ئاوڕدانەوەیەک لە حکوومەتی کوردیی "ڕەوادی"

- ڕۆژ قادری

حکوومەتی ڕەوادی یەکەمین دەسەڵاتی نیمچەسەربەخۆی کوردی بوو لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کە لە هەرێمی ئازەربایجان سەریهەڵدا و بەسەر بەشێکی خاکی کوردستانیش حکوومەتی کرد. ڕەوادی تیرەیەکی سەر بە هۆزی کوردی "هەزبانی" بوون. ناوی حکوومەتەکەش لە ناوی "محەممەد ڕەوادی"، سەرۆکی ئەم تیرە و دامەزرێنەری ئەم حکوومەتە وەرگیرا. ئەوەش دیاردەیەکی ئاسایی بووە کە ناوی دەسەڵاتێک بە ناوی هۆزێکەوە ناو بنرێت، چونکە لە مێژوودا بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکان بە ناوی خێڵ، هۆز، تیرە، بنەماڵە و مەڵبەندەکانەوە ناو نراون. پایتەختی حکوومەتی ڕەوادی شاری "تەورێز" بوو و گرینگترین مەڵبەندەکانیشی "مەراغە، ئەردەبیل، میانج، ورمێ، خۆی، سەڵماس، سەراو، مەرەند، باجروان و سیسر" بوو.

حکوومەتی ڕەوادی وەک یەکەم خۆڕێبەریی کوردی لەم قۆناغە مێژووییەدا، کەوتە نێو ناوان. هۆکاری دەرکەوتنیشی بەهۆی لاوازیی دەسەڵاتی خەلافەتی عەباسی و تێکچوونی باری ئابووری و بەڕێوەبردنی دەوڵەتی خەلافەتەوە بوو، وێڕای دووریی هەرێمەکە لە پایتەختی دەوڵەتی خەلافەت کە شاری بەغداد بوو.

"محەممەدی کوڕی حوسێنی ڕەوادی" دامەزرێنەر و یەکەمین فەرمانڕەوای حکوومەتی ڕەوادی بوو. ناوبراو ساڵی ٨٩٣ی زایینی دەسەڵاتێکی خۆجێیەتیی لە شاری تەورێز و دەوروبەری دامەزراند و هەتا ساڵی ١٠٧٠ی زایینی بەهۆی شەش ئەندامی بنەماڵەکەیەوە فەرمانڕەوایەتیی بەشێکی گرینگی هەرێمی ئازەربایجان و بەشێکی کوردستانی کرد. لەو ماوەیەشدا سەرباری ئەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ خەلافەتی عەباسی ئاسایی کردەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتەکانی سالاری لە بەری خۆرهەڵاتی ئازەربایجان و هەزبانی لە ناوچەی هەولێر و شەدادی لە ناوچەی ئاران، لەوپەڕی گرژی و ململانێی توندا بوو. واتە لەبری ئەوەی میرنشینە کوردییەکان لەم قۆناغەدا یەکڕیز و تەبا بن تاکوو بەرامبەر دوژمنەکانیان ڕابووەستن، کەچی نەیار و پەرتەوازە بوون. ئەوەش وای کرد هاتنی "غەزەکان" وەک هۆزێکی تورکی ناوەڕاستی ئاسیا کە لە سەدەی دوازدەهەمی زایینی دەرکەوتن و پەلاماری سنووری خەلافەتی عەباسییان دا، پەلاماری شاری مەراغە بدەن و سەرەڕای ئەوەی شارەکەیان داگیر کرد، مزگەوتی گەورەی شارەکەشیان سووتاند و ژمارەیەکی زۆریشیان لە کوردی ڕەوادی و هەزبانی کوشت و مەترسییان بۆ حکوومەتەکە دروست کرد.

