کۆڕیک بۆ سینەمای کوردی لە مەریوان

ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان بە هاوکاریی سینەما کوردستان، کۆڕێکی بۆ سینەمای کوردی و نمایشی سێ فیلمە تازەکەی سێ دەرهێنەری مەریوانی بەڕێوە برد.

 

کوردشۆپ

ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان بە هاوکاریی سینەما کوردستان، کۆڕێکی بۆ سینەمای کوردی و نمایشی سێ فیلمە تازەکەی سێ دەرهێنەری مەریوانی لە ژێر سەردێڕی: «3 دێڕ لە بەڵگەفیلمی کوردی» بۆ سێ فیلمی: ١-حەوت سەمفۆنیای زاگرۆس، دەرهێنەر پەرویز ڕۆستەمی  ٢-کوێستان، گێڕانەوەیەکی ژنانە، دەرهێنەر ڕێبوار مەحموودپوور  ٣- دارتاش، دەرهێنەر خەلیل سەحراگەرد، لە "سینەما کوردستان"ی مەریوان بەڕێوە برد. فیلمساز و دەرهێنەران فیلمەکان و هەروەها مونتێر و مۆنتاژکاری بەناوبانگی ئەو فیلمانە، تۆفێق ئەمـــــانی لە کۆڕەکەدا بەشدار بوون. لەو کۆڕەدا سەرەتا پانێلێک بە بەشداریی هەر سێ دەرهێنەر و مونتێری ئەو فیلمانە بەڕێوە چوو و تیایدا باسی فیلمەکان و دۆخی ئێستای سینەمای کوردییان کرد؛ پاشان لە لایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان و بەڕیوەبەری سینەمای کوردستان، فاتێح بادپەروا ڕێز لە فیلمساز و دەرهێنەری ئەو فیلمانە گیرا و خەڵات و سپاسنامەیان پێشکەش کرا. لە کۆتاییدا فیلمەکان نمایش کران.

 لە خوارەوە کورتەیەک لە پانێلەکە دەخوێننەوە:

" پەرویز ڕۆستەمی " فیلمسازی بەناوبانگی کورد لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی:

     گێڕانەوەکانی فیلمە دکیۆمێنتارییەکان لە ڕابردوودا زۆرتر "ڕیالیستی" بوون. واتە ئەوەی بەردەنگ لە فیلمەکەدا ئەیبینی هەر ئەوە بوو کە دەرهێنەر یان کامێرامەن تۆماری ئەکرد. دواتر چیرۆکێکیان بۆ ئەنووسی و بە نەرەیشن ئەیاندایە پاڵ فیلمەکە و کەسێک بۆ بینەری ئەگێڕایەوە. بەڵام ئێستا سینەمای مۆستەنەد هەم لە بواری فۆرم و هەم لە بواری بابەتەوە  پێناسەیەکی تری لە جیهان پەیدا کردوە. ئەگەر بڕیار بێ کەسێک فیلمێکی دکیۆمنتاری دروست بکات بەڕاستی لە هەموو بوارەکانی سینەمای ئەمڕۆی دنیادا ئەزموون و زانیاریی سینەمایی و خوێندەواریی کۆمەڵناسانەی پێویستە. ئەبێ بتوانی فیلمێک بە ئەدەبیاتێکی سینەمایی بەرهەم بێنی کە بتوانێت نەتەنیا بۆ بەردەنگی کورد بەڵکوو بۆ بەردەنگێک کە کورد نییە و لەو پەڕی دنیاوە خەریکە فیلمەکەت ئەبینێ، بتوانێ پەیوەندیی لەگەڵ بگرێت و ئەو ناوەڕۆکەی مەبەستت بووە بە باشی لێی تێ بگات. ئەوەیە کە بەڕاستی کار کردن لەم بوارەدا ئاسان نییە بە تایبەت لە جیهانی ئەمڕۆدا کە لە هەر ساڵێکدا لە ناوخۆ یان لەدەرەوە، هەزاران فیلم دروست ئەکرێت. کاتێک کە ئەبینین فیلمێکی موستەنەدی کوردی لەناو چوار پێنج هەزار فیلمدا لە فێستیڤالێکی جیهانیدا پلەی یەکەم بەدەست دێنێ و خەڵاتی دەرهێنەری یان خەڵاتی باشترین فیلم ئەباتەوە؛ ئەمە بەشێکی کاری منی دەر‌هێنەر یان فیلمسازە. بەڵام ئەو شتەی سەرنجی بینەر ڕائەکێشێ باسی ناوەڕۆک و بابەتێکە کە لە جوگرافیایەک وەکوو کوردستاندا شکڵی گرتوە و هەیە. وەکوو پێناسە، وەکوو ناسانامەیەک کە هەموومان لە بواری کەلتووری و فەرهەنگییەوە شانازیی پێوە ئەکەین. بۆیە کە فیلمێکی کوردی سەرکەوتن بەدەست دێنێت یان خەڵاتێک ئەباتەوە، پەنجا لەسەدی کاری فیلمساز یان دەرهێنەرە؛ پەنجا لەسەدی تری باسی ئەو بابەتەیە کە لە ناوەڕۆکی فیلمەکەدا ئەیبینین. بە شانازییەوە ئەمڕۆ ئەبینین لە دونیادا ئەو فیلمانەی سووژەکانیان کوردین و نمایش ئەکرێن پێشوازییەێکی زۆریان لێ ئەکرێت. ئەمە زۆر گرنگە کە ئێمە ئەمڕۆ بتوانین بە دەبیاتی سینەما ئاشنا بین  و لەم ڕێگەیەوە و لە جیهانی ئەمڕۆدا بتوانین کێشەکانمان، ئەو کەموکووڕییانەی کە هەمانە، پەرۆشییەکانی کۆمەڵگای کوردی و زۆر بابەتی تری بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی باس بکەین و بە گوێی جیهانی بگەیەنین و لانیکەم بە ئامرازی سینەما قسەی خۆمان بکەین.

