مێژووی ئاڵای کوردستان

 

شەهاب خالیدی

 

سەبارەت بە ئاڵاکەی پێشووی کوردستان، نووسەر لوقمان پۆلات نووسیویەتی: "وەک دەزانرێت مادەکان باب و باپیرانی کوردن". مادەکان ئیمپراتۆریەتێکی گەورەیان لە مێژوودا دامەزراند. ئاڵای مادەکان بەم شێوەیە بوو:

لە سەرەوە ڕەنگێکی سوور هەیە، لەگەڵ تاجێکی زەرد لەناو ئەم ڕەنگە سوورەدا. لە نێوەڕاستەکەیدا ڕەنگێکی سپی هەیە کە وێنەی شێرێکی لەسەرە و لە دوای وێنەی شێرەکە تیشکی خۆڕ هاتۆتە دەرەوە، خۆڕ بە ڕەنگی زەردە و شێریش بە ڕەنگی گەوهەرە، لە لای خوارەوە ڕەنگێکی سەوز هەیە کە هیچ وێنەیەکی تێدا نییە.

دەتوانین بڵێین ئاڵای ئیمپراتۆریەتی مادەکانیش لە سەرەوە سوور  و لە ناوەڕاستەوە سپی و لە خوارەوە سەوزە، تەنیا وێنەکانی ناوەوە وەک یەک نین.

بێگومان دوای مادەکانیش دەسەڵاتداران و میرنشینەکانی کوردستان لۆگۆ و ئاڵای تایبەتی خۆیان هەبووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراو لەم بوارەدا لە بەردەست نییە.

لە سەردەمی مۆدێرندا

لە ساڵی ١٩١٩ (١٢٩٧هەتاوی) مەمدوح سەلیم بەگی وانی یەکەمین ئاڵای کوردستان دیزاین دەکات و "کۆمەڵەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی"ش ئەو ئاڵایە لە ئەستەنبوڵ پەسەند دەکات کە دیزاینەکەی بەم شێوەیە بوو:

ڕەنگی سوور لە سەرەوە، ڕەنگی سپی لە ناوەڕاست، ڕەنگی سەوز لە خوارەوە. هەروەها وێنەی خۆریش لە ناوەڕاستی ئاڵاکەدا بوو.

 زنار سلۆپی (قەدری جەمیل پاشا) ئەو زانیارییانەی لە کتێبی "دۆزا کوردستانێ"دا پشتڕاست کردوونەتەوە.

بەڵام سەرەڕای ئەم زانیارییانە هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ئەم ئاڵایە بۆ یەکەمجار لەلایەن "کۆمەلەیا تەعالی یا کوردستانێ"ەوە دیزاین و پەسەند کراوە. کۆمەڵەکە لە ساڵی ١٩١٨ لە ئەستەنبوڵ بە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دامەزراوە.

نووسەر مەحموود لەوەندی لە لێکۆڵینەوەکانیدا سەبارەت بە کارتی پێناسەی "کۆمەلەیا تەعالی یا کوردستانێ" نووسیویەتی: "کارتی پێناسەی کۆمەڵەی تەعالی کە لەلایەن نووسەر "زەینەلعابیدین"ەوە دروست کرابوو، ڕەنگەکەی سەوز بوو و لە ناوەڕاستەکەشیدا خۆڕێکی هەبوو".

