ساڵیادی ڕزگارکردنی شاری کۆبانی و ڕۆژانی هیوا

 

ئاراس حسۆ

 

کۆبانی.. کا وەرە

سەرێ خوە دەینە سەر جۆنگا من

ئەزێ ژ تە رە…

سترانا دەروێشێ ئەڤدی ببێژم

وەرە… ئەزێ خوینا دلێ خوە

ب سەر رهانا ناڤێ تە دە برێژم!

"ئەحمەدی حوسێنی"

 

لە ٢٦ی مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥دا، پێکەنین و هیوا کەوتەوە سەر لێوی منداڵان و دایکان. ڕۆژێک کە ڕەمزی سەرکەوتنە بەسەر تاریکپەرستاندا. ڕۆژێک کە کۆبانی لەبەردەم دونیادا پێکەنی. ڕۆژێکی مێژوویی بوو بۆ کۆبانی و هەموو کوردستان. شارێکی قارەمان کە تێیدا چیرۆک ژیاوە و نووسراوە. لە ڕۆژێکی وادا، کۆبانی لە مۆتەکەی داعش ڕزگاری بوو. لە ڕۆژێکی وادا داعش شکستی هێنا و کورد لەسەر پێی خۆی مایەوە. کۆبانی کە عەرەبەکان پێیان دەگوت "عەینولعەرەب" و داعش پێی دەگوت "عەین ئیسلام"، بۆ هەتاهەتایە هەر بە کۆبانی مایەوە.

مێژوو شاهیدە. کۆبانی بە قەڵای بەرخۆدان ناسراوە. ڕۆژانی گەرمی پڕ لە "هەیەجان"، ڕۆژانێک کە ماڵ بە ماڵ، دیوار بە دیوار، گەڕەک بە گەڕەک، شەقام بە شەقام، شەڕی بوون و نەبوون دەکرا. بەرخۆدانی شەڕڤانان کە زۆربەیان ژن بوون، لە دژی داعش کە لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانەوە پاڵپشتی دەکرا و مەترسیی بۆ سەر جیهان دروست کردبوو، هەموو جیهانی سەرسام کردبوو. کۆبانی، یەکێکە لە یەکەمین شارەکان کە شۆڕشی ڕۆژاوای لە باوەش گرت. ئەم بەرخۆدانە مێژوویییە کە بە "ستالینگراد"یش ناو دەبرا، وای کرد زۆربەی جیهان پشتیوانی لە ئەم شارە بکەن.

لە هەموو ناوچەکانی جیهان و لە زۆرێک لە شارەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی، تورکیا و هەموو کوردستان، بۆ پشتیوانی لە کۆبانی ڕێپێوانی جەماوەری بەڕێوە چوو. لە نزیکەی ٥٧ وڵاتی جیهان پشتیوانی لە کۆبانی کرا. تەنانەت لە کابۆلی پایتەختی ئەفغانستانیش ژنان بۆ یەکەمجار بۆ پشتیوانی لە کۆبانی ڕێپێوانیان کرد.

داعش دوای بەدەستهێنانی چەکی قورس لە موسڵ، لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠١٤ بە هێزێکی زۆرەوە هێرشی کردە سەر کۆبانی. لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا زیاتر لە ٣٠٠ گوندی داگیر کرد. جگە لە بەرخۆدان و بەرگری، هیچ ڕێگایەک بۆ ئەو شەڕڤانانە نەمایەوە کە لە شاردا گەمارۆ درابوون. تێکۆشەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان سنووریان بەزاند و خۆیان گەیاندە ئەم شارە و هەتا شەهیدبوون بەرخۆدانیان کرد. بەرخۆدانی شەڕڤانانی "یەپەگە" و "یەپەژە" سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا ٧٠ لەسەدی ماڵی هاووڵاتییان تاڵان و وێران کران. نزیکەی ٧ هەزار کەس لە خەڵکەکەی بەرەو باکووری کوردستان و شارەکانی تورکیا کۆچیان کرد. ئەمە شەڕێکی سەخت و دژوار بوو؛ ژنان و منداڵان، دایکان و باوکان، هیوایان نەمابوو. ئەو کەسانەی کە کۆچیان کرد، هەمیشە چاویان لەسەر ڕێگای گەڕانەوە بۆ کۆبانی بوو.

لە ٦ی ئۆکتۆبەردا، هەزاران چەتەی داعش گەیشتنە دەوروبەری کۆبانی و شارەکەیان گەمارۆ دا. لە دیوی ڕۆژهەڵاتی شارەوە چوونە نێو کۆبانی و هەوڵیان دا ٤ شوێنی ستراتیژیی شارەکە بگرن؛ "گردی مشتەنوور، ناوەندی فەرهەنگ و هونەر، چوارگۆشەی ئەمنی و کانیی موشد". چەتەکان ٣ لەو شوێنانەیان گرت. بەڵام نەیانتوانی "کانیی موشد" بگرن و بوو بە قەڵای بەرخۆدان. هەر بۆیە ناوی "قەڵای دمدم"یان لەسەر نا. لەوێشەوە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەم شارە بچووکەدا دەستی پێ کرد هەتا سەرکەوتن.

هێرشەکانی چەتەکانی داعش بە سەختی بەردەوام بوون. بە هەموو هێز و چەکی قورس هەوڵیان دا کۆبانی داگیر بکەن. وێڕای ژمارەی کەمی شەڕڤانان، بەرخۆدانی مێژووییی ئەنجام دا و شارەکەیان بەجێ نەهێشت. ڕۆژی ٥ی تەشرینی یەکەم، شەڕڤانی یەپەژە، "ئارین میرکان"، لە گردی مشتەنوور چالاکییەکی فیداییی ئەنجام دا.

