ئاگرگەی شەیان شوێنی پرستگەی ئاناهیتا، ئەهورمەزدا و میترا

شنۆ ڕەسووڵی

 

دەیەی ٨٠ی هەتاوی (دەیەی یەکەمی سەدەی 21) لە کاتی دروستکردنی بەنداوێک لە گوندی قەڵای شەیان سەر بە شاری شاباد لە پارێزگای کرماشان، ئەندازیاران تووشی هەندێک شوێنەواری مێژوویی بوون کە سەرنجی هەموو لایەکی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. دواتر لێکۆڵینەوە لەسەر شوێنی ئەو شوێنەوارانە بوو بەهۆی ئەوەی بینایەک لەو شوێنە بدۆزرێتەوە کە بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕایەوە. ئەو شوێنەوارە مێژووییە ئاگرگەی شەیان بوو.

شەیان لە کوردیدا بە مانای ماڵێک لە بەرزایی، شێران، ژیان و لێهاتوویه. ئاگرگەی شەیان یەکەمین ئاگرگە لە ئاستی کرماشاندا بوو کە لەو شوێنە دۆزرایەوە؛ چونکە هەتا ئەو کاتی هیچ ئاگرگەیەکی دیکە لەو پارێزگایە نەدۆزرابووەوە. نەقش و نیگارەکانی سەر دیوارەکانی ئەو ئاگرگەیە زۆر جوان و ناوازەیە کە دەرخەری ئەوەن دەسەڵاتدارانی ساسانی چەندە بایەخیان بە میعماری، هونەر و جوانکاری داوە.

بەپێی لێكۆڵینەوەکان ئاگرگەی شەیان بۆ هەزارەی دووهەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە. لە لێکۆڵینەوەکان شوێنەواری وەک قاپ و قاچاخی  لە جۆری کاشی، دراو، خشڵ و گەوهەر و هەندێک ئاسەواری دیکەی ئاسنینی لێ دۆزراوە. لە ڕاستیدا هەتا ئێستا لێکۆڵینەوەی قووڵ و ورد لە سەر ئاگرگەکانی سەردەمی ساسانییەکان ئەنجام نەدراوه و تەنیا بە کورتی شتێکیان لەبارەیدا نووسراوە.

بەرزایی ئەو ئاگرگەیە لە ئاستی دەریا ١٤٢٧ مەترە و لە ٤٥ کیلۆمەتریی کرماشان هەڵکەوتووە. ئەو ئاگرگەیە لە نێو گوندێکدا هەڵکەوتووە کە هەندێک تەپۆڵکەی تێدایە. پانتایی ئەو شوێنە مێژووییە ٢ هەزار مەتری چوار گۆشەیە.

بینای ئەو ئاگرگەیە بە قەبارەی ٥/١٤ لە ٥/١٤ دروست کراوە. چوار وتاقی تێدا هەڵکەوتووە. بەرزایی دیوارەکانی ئاگرگەکە ١ مەتر و ١٠ سانتیمەتر دەبێ. پانایی دیوارەکانیش ٩٠ سانتیمەتر هەتا ١ مەتر و ١٠ سانتیمەتر دەبێ. ئاگرگەکە زیاتر بە خڕکە بەرد و بەردی گەورە دانراوە. دیوارەکانی ئەو ئاگرگەیە بە شێوەیەکی زۆر جوان گەچبڕی کراون.

لە ئاگرگەی شەیان شوێنەواری میعماریی ئایینی و غەیرە ئایینی و هەروها ئاسەواری دیکەی لێ دۆزراوەتەوە. زیاترین ئاسەواری کە لێی دۆزراوەتەوە قاپ و قاچاخی کاشییه. هەندێک لەو کەرەستانە کە شکاون، لەتکەکانیان وێنەی جوانەگایان لەسەرە. جوانەگا لە سەردەمی زەردەشتدا سیمبولی سەروەت و سامان بووە.

بەپێی ئۆستوورەکان مانگا لەگەڵ مانگ پەیوەندیی هەیە و شاخی مانگا سیمبولی مانگە. هەروەها جوانەگا سیمبولی ڕەگەزی نێر واتا هێز و توانایە.

 ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری مێژووییەوە شوێنەواری بەنرخی تێدایە کە سەنعەتی کاشی و میعماری لە شوێنەوارە مێژووییەکاندا؛ نیشانەی دوڵەمەندیی فەرهەنگیی دەسەڵاتدارەکانی ئەو کات لە مێژوودان.

لە ئاگرگەی شەیان، دراویش دۆزراوەتەوە. ئەو دراوانە نەخش و نیگاری زۆریان لەسەرە. ئەو نەخش و نیگارانەی لەسەر دراوەکان هەن بریتین لە کەوانەی مانگ، ئەستێرە، ئاگری پیرۆز، ئاگردان، پاشاکان، وێنەی کەسە ئایینییەکان و شتی دیکە. ئەو نەخش و نیگارە جیاوازانە نیشانەی فەرهەنگی دەوڵەمەندی ساسانییەکان بوون. جێگای سەرنجە کە دراوەکانی ئەو سەردەمە، ڕێکەوتی ساڵی دروستکردنیشیان لەسەر هەڵکەندراوە.

بەشێک لەو ئاگرگەیە لەنێو چووە، ئەوەش بۆ سەردەمی ئیسلام دەگەڕێتەوە. ئەو کاتی دەسەڵاتدارەکانی ئیسلام لەسەر ئەو شوێنە مزگەوتیان دروست کردووە و دەورووبەرەکەشەیان کردووەتە گۆڕستان.

لێکۆڵینەوکان لەبارەی ئەو ئاگرگەیە بە تەواوەتی ئەنجام نەدراون و تەنیا هەندێک بەڵگەی لەسەر کۆ کراوەتەوە کە خودی لێکۆڵەران دەڵێن زانیارییەکانی پوخت نین.

 لە کاتی لێکۆڵینەوەکان بەهۆی ئەوەی بودجەی دیکە بۆ درێژپێدان بە لێکۆڵینەوەکان دابین نەکرا، کەونارناسەکان بەشێک لەو شوێنانەیان بە لیم پڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی لەنێو نەچن.

KURDŞOP
590 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!