"ڕێبوار مەحموود پوور" فیلمسازی مەریوانی و دەرهێنەری فیلمی "کوێستان، گێڕانەوەیەکی ژنانە" کە تیایدا باسی کێشەی کۆڵبەری دەکات، لە بەشێکی تر لە پانێلەکەدا وتی:

      بەداخەوە من پێم وایە دیاردەی کۆڵبەری زۆرتر لەوەی فەقرێکی ئابووری بێت زۆرتر هەژارییەکی فەرهەنگییە؛ هیوادارم بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.  ئەو شتەی لای من جێگای سەرنجە و لە فیلمەکەمدا باسم کردووە کاریگەریی کۆڵبەریی لە سەر کۆمەڵگاکەمانە. ئەوەی پێویستە بوترێ ئەوەیە ئێمە ئەم فیلمانمانە دروست ناکەین کە بچنە ناو فستیڤاڵەکان و بدرەوشێتەوە و خەڵات بگرین و خۆمان جیا بکەینەوە. من فیلم دروست بکەم و کۆڵبەرەکان هەر بەو شێوازە نالەبارە درێژە بەو کارە بدەن و لە چیاکاندا بمێننەوە. بەڵکوو من فیلم بۆ ئەوە دروست ئەکەم کاریگەریم لە سەر کۆمەڵگاکەم هەبێت و کارەکەم بە هاوار و هەنگاوێک ئەزانم بۆ نەهێشتنی کۆڵبەری لە کوردستان. ئێمەی کورد شایانی کۆڵبەری نین و ئەبێ ڕۆژێک بێت ئەم کارە بۆ هەمیشە نەمێنێت و ڕێ بگرین لە چەوسانەوەی ئەم توێژەی کۆمەڵ واتە کۆڵبەر، لە لایەن چینی خاوەن سامان و دەسەڵاتەوە. هیوادارم سینەمای کوردی بەردەوام بێت و ئەگەر سینەمای کوردی بەردەوام بێ گەلەکەمان بەردەوام دەبێت.

"خەلیل سەحراگەرد" دەرهێنەری فیلمی "دارتاش" لە درێژەی کۆڕەکەدا وتی:  فیلمەکەی من جیا لەوەی باسی مین و خەسارەتەکانی بۆ خەڵکی دەوروبەری کێڵگەکانی مین دەکات، فیلمێکی ژینگەییشە. بەڵام کاتێک دواتر سەردانی ئەو شوێنانەم کرد کە فیلمەکەم تیادا دروست کردبوو و ئەو دارە بە تەمەنانەی جێگای ژیانی سمۆرەکان بوون هەموویان بڕابوونەوە و سمۆرەکانیش نەمابوون. ئەمە بۆ من زۆر جێگای داخ بوو کە بۆ ئەبێ خەڵکی من بەو شێوەیە خەسار لە ژینگە و سروشت بدات. هیوادارم ئاوڕێک لە خۆمان بدەینەوە و بە دەستی خۆمان وڵات و نیشتمان و ژینگەکەمان وێران نەکەین.

