خانزادی سۆران؛ ئەو ژنەی حوکمڕانیی بەشێک لە کوردستانی دەکرد

- دیمەن ڕۆژهەڵات

 

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی گەلی کورد بدەینەوە چەندین کەسایەتیی نیشتمانپەروەر ژیانیان لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییی خاکی کوردستان داناوە کە یەکێک لەوانە، میری میرنشینی سۆران بەناوی خانزادی سۆران بووە کە فەرمانڕەواییی میرنشینی سۆرانی کردووە .

ئەو میرنشینە کوردییە لە ساڵی 1399ی زایینیدا لەسەر دەستی میر "کەڵۆس بەگ" دامەزراوە، میر کەڵۆس بەگ سەر بە بنەماڵەی سەلاحەددین ئەیووبی بووە و بنەچەی ئەو میرنشینە بۆ ئەو بنەماڵەیە دەگەڕێتەوە .ئەو میرنشینە بەهۆی بارودۆخی سەربازییەوە زۆر پایتەختی هەبووە بەڵام دوا پایتەختی ڕواندز بووە .

لە گرنگترین کارەکانی ئەو میرنشینە بریتی بوون لە :

١- دامەزراندنی لێژنەیەک بۆ ڕاپەڕاندنی کاری سەربازی .

٢- دانانی یاسای مەدەنی .

٣- پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ دروستکردنی قەڵا و پرد و شورا، هەروەها لێژنەیەک بۆ ڕاپەڕاندنی کاری بازرگانی .

٤- ئەو میرنشینە دراوی تایبەت بەخۆی هەبوو و لە هەموو ڕوویەکەوە لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەچوو .

٥- گرنگی درا بە لایەنی سەربازی، لە هێزی پیادە و چەک و تەقەمەنی و تۆپ و باڕووت.

٦- هەروەها چەندین یاسای دەرکرد بۆ ڕێگری لە تاوانکاری وەک دزی و تاڵانکردن و سەپاندنی سزا بەرانبەر بەم تاوانانە.

لە ماوەی فەرمانڕەوایی میرنشینی سۆراندا ٢٤ میر فەرمانڕەوایەتییان کردووە، کە یەکێک لەوانە میر خانزادی سۆران بوو .

ناوی تەواوی "خانزادی کچی شاقوڵی بەگی سولەیمان بەگی میر سەید بەگ"ە و خوشکی میر ئەحمەد بووە کە بەر لەوەی میر خانزاد فەرمانڕەواییی میرنشینی سۆران بکات، میر ئەحمەدی برای فەرمانڕەوای ئەو میرنشینە بووە. دوای ئەوەی میر ئەحمەدی برای میر خانزاد لە لایەن چەکدارێک بەناوی "لەشکری" لە بەغدا ژەهرخوارد کرا، خانزادی خوشکی میر ئەحمەد خۆی دەسەڵاتی گرتە دەست و سوێندی خوارد کە دڵسۆزی خاکەکەی بێت و بە دادگەری فەرمانڕەوایی ئەو میرنشینە بکات.

قەڵای خانزاد - شوێنی حوکمڕانیی خانزادی سۆران

 

میر خانزاد بە بیانوی خوازبێنی بۆ لەشکری کە بکوژی براکەی بوو، چووە شنگال و لەوێدا لەشکری و هەموو پیاوەکانی کوشت  و بەم شێوەیە تۆڵەی براکەی سەندەوە. میر خانزاد ئەو ژنە بوێر و چاونەترسە لەماوەی دەسەڵاتیدا هەموو کات هەوڵی ئەوە بوو ئارامی و سەقامگیری باڵ بەسەر میرنشینەکەیدا بکێشێت و خزمەتی گەورەی بە میرنشینەکەی کرد. ئەو لە ساڵی 1597دا چەندین قەڵا و مزگەوت و خوێندنگا و هتدی دروست کرد و زۆر پەرەی بە ئاوەدانکردن و بەرەو پێشبردنی میرنشینەکەی داوە .

خانزادە خاتوون، ژنێکی لێهاتوو و زیرەک بووە کە توانی لە سەردەمێکدا دەسەڵات بەدەست بهێنێت کە هیچ ژنێکی تر لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا ئەم کارەی نەکردبوو. خانزادی میر پێشەنگی ڕەتکردنەوەی ئەم هزرە بوو، کە پێیان وابوو ژن ناتوانێت سەرکردایەتیی وڵات بکات و وڵات بپارێزێت. ئەو سەلماندی کە ژن چۆن دەتوانێت ئەرکی خۆی بەڕێوە ببات و بەرەنگاری هەموو پیلان و تەڵەی دوژمنان ببێتەوە.

ئەو ژنە زیرەکە جگە لە بەڕێوەبردنی وڵات و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی ئابووری، لە هەمان کاتدا هەوڵی فراوانکردنی سنووری دەسەڵاتی خۆی دا و توانی چەندین ناوچەی گەورە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەوییەکان ڕزگار بکات و بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی میرنشینی سۆرانەوە.

لە مێژووی کورددا خانزادی سۆران تاکە ژنی بوێر و هەڵکەوتووی کورد نەبووە، بەڵکوو چەندین کەسایەتیی تری نیشتمانپەروەر و دڵسۆز بۆ خاک و وڵات هەڵکەوتوون و خانزادی سۆران یەکێک لە نموونە جوانەکانی مێژووی گەلی کوردە و هەموو کات شانازییان پێوە دەکرێت کە چەندین سەدە پێش ئێستا زۆر لەخۆبردووانە بە بێ گوێدان بە هیچ بنەما و پرەنسیپێکی مەزهەب، شانی خستە ژێر بەرپرسیاریەتیی گەورەی سەرکردایەتیی ئەو میرنشینە، ئەمەش لەکاتێکدابوو کە ئەوکاتیش و تا ڕادەیەک ئێستاش لەوانەیە ئەو کەسایەتییە ڕووبەڕووی دڵی ڕەشی کۆنەپەرستان دەبێتەوە. بەڵام میر خانزاد سەدان ساڵ لەمەوبەر بەهۆی بڕوابەخۆبوون و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بەرانبەر بە خاکەکەی، چووەتە مەیدان و ڕۆڵی گرنگی لە هەریەک لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و نیشتمانپەروەریدا گێڕاوە و ناوی چووەتە ناو مێژووی سەربەرزی و پر سەروەریی گەلی کورد.

KURDŞOP
1491 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!