کۆماری کوردستان وەرچەرخانێک لە سیاسەتداریی کوردیدا

 

بێستوون کرماشان

 

 لە پاش شەڕی جیهانیی دووەم، وڵاتانی زلهێز و سەرکەوتووی شەڕ بە مەبەستی هەڵگرتنی بەشی خۆیان لەو شەڕە عالەمگیرە، کەوتنە ململانێ لەگەڵ یەک و حەولی چریان دا بۆ دابەشکردنی ئەو جیهانەی بڕیار بوو سیاسەت و پلان و نەخشەی نوێی بۆ دابڕێژن. یەکێک لەو وڵاتانەی بە درێژاییی سەدەی نۆزدە و سەدەی بیستەم، سەرنجی وڵاتانی وەک ئینگلستان و ڕووسیەی ڕاکێشابوو وڵاتی ئێران بوو. بە زۆر هۆ ئێران گرینگایەتییەکی زۆری بۆ ئیمپراتۆرییە گەورەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای جیهان هەبوو. هەم بوونی سەرچاوە نەوتییەکانی دەریای خەزەر یا کاسپیەن، هەم بوونی کەنداوی فارس/عەرەب و دەریای عومان و لەوێوە پەیوەندی لەگەڵ ئۆقیانووسی هیند، هەم بوونی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی نەوت  لە باشوور و باشووری ڕۆژئاوای ئێران و زۆر بابەتی دیکەش، هەموو لەو هۆکارانە بوون کە وڵاتی ئێرانی بۆ دوو زلهێزی وەک ڕووسیەو ئینگلیز گرینگ کردبوو.

 لە پاش دەستپێکردنی شەڕی جیهانی، ئێران بوو بە یەکێک لەو شوێنانەی دوو زلهێزی جیهانی تێیدا لەبەرانبەر یەک دا بوەستن و یاریی سیاسی و ئابووری خۆیان بکەن. هەرچەند لە سەردەمی شەڕی جیهانی دا ڕێژیمی پاشایەتیی ئێران بێ لایەنیی ڕاگەیاندبوو، بەڵام لە باکووری ئێرانەوە هێزەکانی ڕووسیا پێشڕەوییان کرد و لە باشووری ئێرانیشەوە هێزەکانی ئینگلستان و بەو شێوەیە باکووری ئێران کەوتە دەست هێزەکانی ڕووسیا و باشووری ئێران کەوتە دەست هێزەکانی ئینگلیز. بابەتی سەرنجڕاکێش ئەوەیە دەوڵەتی پەهلەوی کە بۆ سەرکوتی نەتەوەکانی ئێران دەستی باڵای هەبوو، لەبەرانبەر داگیرکرانی خاکی ئێراندا بە دەست ڕووسیا و ئینگلیسەوە هیچ دژکردەوەیەکی نەنواند و وەک ڕێژیمێکی بێ کیفایەت لە دوور ڕا جاوی لە وێرانبوونی ناوچە جوداکانی خۆی دەکرد.

لەو سەردەمەدا زۆربەی ناوچەکانی ئێران تووشی ئاژاوە و کێشەی قووڵی کۆمەڵایەتی بوون. لە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە باری جوگرافیاییەوە دەکەوتە ئەو بەشەی کە ڕووسیە دەسەڵاتی بە سەریدا هەبوو و بە تایبەت لە ناوچەی موکریان و شاری مهاباد، کۆمەڵێک ڕۆشنبیر، سیاسی و کەسایەتیی ناسیۆنالیست کەوتنە بیری ئەوەی لەو فەزایەدا شێوەیەکی خۆبەڕێوبەرایەتی دابمەزرێنن و کوردستان لەو دۆخی پشێوییە کە سەراسەری ئێرانی گرتبووەوە ڕزگار بکەن.

هەر بۆیە لە پێنج ساڵ بەر لە کۆماری کوردستانەوە، کۆمەڵەیەک بە ناوی "کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان" یا "کۆمەڵەی ژێکاف" دامەزرا کە تێیدا خوێندەواران و سیاسەتزانان و کەسانی لێهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵبەت سەرەتا کەسانی نەتەوەییی شارەکانی موکریان تێیدا بوون بە ئەندام و لەسەر کۆمەڵێک بابەت ڕێک کەوتن کە گرنگترینی ئەوانە پاراستنی نیشتمان، گرنگیدان بە زمانی کوردی، حەولدان بۆ یەکپارچەییی کوردان، ڕێککەوتن لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان و ... دەتوانین ناو بەرین. بەڵام هەرچی تەمەنی کۆمەڵەی ژێکاف بەرەو سەرتر چوو، توانایی سازماندان و ڕێکخستنی ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە پەرەی ستاند. ئەوان لە حەولی ئەوەدا بوون کە لە چوارچێوەی حیزبێکی سیاسیدا خۆ ببیننەوە. هەر بۆیە بە دامەزراندنی "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و دیاریکردنی "قازی محەممەد " وەک سکرتێری ئەو حیزبە، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دامەزرا و لە پاش ئەوە حەول درا هەموو چالاکە سیاسییەکانی کە لە ناوچەدا بە هەستی نەتەوەییەوە کار دەکەن، لەژێر چەتری حیزبی دیموکراتی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی پێشەوا "قازی محەممەد" کە هێز و توانای خۆیان لەو ڕێگایەدا بەکار بێنن و پلان بۆ شێوازی بەڕێوبردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابڕێژن.

