خەسارناسی " ئازار و ئەزموون"ەکانی حاتەم مینبەری

دوکتور ئازاد موکری

 

کتێبی "ئازار و ئەزموون" بیرەوەرییەکانی نووسەر و شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "حاتەم مینبەری"یە. ئەو کتێبە وەک هەموو بیرەوەرییەکانی دیکەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە لایەن بەشێک لە ڕێبەرانی سیاسیی کورد و ئەندامانی چالاک لە حیزبەکاندا نووسراون، کۆمەڵێک ڕووداوی گرینگی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵات کوردستان ڕوون دەکاتەوە و دۆخی کوردستان لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و بە تایبەت لە دەیەی شەستی هەتاویدا، تا ڕادەیەک لە ڕوانگەی خۆیەوە لەبەر چاوی خوێنەران دەنەخشێنێ. نووسەری ئەو کتێبە هەر لە دەستپێکی کتێبەکەیەوە حەولی داوە بە هێنانەوەی هەندێک فاکت و قسە لە دەروونناسان و نووسەرانی بەناوبانگی جیهانی نیشان بدا کە ئاگادارانە و بە پێی زەروورەتێک خەریکە بیرەوەرییەکانی سەردەمی شۆڕش و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران وەک پێشمەرگەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەگێڕێتەوە. ناشیشارێتەوە کە ئەو ئەزموونەی ئەو دیهەوێ بیخاتە بەرچاوی خوێنەران، ئەزموونێکی جیاوازە لەو گێڕانەوانەی پێشتر بیرەوەری نووسانی کورد لە دەیەی ڕابردوودا پێشکەشی کتێبخانەی کوردییان کردووە. واتە لەسەرەتاوە ڕوانگەی ڕەخنەگرانە ئاوێتەی شێوە نووسینی خۆی دەکا و بڕیاڕی داوە لە گۆشەنیگایەکی خەسارناسانەوە، لە شۆرشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکییەکانی حیزبی خۆی بڕوانێ و بە شێوەیەک و دوای دوور کەوتنەوە لە ڕووداوەکان وەک کەسێکی بی لایەن هەم بگێڕێتەوە و هەم لە کوێ پێوستی کرد و بواری هەبوو ڕەخنە بگرێ و داوەری بکا.

گرینگترین ڕەخنەیەکە حاتەم مینبەری وەک گێڕەڕەوەی ئەو بیرەوەرییانە ئاراستەی بیرەوەرییەکانی پێشووی دەکا لەسەر ئەو لایەنە لەنگەری گرتووە کە بەرهەمی نووسەرانی کتێبە بیرەوەرییە سیاسی و مەیدانییەکانی پێشوو، هەندێک تایبەتمەندیی نێگەتیڤیان هەیە، بۆ نموونە بەجێی ئەوەی واقیع بۆ خوێنەر جارێکی دیکە بنوێننەوە، نەتەنیا ناتوانن ئەو واقیعانە بنوێننەوە، بەڵکوو تاڕادەیەکیش لێڵایی دەخەنە سەر ڕووداوەکان و بە گوتەی دیاردەناسەکان بە شێوەیەکی ڕووت و بێ پێشداوەری نادوێن و  ناسینی واقیع بۆ خوێنەر ئەستەمتر دەکەن.

یەکێک لە ڕەخنەکانی نووسەر ئەوەیە کە نووسەرانی بیرەوەرییەکان، کەموکووڕی و کەماسییەکانی بزووتنەوەی کوردی دەخەنە ئەستۆی کەسانی دیکە و خۆیان بێبەری و بێ تاوان نیشان دەدەن لە هەموو ئەو هەڵانەی کە ڕەنگە لە شۆرشێکی نیوسەدەییدا ڕووی دابێ. بێگومان ئەو ڕەخنەیەی حاتەمی مینبەری ڕەخنەیەکی بەجێ و دروستیشە. چون بەشێکی زۆر لەو کتێبە بیرەوەریانەی کە لە سیاسییە کوردەکانمان خوێندووەتەوە، چ ئەوانەی لە باشووری کوردستان بیرەوەریان نووسیوە و چ ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیرەوەری خۆیان بڵاو کردووەتەوە، ئەو تایبەتمەندەیان بە زەقی پێوە دیارە.

