ڕەسووڵ سوڵتانی، قەلەمێکی سەربەرز... دەروویەکی ڕوون بۆ زمان

 

دیاکۆ شاسواری

 

لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە هۆی هاتنە کایەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لێشاوی بابەتی ڕووکەش و وردەبابەتی لەبار بۆ ئەو فەزایە، خوێندنەوەکان لە ئاستی گشتیدا، دابەزیوەتە سەر ئەو بابەتانەی هەم ساناترن و هەمیش وەکی پەیامێکی کورت دەدیترێن و دەخوێندرێنەوە و ڕەنگە هەر زووش لە بیر بچنەوە. هەرچەند ئەوە لە ئاستی کەسانی جیددیدا چەشنێکی دیکەیە و هەر لەو بوارەدا بە ملوێنان سەرچاوە و بابەتی باش دەست دەخەن و کەڵکی لێ وەردەگرن. بەڵام باسی من لێرەدا ئەو کەشەیە کە بەگشتی ئەو شەپۆلی نووسین و بڵاو کردنەوە بێ بژار و دەستچنە بۆ زمانی خوڵقاندووە.

ئەگەر سەردەمێک هێندێک گۆڤار و بنکەی نووسین و بڵاوکردنەوە، سەرچاوە و سەرچەشنی زمانی بوون، ئێستا ئەو ڕۆڵە گۆراوە و هەرکەس بە ڕبەی خۆی دەپێوێ و سەرچەشن و سەرچاوەکان ون و نادیارن، هەر بۆیە ئاڵۆزی و لەهەمان کاتدا لاوازییەکی زۆر بە زمان و نووسینی زۆر یەک لەو کەسانەوە دیارە کە خەریکی بڵاوکردنەوەی بابەتی وەرگێڕاو و ئەدەبی و تەنانەت نووسینی یادداشت و ...ی جیاواز لە بوارە جوداکانی زانستە مرۆییەکاندان.

رەنگە ئەو بابەتە وا لێک بدرێتەوە کە ناکرێ پێش بە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی پێشکەوتە تێکنۆلۆژییەکان بگیرێ و هەروەها پەرژین و بەربەستیش بۆ نووسینی کەس ناتوانین دابنێین و ئەوەش لێکدانەوەیەکی ڕاست و  بە جێیە. ئەدی ئەگەر دۆخی زاڵ ئەوەیە باس کراو و کەشی زمانی و نووسینیش بەو شێوەیەیە گوترا و لە ژێر کارتێکەریی ئەو ڕەوتە هێندێک گۆڕانی بەسەرداهاتووە، ڕێگایەک بۆ دەرباز بوون هەیە کە پێشنیار بکرێ و هەم چینی نوێ و تەنانەت نووسەرانی جیددی کەڵکی لێ وەرگرن و هەم زمان دەوڵەمەندتر دەرکەوێ و کۆی زانیارییەکانیش بە دروستی بۆ بەردەنگی کورد ڕابگوێزرێن؟

ئەوانە ئەو پرسیارانەن کە ڕەنگە زەینی زۆریەک لە ئێمەی ختووکە دابێ و بۆ وڵامەکەشی گەڕابێین و تەنانەت ڕێگا چارەشمان دۆزیبێتەوە. من وەک ئەزموونی خۆم پێم خۆشە تەنیا گۆشە و ئەزموونێک بخەمە ڕوو کە لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەی خزاومەتە سووچی ماڵێ و سەرقاڵی خوێندنەوەی بەردەوامم خەنیی کردووم.

بەڵام بەر لەوەی بچمە سەر بابەتی سەرەکی کە ئەزموونی ئەو ماوەیەمە پێم خۆشە کەوانێک بکەمەوە. بە داخەوە پەتایەک لە نیو ئێمەماناندا هەیە کە زۆر مەترسیدارە و کەم و زۆر هەمووشمان ئاگامان لێیەتی و خۆی لێ نەبان دەکەین، ئەویش نەدیتن و لە بیر بردنەوەی بەرهەمی نووسەران و داهێنەرانی هاوچەشن و هاونەسل و هاوزمانی خۆمانە. لە لایەکیشەوە سەردەمێکی زۆر گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکانی زمان و ئەدەب بە دواکەوتوویی دەهاتە ئەژمار و کۆی ئەو دوو بابەتەش کارێکی بە زمانەکەمان کردووە سەرما بە هەتیو و با بەدەواری شڕی نەکردبێ. دیسان ئەوەش دووپات دەکەمەوە هەر لەو دۆخەدا هەن و شکوور کەمیش نین ئەو قەڵەمانەی داهێنەر و دەوڵەمەند و پتەون.

ئەزموونی من:

خەریکم دەخوێنمەوە، تیۆرییە ئەدەبییەکان، دەقی ڕەخنەیی، مێژوو، جار جار ڕۆمان و کورتە چیرۆک. هەرچەند بۆرە ئینگلیسییەک دەزانم و جار جاریش پێی دەخوێنمەوە بەڵام ئەگەر ڕاستگۆ بم تێکڕای خوێندنەوەکانم بە زمانی فارسین. ئەوە جودا لەو دەقانەی بە کوردییش دەیانخوێنمەوە.

