئازادمان دەکات. جوولەکە سۆسیالیستەکان هاوشێوەی ئەو کوردانەن کە ئەمڕۆ بەرگری لە دێمۆکراتیزەکردنی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا دەکەن، بەڵام جوولەکەکانی زایۆنیستی ئازادیی خۆیان لە سۆسیالیزمدا نابینن، بەڵام ناتوانن چارەسەرێکی مسۆگەر و هەمیشەییش پێشکەش بکەن. جیاوازی و بوێریی تیۆدۆر هێرزل لێرەوە سەرهەڵدەدات. هێرزل دەڵێت، دەبێ جوولەکەکان دەوڵەتیان هەبێت، ئەگەرنا هیچ چارەسەرێکی تر چارەسەری هەمیشەیی و مسۆگەر نابێت.

جوولەکەکان خەونێکی دوو هەزار ساڵەیان هەبوو بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو خاکەی کە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر لێی دوور خرابوونەوە. ئەمە لای جوولەکەکان خەونێکی مەحاڵ و ئەبستراکت بوو، کەس باوەڕی بە هاتنەدیی ئەو خەونە نەبوو، خەونێکی گەشبینانە نەبوو. ئازایەتی و جیاوازیی هێرزل لەوەدایە کە ئەو خەونەی بە کۆنکرێتی و گەشبینانە کرد، وەدیهاتنی ئەو خەونەی وەک چارەسەرێکی هەمیشەیی و مسۆگەر پێشکەش کرد. چارەسەرێک کە بۆ هەموو کەسێک مەحاڵە، وەک موعجیزەیەک وایە، بەڵام  هێرزل ئەو چارەسەرە پێشکەش دەکات.  هێرزل تاکە دەنگە لەنێو زانا و ڕۆشنبیرانی جوولەکەدا کە دەڵێت، دەبێ جوولەکەکان دەوڵەتیان هەبێت. یەک، با بە پارەی جوولەکە دەوڵەمەندەکان زەوی بۆ خۆمان بکڕین، بیکەین بە دەوڵەتی خۆمان، کە نموونەی ئەرجەنتین لە ڕۆژەڤدایە، دووەم، کڕینی خاکی فەلەستین، بەڵام پێدەچێت چەند هێندە زیاتر مەحاڵ بێت.

ئەو چارەسەرەکەی وەک کتێبێک بە ناوی "دەوڵەتی جوولەکە" بڵاو کردەوە. ئەم بەرهەمە لەلایەن "فەخریە ئادسای"یەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردیی کورمانجی و وەشانگەی ئاڤێستا چاپی کردووە.

هێرزل، بەهۆی ئەو چارەسەرەوە، لەنێو جوولەکەکاندا وەک کەسێکی شێت و خورافی، شیزۆفرنی و وەک کەسێکی گەمژە سەیر دەکرێت. کەس باوەڕ بە  هێرزل ناکات. پێی دەڵێن واز لەو کارانە بێنە. بەڵام  هێرزل ئەوەندە لە ئامانجەکەیدا گەشبینە کە هەرگیز گوێ لە کەس ناگرێت و کاری خۆی دەکات. گەشبینی؛ پێش ئەوەی دەست بە ئەرکێک بکەیت، باوەڕت بە خۆت هەیە کە سەرکەوتوو دەبیت.

لەم ڕۆژانەدا بەرگی یەکەمی یادداشتەکانی تیۆدۆر  هێرزل خوێندەوە. لە یاداشتنامەکانیدا تەنیا دوو بابەت هەیە. یەکەم، با هەموو جوولەکەکان دەوڵەتێکمان هەبێت، ئەمە چارەسەری هەمیشەیییە، بەڵام دەبێ چ جۆرە دەوڵەتێک بێت؟  هێرزل لە هەموو لایەکەوە بە وردی و بە قووڵی بیر دەکاتەوە، هەوڵ دەدات وڵامی ئەو پرسیارە وەک پڕۆژەیەکی هێڵکاری، پلانێکی ڕێکوپێکی بۆ دابڕێژێت. دووەم، بۆ بەدیهێنانی ئەو چارەسەرە، هێرزل هەوڵ دەدات ئەو چارەسەرە بنیات بنێت و جێبەجێی بکات، واتە بیکاتە واقیع. هەر بۆیە هەموو جۆرە پەیوەندییەک دروست دەکات.  هێرزل چووە ئەستەنبوڵی پایتەختی عوسمانییەکان و ویستی لەگەڵ سوڵتانی عوسمانی کۆ ببێتەوە. دەیەویست سوڵتان ڕازی بکات و پارە بە عوسمانییەکان بدات بۆ ئەوەی فەلەستینیان لێ بکڕێت.

