شیعرەکانی هێمن بۆ نەورۆز و بەهار

رەفیقان ڕۆژی کوردانە بەهارە جێژنی نەورۆزە /بە دڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە

نەورۆزی ڕزگاری

 

بە بەرگی سەوز ڕازاوە قەد و لاپاڵ و شیو و دۆڵ

چرۆی دەرکردووە دار و ملی دا یەکتری گیا و گۆڵ

بە سەر بەفری کەویدا کرد شەماڵی خاکەلێوە خۆڵ

"رەفیقان ڕۆژی کوردانە بەهارە جێژنی نەورۆزە

بە دڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە"

 

چلەی زستانی ناخۆش بوو تەزووی سەرمایە پیاوی سڕ

دەکرد و کووچە و کۆڵان لە بەفر و لیتە بووبوون پڕ

بەهار هات و دەخەمڵێ کێو و دەشت و بەندەن و لاخڕ

"رەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە، جێژنی نەورۆزە

بە دڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە"

 

بە سۆزی بای بەیان لێوی کراوە خونچەیی خەندان

لە سەر چڵ بلبلی شەیدا لە خۆشی گوڵ دەڵێ بەندان

بەجێ هات ئارەزووی لاوان و گەرمە کۆڕی گۆوەندان

"رەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە جێژنی نەورۆزە

بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە"

 

لە خۆی داوە بەرەڵبێنە کچی کابانی گەردن کێل

بەناز و غەمزە دەڕوانێ، دەکا شینکەی نەرم پێشێل

لەگەڵ بۆنی وەنەوشە تێکەڵاون بۆنی عەتر و هێل

"رەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە جێژنی نەورۆزە

بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە"

 

سەری کوێستانی بەرزی کوردەواری تێی نەکەوتوە خاڵ

لە دەشت و بەرپەساران هەڵدراون چادر و ڕەشماڵ

نەما بێگانە تاکوو جێژنەمان لێ تاڵ بکا ئەوساڵ

"رەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە جێژنی نەورۆزە

بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە"

 

حەساوە پیاوی ڕووت و قووت و بێ‌ئەنوا و بێ‌ئێروو

ژیاوە گیانلەبەر دیسان، لەکون هاتە دەرێ مێروو

لەسەر گوێسوانە دەخوێنن بەپۆل پاساری و سێروو

"رەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە جێژنی نەورۆزە

بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە"

 

لە دنیادا کەمە هاوتای بەهاری جوانی کوردستان

ئەویش ئەوساڵ کەلایێکی نەجاتی بوو لەژێر دەستان

لە خۆشی ئەم وڵاتە شاعیریش بۆتە هەزاردەستان

"رەفیقان ڕۆژی کوردانە، بەهارە جێژنی نەورۆزە

بەدڵ لێتان دەکەم لەو ڕۆژەدا من جێژنە پیرۆزە"

 

.............................

 

بەهاری لادێ

 

بەهارە، كاتی كارە، خۆشەویستم بۆچی بێم بۆ شار؟

ئەگەر من بێمە شاری، كێ وەئەستۆ بگرێ كاروبار؟

ئەمن كرمانجم و كرمانج كە هات فەسڵی بەهار وەك هار

دەبێ بخولێتەوە كێو و تەلان و بەندەن و نیسار

هەتا پەیدا بكا نان و نەبا بۆ خەڵكی شار هاوار

 

لەوەی دواوە دەبێ قۆڵی هەتا ئانیشكی هەڵماڵێ

هەموو ڕۆژێ هەتا ئێوارێ بچتە جووت و جۆماڵێ

كە بوولێڵی شەوێ پەیدا بوو ئەنجا بێتەوە ماڵێ

بەبێ وەی كەس هەبێ بیشێلێ،یاخۆ پشتی داماڵێ

كە نانی خوارد و لێی نووست تا بەیان نابێ لەخەو بێدار

 

ئەوێستا كاكی جووتیاری بەكاری چابوك و مەزبووت

بە بێ‌باكی، ب ەدڵپاكی، بە پێخواسی بە سینگی ڕووت

دەدێرێ ئاو، دەچێنێ تۆو، دەكا جێ شەتڵی پەین و كووت

دەڕێژێ ئارەقە، پەیدا بكا تا بۆ مناڵی قووت

پشوو نادا، وچان نادا، وەڕەز نابێ لە ئەرك و كار

 

