مزگەوتە سوورەی قەڵای مەریوان، بەڵگەیەکی مێژینەییی ئەم دەڤەرە

ئەنوەر کەریم سەعید

     یەکێک لەو مزگەوتە دێرین و بەناوبانگانەی کوردستان کە بە "دارولعیلم" ناسراوە و زۆر پیاوی بەناوبانگ و زانا و خواناسی کوردستان لە حوجرەکانیدا دەرسیان خوێندووە، "مزگەوتە سوورەی قەڵای مەریوان"ە کە بەڵگەیەکی مێژینەیی بوونی ئەم دەڤەرەیە.  قەڵای مەریوان یەکێک لەو شوێنەوارانەیە کە بەشێک لە مێژوومانی تێدا تۆمار کراوە. ئەم قەڵایە لە باشووری شاری مەریواندایە و لەسەر کێوێک ھەڵکەوتووە کە ١٦٠٠ میتر بەرزە و لە دەشتی مەریواندا بە سێ لووتکەی بەرزەوە وەک ئەسپێکی سەرکێش هەستاوەتە سەر پێ و چاوەدێریی ئەو دەشتە دەکات.

 مەریوان یەکێک لە شارە بەناوبانگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ٢٠ کیلۆمەتریی سنووری باشماخدایە. ھەندێک سەرچاوەی مێژوویی دەڵێن ئەم کێوە و قەڵای مەریوان سێ سەدە یەکێک لە ناوەندەکانی دەسەڵاتی بابان و ئەردەڵانەکان بووە. ئەم کێوە پێشتر قەڵاشار بووە و لە کۆندا حەشیمەتێکی زۆر تێیدا ژیاوە. لە هەندێک کتێبی مێژووییدا بەم کێوە وتراو "سێ لووتکە" و زۆر سەرچاوەش بەهۆی ئەوەی قەڵای دێرینی مەریوان لەسەری هەڵکەوتووە پێیان گوتووە: "قەڵای مەریوان". ئاپۆڕای خەڵکیش لەبەر ئەوەی گڵکۆی پیاوچاک و زاهید، "ئیمام ئەحمەدی ئەنبار"ی لێیە پێ دەڵێن: کێوی "ئیمام".

     ناوی کێوی ئیمام لە ناوی (ئیمام شیخ احمد ابن الانبار النعیمی) وەرگیراوە کە لە سەدەی ھەشتەمی کۆچیدا لە لایەن میرحەمزەی بابانەوە کراوە بە ئیمامی جومعە و جەماعەتی مزگەوتە سوورە کە ھەر لەو سەردەمەدا لە‌گەڵ دروستکردنی قەڵای مەریواندا لە لایەن ئەمیرحەمزەی بابانەوە فەرمانی دروستکردنی دراوە. پاش ئەوەی "ئیمام ئەحمەد" کۆچی دوایی دەکات لە گۆڕستانی تەنیشت قەڵاکە بە خاکی دەسپێرن و تاکوو ئەمڕۆ بووە بە شوێنی زیارەتی زیارەتکاران.

     سەید عبدولسەمەدی توواری لە کتێبی (نور الانوار)‌دا لەو بارەیەوە دەڵێ: ئەمیر حەمزەی بابان شۆڕشێکی بەرپا کرد و کەوتە شەڕ و شارەکانی "دیاربەکر" و "حەلەب"ی گرت و تورک و عەرەبەکانیش بەھێزێکی زۆرەوە لە‌گەڵی دەکەونە شەڕ بەڵام ھیچیان پێ ناکرێ تا لە ئاکامدا دەکەونە فێڵکردن و حەمدون بەگ، سەرلەشکەری سپای ئەمیر حەمزەی بابان، بە پارەیەکی کەم دەخەڵەتێنن و خۆی و سپاکەی دەدات بە دەستەوە. ئەمیرحەمزە کە تەنیا دەکەوێت ناچار دەبێت لە گەڵ ھەندێ لە فەرماندەکانیدا ھەڵێ و لە ناوچەی مەریوان لە سەر کێوی سێ قوللـە [ لووتکە] بگیرسێتەوە. پاش موستەقەڕبوون دەکەوێتە کۆکردنەوەی ھێز بۆ سپاکەی. ھەروەھا لەسەر ئەو کێوە و لووتکەکانی چەن قەڵا ساز دەکات و شوورا و دژێکی قایم و پتەوپێک دێنێ.

