دیمەنێک لە "کۆلۆنیالیزم" لە باکووری کوردستان

ئەڤین ئازاد

 

مێژووی مرۆڤایەتی لەسەر خۆناسین و ڕەتکردنەوە یان قەبووڵکردنی "ئەوانی دیکە" پراکتیزە کراوە. لە خۆناسیندا سێ کارتێکەری گرینگ دێنە پێشەوە: زمان، کەلتوور و جوگرافیا. هەروەها لە ڕەتکردنەوە یان قەبووڵکردنی ئەوانی تردا ئەم سێ کارتێکەرە دەردەکەون. ئەمڕۆ ئەو بەرنامانەی کە لە دژی کورد بەڕێوە دەبرێن، لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەو سێ بنەمایەن. زمان، کەلتوور و جوگرافیا سێ بنەمای تێکەڵن و ئەم تێکەڵبوونە کاراکتری نەتەوەیەک دەردەخەن. واتە ڕەتکردنەوە و هێرشکردنە سەر ئەو سێ بنەمایە، بە واتای لەنێوبردنی ئەو نەتەوەیەیە.

لە باکووری کوردستان هەوڵی دەوڵەتی تورک ئەوەیە کە بە ڕەتکردنەوەی ئەو سێ بنەمایە، واقیعی نەتەوەی کورد بسڕێتەوە. لەو پلان و پڕۆژانەی کە ئامادە کراون، گرینگییەکی تایبەت بەو سێ بنەمایە دراوە. لە سەرەتای کۆماری تورکیادا، ئەو پڕۆژانەی بۆ کورد ئامادە کران، پڕۆژەی درێژخایەنن. ئەمڕۆش دەرئەنجامی ئەو پڕۆژانە لە پراکتیک و کاردانەوەکانی کورددا دەبینرێت. یەکێک لەو پڕۆژە گرینگانە، "پلانی چاکسازیی ڕۆژهەڵاتە" (Şark Islahat Planı). لەو ڕاپۆرتەدا دەستێوەردان لە دێمۆگرافیای کوردان و زمانی کوردی، دوو خاڵی گرینگن. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "پێویستە ماڵباتە گەورەکان لە کوردستان دوور بخرێنەوە و لە تورکیادا بڵاوەیان پێ بکرێت، هەروەها تورکەکانی دانیشتووی وڵاتانی جیاواز لە شوێنە چۆڵەکان نیشتەجێ بکرێن." یەکێک لەو شارە کوردییانە "خارپێت"ە کە ئەمڕۆ لە ڕووی کوردبوونەوە لە دۆخێکی خراپدایە. هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە یەکێکە لە پڕۆژەکانی گۆڕینی دێمۆگرافیای کوردانە.

ئەم بەڵگەنامەیە لە ١٤ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٣٤ بڵاو کراوەتەوە. وەک لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، لەو کاتەدا تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا ٢٤٥٣ تورک لە ڕۆمانیا هێنراون و لە خارپێت نیشتەجێ کراون. گۆڕینی ئەم دێمۆگرافیایە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە زمان و کەلتووری ئەو ناوچەیە و ئەم گۆڕانکارییانە گۆڕانکارییەک لە جوگرافیاشدا دێننە ئاراوە، واتە لە خاکی کوردستان دووریان دەخاتەوە و وردەوردە هەموو شارە کوردییەکان لە کورد دەشۆردرێنەوە. بەڵگەش ئەوەیە کە دەتوانن بڵێن خەڵکی ئەوێ بە زمان و چاندی خۆیان، تورکن.

دیسان لە ڕاپۆرتەکانی "پلانی چاکسازیی ڕۆژهەڵات"دا، بە مەبەستی بنبڕکردنی زمانی کوردی لە هەموو بوارێکدا و لە دامودەزگاکان، قسەکردن بەدەر لە زمانی تورکی قەدەغە کراوە و سزای بۆ دانراوە و دیاری کراوە کە ئەو کوردانەی فەرمانبەرن، ناتوانن لە کوردستان کار بکەن. هەروەها باس لەوەش کراوە کە خەوتنگەی منداڵان، بە تایبەت بۆ کچان، بکرێتەوە. لەو پڕۆژانەدا دەبینین کە گرینگییەکی تایبەت بە کچانی کورد دراوە. ئەوان هەوڵیان داوە کچانی کورد بهێننە نێو سیستەمی پەروەردەوە. "لویس ئاڵتۆسەر"، مارکسیستی فەڕەنسی، سیستەمی پەروەردە بە یەکێک لە ئامرازە ئایدۆلۆژییەکانی دەوڵەت پێناسە دەکات. ئەم ئامرازە بۆ سەرکەوتن و گەشەکردنی تاک یان کۆمەڵگە بەکار نایەت، بەڵکوو بۆ جێبەجێکردنی "ئایدۆلۆژیای فەرمی" لە کۆمەڵگەدا بەکار دێت. ئەم ئامرازە ئایدۆلۆژییانەی دەوڵەت ئێستاش بەهێزترین چەکن بۆ ئاسمیلەکردنی کورد.

