ڕاپۆرتی لێژنەی داوەرانی دووهەمین خەڵاتی زارا بۆ خزمەت بە زمانی کوردی

بۆ خەڵاتی ئەمجارەی زارا، شەش نووسەری کورد لە بەشەکانی کوردستان بۆ ئەم خەڵاتە بەربژێر بوون، لە هەر بەشێکی کوردستانیش داوەرێک دانرابوو بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرێک بۆ بەخشینی ئەم خەڵاتە،

 

ئەم راپۆرتە لە لایەن مامۆستا سوداد ڕەسووڵەوە خوێندرایەوە

 

ئامادەبوووانی خۆشەویست

خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە لە لایەن ڕێکخراوی کورد شۆپەوە بە ئەندامی لیژنەی داوەری دانرام بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرێک بۆ بەخشینی خەڵاتی زارا بۆ زمانی کوردی. دانانی خەڵاتێک بە ناوی زارا بۆ زمانی کوردی لە لایەن ڕێکخراوی کورد شۆپەوە، هەنگاوێکی گرنگ و هێژایە بۆ ڕێزدانان لە خەباتی مامۆستایەکی ژن کە لە لەپێناو خوێندەوارکردنی ڕۆڵەکانی گەلەکەی بە زمانی دایک حوکمی زیندانی بەسەردا سەپێنرا، لە هەمات کاتدا ئەم زیندانیکردنە، ڕووی ناشیرینی دەسەڵاتدارانی ئێرانی نیشانی ئێمە دا کە چەندە ترسیان لە خوێندن بە زمانی کوردی هەیە.

زارا محەمەدی بۆچی لەسەر زمانی کوردی زیندانی کرا؟ ئەم زیندانیکردنە ڕەهەندێکی سیاسی و فەرهەنگیی هەیە. پێویستە ئاوڕی لێ بدەینەوە و لەسەری بوەستین، بۆچی داگیرکەرانی کوردستان بە تایبەت لە هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران ئەوەندە لە خوێندن بە زمانی کوردی دەترسن؟ زمان گرنگترین ناسنامەی نەتەوەیە. زمان وەک ئاوێنەیەکی باڵانما وایە کە نەتەوە هەموو بوونی خۆی تێدا دەبینێتەوە. لە نێو ئەو زمانە، مێژوو و فەرهەنگی خۆی دەبینێتەوە کە ئەو نەتەوەیە لە ڕێی ئەو زمانەوە داهێنەری ئەو فەرهەنگەیە؛ بۆیە هەتا زمان زیندوو بێت و پایەدار بێت، نەتەوە زیندوو و پایەدارە. داگیرکەرانی کوردستان ئەوە چاک دەزانن ئەگەر کورد بە زمانەکەی بخوێنێ و ببێت بە خاوەن زمانێکی پێشکەوتووی خوێندن و نووسین، نەتەوەیەکی کوردی خاوەن فەرهەنگێکی باڵا سەرهەڵدەدات و دێتە ڕیزی نەتەوەی فارس و عەرەب و تورک، ئیدی بوونی ئەوان وەک دەوڵەتێکی داگیرکەر و دروستکراو لە سەر خاکی کوردستان دێنێتە لەرزە.  

لە دوای دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەکانی ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا لەسەر خاکی کوردستان، ئەوەی ئەم دەوڵەتانە زیاتر کاریان لەسەر کردووە، سڕینەوەی زمانی کوردی بووە. چونکە سڕینەوەی زمان واتە کوشتنی نەتەوە، بۆیە ئەوان لە خوێندن بە زمانی کوردی دەترسن و دەیانهەوێ کوردی بۆ هەمیشە زمانێکی سەرکوتکراو و ژێردەستە بێت؛ ئەگەر لە تورکیا، قسەکردن بە کوردی قەدەغە بووە و سزای لەسەر بووە، لە ئێران قسەکردن بە کوردی قەدەغە نەبووە، بەڵام بە ڕادەیەک ئاستی نزم بووە هەر بە (لەهجەیەکی مەحەلیی ئێرانی) دانراوە و پاشکۆی زمانی فارسی بووە؛ چونکە دەسەڵاتدارانی ئێران پێیان وایە کوردی زمانێکی سەربەخۆ نییە، گەلی کوردیش نەتەوە نییە و یەکێکە لە (قەومەکانی ئێرانی) و هەر لە بەرەبەیانی مێژوو کورد بە ئەسڵ ئێرانی بوون دەبێ بە ئێرانیش بمێننەوە.    

زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کۆمەڵە لەهجەیەکە و جوگرافیایەکی بەربڵاوی لە ڕۆژئاوای ئێران گرتووەتەوە: کوردیی ناوەندی کە بە سۆرانی ناسراوە، کوردیی کورمانجی، لوڕی، لەکی، کەڵهوڕی و هەورامی، مۆزائیکێکی زار و شێوەزاری کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە کە ئاخێوەرانی لە ڕووی جیاوازیی لەهجەیی و پێکهاتەی مەزهەبی و عەشیرەیی و ئەتنیکی لەگەڵ یەک جیاوازن. دەسەڵاتدارانی ئێران لەجیاتی ئەوەی ئەم جیاوازییە زمانی و لەهجەییەی ناو ئێران وەک باخچەیەکی ڕەنگاوڕەنگ و پڕ لە گوڵی جوان سەیر بکەن، بە چاوێكی پڕ لە ترسەوە سەیریان کردووە. خوێندن بە زمانی کوردییان بە هەڕەشە داناوە بۆ یەکپارچەیی دەوڵەتی ئێران. هەر بۆیە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، بەردەوام تێکۆشاون بۆ بنکۆڵکردنی ناسنامەی زمانی کوردی، فراوانکردنی کەلێنی نێوان زارە کوردییەکان بۆ ئەوەی هەر زارێکی کوردی بکەن بە زمان و یەکێتیی نەتەوەی کورد و زمانەکەی پارچە پارچە بکەن. ئەوەی لەگەڵ لوڕ پێیان کرا بۆ دابڕینیان لە کورد، ئێستا لەگەڵ لەک دەیکەن، پێیان دەڵێن: ئێوە کورد نین و لەکن، زارەکەشتان لەهجەیەکی زمانی کوردی نییە و زمانێکی سەربەخۆیە. لەگەڵ  هەورامی دەیکەن بۆ ئەوەی وەک زمانێکی سەربەخۆ بیناسێنن و لە کوردی جودای بکەنەوە. لە ئێستا و داهاتووشدا لەگەڵ کوردە کەڵهوڕەکانی کرماشان و ئیلام دەیکەن، هەوڵی تواندنەوەی کوردییەکەیان دەدەن بۆ ئەوەی بە ڕادەیەک زارە کوردییەکەیان کاڵ بێتەوە، بە کوردییەک قسە بکەن کە وەک فارسی وابێت و یان ببێ بە شێوەزارێکی فارسی و چیدی کوردی نەمێنێتەوە. ئەم سیاسەتە زمانییە کە ئێران لە دژی زمانی کوردی دەیگرێتە بەر، لە زمانەوانیدا پێی دەگوترێ زمانکوژی یان linguicide، کوشتنی زمانیش واتە کوشتنی ڕۆحی نەتەوەیەک. ئەمەیە بەرنامەی داگیرکەرانی کوردستان بۆ زمانی کوردی. ئەوەی لە ئێران لە ماوەی سەدەیەک هەر لەدەورانی ڕەزا شاوە هەتا ئەمڕۆ لەگەڵ زمانی کوردی کراوە، لە سیاسەتی کوشتنی زمان و ئەسمیلەکردنی، لە تورکیا زۆر لەمە دڕندانەتر لەگەڵ کوردیی باکوور (کورمانجی) کراوە.    

دانانی خەڵاتێک بە ناوی زارا بۆ زمانی کوردی بەرگرییە لە دژی ئەم سیاسەتە زمانکوژییەی کۆماری ئیسلامی ئێران و داگیرکەرانی دیکەی خاکی کوردستان و هاندانی خەباتە بۆ پاراستن و بەردەوامیی خوێندن بە زمانی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا.

من هەمیشە پێم وابووە، هەر کوردێک لە ژینگەیەکی پڕ لە ژێردەستەیی و چەوسانەوەی زمانی بۆ زمانەکەی خەبات دەکات، زۆر لەپێشترە لە کوردێک کە لە ژینگەیەکی ئازاد بە کوردی دەخوێنێ و دەنووسێ. بۆیە من وەک هاووڵاتییەکی باشووری کوردستان، لەم ڕووەوە، نووسەرێکی کوردی باکوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێشتر دەزانم بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە تا کوردێکی باشووری کوردستان. ئەمە هەرچەندە بەدەستهێنانی مافی زمان لە باشوور بە ڕێگایەکی سەخت و پڕ لە تێکۆشان و قوربانیدان تێپەڕیوە، هەتا دەسەڵاتدارانی عێراق ناچار کراون دان بە مافە زمانییەکانی کورددا بنێن و لە دەستووری نوێی عێراقیشدا بیچەسپێنن، خۆشبەختانە ئەمڕۆ، باشوور چەوسانەوەی زمانیی لەسەر نەماوە.

بۆ خەڵاتی ئەمجارەی زارا، شەش نووسەری کورد لە بەشەکانی کوردستان بۆ ئەم خەڵاتە بەربژێر بوون، لە هەر بەشێکی کوردستانیش داوەرێک دانرابوو بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرێک بۆ بەخشینی ئەم خەڵاتە، من ئەندامێکی داوەری ئەم لیژنەیە بووم لەگەڵ سێ داوەری دی: مامۆستا سەعید ڤەرۆژ لە باکووری کوردستان، دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مامۆستا خالید جەمیل لە ڕۆژئاوای کوردستان. بە داخەوە لە ڕۆژی داوەرییەکە کاک خالید جەمیل نەیتوانی ئامادە بێت. ئێمە هەر سێ داوەر بە شەفافی و  دیموکراسییانە دەنگمان بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرێک دا؛ دەنگی ئێمە بە زۆرینە بۆ نووسەرێکی ژن بوو: ئامینە عومەر ناسراو بە کەچا کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم نووسەرە تەمەنێکی درێژی بۆ پاراستنی زمانەکەی لە ژێردەستەیی ڕژێمی سووریا بە سەر بردووە؛ بۆیە من لەلای خۆمەوە و داوەرانی دیکەش ئەو ژنە خەباتکارەمان بە شایەنی ئەو خەڵاتە زانی. دەرنەچوونی بەربژێرەکانی دی بەو مانایە نییە کە ئەوان شایەنی خەڵات نین، هەر کوردێک بە کوردی دەنووسێ و خەبات بۆ پاراستنی زمانەکەی دەکات شایەنی خەڵات و ڕێزلێنانە. هەموو کوردێک پێوستە شانازی بە زمانەکەی بکات و هەوڵی پاراستنی بدات، زمانەکەی بە ئەمانەتەوە بۆ منداڵەکانی بگوێزێتەوە، ئەگەر لە وڵاتەکەشی کوردی قەدەغە بوو، دەبێ لە ماڵەوە فێرگەیەک ئامادە بکات و منداڵەکەی فێرە خوێندن و نووسین بە کوردی بکات.

هەر پایەدار بن ئەوانەی هاوخەباتی زاران بۆ خوێندن بە زمانی کوردی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان.

 

KURDŞOP
777 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!