ئاوارەبوون لە شاخ و دەشتەکانی کوردستان هەتا وڵاتی ئازەربایجان (کوردبوون)

کەیهان محەممەدی‌نژاد

 

زۆر جار مرۆڤ لەنێو کتێبخانەکاندا بەر هەندێک کتێب دەکەوێت کە خوێندنەوەیان کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیی لەسەر دەبێت و هەندێک کتێب هەستی مرۆڤەکان بۆ ناسیۆنالیزم زیاد دەکەن. هەندێک کتێبیش هەن کە مرۆڤەکان لە مرۆڤایەتی و سروشتی ژیان بێزار دەکەن. جارێکیان لەگەڵ چەند هاوڕێیەک بووم، پێیان گوتم "کتێبی کوردبوونت خوێندووەتەوە؟"، منیش وڵامم دایەوە "چ کتێبێکە؟" گوتیان: "یادەوەرییەکانی کاپیتان محەممەد مەولوودی".

ئەوان ستایشی کتێبەکەیان کرد و من هۆگری کتێبەکە بووم و هەرچۆنێک بێت کتێبەکەم دەست کەوت و دەستم بە خوێندنەوەی کرد. لە ڕاستیدا ئەم مژارانەی کە لە سەرەوە سەبارەت بە خوێندنەوەی کتێب نووسیومە، هەموویان لەم کتێبەدا دەکەونە بەرچاو و مرۆڤ دەباتە نێو ژیانێکی هەژاری، ئاوارەیی، گرتنگە، بندەستی، ئاغایەتی و ڕەعیەتی، باوەڕبەخۆبوون، ناسیۆنالیزم و دژبەری و... هتد. کتێبی یادەوەرییەکانی "کاپیتان محەممەد مەولوودی" لەژێر ناوی "کوردبوون" چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

کۆکردنەوەی ئەم کتێبە کارێکی ئاسان نەبووە و "وریا ماملێ"، کوڕی خوالێخۆشبوو مامۆستا "محەممەد ماملێ" هونەرمەندی گەورەی خەڵکی شاری مەهاباد، زەحمەتی ساغکردنەوە و بەڵگەمەندکردنی ئەم کتێبەی لە ئەستۆ گرتووە و ڕوونە کە سوودی لە دەیان سەرچاوە وەرگرتووە و ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ دەوڵەمەندیی کتێبەکە و ماندووبوونی وریا ماملێ.

وریا ماملێ لە دەستنووسەکانی "کاپیتان محەممەد مەولوودی" سوودی وەرگرتووە و خۆیشی لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئاماژەی پێ دەکات:

"کاپیتان حەمەدی مەولوودی دوای ماوەیەک زیاتر لە ئافراندنی قارەمانێتی لە کۆماری کوردستان و پاشان ئاوارەبوون لە وڵات و چوون بۆ ئازەربایجان، لەوێ نیشتەجێ دەبێت و لەگەڵ کچێک بە ناوی 'بالاباجی' هاوسەرگیری دەکات و بەرهەمی ئەم هاوسەرگیرییە کچێکە بە ناوی 'یای ڕۆناک'. ئەو کچە تەنیا سندووقێکی لە باوکی (کاپیتان محەممەد) وەک میرات و یادگاری هەبووە و هەندێک کەرەستەی وەک دووربینی ڕاوکردن، دەمانچەیەک و هەندێک کەرەستەی دیکە و چوار دەفتەری تێدا بووە. لە ئەنجامدا لە ساڵی ٢٠١٧دا کوڕی 'یای ڕۆناک' دەرگای سندووقەکە دەکاتەوە و چەند دەفتەرێک دەدۆزێتەوە و چەند وێنەیەکیان لێ دەگرێت و بۆ یەکێک لە خزمەکانی لە شاری مەهاباد دەنێرێت و ئەویش کاتێک دەیانخوێنێتەوە، دەردەکەوێت کە ئەوە دەستنووسی 'کاپیتان حەمەدی مەولودی'یە و یادەوەرییەکانی لە سەردەمی کۆماری کوردستانی تێدایە. بێ ئەوەی کات بەفیڕۆ بدات ئەو دەستنووسانە بەدەست دەهێنێت و بۆ منیان (وریا ماملێ) دەنێرێت".

