خولەپیزە و راپەڕینێکی بە گوڕ و بێ ئاکام

دوکتور ئازاد موکری

 

خولەپیزە و ڕاسان لەبەرابەر نا بەرابەریی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، یەکێک لەو بابەتانەیە لە سەدەی رابردوودا هەموو کوردێکی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بیستوویانە و باسیان کردووە. "مەحموود"ی کوڕی "پیرۆز"ە خاتوون، ناسراو بە "خولە پیزە" یەکێک لەو کەسانەیە لە مێژووی کورددا، لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوێکی ناسراوە. ئەو ناوە زیاتر وەبیرهێنەرەوەی بوێری، ڕاپەڕین دژی زوڵم ،بزۆزی و یاغیگەری و رابوون دژی نائارامییە.

مێژووی ڕاستەقینە و کردەکانی خولەپیزە وەک مێژووی نووسراو کەمتر وەبەرچاوی خەڵکی دەکەوێت. ئەوەی سەرچاوە ناوچەییەکان دەری دەخەن ئەوەیە کە؛ خولەپیزە لە ئەسڵدا خەڵکی ئاوایی چەمیالە بووە. ساڵی 1324ی هەتاوی بەرامبەر لەگەڵ 1945ی زایینی، ڕەئیسی پازگای ئاوایی وەلیاوا بە نێوی "محەممەدەمینی بانی شاری" لەگەڵ هێندێک پۆلیسی عەرەب بە مەبەستی گرتنی سەرباز و ناردنیان بۆ ئیجباری، ڕوو لە ئاواییی چەمیاڵە دەکەن. ئەو کاتە بنەماڵەی خولەپیزە لە ئاوایی چەمیاڵە دەژین. دوای ئەوەی زۆرێک لە ماڵەکانی ئاوایی دەگەڕێن، بۆ گرتنی تاهیری برای خولەپیزە ڕوو دەکەنە ماڵی ئەوان. بەڵام لەو کاتەدا هەم تاهیر لە ماڵ نابێ، هەم خولەپیزە بە سەختی نەخۆشە و لە ماڵێدا کەوتووە. پاش ئەوەی محەممەدئەمین بانی شاری بە زۆری دەچێتە ماڵی خولە، دایکی خولە داوایان لێ دەکات جارێکی دیکە بگەڕێنەوە، چونکە تاهیر لە ماڵ نییە. بەڵام ئەوان دەیانهەوێ بە زۆری بەجێی تاهیر خولە بەرن. مەحموودیش کە بە نەخۆشی ئاگای لە شەڕ و کێشەی دایکی و سەربازەکان دەبێ، دەبینێ دایکی قورئانیان بەرەو پیر دەبا و سوێندیان بۆ دەخوا کە دوای گەڕانەوەی تاهیر بۆ خۆی ڕادەستی پۆلیسەکانی دەکات بە شەرتێ لە کۆڵ مەحموود یا خولەی کوڕی ببنەوە.

ئەوان هەم بێڕێزی بە قورئان دەکەن و هەم دایکی ئەو بە پاڵێک بە عەرز دادەن و ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە خولە هەر لە ژووری نەخۆشییەکەی لە پەنجەرەوە بە چەکێک کە لە مالەوە هەیانبووە رووبەڕووی سەربازەکان بێتەوە. ڕەئیس پازگە بە نێوی محەمەدەمین بانی شاری بکوژێت و بە نێو سەربازەکانی دیکەدا دەرباز بێ. بەڵام خەڵکی ئاوایی ڕادەسپێرێ کە دوای گەڕانەوەی براکەی بینێرن بۆ کوێستانی حوجرە فەقێیان. لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا خولە ڕەییس پازگاو یازدە سەرباز دەکوژێ. دوای ئەوەی تاهیری برای ڕوو دەکاتە لای خولەپیزە، هێندێک لە کەسانی ئاواییش کە لە دەست زوڵم و زۆری هێزەکانی میری و حکوومەتی وەگیان هاتبوون، ڕەگەڵ خولەپیزە دەکەون و بەو شێوەیە خولە بۆخۆی و براکەی و چەندین کەس لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەو ناوچەیە لە دەوری خۆی کۆوە دەکا. سوێندیان بۆ دەخوا کە تا دوایین دڵۆپی خوێنی بە دژی زۆرداری شەڕ بکەن. زوڵم لە هیچ کەس نەکەن. ماڵی کەس نەخۆن. یارمەتیدەری خەڵکی هەژار و لێقەوماو بن.

دیارە دوای ناسرانی خولەپیزە کەسانێکی زۆری لەگەڵ کەوتوون.  ناسراوترینەکانیان بریتین لە "عەزیز تووتکانی" برای "شەریف تووتکانی" کە لە شەڕی سیاگوێز دا دەکوژرێت. "فەرەج ڕەنگینەیی" کە دوای کوژرانی "تاهیر پیزە" لە سلێمانی دەکوژرێت. "حەمەداشی" کە خەڵکی "باریکە" بووە و ئیعدام دەکرێت. "مەلا کەتان" خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، ئەویش لەگەڵ ڕەوتی خولەپیزە دەکەوێ. "مەجی ئەوەڵ"، "ڕەحیمی مەلا فەتاح ناسراو بە ڕەحەلاڵ"، "ساڵح کۆیی"، "فەتاح تووتکانی"، "محەممەدەمین تووتکانی"، "ئەحمەد تیماری"، "حەسە تاقە"، کە لە شەڕی خوێناویی قزڵجەدا دەکوژرێ، "ڕەحە شێرە" لە شەڕی وێنە و داروخاندا دەکوژرێ و "عەبەکەولار"، "مەجە گورگە" و زۆری دیش.  کە ئەوانە زۆربەیان یا هاوکات لەگەڵ خولەپیزە یا دوای ئەو دەکوژرێن.