حاتەمی مینبەری لە کتێبی ئەزموون و ئازاردا، دەیهەوێ ئەزموونێکی جیاواز بخاتە ڕوو. ئەو ئەزمونە جیاوازەی ئەو جەختە لەسەر کۆی ئەو شتانەی لە شۆڕشی چل ساڵەی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕوویان داوە، بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانیەوە. ئەو هەر بەو شێوەیەی کاری شکۆمەندی شۆڕشگێڕانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز دەنرخێنێ و ئاماژەیان پێ دەکا و یەکەیەکەی ئەوانە لە "جنوبی کوردستان" جارێکی دیکە بۆخوێنەر دەخاتە ڕوو، لە هەمان کاتدا بێ ئەوەی بەشێکی تایبەتی تەرخان کردبێ بۆ ئەو هەڵانە، هەر لە جێدا ئاماژە بە هەموو کەموکوڕییەکان و تەنانەت بەو کارە دزێو غەیری ئینسانییانەی کە لە شۆڕشدا کراوە دەکا و زەقیان دەکاتەوە و نیشانەی سەرسوڕمانیان لە بەرامبەردا دادەنێ. لە زۆر جێگاشدا بێ ئەوەی خۆی تاق خستبێتەوە لە شۆرشگێڕانی دیکە بێ ئەوەی خۆی وەک کەسێکی تاقانە نیشان بدا، خۆی بە شەریکی سەرکەوتن و شانازییەکانی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێ هەر بەو شێوەیەش خۆی بە شەریکی تاوان و هەڵە و ئەو کارە غەیری ئینسانییانەش دەزانێ کە لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕوویان داوە.

بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە ئەو شێوە ڕوانینەی حاتەم مینبەری بۆ گێڕانەوەی ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی چل ساڵەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگای سەرنج و بایەخە، قبووڵکردنیان بە شێوەیەکی بێ ئەملاوئەولا دەتوانێ بەشێک لە هاوکێشە فیکری و سیاسییەکانی کورد تێک بدات. بە تایبەت کە تا هەنووکەش کوردی ڕۆژهەڵات لە خەباتێکی بێوچاندایە و دژ و نەیارانی نەتەوەی کورد چاویان بڕیوەتە ئەوەی خاڵیکی ڕەش بە داوینی بزووتنەوەی کوردییەوە ببینن و  بیکەنە خەیاڵیکی فراوانی تاوان و پەڵەیەکی هەڵە بکەنە دیادردەیەکی هەڵەی بەردەوام لە شۆڕشی کوردیدا. هەڵبەت ئاماژە بەوە بەو واتایە نییە خۆمان چاو لەهەڵەکان بقووچێنین بەڵام لە خستنەڕووی هەڵە و دەستنیشانکردنی خەسارەکان، بە بڕوای من بارودۆخی ئەو هەڵانە و بکەری هەڵەکانیش دەبێ لەبەرچاو بگیرێن. واتە دۆخ و کەشی زاڵ بەسەر کۆی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان لەو سەردەمدا چۆن بووە و لەو دۆخەدا شۆڕشی کوردی چۆن جووڵاوەتەوە. دووەم ئەوەی بکەری هەندێک لەو هەڵانە ئایا بە پێی یاسا و پێڕەوە و پرۆگڕام و سیاسەتی حیزب ئەوەی کردووە یان وەک کردەیەکی تاکەکەسی دەبێ حیسابی بۆ بکرێ.

 ئەوەندەی من لە نووسینەکانی حاتەم مینبەری دەستم کەتووە ئەوەیە کە لە زۆر شوێندا بێ لە بەرچاوگرتنی دۆخی زاڵ بە سەر کۆی فەزای سیاسیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ئەوەی زیاتر لە دوو دەیە لەو بارودۆخە دوور کەوتووەتەوە و کەشی ئازادی ئەورووپای ئەزمووە، بە پێی ناسینی دۆخی ئازاد و دێموکڕاتیکی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەسەر دۆخێک کە بە قەولی فەیلەسووفی گەورەی هاوچەرخ "جۆجیۆ ئاگامبێن" کە کتێبی "دۆخی هەڵوارتە" یا "وەزعیەتی ئیستیسنایی" نووسیوە، لەسەر وڵاتێک دەنووسێ کە ئەو کات لە دۆخی هەڵوارتە یا وەزعیەتی ئیستیسنایی ئاگامبێنیدابووە. واتە قەزاوەتکردن لەسەر ئەو ڕووداوە سیاسی و چەکداری و کۆمەڵایەتییانەی نیو سەدە لەوە پێش، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە وڵاتێک کە دۆخی هەڵوارتەی بە سەردا حاکم بووە، ناتوانێ ئاکامێکی دروست بۆ بڕیاردان بە دەستەوە بدا، مەگەر ئەوەی نووسەر سەرەتا ئەو دۆخە هەڵوارتە و "ئیستیسنا"یە، جارێکی دیکە لەبەر چاوی خوێنەر بنوێنێتەوە و ئەوەش وەبیر بێنێتەوە لە دۆخی ناوبراودا، کوردستان بەشێکی دابڕاو و جیا لە ئێران نەبووەوە. واتە وا نەبووە کە لە ئێراندا سیستەمێکی دێمۆکراتیکی یاسامەند هەبووبێ کە بە پێی پڕەنسیپ و بنەماکانی مافی مرۆڤ هەڵسوکەوتی تێدا کرابێ و لایەنە سیاسییەکانیش پێبەندی یەک یەکی ئەو بڕیارە یاسایی و ئاساییە بەشەری و مافی مرۆڤیانە بووبن و کوردانی خەباتکاری وەک کاک حاتەم و هاوسەنگەر و هاوخەباتەکانی ڕێگایەکی دیکەیان گرتبێتە بەر.

