گوندی شێران خاوەن مێژوویەکی دوورودرێژ

ئاراس حسۆ

 

ئێمە بە هەناسەیەک ئەو قووڵیی ڕۆحی مێژوو، فەرهەنگ و ڕەسەنایەتییەی کە لە یادەوەریی باب و باپیرانماندا ماونەتەوە، وەبیر دێنینەوە. لە گۆشە و قوژبنی یادەوەریی ئێمەدا، لە "پاشول"ی داپیرانی ئێمەدا و لە قووڵایی گردە بەرزە بە ئازارەکانماندا، چەندین شتی شاراوە و نەناسراو هەن. لەم بابەتەدا باسی گوندی شێران دەکەین کە مێژوویەکی دوورودرێژ و کۆنی هەیە.

"خدری هەبەشێ"، دەنگبێژی کۆبانی لە گوندی شێران، دەڵێت: "شێرانە گۆلا عەگید و مێرانە". شێران خاوەن ئاسەواری مێژوویییە و گڵکۆی "شێخ سرووجی" لەوێیە. شێران بە مەملەکەتی "حەداتۆ"ی مێژوویی ناسراوە کە بەناوبانگترین شوێنی ڕۆژاوای کوردستانە. هەروەها لە ڕابردوودا وەکوو ڕێڕەوێکی بازرگانی لەنێوان "هەران و گرێ سپی" بووە.

کاتێک مرۆڤ بەم گوندەدا تێدەپەڕێت، وەک تابڵۆیەک، بەرەوڕووی دوو شێری بەردین دەبێتەوە کە سیمبولی ئەم گوندەن و چیرۆکی هەزاران ساڵە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم شوێنە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. بەڵام ئەم دوو شێرە کە ئێستا لە دەربازگەی گوندەکەدان، شێری ساختەن، واتە هەردوکیان زۆری نەخایاند کە لەلایەن داگیرکەرانەوە دزران و ئێستا چیرۆکەکەیان دەگێڕینەوە. لەڕووی ناونانی گوندەکەوە، ناوی خۆی لەو دوو شێرە بەردینەوە وەرگرتووە. شێران گەورەترین گوندی شاری کۆبانییە و بەهۆی قەبارەکەیەوە بە شارۆچکەیەکی بەناوبانگ و دێرین لە دەشتی سرووج و ناوچەی کۆبانی ناسراوە. شێران ٧ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری کۆبانییەوە دوورە و لە ڕۆژاوای شێران، گوندی "هەلنج" و لە ڕۆژهەڵاتیشیەوە گوندی "تلێژب" هەڵکەوتوون. شێران ناوەکەی لە پەیکەری شێران و بەردی ڕەشی سەردەمی ئاشوورییەکان وەرگرتووە. خەڵکی گوندی شێران لە گوندەکانی دەشتی سرووج و کۆبانی نیشتەجێ بوون، وەک گوندەکانی: "کۆرپینگار، نۆردان، کولیلک، سێتەلپ، قەینتەر، هێژی، بیرمەل، ​​بیرەش، قەجەرا ژۆرین، قەجەرا ژێرین، بیرا بەکێ و چخور."

لەڕووی حەشیمەتەوە خەڵکی شێران سەداسەد کوردن و لە عەشیرەتەکانی "ئەلەدین و مەهفان" و لە ژێربەشەکانی ئەوان پێک دێن کە پێش شەڕی سووریا ژمارەیان زیاتر لە ١٥ هەزار کەس بووە، بەڵام ئێستا بەهۆی شەڕەوە، ژمارەی خەڵکی شێران کەمی کردووە.

