چارەنووسی شێخ مەحموود پاش شەڕی ١٩٢٧ی پێنجوێن  

ئەنوەر کەریم سەعید

 

     لە نێوان شەڕی جیهانیی یەکەم و دووهەم و لە کاتی ڕووخاندنی ئیپمراتۆریی عوسمانیدا بڕیار بوو کورد بە سەرۆکایەتیی شێخ مەحموودی حەفید ببێت بە خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ. زۆربەی عەشیرە و هۆزە کوردەکانی کوردستان پەیمانیان لەگەڵ بەست و پشتیوانیی خۆیان بۆ دەربڕی و بەسەروماڵ و هێزەوە یارمەتییان دا و لە ئاکامدا لە سلێمانی ئاڵای حکومەتی کوردی هەڵکرا و وەک مەلیکی کوردستان دیاری کرا. بەڵام پیلانەکانی حاکمی سەربازیی ئینگلیس و دەستوپێوندەکانی بۆ دەوڵەتی کوردی و دەستێوەردانەکانیان لە ساڵی ١٩١٩ی زایینیدا، شەڕی تووشی مەلیک مەحموود کرد و لە بەردەقارەمان بە برینداری گیرا و سەرەتا حوکمی لەسێدارەدانی درا و دوایی گۆڕییان بە دە ساڵ زیندان. بەڵام ئاگری شۆڕش بڵێسەی سەندەوە و ئازادکردنی شێخ  مەحموود  بوو بە خواستێکی گشتی، بۆیە ناچار کران حوکمی دە ساڵ زیندانییەکەی هەڵبوەشێننەوە و شێخ لە ٣٠/٩/١٩٢٢، گەڕایەوە کوردستان و جارێکی تر وەک مەلیک دەسەڵاتی گرتەوە بەدەستەوە. دیسان لە لایەن ئینگلیسەکانەوە گیروگرفتی بۆ ساز کرا و دەیان کێشەی بۆ نرایەوە و بێحورمەتی بە دەسەڵاتەکەی و کەسایەتییەکانی دەوروپشتی کرا. شێخ ناچار بوو بەرهەڵستی ئینگلیسەکان بوەستێتەوە و شەڕ کەوتەوە نێوان هێزەکانی کوردستان و دوو لەشکری ئینگلیس و حکوومەتی ئێراق کە هێزێکی هاوبەشیان بوو.

     هێزی ئینگلیس و ئێراق بە بەرتیل و پیلان و چەک و هێز، بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەوان و ڕووناکبیر و سەرۆک هۆز و کەسانی نزیکی "شێخ مەحموود"یان لێ دوور خستەوە و شەڕیان پێ فرۆشت. لەشکری ئینگلیس و حکومەتی ئێراق بە بۆمب و فڕۆکە و چەکی قورسەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر هێزەکەی مەلیک مەحموودیان تووشی شکست کرد و سنووری دەسەڵاتەکەیان بەرتەسک کردەوە بەناچاری بەرەو ناوچەی پێنجوێن و سنووری مەریوان و بانە پاشە کشێیان کرد. هێز و بارەگاکان و بەشێک لە بەرپرسانی دەوروپشتی و بنەماڵەی شێخ لە پێنجوێن و سنووری مەریوان نیشتەجێ کران و لە ساڵی ١٩٢٥ی زایینی بڕیار درا شێخ و خێزان و بنەماڵەکەی بچنە باشماخ.

     هێزێکی مەریوان چوونە پاڵپشتی هێزەکەی شێخ و زەبرێکی قورسیان لە هێزی ئینگلیس و ئێراق دا کە هاتبوون پێنجوێن بگرنەوە. لە بەڵگەنامەیەکی ئینگلیزەکاندا کە وەک ڕاپۆرت ئامادە کراوە بەو شێوەیە باسی هێرشی ئەو هێزەی مەریوان دەکرێ: "لە مانگی ئەیلوولی ١٩٢٦ی زایینیدا شێخ مەحموودی حەفید هێزێکی لە کوردانی ئێران پێک هێنا بەتایبەتی لە "گەڵباخی"، "ڕەزاو"، "تیلەکۆ" و لە ناوچەی مەریوان کۆبوونەوە و بەو هێزەی ناوچەی پێنجوێنی گرت".

