"خورییەکان" خاوەن شارستانییەت و زمانی تایبەت بە خۆیان


 

- سیپان سۆفیزادە

 

خورییەکان ناوی گەلێکی کۆنی ڕەسەنی کوردستان بووە کە "٤٥٠٠" ساڵ لەمەوبەر ناویان لە نووسینە بزمارییەکاندا هاتووە، خورییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە کوردستاندا بە تایبەتی، لە هەزارەی دووەمی پێش زایین دەرکەوتن. "ڕۆژئاوای کوردستان"، ئەرابخا و نوزی کەرکووکی ئێستا، مۆڵگە سەرەکییەکانیان بوون و چەندین میرنشینیان لە "نەینەوا و ڕحا و سەرێ کانی" دامەزراندووە و دەسەڵاتیان فراوان کردووە.

خورییەکان ڕۆڵی بەرچاویان لە گواستنەوەی دیاردە شارستانییەکان لە نێوان دەڤەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە، ئەویش بەهۆی چالاکیی بازرگانییەوە، چونکە کەمتر ئارەزووی شەڕیان هەبووە.

شاری "نوزی" لە باشووری ڕۆژئاوای کەرکووک بنکەیەکی سەرەکیی خورییەکان بوو، شوێنەواری کۆشکێکی پاشایەتی و خانوو و ڕێگەوبان و دیاردەی تری تێدا دۆزراوەتەوە. لەم شوێنەوارە نەخشەیەکی کێشراو لەسەر تاتە قوڕێک دۆزرایەوە کە چیا و ڕووبار و شار و شوورەکان و ڕێگە سەرەکییەکانی لەسەر دیارە و سەدان تاتە قوڕی تر دۆزرانەوە، بە خەتی بزماری و بە زمانی ئەکەدی نوسراو بوون.

کاریگەریی زمانی خوری بە تەواوی لەم نوسراوانەدا دەردەکەوێت. ئەم نووسراوانە بەڵگەن لەسەر گرنگیی کشتوکاڵ بۆ دابونەریتی نوزی، چونکە باسی خاوەندارێتیی زەوی دەکات، بەهۆی لێکۆڵینەوە لەو تاتە قوڕانەدا دەرکەوتووە، ژمارەیەک لە خەڵکانی دەسەڵاتدار هەبوون کە خاوەنی ڕووبەری فراوانی زەوی بوون و زیاتر بە کاری کشتوکاڵەوە خەریک بوون.

 

سیستەمی حکومڕانی لای خورییەکان چۆن بووە؟

سیستەمی حوکمڕانی لای خورییەکان وەکوو سیستەمی حوکمڕانیی شارەکانی تری عێراق بوو، پاشا دەسەڵاتی زۆر بووە، ئەو لە جێگەی خواوەند بووە، لە بەڕێوەبردنی کارەکانی ژمارەیەک لە خزمەکانی یارمەتییان داوە و دەستیان بەسەر کاروباری "ئابووری و دارایی و کارگێڕیدا" گرتبوو. هەروەها پاشایانی نوزی بایەخیان بە چەسپاندنی دادوەری داوە، بەڵگەش بۆ ئەوە یەکێک لە دەقە دێرینەکان ئاماژە بە ئامادەبوونی پاشا دەکات لە یەکێک لە دادگاکان.

 

لایەنی نووسین و زمانەوانی لای خورییەکان

خورییەکان لە ڕەگەزی سامی نەبوون و زمان و نووسینی تایبەتی خۆیان هەبووە و دەیان دەقی نووسینیان بە زمانی خۆیان لێ بەجێ ماوە، بەڵام بە هۆی کاریگەریی دەوڵەتە بەهێزەکانەوە زۆرجار زمانی "ئەکەدی و ئاشووری"یان بەکارهێناوە.

خورییەکان بۆ نووسین، "خەتی بزماری"یان بەکارهێناوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەگەڵ دەنگەکانی زمانەکەیان بگونجێت، گۆڕانکارییان بەسەردا هێناوە و خەتەکەیان ئاسانتر کردووە و نیشانەکانیان کەمتر کردووە.

 

خورییەکان لە ڕووی ئابووری و شارسازییەوە چۆن بوون؟

لایەنی شارسازی لای خورییەکان بابەتێکی پڕ بایەخ و گرنگ بووە، بەڵگەش بۆ ئەوە دروستکردنی چەندین شاری گرینگ بووە. ئەو شارانەی لە سەردەمی خورییەکان دروست کراون وەک: شاری نوزی(گاسوور) و ئەرابخا(کەرکووک) و ئەربیلیوم(هەولێر) هەروەها شاری نەینەوا(مووسڵ) و شاری شوێنەواریی "شمشارە".

وێنە: شاری مەردەمان

 

شاری "مەردەمان" کە لە پارێزگای دهۆک دۆزراوەتەوە، شارێکی گرینگی سەردەمی خورییەکانە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی سێیەمی پێش زایین، ئەو شارە لە ڕووی بازرگانییەوە گرنگییەکی تایبەتی هەبووە. شاری مەردەمان پردی بازرگانی لە نێوان مێزۆپۆتامیا و سووریا و ناوچەی ئەنادۆڵ بووە، بۆیە بە بەردەوامی کەوتووەتە ژێر ڕکابەریی دەوڵەتەکان بۆ ئەوەی دەسەڵاتداریی بکەن.

وێنە: شاری ئەرابخا کە لە لایەن خورییەکانەوە دامەزراوە

 

خورییەکان خاوەن چ ئایین و خواوەندێک بوون؟

خورییەکانیش وەک نەتەوە کۆنەکانی تری کوردستان پانتیۆنیان هەبووە بۆ کۆکردنەوەی خواوەندەکانیان. زۆر جار هەندێ‌ خواوەندی لە نەتەوەکانی تر وەرگرتووە و خستوویانەتە سەر پانتیۆنەکەی خۆیان.

بە پێی ناوچەکان خواوەندەکان جیاوازییان هەبووە و هەر ناوچەیەک خواوەندی تایبەت بەخۆی هەبووە. گەورەی هەموو خواوەندەکانی خورییەکان، خواوەندی با و باران بووە کە ناوی "تێشوب" بووە. مەڵبەندی پەرستنی ئەم خواوەندە لە شاری “کوممێ‌" بووە. لە خواوەندەکانی تری خورییەکان خواوەندی "شاوشکا" خواوەندی هاوتای عەشتارە کە لای خورییەکان و بەڕێز بووە بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی دیجلە، زۆر بەرز و پیرۆز بووە و مەڵبەندی پەرستنی نەینەوا بووە.

هەروەها خواوەندی "کوماربی" و خواوەندی "خێپات" کە ئەمانە زیاتر لە باکووری سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بوون، خواوەندی "نوپاتیک" و خواوەندی "شیمیکێ" کە خواوەندی خۆر بووە و خواوەندی "کوشو" کە خواوەندی مانگ بووە.

وێنە: خواوەندی کۆماربی

KURDŞOP
606 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!