ڕێزدار "وریا ماملێ" زۆر لەسەر ئەو دەستنووسانە کار دەکات و لە ئەنجامدا کۆیان دەکاتەوە و بە ئاماژەدان بە دەیان سەرچاوە و سوودوەرگرتن لێیان، کتێبێک بە ناوی "کوردبوون" (بەشێک لە یادەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی) چاپ دەکات. ماندووبوونی ڕێزدار وریا ماملێ جێگای دەستخۆشییە.

"کاپیتان حەمەدی مەولوودی" ژنێکی دیکەی بە ناوی "خورشید ڕەهبەری" هەبووە، لەو هاوسەرگیرییەش کوڕێک و دوو کچی هەبووە.

لەم کتێبەدا "کاپیتان حەمەدی مەولوودی" باسی لە ژیانی پڕ لە سەرکەوتن و شکست و هەستانەوە و ئاوارەبوون و هتد دەکات. لە ١٥ی نیسانی ساڵی ١٩٠٧ لە شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. ناوی دایکی "زوڵەیخا" و ناوی باوکی "سۆفی مەولوود چرچی" بووە. کاتێک تەمەنی چوار ڕۆژ بووە، دایکی کۆچی دواییی کرد و وەک لە بیرەوەرییەکانیدا ئاماژەی پێ کردووە، دایکی لەلایەن هەوەکەیەوە (زڕدایکی کاپیتان محەممەد) ژەهراوی کراوە. ئەویش وەک دایکی بە هەتیوی لە بن دەستی زڕدایک و باوکی دڵڕەقی ژیانی دەست پێ کردووە.

بەسەرهاتی کاپیتان حەمەدی مەولوودی زۆر خەمبارە و مرۆڤ فێری زۆر هەوراز و نشێو و کەوتن و سەرکەوتن دەکات. بەڵام لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم بە کەڵکوەرگرتن لە کتێبی "کوردبوون"، پوختەیەک لە قارەمانێتی و پلە و پێگەی کاپیتان حەمەدی مەولوودی لە سەردەمی کۆماری کوردستانتان پێشکەش بکەم:

ئەو لەگەڵ کۆمەڵێک لاوی سەردەمی خۆیدا، یەکەمین حیزبی مۆدێڕن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی "حیزبی ئازادیی کوردستان"یان (١٩٣٨) دامەزراند کە ناوبراو ئەندامی ژمارە نۆی ئەو حیزبە بووە و پاشان بە هەندێک گۆڕانکاری ناوی حیزبەکە دەگۆڕن و دەیکەنە "کۆمەڵەی ژێکاف" و سەرەنجام بوو بە "حیزبی دێموکراتی کوردستان" (ئێستا بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناسراوە). یەکێک لە پێشەنگە قارەمانەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان بووە و بۆ ماوەی کەمتر لە ساڵێک بە فەرمانی پێشەوا "قازی محەممەد"، بووە بە سەرۆکی "شارەبانی"ی (پۆلیس) شاری مەهاباد و ئاسایشی مەهابادی لە ئەستۆ بووە. لە کۆماری کوردستاندا لەلایەن "پێشەوا"وە پلەی کاپیتانیی پێ دراوە.

ئەو لەگەڵ هاوڕێ پێشمەرگەکانیدا بەشداریی لە زۆربەی شەڕەکانی دژ بە داگیرکەرانی کوردستان کردووە و مێژوویەکی زێڕینی بۆ خۆی تۆمار کردووە و لە سەقزەوە بگرە هەتا ورمێ و سەردەشت، لە بەرەی شەڕ لە دژی داگیرکاری بەشداریی کردووە. دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، لەگەڵ پێشمەرگەکانی خۆیان تەسلیم نەکرد و هەتا دوافیشەک دژی سوپای شاهەنشاهیی ئێران شەڕیان کرد.

دواتر لەگەڵ ئەفسەرە قارەمانەکانی کۆماری کوردستان کە خەڵکی باشووری کوردستان بوون، دەچێتە عێراق. دوای ئەوەی تووشی ئاستەنگیی زۆر بوو، بۆ ماوەی دوو ساڵ لەوێ دەسبەسەر کرا.

