ئەو کەسەی لە گۆڕ گەڕاوە - ئەنفال شێوەی بێ وێنەی ژێنۆساید لە کوردستان

دیاکۆ شاسواری

 

 شێوەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کارەساتەکان، لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە، لە کەلتوورێک بۆ کەلتوورێکی دیکە و لە جوگرافیایەکەوە بۆ جوگرافیایەکی دیکە جیاوازیی زۆریان هەیە. کارەساتی ئەنفال و ئەو زنجیرە کارەساتانەی پێش ئەنفال و دوای ئەنفال لە باشووری کوردستان کران، ئەوەندە هەژێنەر و دڵتەزێن بوون کە دەکرا سیاسییەکانی کورد دوای ئەوەی دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت و فەرهەنگ پەروەران و نووسەرانی کورد، ئەو کارەساتە گەورەیە بکەنە هەوێنی سەدان باسی سیاسی و بەرهەمی ئەدەبی و هونەری؛ بەڵام تا ئێستاش ئەنفال وەک وشەیەکی سواو و دووپاتە بوو لە ڕاگەیەنە کوردییەکاندا بەکار دەهێنرێ. بە شێوەیەک کە ئێستا دەبینین بە پێی قسەی بەشێکی زۆر لەوانەی لەسەر بارودۆخی ئێستای کورد دەدوێن، تاکی کورد ئەو ڕووداوە کارەساتبارەی بۆ ئاسایی بووەتەوە. لەحاڵێک دا هیچ نەتەوەیەک نابێ کارەساتی لەو شێوەیە لە بیر بەرێتەوە، بەڵکوو دەبێ لە پلانە پەروەردەیی و هونەری و کەلتوورییەکانی خۆیدا جێگای شیاویان بۆ بکاتەوە؛ بۆ ئەوەی جیلی نوێ ئەو بارستا گەورەیەی ژانی نەتەوەیی لە بیر نەبەنەوە و لە لایەکی دیکەشەوە، پێش بە ڕوودانی کارەساتی هاوشیوەی بگیرێ. کارەساتێک کە هەم کورد و هەم مرۆڤایەتی تێێدا ئازاریان پێ گەیشت.  

لە کۆمەڵناسیدا دوو زاراوە هەن بە ناوەکانی "کۆمەڵگای قوڵینگی" و "کۆمەڵگای کورت ماوە". هەر دووکی ئەو زاراوانە ئاماژە بە چەشنێک کۆمەڵگا دەکەن. هەڵبەت بە هەندێک جیاوازییەوە. لە کۆمەڵگای یەکەم دا واتە کۆمەڵگای قوڵینگی هەموو شت هەر لەسەر بنەما و پێوانە کێشانەکانی پێشوویە و زوو زووش هەوڵ دەدرێ ئەو بنەمایانە لە بیر بچێتەوە و سەر لەنوێ و بی ئەوەی لە ئەزموونەکانی دیکە کەڵک وەرگیرابێ و ئەزموونێکی نامۆی دیکە دێتەوە ئاراوە. بۆیەش کۆمەڵگای کورت ماوەشە و هەموو پلانەکانی بۆ بیست تا سی ساڵن و بۆ دوای ئەو بەرنامەیەک لە ئارادا نییە.

کۆمەڵگای سەرکەتوو کۆمەڵگایەکە پلانی درێژ خایەنی لەهەموو بواراەکان دا هەبێ. کورد ئەگەر کورت ماوە نەبا نەدەبوو بە سی ساڵ ئەنفالیک کە هەموو دیاردەیەکی ژیانی کردە ئامانج، بۆ خەڵکی ئاسایی بێتەوە و ساڵانە وەک عادەتێک ناوێکی لێ زیندوو کەنەوە و هیچی دیکە نا. بە واتایەکی دیکە دەبێ بگوترێ ئەو کارەساتە هێند دژە مرۆڤانایە، کورد دەبێ بەردەوام لە بیری بێ و بە چاوی جیهان و دوژمنانی خۆیدا بداتەوە و لە لایەکی دیکەوە ئەو کارەساتە پتانسیەل و وزەی ئەوەی هەبوو و هەیە  کە ئینسانی کورد بیکاتە بەڵگەیەک بۆ ڕەوایی بۆ بەربەرەکانێ و شۆڕش و ئازادیخوازی و تەنانەت بەڵگەیەک بۆ داواکاریی سەربەخۆییی خۆی. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ تا ئێستا نە سیاسیی کورد توانیویانە ئەو کارە بکەن، نە هونەرمەندانی کورد جگە لە تاقمێکی دەستەبژێر توانیویانە ئەنفال بە هەموو پێچوپەنا و سووچە تاریک و ترسێنەرەکانیەوە لە چوارچێوەی هونەر و ئەدەبیاتدا بگونجێنن ولەو ڕێگایەوە دنیای لێ تێبگەیەنن.