    میرحەمزەی بابان لە نێو قەڵاکە و لە نێوان لووتکەکاندا مزگەوتێک درووست دەکات و "شێخ ئەحمەدی ئەنبار" وەک ئیمامی جومعە و جەماعەتی ئەو مزگەوتە دیاری‌دەکات، دانیشمەندی پایەبەرز "سەید ئیبراھیم بەرزنجی"یش، ناسراو بە «کابل» دەکات بە مامۆستا و مودەڕیسی وانەکانی حوجرەی مزگەوتەسوورە. کابل لە ساڵی ٨٢٣ ی کۆچیدا کۆچی دوایی دەکات. ئەمیرحەمزە پاش دوو ساڵ بە لەشکرێکی تازە و تەیارەوە شەڕ دەس پێدەکاتەوە و ھەتا ناوچەی "بەعقوبە" داگیر دەکاتەوە، بەڵام لەوێدا لە لایەن خائینەکانەوە ژارخوارد دەکرێ و دەکوژرێت(تووداری، ١٩٧٠: ٤٣ )١.

     مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەڕس لە "بنەماڵەی زانیاران"دا سەبارەت بە میرحەمزە و بنەماڵەکەیان دەڵێ: «حکوومەتی ئەم بابانانە پێش لە دەسەڵاتداریی بابانەکانی قەڵاچوالان بووە و لە مێژووی شەشسەی کۆچی بەرەوژوور ناویان هەیە.... لە میرانی ئەم بابانانە ئەتوانین ئاماژە بە ناوی میرعەبدولکەریم، میرئەحمەد‌، میرسەعدوڵڵا بکەین. کتێبی (تذکره الاجناد فی محاربه الاتراک والاکراد) بەباشی باسی ئەم ناوانە دەکات» (مودەڕس، ١٣٩٨: ٢١٢)٢ .

     مزگەوتی نێوان قەڵاکان لە لایەن ئەمیرحەمزەی بابانەوە لە سەدەی ھەشتەمی کۆچیدا بنیاد نراوە. دیواری ڕووکاری دەرەوەی مزگەوت بە خشتێکی برژاوی سووری چوارگۆشە درووست کراوە کە ئەمە بووە بە ھۆی ئەوەی بە مزگەوتەسوورە ناو دەربکات. ئەم مزگەوتە و حوجرەکانی دواتر ڕەونەقی پەیدا کرد و بوو بە یەکێک لە دارولعیلمەکانی کوردستان و دەیان زانای ئایینی بە ناوبانگ لەوێ پەروردە کران. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین ساڵی ٢٠١٥ی زایینی تیمێکی شوێنەوارناسی بە سەرپەرەستیی دوکتۆر کەریمیان، سەرۆکی بەشی شوێنەوارناسیی زانکۆی تاران، بە هاوڕێیەتیی دوکتۆر مەعسوومیان، پسپۆڕی شوێنەوار، ماوەی چەند مانگ لەو کێوەی کە قەڵای مەریوان و مزگەوتە سوورەی تێدایە، بە شێوەیەکی زانستییانە گەڕان و پشکنینیان تێدا کرد و بە ماندووبوونێکی زۆر دیوارەکانی مزگەوت و حوجرەی فەقێکانیان لە ژێر داروپەردووی مزگەوتەکەدا دەرهێنا. وارش و داڕووخاوەکانی دەوروپشتی مزگەوتەکە پڕە لە خشت و ئاجۆری سووری چوار گۆشە. پاش ئەو پشکنین و دەرخستنەی شوێنەوارەکانی مزگەوتەسوورە بڕیار بوو لە لایەن ناوەندە ئیدارییەکانی حکوومەت و فەرمانگەی پاراستنی شوێنەوارەکانەوە بوودجەی بۆ دیاری بکرێت و بەشێوەیەکی فەرمی بیپارێزن، بەڵام ئێستا بەرەڵا کراوە و هەموو کەس دەتوانێت خەساری پێ بگەیەنێت. لەوانەیە ڕووکاری دەرەوەی بینای مزگەوتەکە بەم خشتە سوورانە دروست کراوە بۆیە پێی وتراوە مزگەوتە سوورە. بە وتەی دوکتۆر مەعسوومیان مزگەوتەکە بەهۆی بوومەلەرزەوە ڕووخاوە و هەبوونی ئێسک و پرووسکی مردووییەک لە ژێر داروپەردووەکەیدا پیشانی دەدات کە لە کاتی بوومەلەرزەکەدا مزگەوتەکە ئاوەدان بووە.

