کۆمەڵکوژیی خەڵکی موکریان لە ئەشکەوتی موکری قڕاندا

 

شنۆ ڕەسووڵی

 

لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە بەشی کورد ئەوە بووە کە کەوتووەتە بەر هێرش و ئەویش بەرگریی لە خۆی کردووە. بۆ ماوەی زیاتر لە دوو سەدە، سەفەوییەکان دەسەڵاتێک بوونە کە بە ناوی ئایینی شیعەوە دەستیان بۆ هەموو جۆرە شەڕ و کوشتارێک بردووە و لە هیچ کارێک خۆیان نەپاراستووە.

شا عەباسی سەفەوی دەسەڵاتی لە دەستی باوکی خۆی دەرهێنا و کەوتە شەڕ لەگەڵ هەر لایەنێک کە بە دوژمنی خۆی دەزانی. کوشتاری کوردەکان و گورجستانییەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی شاعەباسدا لە مێژووی سەفەویدا ناوبانگی هەیە.

شا عەباس کاتێک بوو بە پاشا تەمەنی 17 ساڵ بوو و ماوەی 41 ساڵ حوکمڕانیی کرد. دەسەڵاتی ناوبراو هاوکات بووە لەگەڵ ئیمپراتوریی عوسمانی. سەفەوییەکان نوێنەرایەتیی ئایینی شیعەیان دەکرد و عوسمانییەکان نوێنەرایەتیی ئایینی سوننە.

ئەو دوو دەسەڵاتە بە دژی یەکتری و بە ناوی مەزهەب، تاوانێکی زۆریان ئەنجام دا کە زۆربەی ئەو تاوان و کوشتارانە لە کوردستان ڕوویان داوە. گرینگترین کارەسات کە لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئەو دوو حوکمڕانییەدا هاتە گوڕێ ئەوە بوو کە خاکی کوردستان لە پاش شەڕی چاڵدێرانەوە بوو بە دوو بەش.

لە ناوچەی بۆکان ئەشکەوتێک هەڵکەوتووە کە ناوی "موکری قڕان"ە و شوێنی ڕوودانی یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی دەسەڵاتدارانی سەفەوی لە دژی خەڵکی کوردستان بوە. شاری بۆکان لە ناوچەی موکریان هەڵکەوتووە. موکریان ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە باشووری پارێزگار ورمێ هەڵکەوتووە چەندین سەدە شوێنی حوکمڕانیی بەگزادەکانی موکری بووە و ئەگەرچی جیا لە موکرییەکان خێڵی دیکەش لەم ناوچەیە دەژین بەڵام زۆر جار بە گشتی بە خەڵکی ئەم ناوچەیە دەگوترێ موکری. وشەی قڕان بە مانای کوشتاری بە کۆمەڵ دێت.

دەسەڵاتی ئێستای ئێران ئەو ئەشکەوتەی بۆ "موکری قورئان" گۆڕیوە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فارس وشەی قڕانی نییە و نازانێ ماناکەی چییە.

ئەشکەوتی "موکری قڕان" لە نزیک گوندی خۆراسانەی بۆکان هەڵکەوتووە. بەپێی زانیارییە مێژووییەکان لەو ئەشکەوتەدا کارەساتێکی مرۆڤیی گەورە ڕووی داوە.

شا عەباسی سەفەوی لەو ئەشکەوتە وەکوو زیندانییەک کەڵکی وەرگرتووە. بە فەرمانی ناوبراو سەدان کورد کە نیشتەجێی ناوچەی موکریان بوونە، دەسبەسەر کراون و بە پاڵەپەستۆ لەو ئەشکەوتە خزێنراون و بە دووکەڵ ھەموویان قڕ کراون. ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی بیرەوەریی ئەم کارەساتە مرۆڤییە لە زەینی مێژووییی خەڵکی ئەم ناوچەیەدا بمێنێتەوە.

دوای ئەو کارەساتە، ئەو ئەشکەوتە بە "موکری قڕان" ناوبانگی دەرکردووە. لەسەر ئەو ئەشکەوتە لێکۆڵینەوەیەکی ورد نەکراوە و هیچ کتێبێک لەبارەیدا نییە. تەنیا ئەو مێژوویە سینگ بە سینگ یەک لە دوای یەک بۆ نەوەکانی دیکە بە میرات ماوەتەوە. ئەوەی لە خوارەوە باس دەکرێ بەشێک لەم مێژووە زارەکییەیە:

شا عەباس بە فێڵ مەراغەی لە قوبادخانی موکری داگیرکرد و کوردەکانی ئاوارەی ناوچەی موکریان کرد. تەنانەت بەزەیی بە ژن و منداڵیاندا نەهات. موکرییەکان ژن و منداڵیان لە نێو ئەشکەوتێک شاردبۆوە؛ قزڵباش دەوریان دان و ئاورێکی گەورەیان لە بەردەرکی ئەشکەوت کردەوە و بە تفەنگەوە لە دەرەوەی ئەشکەوت خۆیان مات دا و سیلەیان گرت. ژن و منداڵی بێدەرەتان لەبەر ئەوەی بە دووکەڵی ئاور نەخنکێن لە ئەشکەوت هەڵدەهاتن و قزڵباشییەکانیش بێ بەزەیی وەبەر گولـلەیان دەدان و دەیانکوشتن. ئەوەی لە نێو ئەشکەوتیش نەهاتنە دەرێ بە دووکەڵ خنکان. بۆیە لەو کاتەدا ئەشکەوتی خۆراسانەیان ناو نا ئەشکەوتی "موکری قڕان". ئەو هێرشانە لە سەردەمی قاجارییەکانیش هەر درێژەی هەبوو. کوشتنی هەمزاغای مەنگوڕ و کوشتاری مهاباد و دەوروبەری لە سەردەمی قاجاردا کە حەوت هەزار کەسیان لە  موکریان شەهید کرد لەم ڕووداوانەن کە لە بیرەوەریی خەڵکی ناوچەکەدا ماونەتەوە.

ئەو ئەشکەوتە چەندین ژووری هەیە کە هەوراز و نشێوی زۆرە و هەموویان پێکەوە لکاون. لە میچی ئەو ئەشکەوتە کونێکی تێدایە کە وەک کڵاوڕۆچنەیەک بۆ وەرگرتنی ڕووناکی کەڵکی لێ وەر گیراوە. ئەشکەوتەکە وەکوو زیندانێکی ترسناکە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نزیک ئەو گوندە کانییەکی بەردی دۆزیوەتەوە و دەرهێنانی بەرد لە نزیک ئەو ئەشکەوتە بووەتە هۆی لەنێوچوونی بەشێکی ئەو ئەشکەوتە و پێش دەرگای ئەو ئەشکەوتە بەسراوە. بەم شێوەیەش ئەشکەوتی موکری قڕان کە هەڵگری بەشێک لە مێژووی ناوچەی موکریانە خەریکە لەناو دەچێت و هیچ لایەنێکی دەسەڵات لە ئێراندا لەم بارەیەوە خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.

 

KURDŞOP
419 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!