ئومێد و هیوای هەموو جیهان، بەرخۆدانی شەڕڤانانی کورد بوو. بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە شەڕڤانانی کورد، ئازادیخوازان و کوردان لە هەموو شارەکانی جیهان ڕژانە سەر شەقامەکان و پشتیوانییان لە بەرخۆدانی کۆبانی کرد.

هەر جارێک کە گەمارۆی سەر کۆبانی توندتر دەبووەوە، پشتیوانی لە شەڕڤانان زیاتر دەبووەوە. هەر بۆیە ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیخوازانی جیهان، ڕۆژی ١ی تەشرینی دووەم لێدوانێکیان دا و ئەو ڕۆژەیان وەک ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی لە کۆبانی ڕاگەیاند. لەو ڕۆژەدا لە سەرانسەری جیهان بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی کۆبانی چالاکی بەڕێوە چوو.

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ملیۆنان کەس لە ئایین، مەزهەب و نەتەوە جیاوازەکان، ئاڵای یەپەگە و یەپەژەیان هەڵ کرد و بۆ سڵاوکردن لە شاری کۆبانی ڕژانە دەرەوە. هەروەها داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەپەلە دەستێوەردان بکەن و پشتیوانی لە گەلی کورد بکەن. جگە لەوەش نزیکەی ١٥٠ پێشمەرگەی باشووری کوردستان بە بڕیاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی لە کۆبانی لە ٣١ی ئۆکتۆبەردا چوونە نێو ئەو شارەوە. هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە لەو کاتەدا لە بەرامبەر هێرشەکانی داعش بێدەنگ بوون، بە هێرشی ئاسمانی پشتیوانیی بەرخۆدانیان دەکرد. هەروەها کۆبانی بوو بە ناوەندێک کە هێزە کوردییەکان تێیدا کۆ کرانەوە و خوێنی شەڕڤانانی هەر چوار پارچەی کوردستان تێکەڵ بە ڕۆحی یەکڕیزی بوو.

پشتیوانی لە کۆبانی و بەرخۆدانی شەڕڤانانی کورد، لە سەرانسەری جیهان دەنگی دایەوە. چیتر هێز و دەوڵەتە سیاسییەکان نەیانتوانی لە بەرامبەر دڕندەییی چەتەکانی داعش بێدەنگ بن. شەڕڤانان بڕیاریان دا تا دوادڵۆپی خوێنیان بەرگری لە کۆبانی بکەن. لەو کاتەدا "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان"، سەرۆککۆماری تورکیا کە پشتیوانیی لە چەتەکان دەکرد، لە لێدوانەکانیدا لە ٧ی ئۆکتۆبەردا ڕایگەیاندبوو کە کۆبانی دەکەوێت. بەڵام خۆڕاگری و قوربانیدانی خەباتکارانی کورد، داستانی قارەمانانەی خوڵقاند و کۆبانی بوو بە "ستالینگراد"ی سەدە.

لە ڕۆژانی ٦، ٧ و ٨ی ئۆکتۆبەر لە تورکیا و باکووری کوردستان ڕێپێوانی جەماوەری دژی پشتیوانیی دەوڵەتی تورکیا لە چەتەکانی داعش بەڕێوە چوو. بە دەیان هاووڵڵاتیی مەدەنی بوونە قوربانی. هەزاران کورد بۆ پاڵپشتیکردنی شەڕڤانان و ڕێگریکردن لە پشتیوانییەکانی تورکیا بۆ داعش، ڕوویان لە سنوورەکانی نزیک کۆبانی لەسەر سنووری ڕۆژاوای کوردستان و باکووری کوردستان کرد و جەستەیان کردە قەڵغانی زیندوو.

ڕۆژی ٢٦ی ١ی ٢٠١٥، دوای ١٣٤ ڕۆژ بەرخۆدانی مێژوویی لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و خۆبەخشانی سەرتاسەری کوردستان و جیهان، کۆبانی لە چەتەکان پاک کرایەوە و سەرکەوتنەکەی بە فەرمی لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژەوە ڕاگەیەندرا. بێگومان تێچووی بەدەستهێنانی ئازادی قورس بوو، چونکە هەزاران خەباتکار شەهید و بریندار بوون. ئەو بەرخۆدانەی کە لە کۆبانی دەستی پێ کرد، بە هەموو ڕۆژاوادا بڵاو بووەوە. نووسەرانی جیهانی وەک "گێل لیمۆن" و "باتریس فرانشیسکی" و دەیان نووسەری دیکە، لەسەر بەرخۆدانی کۆبانی بە ناوی "کچانی کۆبانی و مردن بۆ کۆبانی"، نووسیویانە و دەیان فیلم و دێکیۆمێنتاریی لەسەر دروست کراوە. تۆمارکردنی ئەم بەرخۆدانەش بەمانە نەوەستاوە، هەروەها چەندین شیعر، چیرۆک و ڕۆمانیش پێشکەشی جیهان کراوە و هەتا ئێستاش بەردەوامە.

سەرچاوەکان:

- لە ماڵپەڕی کۆڤار، بە زمانی عەرەبی.

- لە ماڵپەڕی ڕۆز پرێس، ڕۆژی جیهانیی کۆبانی

- لە ماڵپەڕی سەدا (ڤەدەنگ)

- پارچە شیعرێک لە نووسینی ئەحمەدی حوسێنی

 

KURDŞOP
319 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!