کۆمەڵێک بەرهەم لە لایەن نووسەری دەروەست "عارف قوربانی"ییەوە لە سەر ئەنفال بڵاو بوونەتەوە و تەنانەت بە زمانی فارسییش وەرگێڕدراون. ئەو حەولە، حەولێکی یەکجار بەنرخە بۆ بەڵگەمەندکردنی تاوان دژی کورد کە لە دووتوێی چوار کتێبدا بە نێوی "موسافیرەکانی مەرگ" و کتێبێکی جوداش بە نێوی "ئەو کەسەی لە گۆڕ گەڕاوە" چاپ و بڵاو بوونەتەوە. کتێبی "ئەو کەسەی لە گۆڕ گەڕاوە" ئەگەر پێشەکی و شیکارییەکی سیاسیی دروست و زانستیی لەگەڵ بووبا، دەکرا ببێتە یەکێک لەو کتێبانەی کە بە هەموو زمانەکانی زیندووی دنیا  وەربگێڕدرێ تا جیهان لە قووڵاییی کارەساتی ئەنفال تێبگات.

دیارە کارەساتی هاوشێوەی ئەنفال لە وڵاتانی دیکەش ڕوویان داوە. بەرچاوترینیان ئەو موسیبەتانەیە کە بە سەر "ڕەشپێستەکانی ئەمریکا" لە سەردەمی کۆیلەتی و کۆیلەداریدا هات. دواتر "شەڕەکانی باشوور و باکوور"ی لێ کەوتەو. ئەو کارەساتانە بوونە هەوێنی  زۆر بەرهەمی بەهێزی هونەری و لە ئاستی دنیادا ئاوڕیان لێ دراوەتەوە. بۆ وێنە دەتوانین فیلمی سینەمایی و ڕۆمانی "بەباداچوو"ی مارگارێت میچێل کە یەکێ لە باشترین بەرهەمە هونەرییەکانە و لە ئاستی دنیا دا خوێندراوەتەوە و دیتراوە، باس بکەین.

بە سەدان و هەزاران بابەت و کتێبی فەلسەفی، چیرۆک و وتار و شیعر و فیلم لەسەر ئەو کارەساتانە بەرهەم هاتوون کە بە سەر جوولەکەکان هاتووە و لە پێش شەڕی جیهانی یەکەمەوە تا لە پڕۆسەی ئاشوویتس و تا کۆتایی ئەو ڕووداوانەی گرتووەتەوە.

ئەو کارەساتەی کە لە "ڕوواندا" لە نێوان بەربەرەکانی هۆزەکانی "هۆتوو" و "توتسی" هاتە ئاراوە لە فیلمی سینەماییی "هۆتێل ڕواندا"دا ئێمە کاردانەوەی تۆمارکرانی هونەریی ئەو کارەساتە دەبینین. بەڵام تا ئێستاش تاقە فیلمێک، ڕۆمانێکی هونەری، لە سەر ئەنفال نە لە لایەن کورد نە لە لایەن غەیری کوردەوە بەرهەم نەهاتووە.

کتێبی "ئەو کەسەی لە کۆڕ گەڕاوە"ئەو وزەیەی هەیە ببێتە بناغەی باشترین فیلمی سینەمایی کە لە هەموو جیهاندا ببینرێ. ببێتە بەردی بناغەی شێوەیەکی تازە بۆ ڕوانین لە ئەنفال، بۆ ئەوەی لەو حاڵەتە کلیشەییە دووپاتەی دەربێنێ و جارێکی دیکە هەم جیهان لە قووڵاییی کارەساتێک بگا کە بە سەر کورد هاتووە و هەم کورد دیسان وەبیری بێتەوە کە بە چ دەربەندێکی مەرگ و نەهامەتیدا تێپەڕیوە. لەو کتێبەدا "تەیموور" تەنیا مێردمنداڵێکە کە توانیویەتی لە گۆڕەکانی ئەنفال بێتەدەر و ڕابکا و بە شێوەیەکی موعجیزە ئاسا نەجاتی بێ. گێڕانەوەی سات بە سات و پلە بە پلەی بەڕێوبردنی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال لە لایەن تەیموورە، لەو کتێبەدا زۆر بابەتی سیاسیمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. یەکێک لە گرنگترینی ئەو بابەتانە ئەوەیە کە پرۆسەیەکی وەک پرۆسەی ئەنفال، بێ ئەملا و ئەولا لە چوارچێوەی واتای "ژێنۆساید" یا پاکتاوی ڕەگەزیدا جێ دەگرێ. بیرمەندانی زانستی سیاسی لە کتێبە جیاوازەکاندا پێناسەی جودایان بۆ ژێنۆساید کردووە. بەڵام لەسەر زۆر خاڵ  کۆکن کە هەموو ئەوان کۆ دەکاتەوە. لە سەر ئەوەی کە چ ڕووداوێک لە وڵاتێک ڕوو بدا دەتوانرێ نێوی ژینۆسایدی لێ بنرێ.

تەیموور: تاقانەی ئەنفال

تەیموور لەو دابەشکارییانەی دەیکا هەنگاو بە هەنگاو خەریکی نەخشاندنی پلانێکە بە نێوی پاکتاوی ڕەگەزی و ژێنۆساید لە کوردستاندا. واتە دەکرێ گێڕانەوەی تەیموور لەگەڵ پێناسە و تایبەتمەندییەکانی ژینۆساید پێک بگرین و ئەوکات خوێنەر و بەردەنگی کورد و غەیرە کورد لەوە بگەیەنین کە پاکتاوی ڕەگەزی بە هەموو واتایەکییەوە لە  باشووری کوردستان لە لایەن حکوومەتی ناوەندیی عێڕاقەوە بەڕێوە چووە.

KURDŞOP
394 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!