ئێلان محەممەد
"هاوار دەنگی زانینە. زانین خۆناسینە. خۆناسین ڕێگای بەختەوەری و خۆشی دەکاتەوە. هەر کەسێک خۆی بناسێت، دەتوانێت خۆی بناسێنێت. هاواری ئێمە پێش هەموو شتێک بوونی زمانەکەمان دەناسێنێت. چونکە زمان مەرجی یەکەمی بوونە".
ئەم گوتە بەنرخ و مانادارە خاوەن کاریگەرییەکی گەورەیە لە مێژووی زمان و ئەدەبی کوردیدا. ڕەنگە بزانن ئەم گوتەیە هی کێیە. ئەمە گوتەی زێڕینی میری زمان و ئەدەبی کوردی، میر "جەلادەت بەدرخان"ە. بەڵێ خوێنەرانی خۆشەویست، ئەمجارە گۆڤاری هاوار دەناسێنین کە بووە هاواری زمان و ئەدەبی کوردی.
لە ١٥ی ئایاری ١٩٣٢دا هەنگاوێکی گەورە بۆ زمان و ئەدەبی کوردی هەڵگیرا. "هاوار" بە سەرۆکایەتیی "جەلادەت عەلی بەدرخان" دەستی بە چاپ و بڵاوکردنەوە کرد. لە لاپەڕەکانیدا شتێکی بێ وێنەی خوڵقاند و لاپەڕەی نوێی لە مێژوو و چارەنووسی کورددا کردەوە. دەنگی گەلی کوردی پەرشوبڵاو و ماندوو و دەربەدەری گەیاندە یەک. بوو بە دەنگ بۆ ئەوان، بۆ ئێمە، بۆ ئێوە. دەنگی گەلی کورد، دەنگی یەکترناسین و خۆناسین. لە سایەی هاوار، زمانێک کە بە سەدان ساڵ لەژێر کۆت و قەدەغەکردندا لەبیر کرابوو، هەستایەوە.
لە سایەی هاوار بۆ یەکەمجار زمانی کوردی بە ئەلفبێی لاتینی نووسرا. بە سەدان چەمک و هەزاران وشەی جیاواز لە ناوچە جیاوازەکانەوە کۆ کرانەوە و لە لاپەڕەکانی هاواردا گەیشتنە بەردەستی ئێمە. ئێمەی کورد ئاگاداری ئەو تایبەتمەندییانەی زمانەکەمان بووین کە لە هیچ زمانێکی دیکەی جیهاندا بوونیان نییە. لاپەڕەکانی هاوار و دەنگی هاوار، وێڕای زەختی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی گەیشتە دەست خوێنەرانی و زیاتر لەوەش خوێنەری نوێی هەم بۆ خۆی و هەم بۆ زمانی کوردی ئافراند. نەک هەر خوێنەران، نووسەرانیش لەوێ گەورە بوون. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت لە سایەی هاواردا، ئێمە "جەگەرخوێن، نوورەدین زازا، عوسمان سەبری و قەدریجان" و چەندین نووسەر دەناسین کە لە لاپەڕەکانی هاواردا دەنگی خۆیان دەربڕیوە. ئەمڕۆ هەرکەس و ڕێکخراوێک لەسەر زمان و ئەدەبی کوردی لێکۆڵینەوە دەکات، لە هاوارەوە دەست پێ دەکات یان هاوار وەک قۆناغێکی ناوازە قەبووڵ دەکات و بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت.
لە گۆڤاری هاواردا بۆ یەکەمین جار لە مێژووی کورددا، زمانی کوردی بە پیتی لاتینی نووسرا، هەر بۆیە گۆڤارەکە لە گەشەپێدان و چەسپاندنی زمانی کوردیدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. یەکەم ژمارەی گۆڤاری هاوار لە ١٥ی ئایاری ١٩٣٢ دەرچووە و هەتا ١٥ی ئابی ١٩٤٣، ٥٧ ژمارەی دەرچوو. شوێنی کار و بڵاوکردنەوەی گۆڤارەکە دیمەشقی پایتەختی سووریا بوو. هاوار مانگێک دوو جار دەردەچوو. گۆڤاری هاوار گۆڤارێکی سیاسی و ئەدەبی بوو. گۆڤارەکە بە شێوەیەکی سەرەکی توێژینەوە، چیرۆک و شیعری بە زمانی کوردی بڵاو دەکردەوە. بەم شێوەیە هاوار بوو بە پێشەنگ لە بواری ئەدەب و زماندا و بوو بە قوتابخانە ئەدەبی.
لە سەردەمی هاوارەوە هەتا ئەمرۆ زۆر شت ڕوویانداوە و گۆڕانکاریش هەم لەم جوگرافیا و هەم لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا، ڕوویداوە.
بەڵام دیارە ئەمڕۆ ئەو ڕێگایەی کە جەلادەت کردوویەتییەوە، گەشاوەتر دەبێت و ڕووناکیی هاوار گەشاوەتر دەبێت و دەنگی هاوار بەرزتر دەبێتەوە. لە سایەی دەنگ و بانگەوازی هاوار، زۆرێک لە خوێنەواران هەست بە زمانی خۆیان دەکەن و خاوەندارێتی لە زمان، کەلتوور، ئەدەب و بوونی خۆیان دەکەن.