زیندانی سلێمان مێژوویەکی کۆنی کوردستان

 

شنۆ ڕەسووڵی

 

تەختی سلێمان کە شاکارێکی مێعماری لە مێژوودایە لە شاری تیکاب لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە هەر لەو شارە زیندانێکیش هەیە بە ناوی زیندانی سلێمان کە جیا لە مێژوویەکەی شوێنێکی زۆر سەرسووڕ‌هێنەریشە.

زیندانی سلێمان لە بنەڕەتدا کێوێکە لە لوتکەوە هەڵکۆڵدراوە. کێوی زیندانی سلێمان لە سێ کیلۆمێتریی ڕۆژئاوای تەختی سلێمان هەڵکەوتووە. ئەو زیندانە بە شێوەی بازنەیی هەڵکۆڵدراوە و ٨٠ میتر قووڵایی هەیە.  بەرزایی ئەو کێوە ١٠٨ میترە و کونی ئەو زیندانە ٦٥ میترە.

ئەو زیندانە هەتا ئێستا بە شێوەیەکی زانستی لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە و ئەوەی لەسەر ئەو شوێنەوارە مێژووییە دەوترێت تەنیا  مێژوویەکی زارەکییە. بەڵام دیارە کە ئەو زیندانە بەهۆی گرینگیی تەختی سلێمان کە شوێنی پاشا گەروەکان بووە؛  پێدەچێت کە گرێدراو بە خودی پاشاکانی تەختی سلێمان بێت.

زیندانی سلێمان بە زیندانی "دێو"یش ناوبانگی هەیە. خەڵک دەڵێن ئەو زیندانە شوێنێک بووە کە حەزرەتی سلێمان بۆ زیندانیکردنی دێوەکان کەڵکی  لێوەرگرتووە. بەپێی ئۆستوورەکانی کە هەیە دەڵێن حەزرەتی سلێمان ئەنگوستیلەیەکی هەبووە کە بەو ئەنگوستیلەیە هەموو مرۆڤ و دێوە جندووکەکانی کۆنتڕۆڵ کردووە.

 زەویناسەکان دەڵێن ئەو زیندانە بۆ دەورەی سێهەمی زوەیناسی دەگەڕێتەوە. هەندێک لە لێکۆڵەرەکان دەڵێن زیندانی سلێمان بۆ سەردەمی حەرزەرتی سلێمان لە هەزارەی یەکەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە و لە سەردەمی ماناییەکان لە ساڵەکانی ٨٣٠ هەتا ٦٦٠ دوای زایین پەرستگایەکی پیرۆز بووە.

لە بارەی ئەو بیرۆکەی سەرەوە کە باس کرا هەندێک لە سەرچاوە مێژووییەکانی وەک ئۆراتوویی و ئاشوورییەکان باسیان لێ کردووە. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە زیندانی سلێمان بە ئەگەری زۆر لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین زیاتر وەک قەڵایەک کەڵکی لێ وەرگیراوە.

هۆی ئەو قسەیە ئەوەیە کە لە بەشی باکووری ئەو کێوە شکلێک وەک سندووقێک هەڵکۆڵدراوە کە زۆریش بە جوانی کاری لەسەر نەکراوە؛ مێژووناسان دەڵین ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەپەلە هەڵکەندراوە و لە ترسی هێرشی ئاشووری و ماناییەکان بووە.

لە سەردەمی ماناکان لە بەشی باشووری ئەو کێوە گوندێکی بچووک دروست کراوە کە کەمتر لە ١٠٠ ساڵ تەمەنی هەبووە، هەموو بیناکانی زیندانی سلێمان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە و بەهۆی شەڕەکان لەنێو چووە.  لە شوێنەکانی زیندانی سلێمان، نووکی ڕم و ئێسک و پروسووکی مرۆڤ دۆزراوەتەوە.

لە سەدەی هەشتەمی پێش زایین لەسەر کێوی زیندانی سلێمان بینایەکی بە بەرد و ساروج دانراوە کە لێکۆڵەرەکان دەڵێن پەرستگەیەک بووە. لە بەشێکی ئەو کێوەدا حەوشەیەک هەبووە کە ئەو حەوشەیە لە چەندین ژوور دروست کراون و پێکەوە لکاوون.

تەنیا سێ ڕێگا بۆ چوونە ناو زیندانی سلێمان هەبووە بەڵام دەرگای بەشی ڕۆژهەڵاتەکەی دەرگای سەرەکی بووە. لەو حەوشەیە و باقیی بیناکانی هیچ ئاسەوارێک نەماوە و تەنیا هەندێک بەردی لێ ماوەتەوە کە ئەویش تێک ڕووخاوە.

لە سەرەوەی دەرگای ڕۆژهەڵات ژمارەیەک تالار بە شێوەی لاکێشە هەن کە بە ئەگەری زۆر تایبەت بە مووبدانی زەردەشتی بوون. بەپێی ئەمەش وێدەچێت ئەو شوێنە ئاگرکە و پەرستگە بووە.

لە دەیەی ٤٠ی هەتاوی (شەستی زایینی) کۆمەڵیک دێرینەناس و لێکۆڵەری ئاڵمانی بۆ لێکۆڵینەوە کونێکیان لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵات بۆ نێو زینداکە هەڵکۆڵی کە دوای لێکۆڵینەوە ئەو کونە گیرا و تێک ڕووخا. هەتا ئێستا ڕوون نییە ئەو کونە بۆ دوای ئەو لێکۆڵینەوەیە گیرا.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیە دەرکەوت کە دوو جۆر مێعماری لەو زیندانەدا بەکار هاتووە. مێعماریی یەکەم باس لەوە دەکات کە شوێنێکی پیرۆز بووە کە ٦٣ ژووی هەبووە کە لە داوێنی ئەو چیایە شوێنێکی قوربانیکردنیشی لێ بووە. مێعماریی بەشی دووهەم باس لەوە دەکات کە لە هەزارەی یەکەمی پێش زایین دروست کراوە.

لە زیندانەدا کونێکی ڕەش هەیە کە هەتا ئێستا هیچ کەس نەیتوانیوە بڕواتە ژوو و هەر کەس لاقی لەو کونە تاریکە دانێت گیانی لەدەست دەدا.

مێژووی زیندانی سلێمان مێژوویەکی شاراوەیە و هیچ زانیارییەکی پوخت و پاراوی لەبارەیدا بڵاو نەکراوەتەوە. بەڵام ئەو شوێنە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و خەڵک بۆ سەردانی ئەو شوێنە مێژووییە ڕوو لەو ناوچەیە دەکەن.

 

KURDŞOP
511 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!