لە بنەڕەتدا بەرگی یەکەمی یادداشتنامەکە ئەو بارودۆخەمان پیشان دەدات کە کتێبی دەوڵەتی جوولەکەکان لەنێو شەرت و مەرجەکان چۆن بەرهەم هێنراوە.

ئێمەی کورد بە بەراورد لەگەڵ جوولەکەکان، ئاوانتاژی زۆرمان هەیە. جوولەکەکان لە هیچەوە وڵاتێک و دەوڵەتێک و زمانێکیان ئافراند. بۆ نموونە، بیابانی نەجەفیان کردە دەشتێکی ئاوی. ئێمە وڵات و زمانمان هەیە، لەسەری دەژین، بەڵام دەوڵەتمان نییە. ئێمە لە وڵاتەکەماندا بێ وڵاتین، واتە بێدەوڵەتین. دواکەوتووییی ئێمە لەچاو جوولەکەکان ئەوەیە کە ئێمە خاوەنی ئەقڵێکی ئەندازیاری، بنیاتنەر، چارەسەرکەر و شاری نین بۆ ئەوەی خۆمان بکەینە دەوڵەت. جوولەکەکان خاوەنی ئەقڵێکی ئەندازیاری، بنیاتنەر، چارەسەرکەر و شاری بوون کە لە هیچەوە وڵاتێک و دەوڵەتێکیان بۆ خۆیان دروست کرد. جوولەکەکان لە ئەورووپادا بەهۆی دەربەدەرییەوە، بەس شارنشین بوون، بەڵام ئێمە نەبووینە شاری و هێشتاش نەبووین.

ئەگەر ئەمڕۆ تیۆدۆر هێرزل  تەمەنی سی و پێنج ساڵ بووایەت، ئەگەر لە بەشێکی وڵاتەکەماندا بژیایەت، چی دەکرد؟ ئەگەر  هێرزل کورد بووایەت چی دەکرد، بۆ چی خەباتی دەکرد؟ چارەسەری ئەو چی دەبوو؟ چ پلان و پڕۆژەیەکی پێشکەش دەکرد؟ ئێستا لە کوێ و لە چییەوە دەستی بە کارکردن دەکرد؟ ڕێباز و کردارەکانی بەرامبەر بە سیاسەتی ئێمە چۆن دەبوو؟ ئایا ئەمڕۆ هەستی بە بێدەسەڵاتی و دۆڕان دەکرد؟ ئەوە چەندە گەشبینانە دەبێت؟

یەکەم، ئەگەر  هێرزل هەبا، وڵامی پرسیاری "ئێمە چ جۆرە دەوڵەتێکمان دەوێت"ی لە چەند کتێبێکدا دەدایەوە. لە ڕاستیدا بۆچی تا ئێستا کەس هیچ کارێکی لەسەر ئەو پرسیارە نەکردووە؟ بۆ نموونە لە ڕوانگەی یاساییەوە دەستوورێکمان بۆ کورد ئامادە نەکردووە؟ دووەم، ئایا ئەگەر هێرزل کورد بووایەت، دەبووە ڕۆشنبیر و نووسەر و کتێبی شیکاریی دەروونی، کۆمەڵناسی، مێژوویی و سیاسیی دەنووسی؟

ئەگەر ئەمڕۆ  هێرزل کورد بووایەت، چی دەکرد!؟

 

KURDŞOP
601 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!