گودین تەپە شوێنەوارێکی گرینگی مێژوویی لە کرماشان

 

شنۆ ڕەسووڵی

 

لە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوێنەوارێکی گرینگی مێژوویی بە ناوی گودین تەپە هەڵکەوتووە. ئەو شوێنە تەنیا یەکێک لە چەندین شوێنەواری مێژوویی ئەو پارێزگایەیە. پارێزگای کرماشان لە مێژوودا جێگەوپێگەیەکی گرینگی هەبووە. بەهۆی ئەوەی ئەو پارێزگایە لە شوێنێکی ستراتیژیک هەڵکەوتووە هەمیشە لە ڕووداوە مێژووییەکاندا دەور و کاریگەریی تایبەتیی خۆی هەبووە.

ئەو پارێزگایە جیا لە شوێنەوارە مێژووییەکانی کە هەیەتی؛ چەندین شوێنەواری گرینگی سروشتی و دەستکردیشی هەیە. شوێنەوارە سروشتییەکانی وەک ئەشکەوتی ئاسنگەران، پڕاو و دوو ئەشکەوت تەنیا بەشێک لەو شوێنەوارە سروشتیانەن. هەروەها شوێنەواری دەستکردیشی وەک پردی مایەشت، پردی کوچە، پردی بێستوون و هتد هەیە کە هەموویان لە بواری مێژووییەوه گرینگن.

شوێنەواری مێژوویی گودین تەپە لە پارێزگای کرماشان لە یەک کیلۆمیتریی ڕۆژئاوای شاری گودین سەر بە شاری کەنگاوەر هەڵکەوتووە. ئەو شوێنەوارە مێژووییە ساڵی ١٩٦١ی زایینی دۆزراوەتەوە و لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٥ بۆ ١٩٧١ی زایینی لەلایەن دەستەیەکی کانادایی بە سەرۆکایەتیی کایلێر یانگ لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا. بەپێێ لێکۆڵینەوەکان هەر لەسەر گودین تەپە قەڵایەکیش دروست کراوە کە زۆر گرینگ بووە.

گرینگیی ئەو لێکۆڵینەوەیە لەوەدا بووە کە گودین تەپە شوێنی بازرگانیی بەردەکانی لاجوەردی بووە. (بەردی لاجوەردی جۆرێک بەردە کە ڕەنگەکەی شینە کە زیاتر لە کاری زێڕینگەریدا بۆ جوانکاریی بەکار دێت). بازرگانیی ئەو جۆرە بەردە لە نێوان ویلایەتی بەدەخشانی وڵاتی ئەفغانستان و شارستانییەتی میزۆپۆتامیادا بووە.

گودین تەپە خۆی بە پێنج توێ دابەش کراوە کە لێکۆڵینەوەکان لەسەر توێی یەکەم دەریخستووە مێژووەکەی بۆ ٥٠٠ هەتا ٢٣٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. بەڵام بە گشتی شوێنەوارناسانی مێژوویی دەڵێن مێژووی گودین تەپە بۆ زیاتر لە ٥٠٠٠ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

لەو شوێنەدا هەندێک شوێنەوار دۆزراتەوە کە بۆ سەردەمی دەسەڵاتداریی مادەکان دەگەڕێتەوە. لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا هەندێک ئەمبار دۆزراونەتەوە کە لەو ئەمبارانەدا جۆرەکانی کاشیی تێدابووە. بەشێک لەو کاشییانە نەقش و نیگاریان لەسەر بووە و هەندێکیشان ڕەنگی جوانیان هەبووە کە ناوازەن.

شوێنەوارناسەکان لە لێکۆڵینەوەکانیاندا بەو ئاکامە گەیشتن کە گودین تەپە شوێنێکی بازرگانی لە نێوان دەسەڵاتدارەکانی ئەو کات لە مێژوودا بووە. هەر لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا قەڵایەکی گەورەی سەردەمی مادەکانیش دۆزراوەتەوە. لە چوار دەوری ئەو قەڵایە بورجەک و دیوار دانراوە و لە نێو دیوارەکانیش شوێنی تایبەت بۆ تیرهاوێژیی لێ دروست کراوە. گرینگترین بەش لەو قەڵایە، هۆدەیەک هەبووە کە پێنج ڕیز ستوونی تێدا بووە. جۆری بیناسازیی ئەو هۆدەیە هەتا ڕادەیەک ئەندازەیی و جوان بووە کە مێعمارەکانی دیکە لە بیناسازیی بیناکانی دیکە کەڵکیان وەرگرتووە.

هەندێک لێکۆڵینەوەی کیمیایی کە لەسەر شوێنەوارەکانی ئەو شوێنە کراوە دەریخستووە کە ٣١٠٠ هەتا ٣٥٠٠ ساڵ پێش زایین بیرە لەو شوێنە بەرهەم هاتووە. سەرەڕای ئەوەی گودین تەپە شوێنەوارێکی زۆر گرینگە بەڵام هەتا ئێستاش نە تەنیا لە بواری لێکۆڵینەوەوە کاری لەسەر نەکراوە بەڵکوو لە بواری پاراستنیشی هیچ کارێکی بۆ نەکراوە. تەنانەت دەرووبەری ئەو شوێنە تەلبەند نەکراوە.

لە تەنیشت گودین تەپە زیارەتگایەک بە ناوی ئیمام زادە باقر و گۆڕستانێک هەڵکەوتووە کە بەهۆی بەرینبوونەوەی قەبرستانەکە زیانێکی زۆریش بەو شوێنەوارە مێژووییە گەیشتووە.

جیا لەو ئیمام زادە و گۆڕستانە؛ ئەو شوێنە مێژووییە بەهۆی داشۆرانی خۆڵ بە باران و ئاو خەریکە لەنێو دەچێت؛ بەڵام هیچ کەس و لایەنێک لە دەسەڵات خۆی لێ بەرپرسیار نازانێت. لەلایەکی دیکەوە لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات بە تایبەتی لە وەرزی بەهاردا بووەتەوە هۆی ئەوەی زیانێکی زۆر بەو شوێنە بگات.

 بۆ ناساندنی ئەو شوێنەوارەش کە له کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڵکەوتووە هیچ کارێک نەکراوە و تەنیا تابلۆیەک لەسەر جادەی کەنگاوەر بۆ تویسێرکان دانراوە.

KURDŞOP
432 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!