کتێبی "بەربەرۆژ" ڕەنگدانەوەی "سەرێکانی"یە

ئێمە لەم بابەتەدا کتێبی نووسەری هێژا "ناریمان ئەڤدکێ" بە ناوی "بەربەرۆژ" (بریندارەکان بەرەو خۆر دەچن) بە ئێوە دەناسێنین.

ئاراس حسۆ

 

ناریمان ئەڤدکێ کێیە؟

چیرۆکنووس "ناریمان عومەر ئەڤدکێ" لە ٤ی نیسانی ١٩٨٨ لە شاری سەرێکانی لەدایک بووە. هەر سێ قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سەرێکانی تەواو کردووە. دواتر لە زانکۆی فرات لە دێرەزۆر ئەدەبیاتی عەرەبیی خوێندووە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە بڕوانامەی وەرنەگرتووە.

بەهۆی بارودۆخی بنەماڵەیی و شەڕی سەرێکانی، ڕووی لە باکووری کوردستان کردووە و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە ئامەد ژیاوە، لەوێ لە ئەکادیمیای ڕۆشنبیری و هونەریی جگەرخوێن لە بەشی ئەدەب و زمان خوێندوویەتی و بڕوانامەی وەرگرتووە.

پێش ئەوە شەش مانگ پەروەردەی پێش قوتابخانەی لە ناوەندی "کوردیدەر" کردووە، بڕوانامەی ئەوەشی وەرگرتووە، لە گۆڤارەکانی "ڕەوشەن" و "و" بابەتی فەرهەنگیی بڵاو کردووەتەوە.

دوای تەواوکردنی خوێندن، دەگەڕێتەوە سەرێکانی و لە بواری ئەدەبی کوردییەوە کار و خەبات دەکات. لە ئێستادا ئەندامی کۆمیتەی ئەدەبیاتی ڕۆژاوای کوردستانە و زۆر کاری لە بواری ئەدەبیات و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و چیرۆک کردووە.

زۆر چیرۆکی نووسیوە، هەندێکیان لە کتێبە پەیوەندیدارەکان بڵاو کراونەتەوە و هەندێکیشیان لە گۆڤارەکاندا بڵاو کراونەتەوە. چیرۆکنووس ناریمان ئەڤدکێ چەند خەڵاتی بۆ چیرۆکەکانی وەرگرتووە، لەنێویاندا خەڵاتی دووەمین فێستیڤاڵی "ش. ڤیان ئامارا" لە شاری کۆبانی و خەڵاتی دووەمین فێستیڤاڵی "ئاپۆ عوسمان سەبری" لە شاری قامیشلۆ.

ئەزموونەکانی شەڕ و نووسین

ساڵی ٢٠١٢ هێزە تاریکپەرستەکان و چەتەکانی "ئەلنوسرە" هێرشیان کردە سەر سەریکانی و شەڕڤانە قارەمانەکانی کورد بەرخۆدانیان کرد و بە باوەڕێکی زۆرەوە شارەکەیان ڕزگار کرد. کتێبی بەربەرۆژ (بریندارەکان بەرەو خۆر دەچن) باس لە قارەمانێتیی شەڕڤانەکانی سەریکانی دەکات کە بەرەنگاری دوژمنی دڕندە بوونەوە و بە سەختی بریندار بوون. باس لەو ڕۆژانە دەکات کە شەڕڤانان ئازایانە بەرەنگاری دوژمن بوونەوە و بەشێکیان ژیانی خۆیان لە پێناو ئازادیدا بەخت کرد. باسی ئەو تێکۆشەرانە دەکات کە بۆ ژیان و ئاسوودەیی منداڵانی کورد لەم وڵاتە ئازادەدا، قاچ و قۆڵ و چاو و بەشەکانی تری لەشیان کردە قوربانی.

