زمان بەهێزترین ئامرازە بۆ داگیرکاری

ئەڤین ئازاد

 

"زمان مۆزەخانەی بەردبووی (فۆسیل) مەدەنییەت و ژیانە!"

ئەنتۆنی گرامشی

 

زمان بیرێکە کە مێژوو و کەلتووری نەتەوەیەکی تێدا تۆمار کراوە. بوونی ئەم هزرە دەبێتە هۆی خۆناسین و بوونی ناسنامەیەکی نەتەوەیی. چونکە زمان بۆ هەر نەتەوەیەک شتێکی بنەڕەتییە، دەبێتە گرینگترین و بەهێزترین ئامراز بۆ داگیرکردن. لەم بابەتەدا تیشک دەخەینە سەر بەکارهێنانی زمان وەک ئامرازێک.

داگیرکەران کە دەیانەوێت خۆیان بەسەر شوێنێکدا بسەپێنن، یەکەمجار بە ئامرازەکانی گوشار بوونی خۆیان وەک ترسێک لە دڵی نەتەوە بندەستەکاندا جێ دەکەنەوە و هەمیشە ئەو ترسە لە دڵی بندەستەکاندا زیندوو ڕادەگرن. ئەو ترسە بۆ خۆی وێنایەک دروست دەکات و ئەو وێنایەش وەک وێنەیەک هەمیشە لە مێشکی بندەستەکاندا زیندوو دەهێڵرێتەوە. ئەو وێنایەی کە لە مێشکی بندەستەکاندا دروستی دەکەن، وێنای سەردەستەکانە کە ئەو وێنایەش ئەوان وا نیشان دەدات کە "ئەوان سەرکەوتووترین و بەهێزترین و مەدەنیترینن و ئێمەش دەبێ وەک ئەوان بین". لە باکووری کوردستان دەوڵەتی تورک هەمیشە لە دەرفەتەکانی بەردەستی بۆ دروستکردنی ئەم وێنایە کەڵکی وەرگرتووە.

ئەم وێنەیە لە ١٨ی نیسانی ١٩٢٥ لە ڕۆژنامەی "جمهورییەت" (Cumhuriyet Gazetesi) بڵاو کراوەتەوە. لێرەدا مستەکە، هێمای دەوڵەتە و ئەوەی لەژێر مستەکەدا پان دەکرێتەوە، هێمای کوردە. مستەکە لە مرۆڤ گەورەترە و لە ئاسن دروست کراوە و نیشانەی بەهێزی و گەورەیییە. ئەم مستە ئاسنییە هەمیشە لە ساڵانی جیاواز و لە ڕۆژنامە جیاوازەکاندا بەکار هاتووە.

ئەم دوو وێنەیە لە ساڵی ١٩٣٧دا سەبارەت بە ڕاپەڕینی دێرسم لە ڕۆژنامەکاندا دەرکەوتن. لەم وێنانەدا دیسان هێمای دەستی دەوڵەت وەک هێزی دەوڵەت بەکار هێنراوە و "عیسمەت ئینۆنوو" وەک هێمای گەورەییی دەوڵەت گەورە کراوە و جلوبەرگەکانیشی هێمای مەدەنییەتن. لەم وێنانەدا کورد وەکو بچووک، هەژار و نامەدەنی پیشان دەدرێت و شاخەکانی کوردستانیش هێمای جوگرافیای کوردستانە کە داگیر کراوە.

وەک لەم وێنانەدا دیارە، دەوڵەتی تورک لە سەرەتادا زۆرترین ئامرازی گوشاری بەکار هێنا بۆ ئەوەی خۆی لە کوردستاندا جێگیر بکات و بەو ئامرازانەش ئامانجی دروستکردنی وێنایەکی هەبوو! ئەو وێنایەی کە دروست بوو، ئەمە بوو: "مەحاڵبوونی دوورخستنەوەی داگیرکەران لە کوردستان و بەهێزبوون و گەورەبوونی ئەوان". واتە ئەوەی لەم وێنانەدا دەیبینین، وەک ترس و باوەڕێک هاتووەتە نێو دڵ و مێشکی کوردانەوە. داگیرکەر بە گەیشتن بە دڵ و مێشکی گەلانی بندەست سەردەکەون و بەم شێوەیە هەژموونیی خۆیان دەسەپێنن. بەڵام بۆ مانەوەی داگیرکاری، تەنیا ئامرازەکانی گوشار بەس نین. جگە لە ئامرازەکانی گوشار، پێویستە ئامرازە ئایدیۆلۆژییەکانیش بەکار بهێنرێن. بەڵام بۆ ئەوەی بتوانرێت بە شێوەیەکی کارا ئەم ئامرازە ئایدیۆلۆژییانە بەکار بهێنرێن، پێویستە نەتەوەی بندەست لەو زمانەی کە داگیرکەر بەکاری دەهێنێت، تێبگات. لێرەدا "زمان" وەک ئامرازێکی داگیرکاری دەردەکەوێت.