لەوێش ڕێژیمی پاشایەتیی ئێران کۆڵ نادات و داوا لە وڵاتی عێراق دەکات کاپیتان حەمەد ڕادەستی ئێران بکات و وەک خۆی لە بیرەوەرییەکانیدا (کوردبوون) دەڵێت، ڕێژیمی ئێران ویستوویەتی بیبات و هەڵیبواسێت. بەڵام بە هاوکاریی خەڵکی نیشتمانپەروەر و کوردپەروەری باشووری کوردستان لە زیندان ڕزگاری دەبێت و دوای ماوەیەک دەگاتە گوندی خەلان لە باشووری کوردستان و دەچێتە لای خوالێخۆشبوو "شێخ عەلائەدین نەقشبەندی". دوای ماوەیەک لەوێوە  بە نهێنی دەچێتەوە مەهاباد و دەیەوێت ڕاپەڕینێکی دیکە لە دژی داگیرکاری دەست پێ بکات، بەڵام بەداخەوە گوشارەکانی ڕێژیمی پاشایەتی لەسەری زیاتر دەبێت و ناتوانێت زیاتر بگەڕێت و بڕیار دەدات لە ڕێگای بارزانییەوە پەڕێوەی یەکیەتیی سۆڤییەت ببێت.

لە ڕووباری "ئاراس"ەوە کە پەڕێوەی یەکیەتیی سۆڤییەت دەبێت، دەسبەسەر دەکرێت و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ڕووسیا زیندانی دەکرێت و دوو ساڵی لە زیندانی "سیبیریا"ی ئازەربایجان بەسەر بردووە و دوای مردنی "ستالین" بۆ ئەوان دەردەکەوێت کە سیخوڕ نەبووە و ئازادی دەکەن، پاشان لەو وڵاتە مافی پەنابەریی پێ دەدرێت و لەوێ نیشتەجێ دەبێت.

بەپێی کتێبی "کوردبوون"، کاپیتان حەمەدی مەولوودی ڕۆژێک لەگەڵ کچەکەی (یای ڕۆناک) سەیری تەلەفزیۆن دەکات و دەبینێت کە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ لە ئێراندا سەرکەوتوو بووە و ڕێژیمی پاشایەتی ڕووخاوە. و دڵخۆش دەبێت کە بۆ جارێکی دیکە دەتوانێت وڵاتی خۆی ببینێت و سەردانی ژن و منداڵانی لە مەهاباد بکات.

"یای ڕۆناک" (کچی کاپیتان حەمەد لە باکوو) لە کتێبی "کوردبوون"دا دەڵێت: "باوکم ڕۆژێک خەریک بوو خۆی ئامادە دەکرد سەردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات. شەوی پێش ڕۆشتنی لە ژوورەکەی خۆیدا بوو و زۆر دڵخۆش بوو کە هەتا ساغە جارێکی تر بە چاوی خۆی وڵاتەکەی ببینێتەوە. نائارام بوو و بەردەوام دەهات و دەچوو و منیش هەتا نیوەشەو و دواتر لەگەڵیدا مامەوە. بە زۆر منی نارد و پێی گوتم سبەی بەیانی زوو بمبە بۆ باکوو. کە بەیانی زوو ڕۆیشتم، بینیم دەرگاکەم بۆ ناکاتەوە. لە پەنجەرەوە سەیرم کرد، باوکم ئامادەیە و لەسەر مۆبلەکە دانیشتووە. هەرچەندە هاوارم کرد، وڵامی نەدامەوە. پەنجەرەکەم شکاند و چوومە ژوورەوە، بەداخەوە بینیم جەستەی سارد بووەتەوە و جەڵتە لێی داوە و کۆچی دواییی کردووە. پاشان باوکممان لە گۆڕستانی شاری 'قوبا' لە کۆماری ئازەربایجان بە خاک ئەسپارد".

بەپێی کتێبی "کوردبوون"، کاپیتان حەمەد لە ١٩ی ٤ی ١٩٧٩ کۆچی دواییی کردووە.

سەرچاوە:

کوردبوون، ساغکردنەوە و بەڵگەمەندکردنی: وریا ماملێ، چاپ: سلێمانی – وەشانگەی کارۆ

 

KURDŞOP
370 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!