لەناو ڕەزێکی ژێر قەڵای خان
لەناو باغی ترێی دمدم
لە ساڵی وەیشوومەی سمکۆ
لەسەر پردی چەمی شار
لەناو دیرۆکی پڕ دهۆی عەجەم
لە باژێری کەسکی گێلاس و گەڵی خان
لە ئاوایی چیا و ڕەوەزیی بەرکەول و مام برایم
لە بەرقەد و لاپاڵی بەر ڕۆژ
مێرخاسی نیشتمان درایە بەر دەستڕێژ
کەوتە سەر پشت
لە خوێنی گەشی کورمانج
لەسەر سرووشتی بژوینی شیرن وفەرهاد
کۆرپەیەک قەڵەم بەدەست
بەتەوێڵی دوور و بزەیەک لەسەر لێوی جامانە
لە ئاوەز و پشت و باهۆی چاریق
قەڵایەک ڕوا
باوەڕێک پنجی داکوتا
شوورەی مێشکی، نەیاری تاراند
گوستی، ئاماژەی سەربەستی
دەست و مستی، کۆتایی ژێر دەستی
پەیامێک وەگەرد شیلان و سوێسن
کەروێشکەی گەنم و شنەی زانست
بەباڵا هەموو چیاکان
بە ئاوەز ئاخی کوردستان
بە بزە جامانەیەکی لار
بە تێکۆشان شۆڕش و بەرخودان
ئەو بە سەر لاولاوەدا هەڵگەڕا و گەیشتە سەرچڵ
بەوە نەوەستا
پان و پۆڕی خاکێکی چەواشە و پڕ زی
مێژوویەکی دووری ناڕوون بەسەر لاپەڕەی درۆ
هزرێکی چەق بەستووی کۆن
لەسەر تەختی خوێن و بەژنێکی زراڤی سەقەت
بەبەختی چەرمووە ڕیشێکی سەرشێت و ماخولیا
هروژمی هێنا بە تەنیا
هەمیسان خەبات و خەبات و خەبات
کۆڵێک کتێب و جانتایەک قەڵەم
بە بەهرەی خۆر و تیشکی بەتینی
بەستەڵکی تواندەوە...
لە تاریکایی شەوێک لە کۆشکی فیرووزەی شا
بە ڕێچکەی ڕووخاو و داڕماو
بڕیاری پاتەی مێژوویان دا
ئەوانەی بەردەوام تینووی خوێنی ئاڵی شۆڕەسواری کوردن
ئەوانەی جارێک لەناکاو مافیان دا بە مرۆڤ!
لە ڕۆژئاوای تەزیو
لە وڵاتی بەرژەوەندی
خوێنیش بە پووڵ دەشۆرێتەوە
هەتا گەلێک کۆستی قووڵ هەڵگرێ
هەتا تەنگانە هەبێ
قەڵای باوەڕ ناڕمێ
بە تەرزە وڵامی بارانی ڕەحمەتیان داوە
بە فیشەک کۆتریان پێکا و
ئاشتی شڵالی خوێنی خاوێن بوو
هەتا هەتەرکا بۆشایی نەمانی
سەخت و دژوار لە چیا و شار
شەقامی ژینا
پڕ بە گەرووی شار
دەچڕێ درووشمی
قاسملوو قاسملوو ڕیگات درێژەی هەیە...
سەلیم حەقیقی