"تۆفێق ئەمانی" فیلمساز و مۆنتەر لە بەشێکی تر لە کۆڕەکەدا وتی:

      یەک شت زۆر گرنگە بەڕاستی ئەوانە کە کاری سینەما و فیلمسازی ئەکەن بە تایبەت بۆ ئەوانەی ئەیانەوێ تازە بێنە ناو سینەما؛ خۆتان دەزانن کۆمەڵگەی کوردەواری و  کوردستان  بەگشتی پڕە لە کێشەی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووری. لە هەموو بوارێکەوە ئێمە کێشەمان هەیە. زۆر جار ئێمە ئەمانە ئەکەین بە ئامێر و ئامرازی دروستکردنی فیلمەکان ئەمە زۆر موهیمە کە ئێمە ئەگەر ئەمانەوێ لە سەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، کەلتووری هەر چی کە لەناو کۆمەڵگامان هەیە کار بکەین، هەوڵ بدەین تەنیا و تەنیا شتە ڕەشەکان نەبینین. هەوڵ بدەین باڵانسێک لە ناو کارەکانماندا هەبێت. من قەت لەگەڵ ئەوەدا نیم پەرە بەو سینەمایە بدەین کە دێت تەنیا ڕەخنەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگا ئەگرێت. ئیتر با ئەوە درێژە پێ نەدەین. با ئیتر جوانییەکان ببینین ئەمە خۆی جۆرێک سینەمایە. بەڵام ئەگەر گەرەکمان بێت لەناو سینەماکەماندا ڕەخنە لە کۆمەڵگایش بگرین، با باڵانسێکمان ببێت، ڕەشییەکان و سپییەکان پێکەوە با هاوتریب بن. ئەمە هەم دەتوانێت کاریگەریی زۆرتری لەسەر بینەر هەبێت هەم دوورمان خاتەوە لەو نیگا دوگم و داخراوەی لەوانەیە بێتە ناو کارەکانمانەوە و بینەر لە بەرانبەریدا گارد بگرێت و هەم ئەوەی کە ئێمە بتوانین بەو شێوەیە بە ئامێری سینەما کە ئەمڕۆ بە ڕاستی  لە دنیادا زۆر زۆر کاریگەرە و زۆر زۆر ئەتوانێ لەسەر بینەر کار بکات، ئێمە بتوانین ئەو کاریگەرییەمان لەسەر بینەر ببێت و خۆمان جوانتر بە دنیای دەرەوە بناسێنین. ئەگەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتیشمان هەیە، ئەمە هەموو  کۆمەڵگای ئێمە نییە.

بۆ نموونە کە باسی کۆڵبەری کرا، ئێمە ئەمانزانی هەوڵێک هەیە کە ئەیەوێ کورد وەکوو کۆڵبەر بناسێنێت ئەمە زۆر گرنگە کە ئێمە چۆن بێین لەسەر مەوزووعی کۆڵبەری کار بکەین کە ئەوەی ئەیەوێت ئێمە وەک کۆڵبەر بناسێنێت یان وەکوو حەماڵ بمانناسێنێت، ئەبێ تەنیا لەسەر ئەوە تەرکیز نەکەین. ئێمە ئەبێ هیوایەک بین و لەپاڵ ئەوەدا کۆمەڵێک چینی خوێنەوارمان هەیە کە بڕیارە کار بکەن بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا و نەهێشتنی دیاردەی ناشرینی کۆڵبەری. سینەمای کوردی لە دنیادا جێگای خۆی کردووەتەوە.من دەتوانم پێتان بڵێم ئیتر ئێستا فایلێکی جیاواز، پلاتفۆرمێکی جیاواز لە زۆرێک لە فێستیڤاڵەکانی دنیادا کراوەتەوە بۆ سینەمای کوردستان. حەتا لە پلاتفۆڕمێکدا کە تۆ ئەڕۆیت ناو بنووسی و فیلمەکەت بنێری، کوردستانی وەکوو وڵاتێک هێناوەتەوە کە تۆ ئەبێ هەڵیبژێریت و تۆ ئەتوانی فیلمەکەت لەوێدا بەشدار بێت. لە زۆرێک لە فێستیڤاڵەکاندا بەشێک ئەکەنەوە بەناوی سینەمای کوردستان و سینەمای کوردی و فیلمە کوردییەکان دێن لەوێ نمایش ئەکرێن. بۆیە زۆر گرنگە کە ئێمە لێرەوە چی ئەنێرین بۆ دەرەوە.