ناریمان ئەڤدکێ سەردانی پاڵەوانەکانی، بریندارەکانی سەرێکانی دەکات و لە زمانی ئەوانەوە هەموو شتێک بە شێوەیەکی ئەدەبی وەسف دەکات. لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئەم بەرهەمەی پێشکەش بە هەموو شەهیدانی ئازادی و دایکانی ئازادی و منداڵانی سەرێکانی کردووە. ئەم کتێبە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن کۆمیتەی ئەدەبیی ڕۆژاوای کوردستان لە شاری قامیشلۆ چاپ کراوە. هەروەها لە پێشەکیی بەرهەمەکەیدا دەڵێت:

"من شەڕ و خۆڕاگری و قارەمانێتیی خەڵکی سەرەکانیم نەبینی، ئەمە هەمیشە لە دڵمدا مابووەوە. کە گەڕامەوە بۆ شارەکەم، من ئەو ئازادی و ڕزگارییەم بینی، بەڵام قوربانییەکانیشی لە هەموو ماڵێکدا بوو، ناچار بووم ئەرکی خۆم جێبەجێ بکەم و بە قەڵەمەکەم چیرۆکی خەباتی ڕۆڵەکانی شارەکەم پێشکەش بە داهاتوو بکەم."

(...)

"ڕاستە من شەڕم بە چاوی خۆم نەبینی، بەڵام لە ڕێگای هەر گوتنێک لە ئەو گوتنانەی کە من لەو بەرهەمەدا هێناومەتەوە، هەنگاو بە هەنگاو، سات بە سات، چوونە نێو دڵم و ڕوونیان کردمەوە."

ناریمان ئەڤدکێ ناوی کتێبەکەی ناوە "بەربەرۆژ" و لە ناوەڕۆکی بەرهەمەکەدا دیارە کە لە سایەی ئازایەتیی ئەو جەنگاوەرانەی کە بۆ ئەم شارە و ئەم وڵاتە خەباتیان کردووە و بەشێک لە گیانی خۆیان بەخشیوە، منداڵانێک ڕووناکیی ڕۆژ دەبینن و ئەوانەش کە خۆریان نەبینی، بەرەو خۆر دەچن. جگە لەوەش ئەو لەو بەرهەمەی خۆیدا نۆ پاڵەوانی هەڵبژاردووە و کردوویەتی بە مژاری بەرهەمی خۆی. بە کورمانجییەکی ئاسان و سادە و بە شێوازێکی چیرۆکی، ئەدەبی و هونەری، بە پێنووسی ڕەوانی خۆی چیرۆکی هەر شەڕڤانێکی نووسیوە. هەروەها لە تابڵۆی بەرهەمەکەیدا کە شێوەکار "ئەنتەرێ شەوۆ" کێشاویەتی، بەرهەمێکی جوان دەبینین کە بۆ دڵی خوێنەرانی وەک دەرمانە.

کتێبەکە چی دەڵێت؟

بەربەرۆژ وەک ناوەکەی، چیرۆکی هەموو شەڕڤانێکمان بۆ دەگێڕێتەوە و یەکێک لە پاڵەوانە بریندارەکان "سەیفۆ بەرازی"، وەها بۆمان دەگێڕێتەوە: "هەمیشە چەکم هەبوو، بەڵام هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە کە ڕۆژێک پێی شەڕ بکەم".

(...)

"ڕۆژێک بەرەو گوندی فریسا دەچووین، بۆ ئەوەی لەوێ هاوڕێکانمان ببینین، من ئۆتۆمبێلەکەم لێدەخوڕی. چەتەکان مینیان لەسەر ڕێگاکەمان چاندبوو و تەقییەوە، هاوڕێکانم هەر لە شوێنی خۆیان شەهید بوون، منیش بریندار بووم. برینەکەم ئەمجارە لەگەڵم مایەوە و جێی نەهێشتم، چاوێکم بە باشی نابینێت و گوێچکەیەکم بە هیچ شێوەیەک نابیستێت، بەڵام هەر دوای چەند ڕۆژێک گەڕامەوە بۆ شەڕەکە و ڕزگاریی گرێ سپیم بە یەک چاو بینی.

هاوڕێیەکم لە کۆبانی هەبوو، ناوی وەلات بوو، ئەو لە کۆبانی شەڕی دەکرد و منیش لە سەریکانی شەڕم دەکرد، بەڵام بەڵێنمان بە یەکتر دابوو کە شەهید نابین و لە گرێ سپی دەستی یەک دەگرین و لە گرێ سپی دەستی یەکمان گرت."

کتێبی بەربەرۆژ چیرۆکی هەموو جەنگاوەرێکی بریندارمان بۆ دەگێڕێتەوە.

 

KURDŞOP
715 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!