ئەم حکوومەتە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا ڕۆڵی لە چەندین بواردا بینی و کاریگەریی لەسەر سەردەمەکەی دروست کرد. لەڕووی سیستەمی سیاسی و کارگێڕییەوە دەسەڵات لەسەر بنەمای پشتاوپشت و لە باوکەوە بۆ کوڕ بوو. لە کاتێکیشدا ئەگەر فەرمانڕەوای ڕەوادی خاوەنی کوڕ نەبوایەت، دەسەڵاتەکە بۆ برا دەگوازرایەوە. نازناوی "ئەمیر"یش نازناوی فەرمانڕەواکانی ڕەوادی بوو کە لە ڕاستیدا نازناوێکی سیاسی، کارگێڕی و سەربازیش بوو. هەروەها گەرچی سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژەیان پێ نەکردووە، بەڵام پێناچێت ئەم حکوومەتە پایەی وەزیری نەبووبێت، چونکە ئەگەر دەسەڵاتداران و خاوەن موڵکەکانی سەر بەو حکوومەتە نامە و نووسراوە فەرمییەکانیان بە زێڕ مۆر کردبێت و بایەخیان بە پۆست و گەیاندن دابێت تاکوو کاروباری ڕۆژانەیان تێپەڕێنن، نابێ خاوەن کەسایەتییەک بە ناو و پلەی وەزیر یان لانیکەم ڕاوێژکار نەبووبێت.

لە ڕووی هێزی سەربازیشەوە ئاماژە بەوە کراوە کە کاتێک "ئەبوولهیجای ڕەوادی" لە ساڵی ٩٨٧ی زایینی پەلاماری "ئەبی دەلف"ی فەرمانڕەوای "کوڵتن"ی داوە کە خاوەنی سەد هەزار سەرباز بووە، بەسەریدا سەرکەوتووە. ئەوەش ڕادەی دەسەڵاتی ئەو فەرمانڕەوایە و بایەخی بە هێزی سەربازی دەردەخات.

لە بواری ئابووری، کشتوکاڵ بنەمایەکی ئابووریی گرینگی بوو کە ڕۆڵی خۆی لە بەهێزبوونی پێگەی ئابووریی حکوومەتەکەدا هەبوو، چونکە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم حکوومەتە لە ڕووی "بەروبومی کشتوکاڵی و دانەوێڵە و میوە"وە دەوڵەمەند بوو. بەتایبەت شارەکانی "تەورێز، ئەردەبیل و مەراغە" لە شارە دەوڵەمەندەکانی حکوومەتەکە بوون. هەروەها ئەو شارانە لە ڕستن و چنیندا ناسراو بوون. هەریەک لە شارەکانی "ورمێ، سەڵماس و خۆی"ش بنەمای ئابووریی باشیان بۆ حکوومەتەکە هەبوو. بازرگانیی نێوان شارەکانی حکوومەتەکە و پەیوەندیی بازرگانیی نێوان تەورێز و ورمێ لەگەڵ دەرەوەی هەرێم و حکوومەتە زیاتر قورسایییان بە بنەمای حکوومەتەکە بەخشیبوو.

لە بواری ئاوەدانکردنەوەشدا ڕۆڵی خۆی هەبوو، بەوەی شارەکانی بە قەڵا و شورای بەهێز قاییم کرابوون، تاکوو لە بەردەم شاڵاوی داگیرکەراندا خۆڕاگر بن. لەم بوارەدا شاری "ورمێ" بە قەڵای "تەڵا" واتە قەڵای ئاڵتوونی بەناوبانگ بوو. شارەکانی "سەڵماس، مەراغە و ئەردەبیل"یش بە شورای بەهێز و بەرز دەورە درابوون. هەروە ئەم حکوومەتە چەندین مزگەوت و خوێندنگەشی دروست کرد.

لەلایەکی ترەوە گوتاری هەینی کە ئەرکێکی ئایینی و نەریتێکی باوی سەردەمەکە بوو، لەلایەن فەرمانڕەواکانەوە بایەخی تایبەتی پێ دەدرا. لە گوتاری هەینیشدا ناوی فەرمانڕەواکانی ڕەوادی لە دوای ناوی خەلیفەی عەباسییەکان دەخوێندرایەوە. کاتێکیش "تۆغرۆڵ بەگی سەلجووقی" لە ساڵی ١٠٥٤ی زایینیدا شاری تەورێزی داگیر کرد، لە سەرەتادا ناوی میری ڕەوادی لە گوتارەکانی ڕۆژی هەینی لە دوای ناوی سوڵتانی سەلجووقییەوە دەهات، بەڵام ئەوەش زۆری نەخایاند و کۆتاییی بەو دەسەڵاتە هێنا.

سەرچاوەکان:

- میرنشینە کوردییەکانی سەردەمی عەباسی، چاپخانەی چوارچرا، سلێمانی، ٢٠١٨

- چەردەیەک لە مێژووی کورد، پ. د کەیوان ئازاد ئەنوەر، سلێمانی، ٢٠٢١

KURDŞOP
547 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!