ڕۆژان سۆفیزادە
زۆر جار ئەم قسەیەم لە زمانی خەمخۆرانی زمانی کوردی بیستووە کە دەڵێن: "زمانی ئێمە ناسنامەی ئێمەیە."
بەپێی لێکۆڵینەوە و شرۆڤەی خاوەنڕایان، لە بنەمای سەربەخۆییی نەتەوەیی لە پێناسەی نەتەوەبووندا، زمان بنچینەییترین خاڵە کە دەتوانێت پێناسەی نەتەوەیەک بێت. بەپێی شرۆڤە و پێناسەی ڕێکخراوی "نەتەوە یەکگرتووەکان"یش، بۆ ئەوەی بتوانرێت کۆمەڵێک مرۆڤ وەک نەتەوەیەک بناسرێت، چەند فاکتەرێکی گرینگ بوونیان هەیە، وەک: "خاکی هاوبەش، کەلتووری هاوبەش، مێژووی هاوبەش و زمانی هاوبەش."
بەدڵنیاییەوە جگە لە فاکتەری زمان، فاکتەرەکانی تریش بۆ پێناسەی نەتەوە گرینگن، بەڵام من پێموایە گرینگترین خاڵ بۆ پێناسەی نەتەوە دەتوانێت زمان بێت.
لەبەر ئەوەی دەڵێم زمان گرینگترین پێوەرە، چونکە ڕەنگە نەتەوەیەک خاکێکی هاوبەشی نەبێت، یان تەنانەت نەتەوەیەک کەلتوورێکی هاوبەشی نەبێت، یان ڕەنگە بەهۆی جێئۆپۆلەتیک و هەڵکەوتەی جوگرافییەوە، لەیەکەوە نزیک نەبن بۆ ئەوەی مێژوویەکی هاوبەشیان هەبێت. بەڵام لە خاڵێکدا دەتوانین بڵێین ئێمە نەتەوەیەکین کە زمانی تایبەتی خۆمان هەیە و دەتوانین بە زمانەکەمان ناسنامەی نەتەوەکەمان پێناسە بکەین.
ئەگەر ئێمە باسی نەتەوەی کورد بکەین، دەبینین بە درێژایی مێژوو گۆڕانکاریی زۆر بەسەر ئێمەی کورددا هاتووە، خاکی کورد بەهۆی داگیرکردنی کوردستانەوە دابەش بووە، یان بە ملیۆنان کورد بەهۆی ستەمەوە خاکی خۆیان یان کوردستانیان بەجێ هێشتووە و پەڕیوەی هەندەران بوون و ئێستا لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهاندا نیشتەجێن.
هەروهها بههۆی پارچەپارچەبوونی کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا، لهژێر کاریگەریی کەلتووری نهتهوهکانی دهسهڵاتدار و داگیرکەر، کەلتووری گهلی کورد گۆڕانی بهسەردا هاتووه. بۆ نموونە کەلتووری باکوور لەگەڵ باشوور، یان ڕۆژهەڵات لەگەڵ ڕۆژاوای کوردستان، پێکەوە جیاوازن. نەتەوەی کورد بە هەموو بەشە جیاوازەکانییەوە لە ئێستادا، ئەگەر جیاوازی و خاڵی هاوبەشیش لەنێوانیاندا هەبێت، بەڵام هێشتا ناسنامەی خۆی هەیە و لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایە بێت و بەسەر چەند پارچەشدا دابەش بووبێت، تاکە پێوانە کە دەتوانێت کوردبوون و ناسنامەی خۆی بسەلمێنێت، زمانەکەیەتی.
دەتوانین ئەمەش بە پێچەوانەوە بیبینین، بۆ نموونە ئەگەر کوردستان یەک پارچە بێت، ئەگەر هەموو خەڵکی کوردستان تەنانەت بچووکترین ڕووداویش وەک مێژوویەکی هاوبەش بزانن، ئەگەر کەلتووری هەموو کورد وەک یەک بێت، بەڵام لەو کاتەدا کەسێک ئیدیعای ئەوە بکات کە کوردە، بەڵام بە کوردی قسە نەکات، یان کوردی نازانێت و لە هەمان کاتدا بڵێت من کوردم، ئەم کەسە ئاسمیلە کراوە و ناتوانێت خاوەندارێتی لە زمان و ناسنامەکەی بکات.
من پێم وایە مەرجی سەرەکیی کوردبوون تەنیا زمانی کوردییە، کەسیش ناتوانێت بڵێت کوردم، بەڵام زمانی کوردی نەزانێت. ئەو کوردانەی کە دەیانەوێت ناسنامەی نەتەوەییی خۆیان بپارێزن، دەبێ ئاگاداری زمانەکەیان بن، بە زمانی کوردی قسە بکەن، زمان و ئەدەبی کوردی بە منداڵەکانیان بناسێنن و فێری زمانی دایکیی خۆیان بکەن.
ئەوەیکە هەتا ئەمڕۆ توانیویەتی ناسنامەی کوردان بپارێزێت و لەهەمبەر سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی دوژمنان بیپارێزێت، زمانی کوردی بووە. هەروەها فاکتەرەکانی تری وەک خاک، کەلتوور و مێژوو، هەریەکەیان لە جێی خۆیدا بۆ پێناسەی نەتەوەیی گرینگیی خۆیان هەیە.