رۆژنامەی "تێگەیشتنی راستی" و  ڕۆڵی "مانێستەر سۆن" و سوپای بریتانیا

لەیلا زەمانی

لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو وڵاتانەی هێزە کۆلۆنیالیستییەکان هەوڵیان دا بە شێوەیەکی نوێ ڕووبەڕووی خەڵکەکەیان ببنەوە، وڵاتەکەیان داگیر بکەن، ئەو وڵاتانە بوون نەوتیان زۆر بوو.  یەکێک لەوان بەشێکی زۆر لە ئیمپراتۆریی عوسمانی بووە. بە تایبەت ئەو بەشەی کە ئێستا دەبێتە وڵاتی عێراق و باشووری کوردستان. ویلایەتی موسڵ یا بەشێکی زۆر لە باشووری کوردستان، بەهۆی ئەوەی خاوەنی سەرچاوەی زۆری سروشتی و بە تایبەت خاوەنی نەفت بوو، هەر بە درێژاییی سەدەی بیستەم، سەرنجی هێزە کۆلونیالیستییەکانی ڕاکێشا بوو. بریتانیا بۆ دەست گرتن بە سەر ئەو ناوچەیەدا پلانی درێژماوەی بووە. تەنانەت لە پارچە پارچەبوونی کوردستانیشدا ئەو سیاسەتەی ئەوان ڕۆڵی هەبوو. سیاسەتێک کە تێیدا بە هەر شێوەیەک بێ بەرژەوەندییەکانی بریتانیا لە ویلایەتی موسڵ و لە بەشێکی زۆر لە باشووری کوردستان کە ناوچەی نەفتی بوون بپارێزرێ. بەڵام ئەو سیاسەت داڕێژییەی ئەوان سیاسەتێکی یەک ڕۆژە نەبووە. بریتانیا بۆ ناسینی ئەو ناوچەیە بریکار و ڕاسپێردراوی خۆیان بۆ ئەو وڵاتە ناردووە. لە مێژووی ئەدەبیدا ئێمە لەگەڵ نێوی یەکێک لەو ڕاسپێردراوانەی ئینگلیز ڕووبەڕوو دەبینەوە. ئەو ڕاسپێردراوەی ئینگلیز کە سیاسەتەکانی بریتانیای لە باشووری کوردستان بردووەتە پێش، بۆ یەکەم جار لە دیوانی تاهیربەگی جافدا ئاماژەی پێ کراوە. لەو کتێبەدا لەگەڵ نێوێک بە نێوی "میجەرسۆن" ئاشنا دەبین. ئەوەی کە لە دیوانی تاهیربەگدا باسی کراوە ئەوەیە کە میجەرسۆن پیاوێکی ئینگلیزی بووە و لە دەربارەی "عادیلەخان"ی دایکی تاهیر بەگدا ماوەیەک ماوەتەوە و دواتر ئەوان دەزانن ئەو ئینگلیزیە و میجرسون ئەوێ بەجێ دێڵێ.

 بەڵام زانیاریی زیاتر لەسەر میجەرسۆن هەندێک شتی دیکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئاماژەی پێ دەکەین. لە ئەسڵدا میجەرسۆن نێوی ئەسڵیی خۆی " ماژوڕ ئێلی بانستێر سەون"ە. ئەو ئەفسەرێکی سیاسیی پلە باڵای سوپای ئینگلستان بووە. بانستێر سۆن جیا لەوەی ئەفسەرێکی سیاسی بووە، نووسەر و زمانناسیش بوو. ئەو ساڵی 1881ی زایینی لە بریتانیا لە دایک بوو و ساڵی 1923ی زایینی واتە دوای چل و یەک ساڵ هەر لەوێ کۆچی دوایی کرد. با بزانین ئەو زمانناس و ئەفسەر و ڕاسپێردراوەی ئینگلیز، چ پێوەندییەکی لەگەڵ کوردان هەبووە؟