هەموویان توند و تۆڵ و گورج و گۆڵ و چوست و چالاكن

هەموویان بێ‌فڕوفێڵ و بەكار و سادە و پاكن

لە لادێدا خراب زۆر كەم دەبینی، نێر و مێ چاكن

نە ئالوودە بە ئاڵكۆڵ و نە فێری بەنگ و تریاكن

دەبێ بێ دەرسی ئەخلاق لێرە بخوێنێ كوڕیژگەی شار

 

بە تاڵ و تفت و سارد و گەرم و ناخۆشی ژیان ڕادێن

بە گژ تین و بڵێسە و بەفر و باران و هەوردا دێن

پەنیر و ڕۆن و ماست و شیر و هێلكەت بۆ لە دێ‌ڕا دێن

خوری، مازوو، كەتیرە، دەغڵ و تووتن بەرهەمی لادێن

نمەك‌خوردەی دەسی وەرزێرە شێخ و حاكم و سەردار

 

دەكێشن زەحمەت و ناخۆن وەكوو وان نانی خۆڕایی

دەكەن كار و دەڕێژن ئارەق و ناژین بە ڕیسوایی

لە سەریاندا نییە پۆز و ئیفادە و فیزی ئاغایی

لە سایەی زەحمەت و ڕەنج و لە سایەی كار و ئازایی

بە سەربەرزی دەژین، بۆ كۆمەڵ و گەل نابنە سەربار

 

نییە داوێن و دەستی خەڵكی لادێ پیس و ئالوودە

لەدەس ناچێ وەخت لێرە بەخۆڕایی، بە بێهوودە

ئەوان وەك  ئێوە ناژین تەمبەڵ  و بێكار و ئاسوودە

ئەوان وەك ئێوە ناخۆن شەربەت و شەكراو و پاڵوودە

لەكوێ بێنن پڵاو و گۆشت و خۆرشت و فڕ و فیسار؟

 

ئەوان وەك ئێوە ناكەن پۆكەر و پاسۆر و ئاس و نەرد

یەكێك سەرگەرمی شێوە  ئێستەكانە، یەك خەریكی وەرد

ئەوەی تریان خەریكە هەڵدەوێژێرێ لە كێڵگەی بەرد

یەكێك ماڵوو دەكا، یەك دادەچێنێ تازە شیناوەرد

ئەوەی تر هەڵدەپەرتێوێ لك و پۆپی چڵووكی دار

 

دەبینی یەك ئەوە مەشغووڵی هەڵگێڕانەوەی بانە

ئەوەی تر دادەمەزرێنێ پلووسك و چۆتە گوێسوانە

یەكێك كوتكی لەدەس دایە، یەكێك بێڵی لەسەر شانە

یەكێك دەشكێنێ بەرد و یەك خەریكی شوورەهەڵدانە

بەڵێ نابینی كاكی خۆم لە لادێدا كەسێ بێكار

 

كچێك پێیەتی دوو گۆزە بەلەنجە دەچتە سەر ئاوێ

كچێكی تر شەكۆی هەڵگرتوە دەڕواتە پاراوێ

ژنێك چەند ماشەری پێیە، دەیانهێنێتە بەرتاوێ

ژنێكی تر بەدەستاڕی دەهاڕێ گەنمی بۆدراوێ

بەرەوماڵ بوونەوە پۆلێك و پۆلێك دەچنەوە بۆ بژار

 

عەزیزم تۆ وەرە ئێرە كە چاو لە جوانی نابێ تێر

ببینە خاو و گیابەند و هەڵاڵە و سوێسن و شللێر

لەلایەك زاوەماك دەڕوا، لەلایەكی دەكەن هاوێر

لەلایەك باسكی هەڵماڵیوە بێری، مەڕ دراوە بێر

دەبینی دیمەنی وا جوان لەناو بازاری پڕئازار؟

 

