داستانی دوانزە سوارەی مەریوان لە گۆشە نیگایەکی ترەوە

پێشەوا کوردستانی

     بەیتی دوانزە سوارەی مەریوان کە سینگ بە سینگ هاتووە و گەیشتووە بە نەوەی ئەمڕۆ باسی شەڕێکی نابەرانبەری دوانزە سوارەی کورد لە دەشتی مەریوان و لە پاڵ زرێباردا دەکات کە ئازایانە سپایەکی بە هێزی دوانزە هەزار کەسییان تێک شکاندووە. ئەم چیرۆکەش وەک هەموو ڕاز و ئەفسانە و بەیتەکان جیا لە جوانکارییە ئەدەبییەکان و هونەری چیرۆکنووسی، بەشێک لە ئاواتە نهێنییەکان و ڕاستییە تاڵەکانی چارەنووسی کورد و مێژووەکەیشی ئاشکرا دەکات. ئەگەر وەک ڕووداوێکی مێژوویی بۆ شەڕی دوانزە سوارە بڕوانین، مێژوونووسەکان لە باسی ئەو شەڕەدا یەکدەنگ نین و سێ ڕێکەوت بۆ ڕوودانی ئەو شەڕە دیاری دەکەن:

یەکەمیان وتەکانی "ڕیچ" و "لۆنگریک"ە کە دەڵێن ئەو شەڕە لە سەردەمی سلێمان پاشای یەکەم واتە "سلێمان بەبەی کوڕی فەقێ ئەحمەد" لە ساڵی ١١١٠ی کۆچی واتە١٦٩٨ی زایینی ڕووی داوە.

 دەستەی دووهەم دەڵێن شەڕەکە لە ساڵی١١٦٤ی کۆچی/ ١٧٥٠زایینی لەسەردەمی "سلێمان پاشای کوژراو، کوڕی خالید پاشا" ڕووی داوە.

 سێهەمین دەستەیش دەڵێن ئەو شەڕە لە سەردەمی "ئەوڕەحمان پاشای بابان" لە ساڵی ١٢٢١ی کۆچی/ ١٨٠٧ زایینی ڕووی داوە.

بەڵام لێکۆڵەرانی مەریوانی ڕایان بەتەواوەتی بە پێچەوانەی ئەو باسانەی سەرەوەیە و دوانزە سوارە بە زایەندەی ناوچەی مەریوان دەزانن و "پیرە مێرد" و مێژوونووسانی تری باکووری کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ئەو شانازییەیان بە ناڕەوا بۆ بنەماڵەی بابان تۆمار کردووە و پاروویان لە دەم و دەستی مەریوانی و خەڵکی مەریوان ڕفاندووە و میراتی دوانزە سوارەیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە(حسەینی، ١٣٨٨: ٩).

ئەمان دوانزە سوارەکە بە ڕەچەڵەک بە خەڵکی مەریوان و سەر بە هێزێکی میرنشینی ئەردەڵان دەزانن و باوەڕیان وایە ئەو دوانزە سوارە هیچ کام لەو کەسانە نین کە "پیرەمێرد" و "حسێن نازم بەگ" لە کتێبەکانیاندا ناویان هێناون و شەڕەکەیش لە سەردەمی "خەسرەوخانی ئەردەڵان" و لە دەشتی "گەڵگە"ی ناوچەی پێنجوێن ڕووی داوە و لەوێ هێرش کراوەتە سەر لەشکری بابان نەک لە دەشتی مەریوان و لە پەنای زرێبار(حیدری کانی سانانی، ١٣٨٩).