نووسەر و لێکۆڵەر "کۆنێ ڕەش" سەبارەت بە دروستکردن و پەسەندکردنی ئاڵای کوردستان نووسیویەتی: "لە سەرەتای ساڵی ١٩١٩ لە کۆبوونەوەی "کۆمەلەیا تەعالی یا کوردستانێ" لە ئەستەنبوڵ، بە سەرکردایەتیی سەرۆکی دووهەمی "کۆمەلەیا تەعالی یا کوردستانێ" میر ئەمین ئالی بەدرخان ( ئەو کات سەرۆکی کۆمەڵەی تەعالی شێخ عەبدولقادری نەهری بوو) بڕیار درا خاکی کوردستان لە هێزەکانی تورکیە و بیانی پاک بکرێتەوە و سەربەخۆییی کوردستان ڕابگەیەندرێ. کوردستانی ئازاد و سەربەخۆش پێویستی بە ئاڵایەک هەبوو، بۆیە لەو کۆبوونەوەیەدا ئەمین ئالی بەدرخان ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستان کە خۆی هەڵیبژاردبوون، بە هاوڕێیانی پێشنیار کرد و ئەوانیش بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەیان قبووڵ کرد کە بەتەواوی لە ئاڵاکەی ئێستای کوردستان دەچوو.

ئەو ئاڵایە چ ئاڵای "کۆمەلەیا ڕێکخستنا جڤاکی" بێت یان  هی "کۆمەڵەیا تەعالی یا کوردستانێ"، بەپێی زانیارییەکان لە مانگی ئاداری ساڵی ١٩٢١ لەلایەن شەهیدی قاڕەمان "عەلیشێر" و "د. نووری دێرسیمی"یەوە لە سەر چیای "کۆچگری" لە دێرسیمی باکووری کوردستان شەکێندراوەتەوە.

لە ساڵی ١٩٢١ مستەفا پاشا یامولکی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ڕێکخستنی جڤاکی کە بەڕەچەڵەک خەڵکی سلێمانی بوو، لە تورکیەوە دەچێتە سلێمانی و بەشداری ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی حکوومەتی شێخ مەحموودی بەرزنجی (١٠-١٠-١٩٢٢) دەبێ و دواتر دەکرێتە وەزیری پەروەردە. هەروەها بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەی نیمچە فەرمیی "بانگی کوردستان"ی پێ دەسپێردرێ.

سەرەڕای ئەوەی پێشتر یامولکی ڕۆڵی هەبووە لە پەسەندکردنی ئاڵای کوردستان وەک ئەندامی کۆمەڵەی ڕێکخستنی جڤاکی، بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەک نییە کە شێخ مەحموودی بەرزنجی (١٨٧٨ -١٩٥٦) پرسی بە یامولکی کردبێ سەبارەت بە دیزاینی ئاڵاکە یان نا. بەپێی هەندێک سەرچاوە، ئاڵای حکوومەتەکەی شێخ مەحموود سەوز بووە و وێنەی مانگ بە ڕەنگی سپییەوە لە نێو بازنەیەکی سووردا لە سەر ئاڵاکە بووە.

هەمان ئەو ئاڵایەی کە "کۆمەلەیا ڕێکخستنا جڤاکی" پەسەندی کردبوو، لە ساڵی ١٩٢٧ لەلایەن ڕێکخراوی خویبوونەوە بە فەرمی ناسێندرا و بۆ ئیحسان نوری پاشا ڕەوانە کرا و ئیحسان نوری پاشاش ئەو ئاڵایەی لەسەر چیای ئاگری شەکاندەوە. ئیحسان نوری پاشا (١٨٩٣-١٩٧٦) قاڕەمانی سەرهەڵدانی ئاگری، لە بیرەوەرییەکانیدا لەسەر ئاڵای کوردستان دەنووسێت:

"گرووپێکی سەربازیم لە گەنجە قارەمانەکانی کورد ئامادەکرد، ئاڵای کوردستانیشم لەسەر لووتکەی چیای ئاگری شەکاندەوە. هێزەکانی ڕۆمی (تورکیە) لە دەوروبەری شاری بایەزید بوون. پارێزەرانی قاڕەمانی ئاگری لە دوورەوە بۆ ئەو ئاڵایە هوورایان دەکێشا و چەپڵەیان لێدەدا. لەو سەردەمەدا لە ئاگری ڕێکخراوێکی سەربازی و ئیدارەیەکی کوردی هەبوو.