چ خۆشە كاڕ و كووڕی مەڕ، چ خۆشە پڕمەكەی كەحلان

چ خۆشە فیتەفیتی شوان، چ خۆشە ئۆحەكەی گاوان

چ خۆشە خرمەكەی خڕخاڵ و بازن و ژێرچەنەی كابان

چ خۆشە نەغمەكەی بلوێر، چ خۆشە لاوك و حەیران

چ خۆشە دەنگی باللۆرە، چ خۆشە هۆوەرەی جوتیار

 

وەرە ئێرە و مەپرسە تۆ ئەدی چارشێو و ڕووبەند كوان؟

وەرە ئێرە و ببینە چاوی مەست و بەژن و باڵای جوان

وەرە ئێرە و ببینە وردەهەنگاوی بەرەو جێژوان

وەرە ئێرە و ببینە نازی بێری و دەس‌بزێوی شوان

بچۆ ناو ڕەشبەڵەك بگوشە دەسی دۆی ناسك و نازدار

شیلان ئاوێ ـ 1322

............................

 

بەهاری كوردستان

 

 

شەماڵ هات بە گاڵەگاڵ

هەور بوون گەواڵ گەواڵ

پشكووت گوڵی گەش و ئاڵ

بلبل كەوتە ناڵەناڵ

 

***

بە لەنگێزە، بە باران

بە شنەبای بەهاران

توانەوە وەك جاران

كەوی بەفری نیساران

 

***

نەما مژ و سەرما و سۆڵ

نە سیخوار ما نە سەهۆڵ

تەرت و ڕژد و شیو و دۆڵ

لێی هاتە دەر گیا و گۆڵ

 

***

دەشت و چیمەن ڕازاوە

كێو و بەندەن نەخشاوە

زۆنگ و چێنكە ژیاوە

گیا سەری پێوە ناوە

 

***

لە هەوشین و گەدە و لەند

لە كوێستانی دە سامڕەند

هەڵز و بیزا و گیابەند

تێك چڕژا، بۆتە زەمەند

 

***

مەندۆك و خاو و كەما

لە نەرمان و ئەستەما

بە سروە هاتنە سەما

وەیشوومە و سەرما نەما

 

***

وێستاوە زەنگوڵ زەنگوڵ

ئاونگ لە سەر پەلكی گوڵ

لەسەر چڵی سوورە گوڵ

بلبل دەخوێنێ بە كوڵ

 

***

دیسان لە چیا و لە ڕازان

دێ سیڕەی سەقر و بازان

پێم خۆشترن لە سازان

لە ئاهەنگ و ئاوازان

 

***

بژوێنە هەموو وڵات

زیندوو بۆتەوە ماڵات

جەنگەی بانەمەڕێ هات

بەرەو كوێستان چوو خێڵات

 

***

دیسان هات وەكوو جاران

هەوهەوی شۆڕەسواران

ویڕەی جلیت و داران

خرمەی ناڵ و بزماران

 

***

هات خرینگەی زەنگ و قۆڕ

لوشمەلوشم و هۆڕەهۆڕ

هۆقەهۆق و بۆڕەبۆڕ

حیلەی جانووئەسپی تۆڕ

 

***

كاڕ و كووڕی بزن و مەڕ

لرفەلرفی لۆك و نەڕ

كۆڕژنی ئەسپی بەدفەڕ

گوێچكەی پیاوی دەكا كەڕ

 

***

وەنەوشەی جوانی خۆشبۆ

هاتە دەر لە لێوی جۆ

دار دەری كردوە چرۆ

كەروێشكەی كرد گەنم و جۆ

 

***

سوێسن و بەیبون و شللێر

ڕواون لەجێگای زەنوێر

قەڵبەزی بەست ئاوهەڵدێر

شەپۆلان دەدا ئەستێر

 

***

بۆنی خۆشی هەڵاڵە

پیاو مەست دەكا لە نواڵە

وەك شەهیدە گوڵاڵە

لە خوێناوا شەڵاڵە

 

***

گرمەی هەوری بەهاران

دێ بەیان و ئێواران

خوناوەی وردە باران

تەڕ دەكا گەڵای داران

 

***

ئەو ترۆپك و نشیوە

ئەو یاڵ و خڕ و شیوە

لە گوێن بەهەشت خەمڵیوە

كێ مەڵبەندی وای دیوە؟

 