     هەرچەن لێرەدا ڕێگای ئەوە نییە بە تێروتەسەلی لەسەر ئەم بابەتە بڕۆین بەڵام بەکورتی ئەتوانین بڵێین بە پێی وتەی "ڕیچ" و "لۆنگریک" وا دەردەکەوێت بەیتی دوانزە سوارە کە "پیرەمێرد" تۆماری کردووە، لەسەردەمی "سلێمان بەبەی کوڕی فەقێ ئەحمەد"ەوە کەوتووەتە سەر زاران. لە پاش شەڕی سوارچاکەکانی "سلێمان پاشای کوڕی خالید پاشا" و پاش شکستدانی "سەلیم بەگ" و سپاکەی "کەریم خانی زەند" کە کورد بووە، ئەم چیرۆکە نوێ کراوەتەوە. بە تێکشکانی لەشکرێکی چەن هەزار کەسیی تر بە دەستی فەرماندەکانی "شاەغازی ئەحمەدی لەشکەرشکێن"یش لە تەنیشت زرێبار گۆڕانی بەسەردا هاتووە و لەپاش کوژرانی "سەلیم سێ تەنگە"ی برای "ئەوڕەحمان پاشای بابان" و شکستی لەشکری بەغداد و عوسمانییەکان لە شەڕێکی تردا لە دەشتی مەریوان، بەیت بێژان ئەم شەڕە و ناوی "سەلیم بەگ"یشیان خزاندوەتە نێو ئەو بەیتە و بووە بەو چیرۆکەی کە "پیرە مێرد" تۆماری کردووە.

 پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بکرێت کە لە چیرۆکەکەی "پیرەمێرد"دا ناوی چەندین گوند و شوێنی "مەریوان" هاتووە کە دوانزە سوارەی مەریوان لێیانەوە هێرشیان کردووەتە سەر سپا زەبەلاحەکە کە گوندەکان بریتین لە: کۆڵان، سێف، داسێران، مووسک، بەیەڵە، نێ و یەنگیجە. ئەم گوندانە هەموویان ئێستاش هەر هەن. بەڵام "کلۆدیس جیمس ڕیچ" کە گەشتیارێکی بەریتانیایی و فەرمانبەری کۆمپانیای هیندی شەرقی بووە و لە بەغدادەوە هاتووەتە کوردستان، لە گەشتەکەیدا کە لە ساڵی ١٨٢٠ی زایینی هاتووەتە مەریوان بەوردی باسی دەشتی مەریوان و زرێبار و شاخ و کێوەکان دەکات. "ڕیچ" لەو شوێنەی ئێستا پێی دەڵێن "بەری بەگزادە" و لە ڕۆخی زرێباردایە ئەبێتە میوانی سەرۆک هۆزێکی جاف و باسی سروشت و شاخ و دەشتی ئەو ناوە و چۆنیەتیی دابونەریت و پێشوازی و میواندارێتی و جلوبەرگ و چادر و ڕەشماڵی هەوارنشینەکانی "جاف" دەکات، کەچی ناوی هیچ کام لەو گوندانە ناهێنێت کە ئێستا هەن و لە داستانی دوانزە سوارەی پیرەمێرددا ناویان هاتووە(ڕیچ، ١٩٨٠ : ١٩٨). ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕیچ بە هەر ناوچەیەکدا کە تێپەڕیبێت ناوی شوێنەکانی بەوردی هێناوە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە " لە ساڵی ١٨٢٠ی زایینی یان ساڵی ١٢٣٥ی کۆچی کە ئەکاتە ٢٠١ ساڵ لەوە پێش، ئایا هیچکام لەو گوندانەی ناویان برا و ئێستایش لە دەشتی مەریوان و دەوروبەری زرێباردا هەن، نەبوون؟ ئەگەر ئەو گوندانە نەبووبێتن ڕەنگە بتوانین بڵێین بەیتی دوانزە سوارەی پیرەمێرد دواتر و لەسەرەدەمێکی تازەتردا دیسان نوێ کراوەتەوە و ناوی ئەو گوندانەی دەوروبەری زرێبار و دەشتی مەریوانیشی تێ خزێندراوە.

