"وڵەگەور" قەڵایەکی سەردەمی ماد

پێشەوا کوردستانی

     لە باشووری دەریاچەی "زرێبار"ی مەریوان و لە نێوان گوندەکانی "نێ" و "کانی سانان قەڵا و شوێنەوارێک هەیە کە ئاماژەیەکن بە بۆچوونی توێژەرانی شوێنەوارناس کە دەڵێن لە باشووری زرێباردا "قەڵایەکی کۆنی سەردەمی مادەکان هەبووە. ئەم شوێنەوارە کە "کونە دێو" یان " وڵەگەور"ی پێ دەڵێن، لە بەر زنجیرە شاخێکدا هەڵکەوتووە و بە سەر پێدەشتی مەریواندا دەڕوانێت.

     کونە دێو یان "قەڵای وڵەگەور" لە ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی واتە ( ٢٠٠٣ ز) لە لایەن تیمێکی شوێنەوارناسیی زانکۆی هەمەدان و ئیدارەی شوێنەواری پارێزگای سنەوە لێی کۆڵدراوەتەوە. لە سەر تەپۆڵکەی ئەو قەڵایە هەندێک هوومە و پاشماوەی تەلارسازیی بەردین دۆزراوەتەوە و بە پێی هوومە و ئاسەوارە دۆزراوەکانی تر، "وڵەگەور" لە لایەن ئەو تیمەوە وەک شوێنەوارێکی چاخی ئاسن و هەزارەی یەکەمی پێش زایین و سەردەمی ئەشکانییەکان بە فەرمی تۆمار کراوە. سەردەمی ئاسن لە ١٥٠٠ی پێش زایینەوە دەست پێ دەکات و تا کۆتایی دەسەڵاتی هەخامەنشییەکان واتە ٥٥٠ ی بەر لە زایین کۆتایی پێ دێت. سەرەڕای ئەوەی ئەم قەڵایە تۆماری نەتەوەیی (ثبت ملی) کراوە، بەڵام کەسانێک بە شێوازی نایاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەری و بە کەندنی نایاسایی، سیما و ڕواڵەتی ئەو قەڵایەیان تێکداوە".

     ئەو مێژووەی پسپۆڕانی دێرینەناس بۆ قەڵای "وڵەگەور"یان دیار کردووە، واتە "هەزارەی یەکەمی پێش زایین"، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی زاموایی، مانایی، مادەکان و تەنانەت ئەشکانییەکان. ئەو تیمەی پشکنینی بۆ ئەو قەڵایە کردووە، پسپۆڕییەکەیان تایبەتە بە سەردەمی ئەشکانییەکان و ڕەنگە هەر ئەوەش بووبێتە هۆی ئەوەی ئەو مێژووەیان بۆ دیاری کردووە؛ چونکە ناوچەکە بەهۆی نیشتەجێبوونی مرۆڤەوە زۆر لەوە کۆنترە و ئەگەر لە توێژەکانی خوارەوەتری خاکی ئەو قەڵایە زیاتریان کۆڵیبایەوە، مێژووییەکی کۆنتریان بۆ ئاشکرا دەبوو. کاتێک لە بەرزاییەکانەوە سەرنجی وڵەگەور دەدەیت، بەرز و نزماییەکانی دەری دەخات ژێر ئەو کێوە قەڵایەکی تەپیوە کە بە هۆی تێپەڕینی زەمان و دزە و کاریگەریی سروشتەوە ڕەنگ و بیچمی ئەو ناوچەیەی لە خۆ گرتووە و دار و دەوەنی لێ شین بووە. دارستانی سەر قەڵای وڵەگەور زۆرتر بەڕوارە و هەروەک زانراوە دار بەڕوو یەکێک لەو درەختانەیە کە زۆر بە ئەسپایی بەرز دەبێت و گەشە دەکات.  ئەوەی ئەو قەڵا تەپیوە بووە بە بەشێک لە سروشتی دەوروبەری و دارستانی بەڕواری لێ شین بووە دێرین بوون و کۆن بوونی ئەو شوێنەوارە پیشان دەدات. 