دەوڵەتی تورکیا لە باکووری کوردستان لەپاڵ ئامرازەکانی گوشار (حکوومەت، فەرمانگەکان، سوپا، ئاسایش، دادگا و زیندانەکان و...)، زۆرترین گرینگیی بە ئامرازە ئایدیۆلۆژییەکان (پەرستگەکان، حیزبەکان، سەندیکاکان، کۆڕەکان، چاپخانە و قوتابخانەکان) داوە، چونکە لە ڕێگەی ئەم ئامرازە ئایدیۆلۆژییانەوە، ئاسمیلەکردنی نەتەوەیەک ئاسانترە. ئامانجی سەرەکیی کەڵکوەرگرتنیان لەم ئامرازە ئایدیۆلۆژییانە، نەهێشتنی زمانی کوردییە. چونکە بە بڕوای "Iain Chambers"، "لە واقیعدا زمان ئامرازێکی پەیوەندی نییە، پێش هەموو شتێک ئامرازێکی فەرهەنگسازییە کە ناسنامە و مانا بنیات دەنێت". واتە ئامانج بۆ کورد دیالۆگێکی مەدەنی نەبوو، ئامانج نەهێشتنی ناسنامەکانمان و کۆدە کۆمەڵایەتیەکانمان بوو. ئەم کۆدە کۆمەڵایەتییانە لە هەر کوردێکدا لە ڕێگەی زمانەوە شاراوەن.

"Ania Loomba" ڕوونی دەکاتەوە کە زمان بەرهەمی کردارەکانی قسەکەر نییە، بە پێچەوانەوە کاتێک کردە لە چوارچێوەی سیستەمی ڕێزمانیی پێناسەکراوی کۆمەڵگەدا قسەکانی پەروەردە بکات، ئەوا دەبێتە کردە.

بەپێی شیکاریی دەروونیی "لاکان"، زمان لە پێشەوەی کردەدایە. بە گوتەی "لاکان"، منداڵ لەبەردەم "ئاوێنە"دا هەست بە جیاوازیی خۆی لەگەڵ هەموو جیهان دەکات، بەڵام دوای بەکارهێنانی زمان، دەبێتە کردەیەک. بۆیە هەر وشەیەک بۆ شیکردنەوەی مێژوو و گەشەسەندنی هۆشیاری گرینگە. لەبەر ئەم هۆکارانە وشە و وێنا دوو شتی بنەڕەتین بۆ شیکردنەوەی مێژووی کۆلۆنیالیزم. ئەمەش بەو مانایەیە کە کۆلۆنیالیزم لە کوردستان بە بنبڕکردنی زمانی کوردی، هەر کوردێک وەک کردەیەک لەنێو دەبات. ئەو کەسە لە کردەبوون دەکەوێتە ئاستی ئۆبژەبوون. لە هەموو ناسنامە کۆمەڵایەتی و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دوور دەخرێتەوە و ئۆبژەیەکی پاتۆلۆژی دەردەکەوێت. ئەم ئۆبژەیە هەمیشە بە ئامرازە ئایدۆلۆژییەکانی دەوڵەتی تورک ئاراستە دەکرێت (هەر بۆیە زۆربەی ڕەگەزپەرستە تورکەکانی ئەمڕۆ لە تورکیا کەسانێکن کە ئاسمیلە کراون). لێرەدا لەگەڵ هەژموونیی دەوڵەتدا، "ڕەزامەندی"ی کۆمەڵگەی کوردیش لە ڕێگەی ئەو کەرەستە ئایدیۆلۆژییانەوە بنیات دەنرێت.

ئەم وێنەیە هی ڕۆژنامەیەکی تورکیی ساڵی ١٩٣٨ە و باس لەوە کراوە کە ئەوانەی زمانی تورکی نازانن، سزا دەدرێن. لێرەدا وەک ئامرازێکی ئایدیۆلۆژی (بەکارهێنانی چاپخانە) دەبینین یەکسەر سەپاندنی هەژموونیی دەوڵەت دەردەکەوێت.

ئەم وێنەیەش هی ساڵی ٢٠١٩یە کە لە نەورۆزدا ئاڵای تورکیا لەلایەن کوردەوە بەرز کراوەتەوە. لێرەدا لە ڕێگەی ئامرازە ئایدیۆلۆژییەکانەوە (بە کەڵکوەرگرتن لە حیزب و سەندیکاکان) بۆ بنیاتنانی "ڕەزامەندی"ی کۆمەڵگە، دەبینین کە ئاسیمیلاسیۆنی کورد گەیشتووەتە ئاستێک کە ناسنامەیان لەنێو چووە و تایپۆلۆژییەکی پاتۆلۆژیک سەری هەڵداوە. ئەم "ڕەزامەندییە" کە بنیات نراوە، ئەمڕۆ دەبێتە هۆکاری خۆکۆلۆنیالیزم. واتە لەو شوێنانەی دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی ئۆبژەکتیڤ نەماوە، بەم بەرنامە کۆلۆنیالیزمانە، گەیشتووەتە ڕۆحی کوردان کە کورد وەک ڕۆحێکی "پرۆتەز"* لەنێو ماڵەکانی خۆیانیشدا ئیتر زمانی تورکی بەکار دەهێنن. نامەوێت بڵێم بە تورکی قسە دەکەن. گوتم زمانی تورکی بەکار دەهێنن چونکە وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، زمان تەنیا ئامرازی پەیوەندی نییە! زمان بیرکردنەوەیە بۆ ئەمڕۆ، خەیاڵی داهاتوویە و پاشخانی مێژووی تۆمارکراوە و بزووتنەوەیەکە کە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە. بە واتایەکی تر بەکارهێنانی زمانی داگیرکەر، نەهێشتنی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی کوردە. بۆیە مێژووی کۆلۆنیالیزم لە کوردستاندا لە دوو چەمکدا شاراوەتەوە؛ وێنا و وشە!

Iain Chambers (2014). Göç, Kültür, Kimlik. rûpel 41.

Ania Loomba (2000). Kolonyalizm Postkolonyalizm, rûpel 57.

* وەک "ژیریی دەستکرد" کە شارۆ "گاریپ" ئەم وشەیە سەبارەت بە کورد بەکار دەهێنێت.

KURDŞOP
267 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!