***

تیرەگ و گەوە و لاپاڵ

پێیدا درا ئاڵای ئاڵ

سەرچاوەی سارد و زوڵاڵ

هەڵقوڵی وەك زیوی قاڵ

 

***

هات لە ڕەوەز و زەردان

قاسپەی كەوی سەر بەردان

ورتەورتی هەوێردان

دێ لە ناو شیناوەردان

 

***

لە كن كارژیلە و بەرخەل

لە كن بزن و مەڕی شەل

كە بۆیان هەڵكەوێ هەل

كچ و كوڕ دەكەن هەمزەل

 

***

كێژوڵەی شۆخی جوان چاك

شۆڕەژنی داوێن پاك

ڕووهەڵماڵاو و بێ‌باك

دەڕەتێنن زاو و ماك

 

***

فیتەی شوان، ئۆحەی گاوان

دێ لە مۆڵگە و دەراوان

دێتە گوێ لاوكی لاوان

بالۆرەی بەڵەك چاوان

 

***

منداڵ لە ڕژد و هەڵدێر

بەر دەدەنەوە تاوێر

شوانە لەسەر بەردەبێر

تێی تووڕاندوە لە بلوێر

 

***

مەڕ لە گۆشتا بووە سوور

خۆ هەڵداوێن شەك و كوور

گەماڵ دەكەن چەق و لوور

سەوەڕیان دەچێ بۆ دوور

 

***

كچی لەباری ڕەوەند

هەڵیكرد بەلەك و زەند

كەزی هۆنیەوە وەك بەند

كوڕان دەگرێ بە كەمەند

 

***

لە بەر دەركی ڕەشماڵان

دەبینی چاو كەژاڵان

دڵان دەبەن بە تاڵان

كاس دەكەن كوڕ و كاڵان

 

***

لیوئاڵن، دەم بچووكن

خوێن شیرن، ڕەزاسووكن

كوڵمەیان وەك گوڵووكن

گەورە كچن، نۆبووكن

 

***

شل‌ومل و لەبارن

چاو بە كل، گوێ بە گوارن

دەسماڵ پووڵەكەدارن

شەدە و گێلگێلە لارن

 

***

ناسك و نەرم و نۆڵن

خاوێنن، سپی و سۆڵن

بڵباسی و توند و تۆڵن

بە مژۆڵ جەرگان دەكۆڵن

 

***

هەڵیانماڵیوە باسك

باسكی قەڵەو و ناسك

كە دەكەن تاسكەتاسك

ڕەوكترن لە ئاسك

 

***

كیژی مەرزینگ و سەكرن

بە لەنجە و لار ڕادەبرن

ناز دەكەن، چاو دادەگرن

كوڕگەل دەبەریان دەمرن

 

***

كابانی قۆڵ بە بازن

شەنگەبێری كێل گەردن

لە نێو مەڕ دێن و دەچن

وەك پۆلی پۆڕان دەچن

 

***

سوێسن و وەنەوش و هەمین

كەژێ و خەندان و جەمین

خاسێ، كەوێ، خاتووزین

بە پۆل دەچنە مەڕدۆشین

 

***

زێڕن و كابان و مێرێ

دانیشتوون لەبەر بێرێ

ئەستێ دەكا هاوێرێ

گوڵێ بەرخان دەژمێرێ

 

***

خونچە و گوڵووك و گەوەر

شەم و كەژاڵ و دڵبەر

زین و مرۆت و ئەسمەر

لە تاوڵی هاتوونە دەر

 

***

مامز دایگرتوە شیری

ناسك دەكوشێ پەنیری

ناز دەشێلێ هەویری

كاڵێ دەكا نان تیری

 

***

ئامان چۆتە كوڵێنێ

پەری مەشكەی دەژێنێ

بەسێ لۆركێ دەكوڵێنێ

خەیاڵ ئاوردووی دێنێ

 

***

(هێمن) لەسەرەخۆ بە

نەكەی بچی بۆ هۆبە

دەنا دەشكێنی تۆبە

ئاور دەگری وەك سۆبە

 

***

 

نێزە ـ خاكەلێوەی ـ 1326

 

 

 

KURDŞOP
603 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!