     لە ساڵی ١٩٢٦ دا لە "ناڵپارێز" و "سێ بواران" شەڕ و تێکهەڵچوونێکی قورس لە نێوان لەشکری ئینگلیس و هێزەکانی مەلیک مەحموود ڕووی دا و تۆپ و تەیارە و بۆمبی دوژمن زۆری بۆ هێزی کورد ‌هێنا، بەڵام بەرنگاریی قارەمانانەی سپای کورد دوژمنی لە پێشڕەوی کردن خست. کورد شەڕی مان و نەمانی دەکرد و ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانی ئینگلیس کوژران و بریندار کران و تەنانەت فڕۆکەیەکی ئینگلیس کە بەرەکانی شەڕی بۆردمان دەکرد لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی شێخ مەحموود ناچار بە نیشتنەوە دەکرێت و فڕۆکەوانەکان کە دوو کەس دەبن دەکەونە دەست کوردەکان و دەبرێن بۆ بارەگایەکی سەرکردایەتیی شۆڕش کە لەو کاتەدا لە گوندی "ولەژێر"ی مەریوان بوو.

 ئینگلیسەکان لە بەڵگەنامەیەکیاندا باسی ئەو شەڕە و بەدیل گیرانی فڕۆکەوانەکانیان دەکەن. فەرماندەکانی ئینگلیس و میری داوایان کرد چاویان بە فڕۆکەوانە دیلەکان بکەوێ. کەسێکیان بە ناوی "دوکتۆر شوا" بۆ چاوپێکەوتنی فڕۆکەوانەکان دیاری کرد و لە ساڵی ١٩٢٦ی زایینیدا گەیشتنە گوندی ولەژێر. "دوکتۆر شوا" چاوی بە فڕۆکەوانە دیلەکان کەوت کە تەندروستییەکی باشیان بوو و جلی کوردییان لەبەردا بوو. پاش ئەوەی لە تەندروستییان دڵنیا بوو چووە خزمەتی شێخ مەحموود و هەندێک بیروڕایان گۆڕییەوە.

      کاتێک کە هێزەکەی مەلیک مەحموود لە سنوورەکانی مەریوان پەنگیان خواردبۆوە ناکۆکییەکەی نێوان مەحموود خانی کانی سانان و مەحموود خانی دزڵیش پەرە و تەشەنەی سەندبوو. لەو سەردەمەدا ناکۆکیی نێوان ئەو دوو سەرۆک عەشیرەیە کە هێزی سەرەکیی لەشکری مەلیک مەحموود بوون زەبرێکی قورسی لە شۆڕش و خەباتی کورد دا. لە وەها دۆخێکی دژواردا حکومەتەکانی ئێران و ئینگلیس و ئێراق بڕیاریان دا هاوکات و پێکەوە هێرش بکەنە سەر پێنجوێن و مەریوان و گوشار بخەنە سەر هێزەکانی کورد.

مەحموود خانی کانی سانان

 