KURDŞOP
271 بینین

پێشانگەی هونەرمەندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر

پێشانگەیەکی تایبەت بە کارە هونەرییەکانی ماشەڵڵا محەممەدی (ئارێز)، هونەرمەندی شێوەکاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەولێر کرایەوە.

سەرکەوتنی ئامەدسپۆر پیرۆز بێت

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستانیش ئەگەرچی لە لایەن شۆڤێنییە دەسەڵاتدارەکانەوە زۆر دژایەتیی کراوە و دژایەتی دەکرێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە تا ئێستا توانیویەتی بەردەوام ڕێگای سەرکەوتن بەرەو لووتکە بپێوێ و ئێستا بووەتە نوێنەری دەنگی کوردستانییانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە گۆڕەپانی وەرزشدا.

پیرۆزبایی بە بۆنەی سەرکەوتنی کوردان بەسەر فاشیسمدا لە باکووری کوردستان

لە ڕۆژانی ڕابردوودا نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان دوو سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد. یەکەمیان سەرکەوتنی حزبی کوردستانیی دەم پارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ٨٥ شارەوانی و بە تایبەتیش شارەوانییەکانی ۱۱ گەورەشاری باکووری کوردستان بوو.

"خەلاتی نێ" خەڵاتێکی نیشتمانی

خەڵاتێکی ساڵانە لە لایەن ڕای گشتیی خەڵکێ گەورە دێی "نێ"ی مەریوانەوە دیاری کراوە کە بڕیارە لەمساڵەوە بدریت بە کەسانی هەڵکەوتووی بوارە جیاجیاکان لە دەڤەری مەریواندا.

جێژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پیرۆز بێت

جێژنی نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد جێژنی جەختکردنەوە لەسەر مافە ڕەوانەکانی و وەربیرهێنانەوەی مێژوویەکی درێژ لە خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و ڕزگارییە و ئاگری گەشی نەورۆز کە لە لایەن نەتەوەی کوردەوە دادەگیرسێ، هێمای هیوا بە دواڕۆژی ڕووناک بۆ نەتەوە و نێشتمانەکەمانە.

سێهەم ساڵیادی دامەزراندنی کوردشۆپ پیرۆز بێت

کوردشۆپ لە ماوەی سێ ساڵ چالاکیی خۆیادا هەوڵی داوە دەنگ و ڕەنگی هەموو کوردان لە سەرانسەری کوردستان بێ و بە بێ جیاوازی ئاوڕ لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان بداتەوە و خەڵکی کوردستان بە مێژوو، جوگرافیا، هونەر، زمان، ئەدەبیات، کەلتوور و کەلەپووری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان زیاتر ئاشنا بکات.

پێكەوە بەرەو نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری

داوا لە کوردستانییان دەكەین بە هەڵگرتنی مەشخەڵ لە ئێوارەی نەورۆز، یەکگرتووییی خۆیان نمایش بکەن و نەورۆزی ئەمساڵ بە "نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری" ناودێر بكەن و لە چوارچێوەیەکی هێماییدا بوون و ئیرادەی خۆیان پێشان بدەن.

هەژدەهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەییی شانۆی کوردی لە سەقز بەڕێوە دەچێت

فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی سەقز چوار ڕۆژ دەخایەنێت و هەموو شانۆکانی بەشدار لەو فێستیڤاڵەدا بە زمانی کوردین و هەر دەرهێنەرێک تەنیا بە یەک شانۆ بەشدارە. هەروەها بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەمە، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ئەم فێستیڤاڵە بەڕێوە بچێت و گرووپ و کەسە یەکەمەکان لە بەشە جیاوازەکاندا بناسێنرێن.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!