لە سەردەمێکدا کە دۆخی ئیستیسنایی بەسەر کۆی ئێراندا حاکمە و تەنانەت وڵاتانی دێمۆکڕاتیکی جەهان وەک ئەورووپا و ئەمریکا لە بەرابەر ئەو دۆخەدا، تووشی سەرلێشێوان و دەستەوەستانی بۆ بڕیاڕدان هاتبوون،  شۆڕشگێڕانی کورد بە هۆی هەستکردن  بە ئازارە نەتەوەیی، مەزهەبی، ئابووری و ئینسانییەکان، لە دژی سیستەمێکی دا تۆتالیتێر ڕاپەڕیون. ئەو ئینسانانە هەر ئەو ئینسانانەن کە لە وڵاتێک ڕاپەڕیون خوێندەواریی خەڵکەکەی کەمتر لە پەنجا لە سەد بووە کە ئەوەش ئاکامی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی حاکمانی دژە کوردی ئێران بووە.  بەڵام دەبێ ئەوەش بگوترێ لەو دۆخەشدا مرۆڤی ئەو جوگرافیایە بە هۆی پێشینەی سیاسی و دوورودرێژەوە کە لانیکەم دەگەڕێتەوە بۆ هەشت دەیە لەوە پێش، زۆر مشووری بنەما مرۆیی و سیاسی و چەکدارییەکانیشی خواردووە و چەند نموونە کە حاتەمی مینبەری بۆ خۆی لە کتێبەکەیدا باس دەکا ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخەن. وەک هەڵسوکەوت و ڕەفتار لەگەڵ دیل و غەیرە کوردەکان کە پێویست نییە لێرەدا ئاماژەیان پێ بکەین. تەنانەت نووسەر لە زۆر جێگادا ئەوە بە هەستیارییەوە باس دەکا کە هەندێک کەس یارمەتیدەریان بوون بە نموونە لە ئاوایی نییە و خۆیان خستوەتە مەترسییەوە و دیلەکانیان دەرباز کردووە و گەیاندویاننەتەوە شارەکانی خۆشیان.

دیارە باسی بەشێک لەو دیلانەش دەکا کە لە لایەن پێشمەرگە و تاکەکانەوە کوژراون یا ئیعدام کراون. بەڵام لە هیچ کوێی کتێبەکەیدا باسی ئەوە ناکا کە ئەو بڕیارانە بڕیاری تاکە کەسی بوون و فڕیان بە سەر سیاسەتی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە نەبووە. نموونەی ئەو کەسانەی کە ئەو باسیان دەکا وە بە تایبەت لە ئاواییەکانی وەک پاڵنگان و ئەو چوار ئاواییە گرینگەی ناوچەی هەورامان بێگومان بەشێکیان هەڵەی تاکەکەسی بوون و بەشیکیشیان کە نووسەر بۆیان بەداخە، ئەو جاش و خۆفرۆشانەن کە بەگوتەی خودی نووسەر بە چەک و چۆڵەوە هاتوونە شەڕی خەباتکارانی کورد. ئەو باسە لەگەڵ مەنتیقی مەیدانیی شەڕ لەگەڵ دوژمنێک کە هیچ یاسایەکی شەڕ و مرۆیی و ... ڕەچاو ناکا زۆر لیک دوورن. ئەگەر باسی ئەوەبێ کە شەڕ باشە یان خراپە. بێ گومان خراپەی شەڕ هەزاران قات زیاترە لە چاکەی. بەڵام کە باسی شەڕی ڕزگایخوازنە لەگەڵ ئەو هێزانەیە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤایەتییان تا ئێستاش بریندار کردووە و گاڵتەی پێ دەکەن، ئیتر ناکرێ بە پێوانەی باسکراوی ئەو کتێبە شی بکرێتەوە، بەڵکوو دەبێ لە چوارچێوەی شەڕی داگیرکار و داگیرکراو دا باسی لێبکرێ. 

 

KURDŞOP
464 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!