بەڵام دوای ئەوەی خولەپیزە ئەو پازگایە و ئەندامانی ئەو پازگایە دەکوژێ، لە ساڵی 1327ی هەتاوی واتە 1948ی زایینیدا حاکمی هەڵەبجە لەگەڵ لەشکرێکی یەکجار زۆر و زەوەند بۆ سەرکوتی خولەپیزە ڕوو لە شاخەکانی دەوروبەری چەمیالە دەکەن. شەڕێکی نابەرانبەر سەعات پێنجی بەرەبەیان دەست پێ دەکات. لەو شەڕەدا خولەپیزە و هاوڕێکانی 125 کەس لە هێزەکانی حاکمی هەڵەبجە بریندار دەکەن و 50 کەسیان لێ دەکوژن و بەو شێوەیە حەماسەیەکی گرینگ دەخوڵقێنن. پاش ئەوە نێوبانگی ئەو تاقمە راپەڕیوە هەموو باشووری کوردستان دادەگرێ و تەنانەت نێو و نێوبانگی ئەوانە دەگاتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش. بەشێک لە بریندارەکانیان لە ڕێگای بانەوە بەرەو سەقز دێنن و یەکێک لەوان "تاهیر پیزە"یە کە دەیهێننە سەقز و دەرمان دەکرێ و دواتر ڕا دەگۆزێت بۆ ئارمردە و سەیرانبەند. ئەو شەڕ و کێشانە بەردەوام درێژەیان دەبێ. جارێکی دیکە لە ساڵی 1327 دا ئەو جار لەشکرێکی گەورە لە کەرکووکەوە بەرەو سلێمانی دێ. هەزار سەربازیان لەگەڵە. هەروەها لەو شەڕەدا بۆ یەکەم جار خولەپیزەحەول دەدا جودا لە هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی خۆی، لە هێزی عەشایری کەڵک وەربگرێ و وردە وردە بزووتنەوەکەی گەورەتر بکاتەوە. هەر بۆیە نامەیەک بۆ عەشیرەی هەمەوەند دەنووسێ و داوای هاوکارییان لێ دەکا. ئەو عەشیرەیە هەمووان جوابی دەدەنەوە و بە گیان و ماڵەوە لە خزمەتیدا دەبن و بەو شێوەیە شەڕێکی توند لە بەینی قشوونی کەرکووک کە لە ڕێی سلێمانییەوە هاتبوون و یارانی خولەپیزە و عەشیرەی هەمەوەند ڕوو دەدا. لەو شەڕەدا دوو سەد و شەست کەس لە هێزەکانی میری دەکوژرێن، سێسەد و هەشتا کەس بریندار دەبن و هەروەها شەست کەسیش لە عەشیرەی هەمەوەند و هەشت کەس لە هاوسەنگەرانی خولەپیزا شەهید دەکرێن. بەو شێوەیە شەڕ ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ تەشەنە دەستێنێ.

 

بەرەبەرە شەڕی خولەپیزە لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەت لە ڕۆژنامە و ڕادیۆکانی دنیا دا وەک ڕادیۆی ئەڵمان، پاریس و ڕووسیا بڵاو دەبێتەوە و ئەوە ئەوەندی دیکە دەوڵەتی عێراق ئازار دەدا. بۆیە دەوڵەتی عێراق حەول دەدا بە ناردنی نوێنەرانی خۆی لەگەڵ خولەپیزەدا دابنیشن و دانوستانی لەگەڵ بکەن. بەڵام ئاکامی دانیشتن و دانوستانەکان بەو شێوەیە نییە کە خولەپیزە و هاوسەنگەرانی چاوەڕوان دەکەن. چون ئەوان دەیانهەوێ خولەپیزە و هاوسەنگەرانی خۆ بە دەستەوە بدەن و تەسلیم بن و بچن لە بەغداد نشتەجێ بن. کار و کاسبیان بۆ فەراهەم کەن. واتە هیچ داخوازێکی کۆمەڵایەتیی ئەوان قەبووڵ ناکرێ. بۆیە خولە پیزە هەر لەو دانیشتنەدا هەڵدەستێ و دەڵێ ئێمە بە چاوی بەستراوە بەرەو قوربانگە ناچین و درێژە بە شەڕی خۆمان دەدەین. دوای ئەوەی ئەو دانوستانانە بە ئاکام ناگەن، مەلیک فەیسەڵ لە پاییزی ئەو ساڵەدا هێزێکی زۆر دەنێری کە لە سێ هەزار چەکداری ڕێژیمی مەلک فەیسەڵ  پێکهاتووە و لە کێوەکانی چوارتاوە هێرش دەبەنە سەر هێزەکانی خولەپیزە و لە شەڕێک کە لە ساڵی 1330ی هەتاوی بەرامبەر لەگەڵ 1951ی زایینیدا لە نێوان هێزەکانی خولەپیزە و هێزەکانی دەوڵەتیدا هاتەئاراوە، خولە پیزە دەکوژرێ و دوای کوژرانی ئەو، ئەو شۆڕەشە دادەمرکێ و خەڵکی سلێمانی لە مەراسیمێکی بەشکۆدا خولەپیزە و هاوڕێکانی دەنێژن.

KURDŞOP
357 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!