هەمان ئاڵا لەسەر بەرگی کتێبەکەی سورەیا بەدرخان -کە ئەویش یەکێک بووە لە خەباتگێڕ و دامەزرێنەرانی خویبوون- بە شێوەی ڕەنگی چاپ کراوە و لە خوارەوەی ئاڵاکەش بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە  "Flag of Kurdistan"  واتە "ئاڵای کوردستان".

نووسەر کۆنێ ڕەش دەڵێت: ئەو ئاڵایەی کە خویبوون پەسەندی کرد، هەمان ئەو ئاڵایەی ڕەوشەن بەدرخانی هاوسەری جەلادەت بەدرخان بوو. ڕەوشەن ئەو ئاڵایەی پێ دابووم و کاتێک سینەم بەدرخانی کچی ڕەوشەن هاتە ماڵی من لە قامیشلۆ، منیش ئەو ئاڵایەم پێ دا کە تا ئێستاش لە هەولێر لە لای خۆی ڕاگرتووە.

ڕۆژنامەی "ڤاکت"ی تورکیە لە ژمارە ٣١ی ڕۆژی ١٧-٠٨-١٩٣٠ سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی تورکیە و ئێران لە دژی شۆڕشگێڕانی ئاگری هەواڵێکی بڵاو کردووە کە هاوکات لەگەڵ هەواڵەکەدا ئاڵایەکیان داناوە و لە ژێر ئاڵاکەدا نووسراوە "ئاڵای کۆمەڵەی خۆیبوون" (هۆیبوون جەمعییەتنن بایراق).

گۆڤاری هاواریش لە ژمارەی ١١ی خۆیدا کە لە ڕۆژی ١٠-١١-١٩٣٢(١٩-٠٨-١٣١١ی هەتاوی) چاپ کراوەتەوە، ئاڵای سێ ڕەنگی کوردستانی لەسەر بەرگی خۆی چاپ وبڵاو کردووە.

"ویلیام ئێڵ ئیگلتۆن" نووسەری ئامریکاییی کتێبی "کۆماری کوردستان ١٩٤٦" سەبارەت بە ئاڵای کوردستان دەنووسێت:

"لە مانگی مای ساڵی ١٩٤٢ ئەندامانی "کۆمەڵەی ژ-ک" لەگەڵ ئەندامانی حیزبی هیوا ئاڵایەکیان دروست کرد کە ڕەنگەکانی پێچەوانەی ڕەنگەکانی ئاڵای ئێران بوو، واتە لە سەرەوە سوور، لە نێوەڕاست سپی و سەوز لە خوارەوە. لە ناوەڕاستدا وێنەی خۆڕ هەبوو، لە لێواری خۆڕ دوو گوڵەگەنم هەبوون، هەروەها وێنەی قەڵەم و شاخێکیش هەبوو."

بۆ یەکەمین جار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ١٧ی دیسامبری ١٩٤٥ (٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤) ئاڵای کوردستان لە سەربانی بینای شارەوانیی مەهاباد هەڵکرا و دواتر لە ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦ کۆماری کوردستان لەلایەن پێشەوا قازی محەمەدەوە ڕاگەیەندرا  و دیسان ئاڵای کوردستان هەڵکرایەوە.

ئەو ئاڵایە هەمان ئاڵای سەوز و سوور و زەرد بوو کە خویبوون پەسەندی کردبوو، بەڵام جیاوازییەکەی تەنیا ئەوە بوو کە دوو هێمای گەنم لە لێواری خۆردا هەبوون و قەڵەمێکیش لە لای سەرەوەی خۆڕەکە بوو کە خۆڕەکە بە تەواوی هەڵنەهاتبوو.