لەو دوو وێنەیەدا چیرۆکی تەنیا یەکێک لەو کچە کوردانە دەبینرێت کە هەر لە منداڵییەوە بۆ پەروەردەکردن بە زۆر لە بنەماڵەکەی سەندراوە و لە بەشەناوخۆییەکان پەروەردە کراوە و لە ئەنجامدا ئاسمیلە کراوە. ئەم وێنە و هەواڵە وەک سەرکەوتنی پڕۆژەیەک و وەک شانازی بە ئەنجامی ئەو کارانە خراوەتە نێو هەواڵەکانەوە و ئەم کچەش خەڵکی خارپێتە. لێرەشدا دیسانەوە بە تایبەتی باس لەوە کراوە کە "کچێکی تورک کە بە ڕەوانی بە زمانی تورکی قسە دەکات". هەروەها دوای ئەم ڕاهێنانە ئایدیۆلۆژییە وەک بەرپرسێک ڕەوانەی گوندەکەی خۆی کراوەتەوە. لە دەرئەنجامی ئەو وێنانەدا دەبینرێت کە مانای سیستەمی پەروەردە بۆ گەلانی باڵادەست و نەتەوە ژێردەستەکان جیاوازە. پەروەردە بۆ گەلانی باڵادەست دەبێتە هۆی پێشکەوتن، لە کاتێکدا بۆ گەلانی ژێردەست دەبێتە هۆی ئاسمیلەکردن.

ئەو بەرنامەیەی کە دەوڵەتی تورک بەڕێوەی بردووە (و ئێستاش بەردەوامە)، بەرنامەی کۆلۆنیزاسیۆنە. هەروەها لە بەڵگەنامەکانیاندا هاتووە کە کوردستان بە بەرنامەی "mistemleke" بەڕێوە بچێت. یەکێک لەو ڕاپۆرتانە لە ساڵی ١٩٣١ لەلایەن "فەوزی چاکماک"ەوە ئامادە کراوە کە ئەوکات فەرماندەی سەربازیی کۆماری تورکیا بووە. لە ڕاپۆرتەکەیدا کە بە تایبەتی بۆ دێرسم ئامادەی کردووە، دەڵێت: "ئەو بەرپرسانەی بە ڕەچەڵەک کوردن، لەو ناوچەیە دوور بخرێنەوە. ئەو ئەفسەرە ئایدیالیستانەی کە بەباشی ڕاهێنراون، ڕەوانەی دێرسم بکرێن. پێویستە لە بەڕێوەبردنی mistemleke دەسەڵات بدرێتە بەرپرسانی پلە باڵا." لە ئەنجامی ئەو بەرنامەیەی کە لە دێرسمیش بەڕێوە چوو، کچانی دێرسم لەوێ وەرگیران و لە پەیمانگای کچانی خارپێت دانران.

لە ئەنجامی ئەو ڕاپۆرتانەشدا دەبینرێت کە ئەو بەرنامەیەی لە باکووری کوردستان جێبەجێ دەکرێت، بەرنامەیەکی چەوساندنەوەیە. ئەم ڕاپۆرتانە تەنیا بەشێکن لەو بەرنامانە. سیستەمی mistemleke گرینگییەکی تایبەتی بە زمان، کەلتوور و جوگرافیا داوە. گرینگیی زمان و فەرهەنگ لە ڕێگەی گۆڕینی ژنانی کوردەوە خۆی دەردەخات. گۆڕانی ژنانی کورد، کۆمەڵگەیەکی ئاسمیلەکراو و گۆڕانکاری لە دێمۆگرافیا و جوگرافیا لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. بۆ نموونه گرینگیی بەرنامەی mistemleke لەسەر خارپێت، بۆ خۆی گۆڕانکارییه‌کی وای به‌دوای خۆیدا هێناوه که ئه‌نجامەکەی لە ئەمڕۆشدا دەبینرێت. بێگومان ئەم دۆخە لەمڕۆدا لە زۆرێک لە شارەکانی باکووری کوردستان دۆخێکی هاوشێوەیە.

زمان بۆ نەتەوە هێمای مان و نەمانە. لەنێوبردنی ئەو زمانە، لەنێوبردنی مێژوو، کەلتوور و هونەر و هتدی سەر بەو نەتەوەیەیە. ئەم چالاکییانەی دەوڵەتی تورک، چالاکیی بەردەوامن و ئامانجی لەنێوبردنی یادەوەریی مێژوویی، هاوکات لەگەڵ لەنێوبردنی زمانە.

سەرچاوەکان:

https://www.bernamegeh.com/sark-islahat-plani-ve-raporu/

Bitlisname.com

https://www.bernamegeh.com/sark-islahat-plani-ve-raporu/

Güllistan Yarkın, “İnkar Edilen Hakikat Sömürge Kuzey Kürdistan”, Kürt Araştırmaları Dergisi, 2019, r.6

Güllistan Yarkın, “İnkar Edilen Hakikat Sömürge Kuzey Kürdistan”, Kürt Araştırmaları Dergisi, 2019, r.11

 

KURDŞOP
493 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!