     داستانی دوانزە  سوارەی مەریوان و بەیت و حەکایەت و ئەفسانەکانی تری ئەم سەرزەمینە وێڕای ئەوەی باسی مەینەت و ئازار و بەجەرگی و نەبەزی و جوامێریی کوردە، بەشێک لە حەز و خولیا و ئاواتەکانی خەڵکیشە بە دژی داگیرکەرانی کوردستان. بەڵام لە کۆی ئەو ڕووداوە مێژووییانەدا کە دەکرێت لە یەکێکیاندا دوانزە قارەمانی نەترسی کورد لە یەکلایی کردنەوەی شەڕێکی نێوان دوو لەشکری گەورەدا دەوریان بووبێت و شکستیان بە لایەک لە شەڕەکە هێنابێت، ڕاستییەکی تاڵیشی تێدایە ئەویش باسی تێکهەڵچوون و شەڕی نێوان دوو میرنشین یان دوو لایەنی کوردە کە سپای دەوڵەتە ئیقلیمییە زلهێزەکانیان پەلکێش کردووە بۆ تێکشکانی یەکترین. شەڕی دوانزە سوارە ڕاستە باسی بەجەرگی و چاونەترسی و ئازایەتیی کورد لە شەڕدایە، بەڵام بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو و دەرکەوتنی ڕەهەندە مێژووییەکانی ئەو شەڕە، ناکۆکی و دووبەرەکیی میرەکانی بنەماڵەی بابان لە نێوان خۆیاندا پیشان دەدات و دژایەتیی میرنشینەکانی بابان و ئەردەڵانیش ئاشکرا دەکات و ئاکامی ئەو شەڕە، تێکشکانی سپای کەریم خانی زەند بووە کە ئەویش هەر کوردە.

     ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو شەڕە و داستانی دوانزە سوارە ئەگەر ڕووداوێکی مێژوویی بووبێت و بەو شێوازەی مێژوو دەگێڕێتەوە ڕووی دابێت، شایانی شانازی پێوەکردنە؟ ئەو ڕووداوە شەڕی کوردە لەگەڵ کورد و شکانی کوردیشی تێدا بووە، ئایا ئەبێ لە کوژران و شکستی کورد شادمان بین؟ ئایا ئەرک و لێهاتووییی کورد لەو سەردەمەدا و بە ئەمڕۆیشەوە تەنیا بەگژیەکاچوون و کەواسوور بوونی بەر هۆردووی زلهێزە جیهانییەکان و دەوڵەتە ئێقلیمییەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی ئەوانە؟ ئایا ئەبێ خوێنی کورد سنوور و بەرژەوەندییەکانی هەمووان بپارێزێت بێجگە لە خودی کورد؟ پێویستە پسپۆڕان، دڵسۆزان و سیاسەتوانانی کورد بە خوێندنەوەیەکی زانستی و سەردەمیانە پەروەردە و سایکۆلۆژیی کۆمەڵگای کورد بخەنە بەر توێژینەوە و شی کردنەوە و بە داڕشتنی گەڵاڵەیەکی درێژخایەن، بە ئامانجێکی تایبەتەوە قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و تابۆ و پیرۆزییەکانمان سەرلەنوێ دابڕێژنەوە و بۆ نەوەی ئەمڕۆ و دواڕۆژ پێناسەی بۆ بکەن.

ژێدەر:

- نەوشیروان مستەفا ئەمین (حوزەیران ١٩٩٨)، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی ڕۆم و عەجەم دا، سڵێمانی، چاپەمەنی خاک،

- حسەینی، ئیسماعیل ( ١٣٨٨ هەتاوی)، دوانزە سوارەی مەریوان، سنندج، تافگە.

- ڕیچ، کلۆدیۆس جیمس ( ١٩٩١ ز)، لە عەرەبییەوە بۆ کوردی: محەممەد حەمەباقی، تەورێز، ...

- حیدری کانی سانانی، ناصر(1389 ) ، حماسه دوازده سواره مریوان، حکایتی به یغما رفته، هفته نامه دیدگاه،

KURDŞOP
474 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!