خەریکی خوێندنەوەی "تاعوون"ی ئالبێر کامۆم. لەگەڵ دۆخی ئێستا تەبایە و لە لایەن زۆر گرووپی خوێندنەوە و ئەدەبی لە جیهاندا پێشنیار کراوە بخوێندرێتەوە. گرووپێکی تێلگڕامی چەند کەسیشمان هەیە شەوانە ئەزموونەکانی خوێندوەی هاوبەشمان لەگەڵ یەک تاوتوێ دەکەین. هەموو خوێندوویانەتەوە. جار جاریش کورتە چیرۆکێک دادەنێین و قسەی لەسەر دەکرێ یان لانی کەم دەڵێین خوێندمانەوە. لە مۆپاسان، قزڵجی، چیخۆف، نەهایی، مەندەنی پوور، شێرزاد حەسەن، مۆراکامی و  ... کتێبیش پێک دەناسێنین. بەرگی تازەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان، کتێبی فەلسەفەی مێژووەکەی بارباراتاکمەن، هەورەکانی دانیال، زەمان لەرزە، ئیمیل، و ...

کرانەوەی ڕۆچنەیەکی نوێ:

شەوێک کەسێک باسی ئەوەی کرد چیخۆف کە ئەو هەمووەمان باس کردووە کراوەتە کوردی. هەی نەبێ کام چیرۆکی؟ کوتیان بۆخۆت بەخێربێێەوە سەر لەبەری کارەکانی لە چەندین بەرگدا. چۆن؟ چاک. کراوەتە کوردی و دەستی دەخەین.

شەوێک باسی کتێبەکەی باربارا تاکمەن واتە مێژووی دوورە هزری یان گەمژەییمان کرد. یەکیان کوتی کراوەتە کوردی. کاکە چۆن ئەوە کتێبێکی گرینگە. دەی گرینگە بۆیە کراوەتە کوردی. بە ناوی مێژووی گەمژەیی. ئێ؟ ئەوە هەواڵیکی خۆشە. دە باشە با تاعوونەکەی خۆمان بخەینەوە بەر باس. ئەرێ پێتان چۆن بوو. کام وەرگێڕانتان هەیە. من وەرگێڕانەکەی حوسێنی دێهخودام هەیە. منیش وەرگێرانی ڕەزا سەید حوسێنی. وەڵلا من دەقە کوردییەکەیم هەیە. دەقی کوردی چی؟ تاعوون. بە ڕاست؟ بێ درۆ.

کاکە دەی چۆنە وەرگێڕانەکەی. کوڕە چۆنەی چی؟ بە خودا لە ئاوی کانی زوڵاڵ و ڕەوانترە. کێیە؟ ڕەسووڵ سوڵتانی.

جا دەکەوینە سەروکاری ڕەسووڵ سوڵتانی. ئەی چیخۆفەکە کێ کردبوویە کوردی؟ ڕەسووڵ سوڵتانی. مێژووی گەمژەییەکە؟ ڕەسووڵ سوڵتانی. ئەوە بوو بە کەڵکەڵە و کتێبەکانم لەو و لەو خواستەوە. هەموویانم گیر نەکەوت. بەڵام یەک ڕاستیم بۆ دەرکەوت. ئینسانێک وادیارە ساڵەهایە قۆڵی هەڵماڵیوە و خەمی زمانی خواردووە. جیددیترین کارەکانی هەڵبژاردووە و بە زمانێکی دەوڵەمەند پڕ لە زاراوە و ئیدیۆم و ... پڕ لە جوانکاریی زمانی، بێ گرێ و ڕەوان وەریگێڕاون. کارەکان بەربڵاون و نامهەوێ جارێ هیچیان لەسەر بڵێم. چون ناکرێ هاوکات هەم لەسەر وەرگێڕانی چیخۆف و هەم ڕۆمانی مۆراکامی و هەم تاعوون و هەم کارەکانی یاشار کەماڵ هەم ئیمیلی ژان ژاک ڕۆسۆ و هەم ڕۆمانی بوزورگی عەلەوی هەم ... پێکەوە بدوێم. بەڵێ ئەو قەڵەمە جوانە، ئەوانە و وادیارە زۆر کتێبی دیکەی کردووەتە کوردی. هەموومان وەک دەق پێویستە بیانخوێنینەوە و من وەک ئەزموونی خۆم زمانیشمی پێ دەوڵەمەنەد دەکەم و چێژی لێ وەردەگرم.

ماندوو نەبی مامۆستا ڕەسووڵ سوڵتانی بۆ ئەو هەموو کارە بە پێزە. خەرمان بەرەکەت. هەواڵەکانیش دەڵێن شەڕ و ئاشتی و لوولیتاش چاپ کراون. جودا لەوانە دە بەرگ لە ڕۆمانەکانی دکتۆر ئیبڕاهیم یوونسیش لە لایەن ئەو قەڵەمەوە کراونەتە کوردی و بە زوویی بڵاو دەبنەوە. هیوادارم ئەو قەڵەمە کە وەک نووسەرەکەی سەربەرزە، هەر لەگەڕدابێ بۆ دەوڵەمەند کردنی زمان و بانگێشتنی جوانییەکانی ئەدەبی دونیا بۆ ناو زمانی کوردی ...

KURDŞOP
805 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!