     گردی وڵە گەور ١٤١١ مەتر لە ئاستی دەریا بەرزترە و خەڵکی دێهاتەکانی دەوروبەری "کونەدێو"یشی پێ دەڵێن. ڕووبەر و پانتاییی سنووری قەڵای وڵەگەور نزیکەی یەک و نیو دۆنم (هێکتار) دەبێت. بەشی باشووری قەڵای وڵەگەور کونێکی تێدایە کە بە ناوقەدی کێوەکەوەیە و وەک درگایەکی تەپیو و داڕووخاوە کە پانتاییەکەی ٨٥ سانتیمەترە. ئەو کونە چەشنی کارێز بە تاشە بەردی گەورە هەم لە سەر میچ و هەم ژێرپێ بەردەپۆش کراوە و مرۆڤ دەتوانێ هاتوچۆی تێدا بکات. ئەوانەی پێشتر چوونەتە ناو ئەو کونە گەیشتوون بە داڵانێک کە بە بەردی ٢٠/٢ مەتر بەرزایی و ٨٠ سانتیمەتر پانایی دیوارچن کراوە و داپۆشراوە. دەڵێن درێژایی ئەو کونە هەتا ئەو دیو گوندی "کانی سانان" بووە کە کانییەکی گەورەی لێیە و ڕەنگە ئاوی ئەو قەڵایە لەو کانییە دابین کرابێت. لەوانەشە ئەو کونایە ڕێگایەکی نهێنیی قەڵای "وڵەگەور" بووبێت بۆ دەرباز بوون لە دەستی دوژمن، هەروەها ڕەنگە لە کاتی گەمارۆ و تەنگانە و شەڕدا ئاو و پێداویستییەکانی قەڵاکەیان لەوێوە هێنابێت. پیرە پیاوان و بەساڵاچووان دەڵێن سەردەمانێک چەندین سوارە پێکەوە  بە ناو ئەشکەوتی وڵەگەوردا تێپەڕیون. پێویستە ئەوەش بزانین مەودای نێوان وڵەگەور و کانی سانان ٥/١ کیلۆمەتر دەبێ. کەسانی بەتەمەن بورجەکی سەر ئەو قەڵایەیان دیووە و دەڵێن بۆ نیگابانی و چاوەدێریی ناوچەکە پێنج تا شەش بۆرجەکی پێوە بووە.

    "وڵەگەور" وشەیەکی لێکدراوە و لە دوو بەش پێک هاتووە، بەشی یەکەمی واتە " وڵ " وشەیەکی هەورامییە کە بە واتای ”دەخمە" و کونە و بەشی دووهەمی " گەور"ە کە هەمان ( گبر)ە کە لە شیعر و ئەدەبیاتی فارسیدا زۆر بەکار براوە. لەزۆربەی وشەدان و فەرهەنگەکاندا "گەور" بە مانای زەردەشتی هاتووە و ئەم وشەیە لە زمانی کوردیدا وەکوو «گاور»یش بەکار براوە. لە زۆربەی دەقە ئەدەبییەکانی ئێرانیشدا گەور و گاور بە مانای "موغ" و "ئاگرپەرەست" و "تەرسا" یان "عابدی عیسایی" هاتووە و لە باتی کافر و مولحید و خوانەناسیش بەکاربراوە. ئەم ناوە زۆر کۆن نییە و دەگەڕێتەوە بۆ پاش هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە، کە هەموو شوێنەوارە کۆنەکانی پێش ئیسلامیان بە هین گاور، مەجووسی یان ئاگرپەرەست زانیوە. "وڵەگەور"یشیان بە دەخمە و کون و ئەشکەوتێک زانیوە کە هین کافر و گەور و ئاگرپەرستەکان بووە بۆیە ئەو ناوەیان لێ ناوە. 

     وەک خوێندمانەوە هەزارەی یەکەمی پێش زایین مێژوویەک بوو کە توێژەرانی شوێنەوارناسیی زانکۆی هەمەدان بۆ قەڵای وڵەگەور دیارییان کردبوو؛ هەروەک دەشزانین ئەو مێژووە تایبەتە بە سەردەمی هێرشەکانی ئاشوور و دەسەڵاتی مادەکان لە مەریوان و زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس کە خاوەن سەدان قەڵا بوون.  لێرەدا پێویستە بوترێ هەر لە ناوچەی مەریواندا دەیان شوێنەوار و قەڵای کۆن هەن کە لەوانەیە زۆربەیان هین ئەو سەردەمە یان ڕەنگە سەردەمەکانی کۆنتر و دواتر  بن کە بیست و پێنج  قەڵا هەر لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاویدا لە لایەن ناوەندە شوێنەوار ناسییەکانەوە دۆزرانەوە و وەک شوێنەواری دێرین تۆمار کراون.

KURDŞOP
162 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!