مووسا عەنتەر لە بیرەوەرییەکانیدا باس لە ڕێکخراوێک دەکات کە لە ساڵی ١٩٤٨ لەگەڵ یوسف عەزیزئۆغڵو و چەند کوردێکی دیکە دایمەزراندووە. ناوبراو تێیدا بەم شێوەیە باس لە ئاڵای کوردستان دەکات: "ئەرکی دروستکردنی ئاڵاکە لەسەر شانی من بوو، چوار ڕەنگی قوماشم کڕی. ڕەنگی سوور و سپی و سەوز و زەرد. سەمبۆڵ و هێمای ڕەنگ و خۆڕ لە سەر ئاڵاکە بەم شێوەیەیە، سپی ئاشتییە، سوور خوێن و شۆڕشە، سەوز بەرەکەتی کوردستان و میزۆپۆتامیایە. خۆریش هێمای ئایینی کوردەکان واتە زەردەشتییە ...".

ساڵی ١٩٩٩ پارلەمانی هەرێمی کوردستان (باشووری کوردستان) بە فەرمی ئاڵای کوردستانی پەسەند کرد، کە هەمان ئەو ئاڵایە بوو کە خویبوون پەسەندی کردبوو. تەنیا جیاوازی ئەوە بوو کە لەبڕی ١٨ تیشک ٢١ تیشکی بۆ دانرابوو.

هەروەها له ساڵی ٢٠٠٩ پارلەمانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا کە ڕۆژی ١٧ی دیسامبر وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان دیاری بکرێ. لە ١٧ی دیسامبری ساڵی ١٩٤٥ (٢٦ی سەرماوەزی ١٣٢٤) ئاڵای کوردستان لە شاری مەهاباد هەڵکرا.

ئاڵای کوردستان کە بوو بە ئاڵای فەرمی باشووری کوردستان بەم شێوەیەیە:

لای سەرەوە سوور، ناوەڕاست سپی و لای خوارەوە سەوزە.

خۆر بە ٢١ تیشکی یەکسان ڕازاوەتەوە کە نیشانەی ٢١ی ئادار و سەرەتای بەهارە.

خۆر هێمای ئازادی و ڕووناکییە.

 ڕەنگی سوور ڕەمزی خوێنی شەهیدانی کوردستانە.

ڕەنگی سەوز سروشتی کوردستان نیشان دەدات.

ڕەنگی سپیش ڕەمزی ئاشتیخوازیی گەلی کوردە.

زۆر شیعر لەسەر ئاڵای ڕەنگاوڕەنگی کوردستان نووسراون کە بەناوبانگترین شیعرەکان لەلایەن ئەم شاعیر و نووسەرانەوە نووسراون:

مەلای جزیری، ئەحمەدێ خانی، عوسمان سەبری، جگەرخوین، تاها مایی، ئەحمەد نامی، میر جەلادەت بەدرخان، هەرەکۆل ئازیزان، میر د. کامیران بەدرخان، هەژار موکریانی و ... هتد.

 

سەرچاوەکان:

١-مێژووی ئاڵای کوردستان، ئاڵای ڕەنگین   ن: قادۆ شیرین

٢- مێژووی ئاڵای کوردستان – گۆڤاری تیشک (govartishk.com

٣-ئاڵای ئێستای کوردستان ئاڵای هەموو کوردستانە   ن: د.زریان حاجی

٤- Vakit 17 Ağustos 1930 sayfa 1 | Gaste Arşivi (gastearsivi.com

٥- Dîroka Ala ya Kurdistanê (kurdistan24.net)

٦- ئاڵای کوردستان - ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد (wikipedia.org) -

٧- مێژووی ئاڵای کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پێش کۆماری کوردستان | ڕۆژپڕێس | Rojpress (wordpress.com)

٨- یاسای ئاڵای هەرێمی کوردستان ژمارە -١٤ ی ساڵی ١٩٩٩ پیرۆزبێت ڕۆژی ئاڵای کوردستان ١٧/١٢/٢٠٢١ #یاسا | By ‎Parezar Diyar Dilshad پارێزەر دیار دڵشاد‎ | Facebook

KURDŞOP
790 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!