     لە ڕاپۆرتێکدا کە لەژێر ناونیشانی: "ڕاپۆرتێک دەربارەی ئۆپراسیۆنەکانی پەیوەست بە داگیرکردنی پێنجوێن لە ماوەی ١٨ی نیسان تا ٧ی ئایاری ١٩٢٧"، لە ئارشیڤخانەی نیشتمانیی بەریتانیا پارێزراوە،  باسی ئەو شەڕە دەکات.  بە پێی ئەو ڕاپۆرتە کە "زانکۆی سۆران" کردوویە بە کوردی و لە ساڵی ٢٠١٩ چاپی کردووە، شەڕێکی قورس لە نێوان کورد و هێزی داگیرکەردا ڕووی داوە و خەسارێکی قورس لە داگیرکەران دراوە. لە ڕاپۆرتەکەدا نووسراوە هێزەکانی ئینگلیس و عێراق پلانێکی سەربازیی وردیان بۆ گرتنەوەی پێنجوێن داڕشتووە کە تیایدا دوو یەکەی سەربازیی بەهێز، تۆپخانەیەکی زەبەلاح و هێزی ئاسمانی و فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق و ئینگلیس تیایدا بەشدار بوون. لە ڕاپۆرتەکەدا باسی گرنگایەتیی فڕۆکەی جەنگی و چەکی قورس دەکات و نووسراوە ئەگەر تۆپخانە و ڕەشاش و بۆمبای فڕۆکە جەنگییەکان نەبوایەت گیرانی پێنجوێن و شکستی کورد ئەستەم دەبوو.

 پاش گیرانی پێنجوێن شێخ مەحموود چەن ساڵێک لە گوندەکان و شاخەکانی دیوی ئێران و سنووری مەریوان مایەوە.  

     کاتێک کە هێزە پشتیوانەکانی شێخ مەحموود بڵاوەیان پێ کرا، هێزە سەربازییەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە سوورن لەسەر ئەوەی ڕۆژی ١٤ی مایسی ١٩٣١ شێخ لە شاخی "سوورێن" وەدەر نێن کە ناوچەیەکی سنووریی مەریوانە. هەمان کات لە دیوی خاکی ئێراقیش هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە و ئینگلیسەکان خۆیان بۆ هێرشی هاوکات ئامادە کردبوو تاکوو ئەگەر شێخ سنووری بەزاند پەلاماری بدەن. ئەو ئامادە باشییەی دوژمنان و ناکۆکیی نێوان هێزە کوردەکان شێخی نەمریان خستە تەنگانەوە و ناچاریان کرد دەست بکات بە وتووێژ لەگەڵ ئینگلیسەکان.

ڕۆژی ١٣ی مایسی ١٩٣١ و لەو دۆخ و تەنگانەیەدا و بەرلەوەی دوو لەشکر لە هەردوو دیوی سنوورەوە هێرش بکەنە سەری، شێخ مەحموود ناچار بوو بڕیاری وەستاندنی بزووتنەوەکەی بدات و هەر ئەو شەوە هاتە ناو خاکی ئێراق.  دوای گفتوگۆ کردن لەگەڵ "کاپتان ڤیڤان هۆڵت" کە "سێڕ فرانسیس هەمفریز"ی نوێنەری باڵای ئینگلیس بە ناوی خۆیەوە ناردبووی، شێخ خۆی دا بەدەستەوە.

 

. بەرزنجی، مەعرووف، عومەر، ( ٢٠٠٠ ز). مەحموودخانی دزڵی، شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاپی دووهەم، سلێمانی، نووسینگەی ئازاد بۆ چاپەمەنی. (لاپەڕەی ١١٧ )

. خواجە، ئەحمەد( ٢٠١٦ ز). "چیم دی"، ئامادەکردنی سدیق ساڵح، سلێمانی، بنکەی ژین. (لاپەڕەی ٣٠٨)

٣. -----(٢٠١٩) وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەوەند سەباح ئەحمەد، "ڕاپۆرتی داگیرکردنی پێنجوێن لە ١٨ی نیسان تا ٧ی ئایاری ساڵی ١٩٢٧ " زانکۆی سۆران، تاران.(لاپەڕەی ١٢٧)

. بەرزنجی، مەعرووف، عومەر (٢٠٠٠ ز).  مەحموودخانی دزڵی، شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاپی دووهەم، سلێمانی، نووسینگەی ئازاد بۆ چاپەمەنی. ( لاپەڕەی ١٢٤ )

 

KURDŞOP
481 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!