ساڵی 1902 سوپای بریتانیا مانستێر سۆن وەک کارمەند دەنێرێتە بانکێک لە وڵاتی ئێران بۆ ئەوەی لەوێ کار بکا و هاوکات هەم زمانی فارسی فێر بێ و لەگەڵ زمانەکانی دیکەی ناوچە ناسیایی پەیدا بکات و هەم کاروباری کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو وڵاتانە و وردەکارییەکانیان بزانێ. ئینگلیزییەکان بۆ ئەوەی لە خەڵک نزیک بنەوە حەولیان دەدا لە باری کلتوورییەوە هاودڵی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە بکەن. بۆیە لە ساڵی هەزار و نۆسەد و پێنج دا مانستێرسۆن ڕا دەگەیێنێ کە ئایینی خۆی گۆڕیوە و ئایینی ئەو لە کریستیانەوە گۆڕدراوە بۆ موسوڵمان. هەر لەو ساڵەدا مەئموورییەتی پێ دەدرێ کە وەک گەشتیارێک بە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژاوای ئێران و ڕۆژهەڵاتی ئێراقدا ، کە دەبێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان، سەفەر بکات. میجەرسۆن یا مانستێرسۆن لە هەزار و نۆ سەد و حەوت دا دەست لە کاری بانک دەکێشێتەوە و وەک گەشتیار بە ناوچەکانی کوردستاندا دەگەڕێ. سەرەتا هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێ. لە گەڵ زاراوە جیاوازەکانی کوردی ئاشنا دەبێ. بە پێی ئەوەی بۆ خۆشی کەسێکی زمانناس بووە، زمانی کوردی و چەند زاراوەی ئەو زمانە بە باشی فێر دەبێ. لە ساڵی 1909 دا ئەو جار لە سیمای بازرگانێکی فارسی ئێرانیدا کە نێوی خۆی ناوە "غوڵامحوسێنی شیرازی" دەچێتە خاکی باشووری کوردستانەوە بۆ ئەوەی زانیاری لەمەڕ شار و شارۆچکە و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی باشووری کوردستان وە دەست بێنێ. یەکەم جێ کە غوڵامحوسێن شیرازی واتا میجەرسۆن دەچێ، شاری هەڵەبجەیە. لەوێ شەش مانگ لە ماڵی عوسمان پاشای جاف دەمێنێتەوە. دیارە لەو سەردەمەدا بەڕێوەبەراتیی هەڵەبجە و ئەو دیوەخانە گەورەیە بە دەست عادیلە خانم بوو. عادیلە خانم یەکێک لە ژنانی بەتوانای کوردە کە نێوی لە مێژوودا هەیە و وەک بەڕێوبەرێکی بەتوانا ناوی هاتووە.

عادیلە خانم دایکی دوو شاعیر و ڕۆشنبیری گەورە تاهیر بەگی جاف و ئەحمەد موختار بەگی جافە. سۆن وەک بازرگانی ئێرانی شەش مانگ لە ماڵی ئەوان دەمێنێتەوە. لە دیوەخانەکەیان کار دەکا. تا ئەوەی تاهیر بەگ ڕۆژێک کە قسەی لەگەڵ دەکا تێدەگا کە ئەو کەسە زمانی دایکی فارسی نییە و لەڕێی لەهجەکەیەوە دەزانێ دەبێ ئینگلیسی بێت. ئەو دەم سیمای ڕاستەقینەی ئاشکرا دەبێ. سۆن ئەوێ بە جێ دێڵێ. دواتر ئاکامی ئەو سەفەرانەی خۆی لە کتێبێکدا بە نێوی "گەشتێکی شاراوە بۆ میزۆپۆتامیا و کوردستان" دەنووسێ. لەو کتێبەدا وەکی باسمان کرد مەئموورییەتی خۆی کە ناسینی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی کوردستانە بە باشی باس دەکات. پێکهاتەکانی کوردستان باس دەکا. باسی چۆنیەتیی زمانی کوردی و شیوەی فێربوونی ئەو زمانە دەکا. تەنانەت چەندین کتێب بۆ فێرکاریی زمانی کوردی دەنووسێ و لە ئاکامدا لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەم واتە لە بەینی ساڵەکانی 1904 تا 1918 لەگەڵ سوپای بریتانیا دەگەڕێتەوە بۆ عێراق. دیسان لەوێ بەرنامە و پلانێکی دیکە بەڕێوە دەبا کە ئەو بەرنامە و پلانەی بەرنامەیەکی کەلتووری ڕۆشنبیرییە کە بەشیک لە ڕۆشنبیرانی کوردیش تێکەڵ کارەکەی دەکا. لە ساڵی 1918 تا ساڵی 1919 بە یارمەتیی شاعیری ناوداری ئەو سەردەمی کورد واتە "شوکری فەزلی" دەست دەکا بە دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی کوردی بە نێوی "تێگەیشتنی ڕاستی". واتە ئەفسەرێکی ئینگلیزی بە ناوی میجەرسۆن، دەبێتە سەرنووسەری ڕۆژنامەیەک بە نێوی تێگەیشتنی ڕاستی، کە بە زمانی کوردی چاپ دەبوو و شەست و حەوت ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە. دواتر لە ساڵی 1919 بۆ 1921 لە سەردەمی شۆڕشی شێخ مەحموودی نەمر دامانستێرسۆن هەر لە عێراق بووە. ساڵی 1921 دەگەڕێتەوە بۆ بریتانیا و پاش دوو ساڵ لە ساڵی 1923 دا کۆچی دوایی دەکا .

"تێگەیشتنی ڕاستی" کە چەند ژمارەی لە بەردەستدایە، ڕۆژنامەیەک بووە بە زمانی کوردی چاپ بووە. هەم ئیزنەکەی و هەم تێچووەکەی سوپای بریتانیا داوێتی. ئەو ڕۆژنامەیە لە باشووری کوردستان چاپ بووە. یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی تێگەیشتنی ڕاستی یەکی کانوونی دووەمی 1918 بڵاو بووەتەوە. لە ماوەی شەڕی جەهانیی یەکەمدا ئەو ڕۆژنامەیە بڵاو دەبووە و زۆر سەرنجی دەدا بە مێژووی کورد، زمانی کوردی، ئەدەبیاتی کوردی و لە پاڵ ئەوانەدا، هەواڵی رووداوەکانی شەڕی جیهانیی لە بەرژەوەندی بریتانیا دەنووسی.

KURDŞOP
543 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!