 لە هەمان کاتدا لە ناوچەی ئازەربایجانیش، بزووتنەوەیەکی هاوشێوە کە پێشتر دەستی پێکردبوو، بە نێوی "فیرقەی ئازەربایجان" یا "ئازەربایجان فیرقەسی" چالاک بوو. ئەوانیش هەوڵیان دا کارێکی لەو شێوەیە لە ئازەربایجان بکەن. واتە ئازەربایجانییەکانیش دەیانویست بۆ داڕشتنەوەی کیانێکی خاوەن شوناسی تورکی چالاک بن. کیانێک کە شوناسی زمانی و نەتەوەییی خۆیانی پێوە دیار بێ و وڵاتی خۆیان لەژێر دەسەڵاتی هەزار ساڵەی فارسان دەربێنن و شوناسێکی نەتەوەییی خۆیانی پێ بدەن. هەر دوو هێز ئەو حەولەیان چڕ و پڕتر کرد. لە ساڵەکانی هەزار و سێسەد و بیست و سێ بۆ بیست و چوار هاوکارییەکانی ئەو دوو هێزە پتەو و هەماهەنگتر بوو.

تا ئەوەی لە دووی ڕێبەندانی ساڵی هەزار و سێسەد و بیست و چواری هەتاوی (1945ی زایینی)دا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ڕێبەرایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، لە مەیدانی چوارچرای مهاباد، دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردی بە نێوی کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند.

 کۆماری کوردستان بوو بە سەرەتای دەوڵەتداریی کورد لە سەدەی بیستەمدا. ئەزموونی کۆماری کوردستان ئەزموونێکی یەکجار دەوڵەمەند، ڕێکوپێک و دێموکرات بوو کە لە سەدەی ڕابردوودا توانیویێتی سەرچەشنێکی باش بێ بۆ هەموو ئەو هێزە کوردییانەی تا ئێستاش وەدووی بەدیهێنانی خەونەکانی کۆماری کوردستان دەکەون. ئەگەرچی تەمەنی کۆماری کوردستان زیاتر لە یازدە مانگی نەخایاند، بەڵام بە شایەدیی هەموو سەرچاوە مێژووییەکان، کۆماری کوردستان لە یازدە مانگەی تەمەنی خۆیدا توانی هەنگاوێکی یەکجار گەورە و گرینگ بۆ پتەوکردن بیری نەتەوەیی و موئەسەساتی سیاسی لە کوردستان هەڵبگرێ.

هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆر کەس لە سەر کۆماری کوردستان کتێب و بابەت بڵاو کەنەوە. لەنێو ئەوانەدا دەتوانین ئاماژە بە کەسانی وەک یارواند ئابراهامیان، جان فۆڕان، ئارچی باڵد ڕۆزوێڵت (کە برازای سەرکۆماری ئەو کاتی ئەمریکا بووە) بکەین. ئەوانە و زۆر نووسەری بیانی دیکە هەموویان ستایشی ئەزموونی کوردەکانیان لە کۆماری کوردستان کردووە و پێیان ئەزموونێکی سەرکەوتوو بووە لە حکوومەتداریدا.

ئەندامانی کابینەی کۆماری کوردستان بریتی بوون لە:

 سەرۆکوەزیران حاجی بابە شێخ

 وەزیری شەڕ حەمە حسێن خانی سەیفی قازی

 وەزیری ناوخۆ موحەممەد ئەمینی موعینی

 وەزیری ئابووری ئەحمەدی ئیلاهی

وەزیری پۆست و تێلگراف کەریمی ئەحمەدیان

 وەزیری فەرهەنگ مەنافی کەریمی

وەزیری تەبلیغات و بانگەشە سەدیقی حەیدەری

 وەزیری کار خەلیلی خوسرەوی

وەزیری بازرگانی و توجارەت حاجی مستەفا داودی

 وەزیری کشتوکاڵ مەحموودی وەلیزادە

 وەزیری ڕێگاوبان سمایل ئیخانیزادە

وەزیری بێهداری سەید محەممەدی ئەییووبیان

 وەزیری موشاویر و ڕاوێژکار عەبدوڕەحمانی ئیلخانیزادە

وەزیری داد مەلا حوسێنی مەجدی

دوای ئەوەی کۆماری کوردستان ڕادەگەیێندرێ، بەرە بەرە مانیفێستی ئەو کۆمارە بڵاو دەکرێتەوە. بەشێک لە بڕگە گرنگەکانی ڕاگەیاندراوی کۆمار ئەوانەن؛ زمانی کوردی دەکرێتە زمانی ڕاگەیاندن و خوێندن و ئیدارە، بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان دەدرێت بە مەبەستی چاودێریی دەوڵەت و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان بەڵام تەمەنی کورتی کۆمار مەودای جێبەجێکرانی ئەو بڕیارە نادات، هەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکانی خۆیان هەڵدەبژێردرێن، بڵاو کردنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی پەرە دەستێنێ، چاپخانە و ڕادیۆ لە مهاباد دادەمەزرێ، سیستەمی باج و ماڵیات بۆ دابینکردنی بودجەی حکوومەت ڕێک دەخرێ، خوێندنی مناڵان بە بێ جیاوازی لە نێوان کۆڕ و کچ دەکرێتە زۆرەملێ و قوتابخانە بۆ کەمینە نەتەوەییەکانی وەک جوولەکەکان بە زمانی خۆیان دەکرێتەوە. یەکێتی و برایەتیی لەگەڵ خەڵکی ئازەربایجان بە هۆی تێکەڵاوییەک کە لە هەندێک ناوچەی کوردستان هەیە ڕادەگەیێندرێ، یاسایەک دادەڕێژرێ کە بە یەک چەشن مامەڵە لەگەڵ هەموو چین و تۆێژەکان و لەگەڵ هەموو کەسایەتییەکان بکا.

 

KURDŞOP
339 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!