مێژووی شێران بۆ ٢ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. لە سەردەمی ئاشوورییەکاندا ناوی "حەداتۆ" بووە. هەندێک لە مێژوونووسان و شارەزایانی شوێنەوارناسی دەڵێن، حەداتۆ یان شێران گەورەترین شاری ئاشووری بووە لەم ناوچەیەدا. لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا ناوی شێران "ئارسلانتاش" بووە کە بە واتای "شێری بەردین" دێت، حکوومەتی سووریاش لە ساڵانی کۆتاییدا ناوی نا "فرەزدەق". بەڵام بۆ کورد هەمیشە ناوەکەی بە شێران ماوەتەوە و هەمووان ئەم هەرێمە بە ناوی شێران ناو دەبەن. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە بواری داتا مێژووییەکان، چەندین سەرچاوەی جیاواز بە بەڵگەوە ئەم شوێنە مێژووییەمان بۆ ئاشکرا و ڕوون دەکەنەوە. یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکان کتێبێکە بە زمانی فەڕەنسی بە ناوی "ئاسرلانتاش" (شێرەکان) لە نووسینی سێ نووسەر بە ناوەکانی "پ تۆرۆ دانگان، ئا بارۆئا و گ دوسان دونانت" کە لە ساڵی ١٩٣١دا نووسراوە و ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن وەرگێڕی کورد، "ئەحمەد حەسەن" وەرگێڕدرایە سەر زمانی عەرەبی.

دانیشتووان، گەورەساڵان و بەساڵاچووانی گوندەکە باس لەوە دەکەن کە دیوارێک لە دەوری شێران هەبووە کە پانییەکەی ٤ مەتر بووە و بەرزییەکەی ٤ مەتر بووە. لە دەوروبەری گوندەکەدا ٣ دەروازە هەبوون و چەندین پەیکەری شێری بەردینی ڕەش هەبوون. شێران بە ئاسەوارەکانی خۆی وەک "قرمیت، ئەندیکە، پەیکەر و شێر و هەموو شتە کۆنەکان"، بەناوبانگە، بەڵام لەگەڵ هاتنی هەر فەرمانڕەوایەکی نوێ بەشێک لە ئاسەوارەکانی دزراون و بە تاڵان براون. خودی دەنگبێژ و زاربێژی بەناوبانگ، "خدر حەبەشێ"، شایەتحاڵی ئەوە بووە کە سەدان پارچەی ئەو شوێنانە لەلایەن حکوومەتی سووریا و چەندین شوێنی دیکەوە دزراون. ئەو ئەم بابەتەی لە ڕێگەی چیرۆکگێڕانەوەوە بۆ منداڵەکان و نەوەکانی دوای خۆی گێڕاوەتەوە.

ئێستا ئاسەوارەکانی شێران لە زۆرێک لە مۆزەخانەکانی شارە گەورەکانی جیهانن کە یەکێک لەو شوێنانە مۆزەخانەی ستەنبوڵە. هەروەها لە سەردەمی دەسەڵاتی فەڕەنسا بەسەر سووریادا، زۆرێک لە ئاسەوارە مێژووییەکان کە بە بەڵگەی ڕەسەنەوە مێژووی هەزاران ساڵەی گوندی شێران ئاشکرا دەکەن، ڕەوانەی مۆزەخانەی "لۆڤەر" لە پاریس کران کە هەتا ئێستاش لەوێدان.

لە ساڵی ١٩٢٨دا تیمێکی شوێنەوارناسیی فەڕەنسا بە سەرۆکایەتیی شوێنەوارناس "تۆرۆ تانکان"، لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر ئەو گوندە ئەنجام دا. لە سەردەمی حکوومەتی سووریادا زۆر شوێنی شێران ڕەوانەی مۆزەخانەی "حەلەب" کران و ئێستاش بەشێکی تایبەتی ئاسەواری شێران لەوێیە. هەروەها لە ساڵی ١٩٨٤دا دوو شێری بەردینی گەورە ڕەوانەی شاری "ڕەقە" کران و لە پارکی "ڕەشید" لە ناوەندی ئەو شارە دانران، بەڵام لەگەڵ پەلاماری هێزەکانی داعش، لەلایەن ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییەوە لەنێو بران. شێران کە پێشتر بە گوندێکی گەورە ناسرابوو، ئێستا بە گەشەکردنی بووەتە شارۆچکە.

KURDŞOP
605 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!