     مامۆستا مەلا کەریمی مودەڕیس لە "بنەماڵەی زانیاران"دا سەبارەت بەو مزگەوتە دەنووسێ: کاتێک ھەڵۆ خان بوو بە دەسەڵاتدار و والیی کوردستان و ناوەندی دەسەڵاتی لە قەڵای مەریوان بوو، فەرمانی دەسکاریکردن و سەرلە‌نوێ دروستکردنەوەی مزگەوتی قەڵای ‌دا و مەلا ئەبووبەکر ناسراو بە "موسەنیفی چۆڕی"ی (کە تازە لە مەدینە گەڕابووەوە) دەعوەت کرد و کردی بە مودەڕیس و مامۆستای پێگەیاندنی قوتابیانی مزگەوتە سوورە. پاش تەواوکردنی تەعمیری مزگەوت ھەڵۆخان فەرمانی‌دا ئەم تاکە شیعرە لەسەر بەرد بنووسن و لە سەر مێحرابی مزگەوتە سوورە داکوتن: (مسجد عالی ھەڵۆخانی ـ حیفش این است می‌شود فانی) کە گوایە ئەم بەیتە بە پیتی ئەبجەد ساڵی تەواو‌بوونی تەعمیری مزگەوتی دیاری کردوە(مودەڕس، ١٩٨٤، ٤٩٧)٢.

     مزگەوتە سوورە لەو سەردەمەدا بە فۆرمی میعماریی سەفەوی سەرلە‌نوێ ساز کراوەتەوە. لەو کاتەدا بەتایبەت خانوو و بینا گرنگەکان بە بەرد، خشتی سووری چوار گۆشە و ساروج کە مەلاتێکە لە گڵەسوورە و ئاھەک و تۆویی هەندێک گژوگیا دەگیرایەوە، دروست دەکران؛ مزگەوتە سوورەش بەم مەساڵحە دروست کراوە و لەوانەیە شێواز و نەخشەی مزگەوتە سوورەی مەریوانیش وەک مزگەوتی سووری مھاباد و مزگەوتی مێژوویی حەمامیانی بۆکان بوو‌بێت.

     مزگەوتە سوورە و ماڵەکانی شارەدێی قەڵای مەریوان و بینا حکوومەتی و سەربازییەکانی تا ساڵی ١٠٦٦ ی  کۆچی ئاوەدان بوون بەڵام لەو ساڵەدا بە فەرمانی "سلێمان خان" والیی میرنشینی ئەردەڵان کە دۆست و ھاوپەیمانی " شا سەفی سەفەوی " پادشای سەفەوییەی ئێران بوو، ھاوکات لە گەڵ قەڵاکانی" زەڵم"، "پاڵنگان" و "حەسەن ئاوا"دا وێران کران و خەڵکەکەشیان بە زۆر کۆچ پێکرد.

ژێدەر:

١- توداری، سید عبدالصمد ( ١٩٧٠ ز)، چمکێکی مێژووی مەریوان و هەورامان، محەممەدی مەلاکەریم، بەغدا، چاپخانەی (سلمان العظمی).

٢- مودەڕیس، مەلاعەبدولکەریم (١٣٩٨ ش)، بنەماڵەی زانیاران، تهران، آنا.

٣- مودەڕس، عەبدولکەریم ( ١٩٨٤ ز) ، بنەماڵەی زانیاران، بەغدا، چاپخانەی شەفیق.

KURDŞOP
446 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!